ئاکۆ برایم : لەوڵاتەکەمدا شێتەکانیش چەکدارن .
لەگەڵ رێز و حورمەتم بۆ هەموو ئەو کەسانەى کە بارى دەرونیان تەواو نیە و لەکۆمەڵگادا بە(شێت) ناودەبرێن، ئەوەى جێگەى مشت ومڕو پرسیارو سەرسوڕمانە، ئەمڕۆ هەر تاوانێک دەکرێت،هەر کەسێک دەکوژرێت،یان خەڵک دەکوژێت،ئەو پاساوەى بۆ دەهێننەوە،بەبێ ئەوەى هیچ بەڵگەو موستەمسەک و دەلیلێک هەبێت کە راستى و دروستى ئەو شتە بسەلمێنێت. بەڕاستى مایەى سەرسوڕمانە وتێرامانە ،چۆن وبۆچى ئەو کەسانە کە بەشێت ناودەبرێن، ئەو کارانە ئەنجام دەدەن؟ باشە ئەدى ساڵانى پێشوو هەمو دەزانین و ئاگاداریین، کە شێت و کەسانى ناتەواو زۆر زیاتر بوون و ،بەردەوامیش لەکۆڵان وجادە وبانەکان شەو تابەیانى دەسوڕانەوە، زۆربەشیان دەست وەشێن بوون، بەڵام نەبیستراوە نەباسکراوە کە یەکێک لەوانە تاوانى کوشتنى ئەنجام دابێت!، ئەم ماستە بێ موو نیە ،ئەوتاوان و کردارە نارەوشیتانەى مرۆڤە عاقڵ و خۆ بەشت زانەکان ئەنجامى دەدەن،دەیدەنە پاڵ ئەو بەستەزمان وداماوانە .
باشە من دەپرسم بەریشى کێ رەوایە ، کەسێک بارى دەرونى تەواو نەبێت، خاوەنى چەک بێت و،چەک هەڵبگرێت؟وەکو ئەو روداوەى ماوەى پێشوو لەگەرمیان روویدا، گوایە دووبرا کە هەردووکیان بارى دەرونیان تەواو نەبووە، چەکیان کردوەتە شانیان و بە سوارى ئوتومبیل رویشتونەتە دەرەوى شارو بەکەس و کاریان وتوە دەڕۆین خۆمان دەکوژین. تۆسەیرى ئەو دوو تاوانە بکە، بەچ یاسا و رێسایەک رێگە دەدرێت کەسێکى لەو شێوەیە چەکى پێ بێت؟ بۆچ مەبەست و مەرامێک ئەو کابرایە چەکدار کراوە؟بیجَگە لەوەش بەپێى یاساى هاتوچۆ رێگەنادرێت کەسانى لەوشێوەیە ئوتومبیل لێبخوڕن؟ ئەدى ئەمەیان چۆن بوو؟ پرسیارێکە و هەزاران هەزار لق و چڵى لێ دەبێتەوە. هاوشێوەى ئەو تاوانەش لەم رۆژانەدا لەچەمچەماڵ ژنێکى بەڕێز و بەرەوشت لەلایەن مێردەکەیەوە دەبرێتە تەوالێت و دەکوژرێت، وەکو باس دەکرێت سەرجەم گوللە کان بەر شوێنى مەبەست کەوتون ،یەک فیشەک بەخەسار نەدراوە، ئەم تاوانە ئەگەر لێکۆڵینەو وردبینى بۆ بکرێت، دەگەنە ئەنجام، باشە ئەگەر کەسەک شێت بێت و بارى دەرونى لەدەست دابێت، چۆن ئەوها دەستى راستەو نیشان شکێنێکى کارامە و لێهاتوە، رێک سەرجەم فیشەکەکان بەشوێنى هەستیارى ئەو ژنەوە بنێت؟! پرسیارێکى دیکە، کە ئەوە بۆخۆى تاوانەکە ئاشکراتر دەکات، هەموو دەزانین کەسانێک کەبارى دەرونیان ناجێگیرە، لەدەنگى تەقە و هاتو هاوار و ئەوشتانە سڵ دەکەنەوە و رادەکەن ،بەڵام ئەم بکوژە ،زۆر بوێرانە وچاونەترسانە تا دوافیشەک دەستى لەسەر دەمانچەکەى هەڵنەگرتوە ، هەمووى لەو ژنە کوژراوە خاڵى کردۆتەوە، پاشان کوڕەکان ناردوە تا دڵنیا بن لەوەى دایکیان رۆحى دەرچوە .
باشە ئەى ئەو پیاوە ئەو دەمانچەیەى چۆن دەست کەوت؟ لەکوێ هێناى ؟ ئایا شێت دەزانێت میل بێنێتەوە رێک سێرە بگرێت و سەدى سەد ئامانج پبێکێت؟ پرسیارێکى دیکە، وەها باس دەکرێت،کە بکوژەکە پێشتر بۆ چارەسەرى نەخۆشیەکەى نێردراوەتە دەرەوەى وڵات، بەڵام وەک باس دەکرێت، کاتێک بیستویەتى کەسلفەى پێشمەرگەى دێرینى بۆدەرچووە،بەهەڵەداوان بەبێ ئەوەى چارەسەرى تەواو وەربگرێت دێتەوە بۆکوردستان، بۆ ئەوەى ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت، من تێناگەم ئەوروپا هیچ کاتێک وەکو لاى خۆمان نیە ،بەتایبەت بۆکەسانێک کە دوچارى ئەو نەخۆشیانە بن، شوێن ونەخۆشخانە و جێگە ورێگەى باشیان هەیە،هەروا بێتەوە تا تەندروستى نەخۆشەکە سەد لەسەد باش نەبێت و دڵنیا نەبن لێى رێگەى پێنادەن بچێتەوە ناو کەسو کارى، بەڵام چۆن رێگەیان بەم دا بێتەوە؟ چۆن عەقڵى بەوە شکا کە پارەو پوول گرنگە و بۆخاترى ئەوپارەیە واز لە چارەسەرێکى گرنگ و چارەنوس ساز بهێنێت. هیوادارم کەلایەنى بەرپرس و بەتایبەت بەڕێزانى هێزى ناوخۆ وئاسایش و پۆلیس، سنورێک بۆ ئەو دیاردەیە دابنێن، باکوردستان نەبێتە گۆڕستان، با چیتر لەژێرناو و پاساوى جیاجیادا رۆڵەکانى میللەتەکەمان خۆێنیان بەزایە نەروات، با چیتر چەک نەبێتە یارى و گەمەى منداڵان وبەدەست شێت ومناڵ و خەڵکى یەوە نەبێت، هیواداریشم کە لەدۆسیانەدا لێکۆڵینەوەى ورد و چڕ بکەن، هەرکەسێک دەستى لەو تاوانانەدا هەیە باسزابدرێن و ،بە بیانوى ناتەواوى و ناجێگرى عەقڵ و هۆشەوە وا بەسانایى ئەو شتە بەسەریاندا باز نەدات،پێویستە توندترین سزاى ئەو کەسانە بدەن کە بەوتاوانانە هەڵدەستن، بەتایبەت ئەو کەسانەى کە دەستیان بەخوێنى ژنان سورە ، هەر کاتێک ئارەزویان لێ بوو، یان مێشکیان قبوڵى زۆر شتى نەکرد ،بەفیشەک و چەک بەردەبنە گیانى ژنانى پاک و بێگەرد وپاکیزەى وڵاتم ، بۆ دیزە بەدەرەخۆنە کردنیشى، یان ئەوەیە دەڵێن ژنەى داماو و قوربەسەر خیانەتى کردوە مێردەکەشى لەپێناو ناموس وشەرەفەدا ئەو کارەى کردوە،یان ئەگەر نەیانتوانى ئەو تاوانە بەسەر ژنەى کوژراودا بسەپێنن،دێن دەڵێن مێردەکەى یان براکەى یان خزمێکى فیشەکى لەدەست دەرچووە،یان بارى دەرونى تەواو نەبوە.ئەو کارەساتەى خوڵقاندوە .
کوشتنى مرۆڤ بەتایبەت ژن لەژێر هەرپەردەو ناوێکدا بێت تاوانە ومایەى قبوڵ نیە،گریمان گەر ژنەکەش خیانەتى کرد، بۆدەبێت ئەنجام و پاداشتەکەى کوشتن بێت؟ئێمە هەموو موسڵمانین ولەسەر رێباز و ئاینى ئیسلام دەڕۆین بەڕێوە، خۆ ئەگەر خوانەکردە پیاوە هەستیکرد ژنەکەى تاوانێکى وا دەکات، ئەوا با بەپێى شەریعەت و ئەحکامى ئیسلام تاوان بارى و ناپاکى ئەو ژنە بسەلمێنێت،خۆ ئەگەر هەر نەیتوانى و بۆى نەکرا کەسانێک بکات بەشاهید، ئەوا هەرچەندە قورس وگران ئەستەمە.با لەیەکتر جیا ببنەوە،نەهامەتى و ماڵویرَانى بۆخۆیان و خێزان و کەس و کاریان دروست نەکەن،مناڵانى پەوپولە و خێرلخۆ نەدیویش بێ دایک نەکەن. هەقى وایە لایەنى بەرپرس لەسەر ئەو تاوانانە ئیجرائاتى توند بکات، بەدووقسەى لەوشێوەیە باوەڕ نەهێنن و لەتاوانبارەکە خۆش نەبن، زۆر زۆر ناخۆشە بکوژ وتاوانبار، لەسەرێک حەیاو ئابڕو ناموسى ژنە و کەسو کارى دەبات،لەلاشەوە وەک بەرزەکى بانان بۆى قوتار دەبێت.یان بەو پاساوەى کە کابرا شێت بووە بۆیە ئەو تاوانەى ئەنجام داوە، دەبێت بەقورسترین شێوە سزا بدرێن، شتێکى راست نیە لەبەر ئەوەى کابرا بارى دەرونى تەواو نیە، ناکرێت سزا بدرێت وبخرێتە بەندیخانەوە؟ ئەى باشە ئەگەر تاوانێکى دیکەى کرد یان رۆژێک هات بەسەریا دەستڕێژى لەقوتابخانە یان فەرمانگە یان شوێنێکى گشتى کرد و دەیانى ترى کەلەپاچەکرد؟ ئەو دەمە وەڵامى لایەنى بەرپرس چى دەبێت؟ یان بەچ بەڵگەو دەلیلێک باوەڕ بەو تاوانبارەدەکەن کەلەسەر کڕیونەوەى ناموس ژنەکەى کوشتوە؟ رزگارى دەکەن،گەر ئەو یاسایەش تا ئەمڕو لەکاردایە و پەیڕەو دەکرێت، بەڵام هاوکات مافى داواکارى گشتیش هەیە، ئەو بۆى هەیە لەسەر ئەوەى کەسێکى کوشتوە تاوانبارە یان بێتاوان،سزاى بدات،خوازیارم کە رێکخراوەکانى ژنان و مرۆڤ دۆستەکان، لەسەر ئەو پرسە هەڵوەستە بکەن،داوا لە وەزارەتى داد و ناوخۆ ودادگاکان بکەن، بەو یاسایەدا بچنەوە، تاوانبارانى ئەو کەیسانە بە سزایەکى چەند مانگى رزگاریان نەبێت،من دڵنیام ئەگەر سزاى هەڵگرتن وبەکارهێنانى چەک،یان کوشتن لەژێر ناوو پاساوى جیاجیا وەکو رۆژ ئاوا زۆر زۆر توند و قورس بکەن،ئەوا دڵنیام نیواو نیو تاوان و دەستدریژى و خۆێن رشتن کەم دەکات. خوێنى چەندانى وەکو مامۆستا ساکار و جەمیلە و هاورێکانیشى لەخۆرایى بەهەدەر ناڕوات .