عەتا قەرەداخی ; نوخبەى رۆشنبیری کورد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوخبە بریتیە لەو دەستە گوڵبژێرەى کە لەسەر بنەمای تواناو لێهاتوویی و ئاستی هوشیاری لە کۆی کۆمەڵگا جیاواز دەبێت و بەو قەوارە بچوکەیەوە کە هەیەتی دەتوانێت هەژموونی هەبێت بەسەر کۆمەڵگاوەو دەسەڵاتی بەسەردا بکات کە ئەویش دەشێ نوخبەى سیاسی ، رۆشنبیری، ئابوری و … بێت . بێگومان ئەوەى لێرەدا مەبەستی قسەکردنی ئێمەیە ئەو دەستەیەیە کە بە نوخبەى رۆشنبیر ناوزەن دەکرێت . ئایا شتێک هەیە بە ناوى نوخبەى رۆشنبیری کوردی ؟ ئەگەر هەیە کامەیە شوێن و پێگەى ؟ ئایا ئەو شێوەی کاری پێدەکات شێوەى کاری نوخبەى رۆشنبیرە ؟ ئایا هەژموون و دەسەڵاتی ئەم نوخبەیە لە کۆمەڵگەى کوردیدا چیەو چۆنە ؟ ئایا جۆری پێوەندی ئەم نوخبەیە لەگەڵ نوخبەى سیاسی و دەسەڵاتدا شێوازێکی ئەوتۆیە کە توانیبێتی بوونی خۆی وەکو نوخبە بسەپێنێت و بپارێزێت ؟

بێگومان بە پێی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەى کوردیش هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی تر نوخبەى لە هەموو ئاستەکاندا تیادا بەرهەم دێت بەڵام دەشێ سرووشتی نوخبەى ئێمە جیاواز بێت . دیارترین نوخبە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا نوخبەى سیاسیە ئەو نوخبەیەى کە بە تایبەتی لە دەوروبەری راپەڕینەکانی شێخ مەحمود بەدواوە شانبەشانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد هاتووەو هەوڵیداوە جێگەو پێگەى خۆیی هەبێت وهەم لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا کەسێتیەکی بۆ پەیدا بووە هەم بەشێک لەو نوخبە رۆشنبیرە تێکەڵاوى سیاسەت بووەو بەشێکی دیاری چووەتە ریزى نوخبە سیاسیەکەوە ، هەر ئەوەش وایکردووە جۆرێک لە رۆمانسیەتی رۆشنبیرى بە گشتی و ئەدەبی بە تایبەتی بچێتە ناو عەقڵ و هەڵوێستی نوخبەى سیاسیەوەو سەرئەنجام ئەوەش کاریگەری نێگەتیفی هەبێت لەسەر کەسێتی نوخبەى سیاسی کوردی و وای لێبکات زۆرجار شاعیرانە بیر لەسیاسەت بکاتەوە هەڵوێست بنوێنێ .

ئەگەر لەسەردەمی شێخ مەحمودەوە سەیر بکەین جۆرێک لە ئاڵۆزى و دوڕدۆنگی لە نێوان نوخبەى سیاسی و نوخبەى رۆشنبیردا هەبووە ، پێوەندی رەفیق حیلیمی و مستەفا پاشای یاموڵکی و پیرەمێردو جەمال عیرفان .. لەگەڵ شێخ مەحمووددا بە ئاشکرا نیشاندەری هەڵوێستی نوخبەى رۆشنبیرە بەرامبەر بە نوخبەى سیاسی و تەنانەت دەسەڵاتیش ئەگەرچی بۆ ئەوساو تەنانەت ئێستاش دەبێ بە وریاییەوە زاراوەى دەسەڵات لە کوردستاندا بەکاربهێنین چونکە دەسەڵاتیش پێناسەى تایبەتی خۆیی هەیە .

ئەگەر سەیری قۆناغەکانی دواتر بکەین نوخبەى رۆشنبیری کوردی زیاتر لە نوخبە سیاسیەکە نزیک بووەتەوەو هەوڵیداوە تێکەڵاوی ئەو نوخبەیە ببێت و تەنانەت تمووحی ئەوەشی هەبووە کە خۆی ببێتە جێگرەوەى نوخبە سیاسیەکە . کاتێ لە نێو پارتیدا ئەو نوخبە رۆشنبیرەى کە تێکەڵاوی سیاسەت بوون و گەیشتنە مەکتەبی سیاسی پارتی دەیانوویست ئەو هەژموون و دەسەڵاتەی کە وەکو رۆشنبیر هەیانبوو بەسەر سەرکردایەتی یان نوخبە سیاسیەکەى سەرکردایەتی پارتی و خودی بارزانیشدا بیسەپێنن ، بەڵام دیارە لەو یارییەدا هەمیشە نوخبەى سیاسی دەبێتە براوەو نوخبە رۆشنبیرەکە گەرچی بارگاویش بووبێت بە سیاسەت بەڵام لەو یاریەدا ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ، ئەم قسەیە بۆ هەموو سەردەمێک دەبێت و رۆشنبیر کە چووە ناوسیاسەتەوە هەمیشە دەبێتە پاشکۆی نوخبەى سیاسی ، ئەم قسەیە بەلایەنی کەمەوە بۆ کۆمەڵگەکانی وەکو ئێمە راستە .

کاتێ نوخبەیەک لە رۆشنبیران ، کۆمەڵەى رەنجدەرانی کوردستانیان درووستکرد، بە ئاشکرا دیارە کە چۆن کەوتوونەتە ژێر کاریگەری خەیاڵی رۆمانسیانەى خۆیانەوە بۆ رابەرایەتی کردنی شۆڕو بۆ رەتکردنەوەی سەرکردایەتی تەقلیدی تاکەکەسە دیارو خاوەن پێگەجەماوەرییەکان لە کوردستاندا . بەڵام ئەم نوخبە رۆشنبیرە رۆمانسیە لەبەر ئەوەى دەسەڵات و نفوزى ئەمان لە کۆمەڵدا لاوازەو ئەو ئامادەبوونەى نییە ناچار دەبێت خۆی بداتەوە دەستی دەسەڵاتی کەسێکی دیاری نوخبە سیاسیەکە کە مام جەلالە .

لە دوای راپەڕین نوخبەى رۆشنبیری کوردی نوخبەیەکی دابەشبووى لاوازى بێشووناس بوو ، نەیتوانی وەکو نوخبەیەکی سەربەخۆی خاوەن کەسایەتی شانبەشانی نوخبەى سیاسی خۆی رابگرێتء وهەژموون و دەسەڵاتی خۆیی هەبێت و لەو رێگایەشەوە کاریگەری و قورسی هەبێت لەبەرامبەر نوخبەى سیاسیدا کە ئەوەش بۆ نوخبەى سیاسی و بۆ مەسەلەى کوردیش بە گشتی سوودبەخش دەبوو . ئێستا ئاشکرایە لە کاتێکدا کە نوخبەى رۆشنبیری کۆمەڵگەکانی تر دەورو کاریگەرییان لە سەر عەقڵء وهوشیاری و هەڵوێستی بەشەکانی تری کۆمەڵگە هەیە ، ئایا ئەو رۆڵ و کاریگەری و شوێن و پێگەیەی کە رۆشنبیری کورد هەیەتی رۆڵ و شوێن و پێگەى نوخبەی رۆشنبیرە ؟

 

 2,278 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت