دکتۆر کەمال میروادەلی : بە بۆنەی یادی چوارەمی هەڵبژاردنەکانی ٢٥ ی تەمووزی ٢٠٠٩ پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان .
بەشی یەکەم
بە بۆنەی تێپەڕبوونی چوارساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکانی ٢٥ ی تەمووزی ٢٠٠٩ دا
، بە رێزو تەقدیرو خۆشەویستییەکی زۆرەوە ، یادی خەبات و رەنج و ئاواتی مەزنی دەیان هەزار ڕۆلەی نەتەوەکەم ، دەکەمەوە کە پشتگیرییەکی گەرمی کامپەینەکەیان کردم و ، دەنگیان بۆ مافی دیمۆکراسی راستەقینەی خۆیان و لەبرییەکی دیمۆکراتی راستەقینە دا.
بەم کارە ئەوان سەلماندیان گەر بەراستی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازادو بێ تەزویر هەبێت ، گەلەکەمان هوشیارەو دەتوانێت لە دەسەلاتی حیزبی بنەمالەیی رزگاری بێت و دەسەلاتێکی دەستووریی دیمۆکراسی داپەروەر بخاتە جێی ..
1. بۆیە من ئێستا ، وەک سەرۆکی شەرعی هەڵبژێردراوو تەزویرلیکراوو غەدرلێکراو ، ئەو سەرەتای نوێیەو بیرو بەرنامەو هیوا و خواستەم بۆ نەتەوەکەم لە نووسینی دەستورنامەیەکی دیمۆکراتییدا ئەنجام داوە ، کە لێرەدا بەش بە بەش بلاوی دەکەمەوە . هیوادارم ئەم دەستوورنامەیە ببێتە سەرەتایەکی بەراستی نوێ لە سەرووی جیاوازیی حیزبایەتیی و ناکۆکیی رابردوو- و ئەجنداکانی هەلخەلەتاندن و درۆسازیی .
2. ئەم دەستوورنامەیە دوای بلابوونەوەی مڵكی ئێوەیە . دامەزرێنەری مافی دەستووری و یاسایی ئێوەیە وەک هاو- ولات و هاوبەش لە نیشتماندا. هیوادار بایەخی پێبدەن و ببێتە بابەتی دایەلۆگ و گفتوگۆ و بنەمای بەرپاکردنی بزاڤێکی دەستووریی دیمۆکراتیی ناحیزبیی لە باشوورو تەواوی کوردستاندا.
3. هیوادارم سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت و حیزبەکانی دەسەلات و ئۆپۆزیسۆن و یاساناسان و ئەو لیژنەو بەرێزانەی بەشداریان لە ئامادەکردنی رەشنووسیی دەستوورەکەی ئێستای هەرێمی کوردستان دا کردووە ، ئەم پرۆژەیە بە جددی وەرگرن و وەک بەشدارییەکی نەتەوەیی سەیری بکەن و گەر زۆربەشی وەرنەگرن ، سوودی لێوەربگرن . مادام پرۆژەی دەستوور دوا خرایەوە ، با دەستوورنامەیەکی ساغ و تەواومان هەبێت لەوەی کارێکی ناڕێک و نیوەچل .
4. تا دەستوورمان نەبێت ، نە ولاتمان دەبێت نە هاو- ولات ، نە سیستەممان دەبێت نە سیاسەت ، نە یاسامان دەبێت نە عەدالەت . دەستوورنامە ئەو رەگنامەیەیە کە بە خاکەکەتەوە دەبەستێتەوە ، شوێنی خۆت وەک هاو- وڵات و هاو – ماف و هاو- ئەرک و هاو- هیوا دەناسیت و لە جیاتی ئەوەی ببیتە کۆیلەی حیزب ، دەبیتە دامەزرێنەرو رێبەرو بگۆڕی دیمۆکراتییانەو ئاشیتیخوازانەی دەسەلات بۆ بەدیهێنانی باشترو باشترین .
5. تۆ دەتوانی ئەم دەستوورنامەیە بکەیتە راستیی ، بیکەیتە چوارچێوەو بناغەی ولاتسازیی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی شارستانیی و دیمۆکراتیی و داپەروەریی کە تێێدا هەست بە بوونی تەواوی خۆت وەک مرۆڤ و وەک هاو -ولات بکەیت .
مەبەستم لە دەستوورنامە : دەستووری نووسراوە . بۆ جیاکردنەوەی لە وشەی دەستوور ، کە دەشێت دەستووری نووسراو یان نە نووسراو بگرێتەوە .
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر .. دەربارەی پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان بەشی-یەکەم