دکتۆر کەمال میراودەلی : بەردەبازەکانی مێژووی رزگاریخوازیی و شارستانیی کورد وکوردستان .
بەراستی بە بۆنەی یادەوەریی سەدساڵەی جەنگی جیهانیی یەکەم کە چارەنوسی تراژیدیانەی کوردستانی تێدا بریاردرا ، نیازم وابوو تەنیا کرۆنۆلۆجی چەند ئێستگەو روداوێکی گرنگی ئەم سەد ساڵە ١٩١٤- ٢٠١٤ بۆ نەوەکانی نوێمان تۆمار بکەم و بخەمە بەرچاو ، بەلام سەرنجم دا بەبێ گەرانەوە بۆ پێشینەکانیان ئەم رووداوانە بێ رەگ و ناونیشان دەردەکەون و ماناو بایەخی بەردەوامیی نادەن بە دەستەوە .
بۆیە بە ناچاری دوورتر گەرامەوە بۆ دواوەو ئەم چەند ئێستگە گرنگانەی مێژووی سیاسیی و رۆشنبیریی نەتەوەکەمان دەخەمە بەرچاو کە بە بەردەباز ناوم ناون . واتە گواستنەوەیەکی مێژوویی نەوعیی لە ماوەیەکەوە بۆ ماوەیەکی تر بە دانانی بەردێکی بناغەیی یان زیاتر لە هەر ماوەیەک یان سەدەیەکدا کە دیارە بە داخەوە هەموو بەردەکان بنیاتنەر نەبوون و داگیرکەران وریا بوون لە رووخاندنی هەر بنەماو خانەیەکی گرنگی بنیاتی نەتەوەییمان . بۆیە ئەو رووداوانەشم تۆمار کردوون کە ئێستگەی ویرانکایی و پاشەکشێ و رووخان بوون .
لە بەر ئەوەی پرسی دەرکەوتن و پێشکەوتنی بزوتنەوەی نەتەوەییستی کوردستانیی مۆدیرن لە چوارچێوەی دەولەتی عوسمانییدا گرنگییەکی مێژوویی و هەنووکەیی و ئایندەییشی هەیە ، وەک سەرنج دەدەن ، گرنگی تایبەتیم بە ئێستگەکانی گۆران و مۆدێرنبوون لە ناو چوارچێوەی چاکسازیی وگۆرانکارییەکانی دەولەتی عوسمانی و بزوتنەوەی نەتەوایەتی نوێی تورک داوە . تێگەیشتنی چۆنێتی مامەلەی کورد لەگەڵ رووداوەکان و ئاڵوگۆڕییەکانی رابردوودا بایەخێکی زۆری هەیە بۆ دەرسوەرگرتن و ئاگاداربوون لە دەرفەت و هەرەشەکان .
بزوتنەوەی نەتەوایەتی بەبێ بیروخۆناساندن و ئایدیۆلۆجی نەتەوەیی نابێت بۆیە تیگەیشتنی قوول و وردی شەرەفنامەی شەرەفخانی بیتلیسی و مەم و زینی ئەحمـەدی خانی و ئەو دەورە شارستانیی و شۆڕشگێرییەی بیتلیس و بۆتان و بابان لە دامەزراندن و دیاریکردنی پرۆسەی نەتەوەیی و شارستانیی کوردستانیزم گرنگییەکی بناغەیی بۆ دامەزراندنی قوتابخانەی بیری نەتەوایەتی سیاسیی و شارستانیی کورد هەیە .
دیارە ئەمە نووسینەوەی مێژوو نییە تەنیا دەرخستنی چەند ئێستگەو بەردەبازێکە بەلام دەکرێ ئەم چوارچێوەو هێلە میتۆدۆلۆجییە ببێتە پرۆژەیەکی گەورە بۆ نووسینەوەیەکی ئەکادیمی بابەتی زانستی مێژووی گەلەکەمان لە سەدەی شازدەهەمەوە تا ئێستا . تکای راستکردنەوەو سەرنج و پێشنیازو هاوکاری و کاری بەکۆمەلی شارەزاو ئەکادیمیانی کورد لەم بوارەدا دەکەم .
بەشی یەکەم : کرۆنۆلۆجی بیرو بزوتنەوەی نەتەوەسازیی کوردیی ١٥٩٦- ١٩١٤
لێرەدا هەندێ لەو ئێستگە مێژووییە گرنگانە بە شیوەی کاتزانیی ( کرۆنۆلۆجی ) تۆمار دەکەم .
بۆ ئەوەی مێژووەکە وەک مێژووی بیرو بزوتنەوەی نەتەوایەتی مۆدێرنی کورد نێشان بدەم ، ئاوڕێک لە چەند ئێستگەیەکی گرنگی مێژووی کورد وەک پاشخان و بنەمای فیکریی و سیاسیی دەرکەوتەی نەتەوەییزمی کوردی مۆدێرن دەدەمەوە .
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر … بەردەبازەکانی مێژووی رزگاریخوازیی کوردو کوردستان
4,397 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست .