Rekrdn

به‌ندی عه‌لی : مه‌راقه‌کانی شه‌و .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمه‌ش له‌ڕه‌چه‌ڵه‌کی ده‌ریاین

ده‌مێ خامۆش ، ده‌ڵێی دنیا

له‌نێو روحماندا ده‌خه‌وێت

ده‌مێ توڕه‌و سرک و یاخی و

بێ ئۆقره‌و شێت

……………………..

ئه‌و ده‌مه‌ی عیشق کۆتایی دێ

له‌یه‌ک هه‌وارو یه‌ک شارو

له‌یه‌ک ماڵ و له‌یه‌ک ژوورو

ته‌نانه‌ت گه‌ر مناڵدوانه‌ی یه‌ک سکیش بین

بێ گومان و بێ به‌هانه‌

له‌یه‌ک ده‌بین به‌بێگانه‌

………………………

کازیوه‌ بوو

هه‌نگه‌ زه‌رده‌کانی هه‌تاو

ئاڵابوونه‌ گوڵه‌ باخێ

به‌لایاندا تێپه‌ڕیم و به‌یانی باشم لێکردن

مه‌شغه‌ڵه‌تی فه‌رمانی ماچ

هێنده‌ سه‌رقاڵی کردبوون

هیچیان بۆیان نه‌سه‌ندمه‌وه‌

ئاخر به‌پێی رێنماییه‌کان

له‌سه‌روه‌ختی کاری عیشقا

گفتوگۆ یاساغه‌ ، یاساغ

…………………….

بولبوله‌کان

له‌ئاسمانی بێ ته‌لیسمی

قه‌ل و داڵ و

بایه‌قووشه‌ خوێڕیه‌کانا

گه‌ر به‌کامی دڵ بخوێنن

به‌له‌شفرۆش .. ناوی ده‌به‌ن

…………………………

چ خۆشخه‌یاڵیه‌که‌ ئه‌ی یار

گفتوگۆی نێوان گوڵ و خار

چ سه‌رابێکه‌ ، ره‌ونه‌قی

ئاگر بۆ په‌پووله‌ی بێدار

چ وه‌همێکه‌ ، چاوه‌ڕوانیی

زوڵفی په‌خشانی ئومێدی

تۆی شۆڕه‌بی

بۆ مروه‌تی .. ڕه‌شه‌بای هار

چ خۆشخه‌یاڵیه‌که‌ ئه‌ی یار

…………………..

ڕه‌شه‌بای مه‌رگ ، نابینایه‌

ده‌نا ده‌بوایه‌ له‌ئاستی هه‌ندێ مرۆڤ

هه‌ندێ شه‌تڵگای گوڵی دڵ

هه‌ندێ دییه‌ی چون ئه‌ستێره‌ی

بریسکه‌داری سه‌فه‌ری

هه‌ندێ په‌نجه‌ی

له‌باڵی په‌پووله‌ جوانتر

هه‌ندێ هۆشی

له‌عه‌مباری گه‌نم زیاتر به‌به‌ره‌کت

بێته‌ سه‌رچۆک

………………………

زه‌می به‌دکار ، تاڵه‌ موویه‌ک

له‌سه‌ر جه‌سته‌م نا جوڵێنێ

به‌ڵام ، هاوڕێ

یه‌ک گله‌یی ناحه‌قی تۆ

شاره‌ زه‌رده‌واڵه‌یه‌کی ژان

له‌نێو دڵما ئه‌وروژێنێ

……………………..

له‌چوار ڕیانه‌کانی شاراو

لای گڵۆپه‌ سوورو زه‌ردو

سه‌وزه‌کانی .. ترافیکا

مناڵه‌ بنێشت فرۆشه‌کان

له‌پاڵ سواڵی له‌چکداری

چه‌ند هه‌زارێ

له‌م دیناره‌ بێ نرخه‌دا

وا هه‌ست ده‌که‌م به‌نادیاری

سواڵی باوکێتیم لێ ده‌که‌ن

تف له‌چاره‌ت ، ئه‌ی نه‌داری

………………………..

(عومه‌ری مه‌کته‌به‌)

ئه‌مڕۆ کتبێکی ده‌گمه‌ن

به‌ڵام پڕ له‌بیره‌وه‌ری و پڕ له‌بۆنی

ڕۆژه‌ جوانه‌کانی ژیان

له‌تابوتێکی بێده‌نگا که‌ له‌قه‌دی

شۆڕه‌بیه‌کی ریش چه‌رمو داتاشرابوو

گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌رشیفی

کتێبخانه‌که‌ی نیشتمان

……………………

له‌هه‌ر جێیه‌ک ، جاڵجڵۆکه‌ی

داب و نه‌ریت تۆڕی چنی

په‌پووله‌ باڵ نه‌شمیله‌کان

چاوی به‌دکاریان له‌سه‌ره‌

له‌هه‌ر جێیه‌ک ، زه‌رده‌واڵه‌ی

هزری ئه‌نتیک شاری هه‌ڵبه‌ست

بۆ گوڵ و هه‌نگ

عیشق ، زه‌نگێکی خه‌ته‌ره‌

……………………

(ڕۆژی باوکان)

ئه‌وده‌مه‌ی دایکم هه‌ویری

مه‌مکی بۆ ده‌کردین به‌نان

باوکم کۆته‌ره‌ دارێ بوو

له‌ژێر ساجی داخی ژیان

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت