بەختیار شارەزورى : پارتى و فەرشى سور .
هەرێمى باشورى کوردستان لە ئێستادا کەوتوەتە بەردەم ئاراستەیەکى گۆڕانکارى خێرا ، چى لەسەر ئاستى جیهانى و چى لەسەر ئاستى ناوچەیى کە ئەم گۆڕانانە ڕاستەو خۆ کاریگەرى دەبێت لەسەر ناوخۆى هەرێم ، وە زەمینەیەکى سیاسى و ئابوورى کۆمەڵایەتى دروست بوە تا کورد لەم هەرێمەدا بتوانێت وەک یەکەم جار لە مێژودا دەوڵەتێک دروست بکات کە بتوانێت بچێتە سەر نەخشەى سیاسى و ئابوورى جیهان و پشتیگرى ئەرێنى لە ئاستە جیاوازەکاندا بۆ دروست ببێت .
خۆ ئەگەر کورد لە باکور و ڕۆژئاوادا سەرەتایەک و بۆشاییەکى سیاسى و ئابورى بۆ دروست بو بێت بۆ ئەوەى بتوانێت لەو بۆشاییەدا خۆى دروست بکات و دەوڵەتدارى بکات ئەوا لە باشورى کوردستاندا ئەو سەرەتایە دروست بوە و 22 ساڵە کارى لەسەر دەکات ، بەڵام نەیتوانیوە دەوڵەتدارى بکات و دامەزراوەیى هەبێت و بنەماکانى ئاسایشى نەتەوەیى مسۆگەر بکات و ڕەهەندە نیشتمانیەکان لە کارى حیزبى جیا بکاتەوە وە نەتوانراوە تاکێکى بەرهەمهێن و ئازاد بەرهەم بهێنێت کە بتوانرێت ببێتە سەنتەر بۆ گۆڕانکارییەکان…. حیزب بوەتە سەنتەرى کارى بە یەک رەنگ کردنى کۆى کۆمەڵگا و لە ناو حیزبیشدا کۆکردنەوەى هەموو پرنسیپ و دەسەڵاتەکان لاى یەک کەس و یەک بنەماڵە کە بۆ خۆى ئەم جۆرە بیرکردنەوە خلیجیانە پێچەوانەى خواستى دیموکراسى کۆمەڵگایەکى تەندروستە … لە ئێستادا لە نێوان (پارتى و یەکێتى ) و ڕێکەوتننامەى ستراتیژى سەرەتاى تیپەڕاندى ئەم قۆناغە چەقبەستوەیە دەرکەوتوە و هەموو حیزب و ڕێکخراوەکان کەوتونەتە بەردەم حوکمى ئەم گۆڕانکاریانە … لە دواى دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕان و بەرەى ئۆپۆزسیۆن و میدیا ئازادەکانەوە سەرەتاکانى دیموکراسى دەست پێ دەکات واتا گواستنەوە لە دەسەڵاتى تاک و بنەماڵە و حیزبەوە بۆ کۆمەڵگایەکى مۆدێرن و کراوە و مافى تاکەکان و دامەزراوەیى ، ئەوەى لەبەردەم ئەم گۆڕانکاریانەدا پشکى شێرى لە دابەزیندا بەردەکەوێ (پارتى )یە چونکە گۆڕانەکان پێچەوانەى ئاراستەى داواکان و خواستى پارتیە … دەکرێت زیاتر خوێندنەوە بۆ پارتى بکەین :
پارتى بە درێژایى مێژوو بە تایبەت لە دواى 74 وە و دواى دروست بونى هێزى نوێ بە تایبەت کۆمەڵەى ڕەنجدەران ئیتر ناتوانێ ببێتە ئەو هێزەى کە تەواوى کۆمەڵگەى کوردى داگیر بکات و وە قۆناغى تاک حیزبی و تاک سەنتەر و تاک دەسەڵات کۆتاى دێت کە ئەمەش بۆ هەموو حیزبەکانى تریش هەر وا بووە ، قۆناغى فرە حیزبى و بڕیارى چڤاتى دەست پێ دەکات ، کێشەى پارتى لێرەدایە کە هەر لە ڕابردودا دەژى و ناتوانێ ئەم ئێستایانە بخوێنێتەوە و تواناى گونجاندنى نیە لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا ئەمە جگە لەوەى کە لە دواى 74 وە هێزێکى ونە و نەیتوانیوە ببێتە کارئەکتەرێکى باش لە ڕوبەڕو بونەوەى بەعسیزمدا ئەو کارتەى پێ نیە تا بەکارى بهێنى ، بۆیە ناچارە بەردەوام ڕابردوى دوور وەک کارتێک بەکار بهێنێ لە نێوەندەشدا پارتى بەردەوام پشتى بە هێزى دەرەکى بەستوە تا بتوانێت ببێتە دەسەڵات و بە هۆى ئەم دەسەڵاتەوە لە ناوخۆدا هێڵى کێرڤى خۆى بەرز بکاتەوە ، تا زیاتر بڕۆین سیناریۆکانى پارتى پڕ دەبێت لە پشت بەستن بە هێزە دەرەکیەکان وەک(31ى ئاب و هاوکاریەکانى ئێران و تورکیا ) تا نەوەى نۆى ى زیاتر بێنە پێشەوە چانسى پارتى زیاتر دادەبەزێت چونکە نەوەیەک لاسایى کەرەوەى ئەوروپا و نەوەى ناو تۆڕەکانى پەیوەندى ئەنتەرنێت دروست دەبێت و پێکهاتەى پارتیش تەواو دژە لەگەڵ ئەم نەوەیەدا بۆیە توناى مل ملانێ ى نامێنى لەسەر سندوقەکانى دەنگ دان .. پارتى بەردەوام پێویستى بەو سیناروێیانەیە کە هێزە دەرەکیەکان بەکار بهێنیت بۆ مانەوەى لە ناوخۆدا بەدەر لەمە وەک پێویتش سیاسەت نازانێ و وە نازانى چۆن سیناریۆکان دابڕیژێ چونکە لە عێراقدا لە نێوان بەغدا و هەولێردا لە ئێستاى عێراقدا هەر هێزێک تەواوى پەیوەندیەکانى داببڕێت و بچێتە سەنگەرى دژەوە ئەوە هێزێکە کە پاشخانى سیاسى سفرە .
خۆئەگەر پێکهاتەى پارتى بنەماڵەیى بێت و خواستى گشتى پارتى بۆ ئەوە بێت کە کاک مسعود بارزانى بکرێتەوە بە سەرۆکى هەرێم یان هەر سەرۆک بێت ئەوا بۆ خۆى ئێستە لەبەردەم ململانیێ ى زۆرێک لە هێزەکاندایە کە نابێت دەستور پێشێل بکرێت و مافى یاسایى نیە خۆى کاندید بکاتەوە بەدواى پاساوێکدا دەگەڕێت تا کاک مسعود ببێتە سەرۆک چونکە پارتى واتا کاک مسعود بۆ دەسەڵاتى یەکەم ، پارتى کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو دژەى لە تەنها دوو مانگدا دژى هەمومان بوو پارتى سەنگەرى دژى گرتبوو هێزە نەیارەکانى خۆى تاوانبار دەکرد بەوەى نەینە سەنگەرى دژى مالیکى و بەغدادەوە ئەوا دژى هەموو نەتەوەى کوردن ئێستا پەنا دەباتە بەر ئەو دژە تا هاوسەنگى پارتى بپارێزێت ، پارتى دەیەوێت لەسەر بنەماى هاوپەیمانى ستراتیژى حکومەت بداتەوە بە یەکێتى و خۆى پۆستى سەرۆکى عێراق وەر بگرێت ئەگەر ئەمە یەکێک بێت لە ئەگەرەکان ئەوا ئەگەرى دووەم ئەوەیە کە تورکیا گڵوپى سەوزى بۆ پارتى هەڵکردبێت تا لە ڕێ ى درێژکراوەى سیاسەتەکانى ئێرانەوە مالیکى گوشار بخاتە سەر یەکێتى و ناچاریان بکات کە بچنەوە ناو بازنەى پارتى کە مانەوەى پارتى بەهەر نرخێک بێت بۆ تورکیا قازانجە چونکە پارتى درێژکراوەى سیاسەت و ئابورى تورکیایە نەک ستراتیژێکى سەربەخۆ ، تورکیا ئەوە دەزانى کە ئەگەر بەرەى ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەى گۆڕان دەسەڵات وەربگرێت ئەوا بە پێ ى دروشمەکانى کار لەسەر ستراتیژێکى سەربەخۆ و ئاسایشێکى نەتەوەیى دەکات و وەک ستراتیژێکى سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ ستراتیژى ئێرانى و تورکیدا دەکات ئەمەش لەم خاڵەدا تورکیا و ئێران دەبنە هاو بەرژەوەندى یەکتر .
پارتى کاتێک فەرشى سور بۆ دوژمنەکەى ڕا دەخات بەو واتایە دێت کە پارتى بە بارێکى خراپدا تێدەپەڕێ و جارێکى تر پێویستى بە هێزى دەرەکى و هاوکێشەى ناوچەیى هەیە تا بتوانێت هێزى یەکەم و باڵادەست بێت لە ناوخۆدا … فەرشە سورەکەى پارتى ئاماژەیە بەوەى کە لە ناو یەکێتدا بەدەر لە بنکە جەماوەرییەکەى ئەنجومەنى ناوەند و بڕێک لە مەکتەب سیاسى دژى بە کارتۆنى کردنى حیزبەکەیانن (یادى دامەزراندنى یەکێتى و ئەو بەشداریە فراوانە نامەیەکە لە بنکە جەماوەریەکەیەوە بۆ سەرکردایەتى کە تا لە پارتى دور تر بکەونەوە لە خەڵکانى خۆیانەوە نزیکتر دەبنەوە ) کە ئەمەش وا دەکات یەکێتى بیەوێت بێتە ناو ئەو قۆناغە نوێیەى گۆڕانەوە کە سەرەتاکانى دەستى پێ کردوە وە نزیک دەبێتەوە لە بازنەى بزوتنەوەى گۆڕان و هێزە نوێخوازەکانەوە کە ئەمەش بالانسى پارتى بەرەو بچوکبونەوە دەبات .
پارتى و فەرشى سورى مالیکى ئەو ئاماژانەن کە جارێکى تر پارتى ناتوانێت بە هەمان دەسەڵاتەوە حوکمى ئەم هەرێمە بکات .. فەرشە سورەکە کادرانى پارتى توشى هستریاى سیاسى کردوە بەوەى تا دوێنى بە کارتى دژە مالیکى شەڕى ئۆپۆزسیۆنیان دەکرد ئەمڕۆ ئەو دروشمانەیان وەک دژێک بەرەو ڕوو دەبێتەوە…. فەرشى سوور دوا هەوڵى پارتیە بۆ هێشتنەوەى لە کورسى دەسەڵاتدا وە خۆشى ئەو ڕاستیە دەزانێت کە لەبەردەم قۆناغى نۆى و نەوەى نوێ دا خۆرى لە ئاوا بوندایە هیچ هێزیک ناتوانێت بە تەنها کۆى دەسەڵاتى سیاسى مسۆگەر بکات سەردەمى بە کارتۆنى بونى حیزبەکانیش کۆتایى هاتوە .
1,225 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست
- Latest Posts by بەختیار شارەزوری
بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟
-بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.
-بەختیار نامیق: دانا ئەحمەد مەجید دەتوانێ چی بۆ گۆڕان بکات.؟
- All Posts