محەمەد ئەلسەماک : دین و سیاسەت و ، ململانێیی فێندێمێنتالیست .
لە عەرەبییەوە : جیهاد موحەمەد
سەرچاوە : رۆژنامەی (ئیتیحادی)ئیماراتی .
کاتێک تاوانە دڵتەزێنەکەی نیورک لە ١١ سێبتەمبەری ٢٠٠١ دا بەرپاکرا ، قەشە ” جيري فولويل “ی مەسیحی ئنجیلیی هیچ لێکدانەوەیەکی بۆ ئەم تاوانە نەبوو جگە لەوەی وتی : ” ئەوە سزای خودا بوو بۆ گەلی ئامەریکی کە لە قسە و فەرمانەکانیی دەرچوون “. حەفتەیەک پێش مردنیشی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزوێنی ” سی . ئێن . ئێن ” ی ئامریکیی لە تەوەرێکدا دەربارەی فێندەمێنتالیستی دینی ، باسی بڕوای تێۆرا دینیەکانی خۆی دەکرد ، وتی : ” ئەو لەباربردنەی کە ساڵانە بەهۆییەوە سەدان هەزار کۆرپەلەی ئامریکیی دەکوژرێن ، ناکۆکە لەگەڵ ڕێنماییەکانی خودا دا . هەروەها هاوسەرگیرێتی بە حەز و خۆشەویستیی و عەشق دژی فەرمانی خوا و بەهای دینییە . بۆیە خوا ئەم توڕەیی و ڕقەی ڕشت بەسەر ئەم گەلەدا و وەک ئاگادارییەک ، تا بگەڕێینەوە بۆ ڕێگەی ڕاست و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خوا “.
هەروەها سەرۆکی ” قاعیدە ” ئوسامە بن لادن و جێگرەکەی ئەیمەن زەواهیری چەندین جار بەردەوام ئەوەیان دووپاتدەکردەوە کە خوا لەگەڵ ئەوانەدا بووە کە ئەم پرۆسەیەییان جێبەجێکرد کە نزیکەی سێ هەزار مرۆڤ گیانی لە دەستدا لە هەموو جۆرە رەگەزەکان و دینیەکان . ئەگەر ” پشتیوانی و پەنای خوا ” نەبوایە ئەم پرۆسەیە جێبەجێ نەدەکرا ، ئەوە لەپەنای خواوە بوو کە جێبەجێکەرانی توانییان نەخشەڕێژییەکەی بە ئەنجامبگەیەنن !. پێش ئەم تاوانەش بەچەند ساڵێک ، لە کاتی تاوانی کوشتنی سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل ( ئیسحاق ڕابین ) دا ، یەکێک لە گەورە تیۆریزاکەرە فێندەمێنتالیستە ئنجیلییەکانی ئامریکی ” بات ڕۆبرتسۆن ” ی قەشە وا ئەم تاوانی کوشتنەی لێکدایەوە کە ئەوە : ” کاری خودایی بوو ، خوا وەک سزایەک ئەوەی بۆ ڕەخساند چوونکە خیانەتی لە گەلەکەی کردبوو “، چوونکە ڕێکەوتنامەی” ئۆسلۆ ” ی واژۆکردبوو کە بەپێی ئەو ڕێکەوتننامەیە ، دەبوایە بەشێک لە خاکی ئیسرائیلی بگەڕێنرێتەوە بۆ فەلەستینیەکان ، ئەوەش دابەشکردنی خاکی پیرۆزی خوا بوو ، خواش سزای تووندی هەیە بەرامبەر بەوانەی کە خاکە پیرۆزەکەی دابەشدەکەن ، بۆیە ئیسحاق ڕابین کەوتە بەر توڕەیی و تۆڵەی خواوە .
دیسان لەسەر هەمان پرسی دابەشکردنی خاک ، ” کلارنس واگنر ” وتی : ” پێویستە لەسەرمان هانی خواپەرستان بدەین کە لەسەر پلانڕێژی و ڕێگەی خوا بەردەوامبین ، نەک لەسەر پلانڕێژی و ڕێگە چەوتەکانی دروستکراوی دەستی مرۆڤەکان ، ئەگەر ئەوانە نەتەوە یەکگرتوەکانبن ، کەسانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا بن ، یان کەسانی ئەوروپی بن لە ” ئۆسلۆ” یان لە ” وای رێفەر” ، یان لە هەرچ شوێنێکی دنیادا نابێت دانبنێیین بە ڕێکەوتن و ڕێگەچارەییەکانی مرۆڤەکاندا . خوا قبوڵی هیچ نەخشەڕێژییەک ناکات کە قودس بخاتە بەردەم ململانێ وە بەناوچەی کێوی هەیکل و کێوی زەیتونیشەوە ، ناکرێت و قبوڵ نییە بکرێن بە شار و ناوچەی ئیسلامی . مەسیح ناگەڕێتەوە بۆ شارێک کە ئیسلامی بێت ، دەگەڕیتەوە بۆ شارێکی یەهودیی کە ناودەبرێت بە جیرۆزالیم “!
” بات ڕۆبرتسۆن ” قەشەیەکی ترە کە لە یەکی یەنایەری ٢٠٠٢دا لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفزوێنی ” نادی سبعمائە ” دا ئامریکا لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە قودس ڕادەستی یارسر عەرەفات نەکات .. ئەگەر ئەمە بکرێت و قودس بکرێت بە پایتەختی فەلەستین کەواتە ئێمە خوا لەخۆمان دەڕەنجێنین و توڕەی دەکەین . ئەمانە باسی بیرکردنەوەی فێندەمێنتالیستە مەسیحیە ئینجیلیەکانی ئامریکا بوون . بەڵام لە ئیسرائیلدا حاخامی گەورە بەو جۆرە تێشکانی ئیسرائیلی لە لوبناندا لێکدایەوە کە : ” ئەوە توڕەیی و ڕەنجاندی خوا بوو بەرامبەر بەسەربازەکانی ئیسرائیل لەبەر ئەوەی ئەرکە دینییەکانی خۆیان جێبەجێنەکردوە و نوێژیان نەکردوە لەپێناوی خوادا و، پەیوەست نەبوون بە مۆڕاڵی دینییەوە “. ئەم لێدوانە پەرچەکردارێکی وای دروستکرد لەناو ئیسرائیلدا ناچار لێیپەشیمان بوەوە .
هەموو ئەم لێدوانانەی مەسیحیەکان و ئیسرائیلیەکان ناکۆکن لەگەڵ لێدوان و لێکدانەوە ئیسلامییەکاندا ، لە کاتێکدا کە هەموویان بە ناوی خوا و دینەوە ، لێکدانەوە دەکەن و هەر کەس دەیەوێت بەلای خۆیدا پشتیوانی خوا ڕابکێشێت !
وەزیری ڕاگەیاندنی ئێرانی(عطا اللە مهاجراني) لە بابەتێکی رۆژنامەنووسییدا دەڵێت : ” کاتێک ئەحمەدی نەجاد لە دوای گوتار خوێندنەوەکەی لە نەتەوە یەکگرتوەکان گەڕایەوە بۆ ئێران ،( آیة اللە جوادي) کە بەرزترین پلەی دینیی هەیە وتی : یەکێک لە ئامادەبووانی کۆڕەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان پێیڕاگەیاندوە کاتێک ئەحمەدی نجاد گوتارەکەی دەخوێندەوە ، تیشکێکی ڕووناک بەسەر سەریەوە دەسوڕایەوە ، ئەحمەدی نەجادیش خۆی ئەمەی پشتڕاستکردوەتەوە کە هەستی بەو تیشکە کردوە لە کاتی گوتار خوێندنەوەکەیدا .
شاهیدەکە وتویەتی : کاتێک ئەحمەدی نەجاد وتی” بسم اللە ” من ئەو خەرمانی تیشکەم بەسەر سەریەوە بینی و تا کۆتایی گوتارەکەی مایەوە بەسەر سەریەوە . ئەحمەدی نەجاد وتویەتی : بەڵێ خۆم هەستم بەوە کردوە . شاهیدەکە وتویەتی : هەستمکرد کە هۆڵی کۆرەکە گۆردرا و لە ماوەی ٢٧ تا ٢٨ خولەکی گوتارەکەییدا هیچ کەس لە نوێنەران و سەرۆکەکان چاویان نەتروکاند . ئەحمەدی نەجادیش وتویەتی ئەم قسەیە وایە و هیچ زیادەڕۆییەکی تیا نییە .
فێندەمێنتالیستە دینییەکان ( ئیسلام ، مەسیحی ، یەهودی ، هندۆسی و تەنانەت بودیەکانیش ) هیچ جیاوازییەکیان نییە لەوەی کە تەنیا بروایان وایە دەبێت پەیوەستبن بە ڕێنماییەکانی نێو دەقە پیرۆزەکانەوە ، هەروەها بڕوایان وایە کە پێویستە لەسەریان کە پەیوەستبن بە تەواوەتی بە ویست و کرداری خواوە . بۆ ئەوەی ویستی خواش جێبەجێبکەن ، پێویستە بزانن و شارەزابن لەوەی کە خوا چ داواکاریەکی هەیە و چی پێیخۆشە . بەمافی خۆیانیشی دەزانن کە لێکدانەوە بۆ دەقە پیرۆزەکان بکەن و بە گوێرەی ئەو لێکدانەوانە کاربکەن و بەرپەرچی هەموو ئەوانەش بدەنەوە کە بڕوایان بە دەقەکان نییە .
( فێندەمێنتالیستی دینیی بەو مانایە نایەت کە بگەڕێنەوە بۆ بنەڕەتخوازیی ، بەڵکو بە مانای بەکاربردنی لێکدانەوە دینییەکان دێت ، واتا تێگەیشتنە دینیەکان و بەرجەستەکردنییان لە پێناوی ڕاژەی سیاسیی و سەربازییدا ) ، بۆیە هەر لایەنێکی دینی بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لێکدانەوە بۆ دەقەکان دەکەن بەبێ ئەوەی گوێبدەن بەلێکدانەوەکانی تری هەمان دین کە پەیامبەرێکی تر کتێبیکی تر و کۆمەڵە دەقێکی تری بەناوی خواوە هێناوە بۆ بڕواپێکراوانی .
بزوتنەوەی فێندەمێنتالیستی دینیی لە ئامریکادا زۆر بەهێزە بۆ ئەوەی کە بتوانرێت بکرێت بە ئامراز و کردارێک بۆ بڕیارە سیاسییەکانی ئامریکا . هەروەها لە هندستانیش بە هامان شێوە بەکار دەهێنرێت لە لایەن حیزبی هندۆسیەوە ، ئەو حیزبەی کە هەستا بەوێرانکردنی مزگەوتی ” بابري ” مێژوویی . بودیەکان لە تایلاندا لە ڕێگەی دامەزراوە دینیەکانییانەوە هەوڵی ئەوە ئەدەن کە دینەکەیان بکرێت بە دینی دەوڵەت ، ئەویش لەسەر بنەمای ململانێییان لەگەڵ موسڵمانەکانی تایلاندا لە خواروی ئەو وڵاتە و لە مالیزیادا .
بزاوەتە فێندەمێنتالیستەکانی جیهانی ئیسلامی دیارە چی دەخوازن ، بە تایبەتی لە پاکستان و ئەندۆنیسیادا ، ئەوەتا حیزبی رزگاری ئیسلامی پرۆژەیان هەیە بۆ کارکردن بە سیستەمی خەلافەت ، تەنانەت لە بەریتانیاشدا ، کە مۆڵەتی کارکردنییان پێدراوە . لەگەڵ ئەوەی ئەوروپا تا هەنووکە دوورە لەم شەپۆلە توندڕەوییەوە ، وە لەگەڵ ئەوەشی کە پەیوەستە بە عەلمانیەتەوە کە نرخێکی زۆری داوەو زۆر لەسەری کەوتوە تا گەیشتوە پێیی ، کۆمەڵێک جەنگی دینی بە خۆیەوە بینیوە لەم پێناوەدا ( لە نێوان کاثۆلیک و برۆتستانەکان ) دا ، لەگەڵ ئەمانە هەموویدا فاکتەری دینی زۆر جار خۆی دەسەپێنێت لە وەرگرتنی بریارە سیاسییەکاندا بە هۆکاری بوونی ئیسلام تیاییدا ، چ لە ڕووی ژمارەوە ، چ لە ڕووی دەوریانەوە .
تێڕوانینی بوونی پێوەندی نێوان دینی ( ئیسلام ) و تیڕۆر ، کارێکیکردووە لە ئەوروپادا کە زۆر جار بوە هۆکاری دانانی کۆمەڵێک کۆتوبەند لە بەردەم ئازادیی گشتیی و کەسییەکاندا ، کە ئەمەش بۆ خۆی پاشەکشەکردنە لە پرنیسیپە لیبراڵیەکان کە لە ڕێنیسانسدا دەرکەوتن و پێشکەوتن و بوون بە بناغەی پێشکەوتن . ئەگەر ئەم ئاراستەی توندرەویی دینییە زیاتر باڵابکات و گەورەبێت ، ئەوە کاتێک دەزانیین سەرلەنوێ لە ئەوروپادا فێندەمێنتالیستی کاثۆلیکی لە دایکدەبێتەوە لەدەوڵەتانی فەرنسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و پورتوغال و هەروەها لە دەوڵەتانی ئەسکەندنافیدا (سوید و نەرویج و دانمارک ) و ئەڵەمانیا دا . لێرەدا ناکۆکییەکانی نێوان عەولەمە وەک کرانەوەیەکی ئابووری و ڕۆشنبیریی بۆ کۆمەڵگا و دەوڵەتانی جیهان و نێوان توندڕەوییەکانی دینیی کە ڕوخسارو بنەمایەکی داخراویی و قبوڵنەکردنی هەموو ئەو بڕوا و دیدگایانەی لە دەرەوەی بڕوای دینیدا هەیە ، دەردەکەوێت .
بێگومان بەرجەستەکردنی سیاسەت لە دیندا زیاتر ئەم ناکۆکیی و دژایەتییانە قوڵدەکاتەوە و خێراتریش بڵاوییان دەکاتەوە . لە هەموو جیهانیشدا ئەم بەرجەستەی دینییە دەرکەوتوە ، تا ئەو ئاستەی کە ئەرکی دین و ئەرکی سیاسەت لە یەکتری بە زەحمەت جیادەکرێتەوە . هەردوو ئەم دیاردەیەش ، دیاردەی سیاسەت و دیاردەی دین ، ئەمڕۆ لە جیهاندا بەرەو ململانێیەکی کولتووری هەنگاونانێت وەک نووسەری ئامریکی ” صموئیل هنتینگتۆن ‘ دەڵێت : بەڵکو زیاتر بووە بە ململانێیەکی سیاسیی بەناوی دینەوە دەگوزەرێت .
* نقلا عن صحيفة “الاتحاد” الإماراتية
1,009 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست