ئاکۆ ئیبراهیم : رێجیم کردن بەتەلەفزیۆن .
من بۆخۆم تەجروبەم کردو ئیستیفادەى زۆریشم لێکردووە ئەو خەبەرە عیلمیەشم بەدرۆخستۆتەوە کە ئەڵێت تەلەفزیۆن مرۆڤ قەڵەو ئەکات ، من ئەلێم عەکسەکەى راست و دروستە و بۆ زەعیفى و رەشاقە یەکاو یەکە و وێنەى نیە ، ئیستیعدادیشم تیایە بە دەلیل و موستەمسەک ئەو حەقیقەتە بسەلمێنم ، ئەزانم باوەڕ و قەناعەتان بە قسەکەم زەعیفە ، با بێمە خزمەتتان و کورتەى ئەوەتان بۆ عەرز بکەم ، وەبەنیازیشم لەموستەقەبەلدا ، سەنتەرێک بکەمەوە لێى بنوسم سەنتەرى زووخاو بۆدابەزاندنى کێش بە تەلەفزیۆن ، موتەئەکیدم تا ئێوارە چەلەحانێ بەم و بیڕێسم ، تەقەى سەرت دێت و هیچ حاڵى نابیت ، با مولەخەێەکەیت عەرز بکەم و جوان گوێم لێ بگرن و خەیاڵتان بەملاولایا نەڕوات ..
جەنابت ئێواران بە زمانى بەرۆژوە وە ئەڕۆیتەوە بەرەو ماڵ ، هیلاک و شەکەت و ماندو و ، برسى و بێ حەوێەڵەیت ،لەگەڵ هینى خۆتا شەڕ ئەکەیت ، خوا خواتە دەققەیەک زوتر بانگ بات ، هەرکە بەربانگت کردەوە لەتاو تینویەتى ، ئاگات لە خواردن نامێنێ ، ئەوەنە شەربەت و ئاو و ماستاو و شلەمەنى ئەخۆیت ، عانێک دەست ئەبەیت بۆ قاپ و کەوچک فڵق دراما بەناوکۆمیدیە ناخۆش و بێ تامەکان دەست پێ ئەکەن ، بەزۆرى زۆر دارى ئەو حیوارە سەقەت و حەرەکاتە هەزەلیانەیە ئەکەن بە قورگتا ، هەر لەویا هەرچى حەزت هەیە ئەتۆرێت ،تۆزقاڵێک ئیشتیهات بۆخواردەمەنى نامێنێ ، پاش تۆزێکى تر چا و قۆرى و پیاڵە دێت ، هاوکات حەڵقە دۆبلاژکراوەکانیش ئوتۆماتیکى حزوریان ئەبێت ، ئەویش یەک دانە سەعاتى رەبەق ، بەخاوەن شکۆ و شەڕە شمشێر و وکوشتن و چى و چی ، کۆمەڵێک مەراقت بۆ بەجێ دێڵێت کە بەشى چەند سەعاتێکت ئەکات .
شتێکى تر تا لەبیرم نەچۆتەوە ئەو تەلەفزیۆنانە شەویان لێ دەبێتە شەو یەڵدا نازانن بەچى ئەو وەختە زۆرە پڕبکەنەوە تا سەعات دوانزەى شەو دووسێ جار هەواڵ و وێنە هەواڵ مان تەقدیم ئەکەن ، کە ئەوەش نزیکەى یەک دوو سەعات ئەخایەنێت ، دواتر یەک دوکلیپى عەیبو شورەیى و دواى ئەوە هەندێک بەرنامەى تەرفیهى نەکڵۆک کە خۆشیان تاقەتیان نیە موتابەعەى بکەن ، بەو نەوعە شەوگارى پێ بەڕێدەکەن ، ئیتر وەرە زەلام بەبرسێتى و بێ ئیشتیهایى و پەستیەوە خەو ئەتباتەوە و تا پارشێو چاوێک گەرم دەکەیت ، لەپڕێکا بانگت ئەکەن و ئەڵێن هەستە درەنگە پارشێوە،تۆش بە بێ تاقەتى وچاوى خەواڵو برسێتیەوە خۆت ئەکێشیتەوە و ناعیلاجى بۆئەوەى بەیانى برسى و تینوت نەبێت و خۆت رابگریت ئەتەوێت شتێک بخۆیت،بەڵام داخى گرانم لەپێش خێزانەکەت تەلەفزیۆنە فەنى بەرنامە ناخۆشەکەى ئێوارە ، پرسیارو خەڵاتى بۆ گەرمکردۆینەتەوە و بەنیازە بەو پارشێوە بەو هەموو مەعلوماتە سەقەت وسادە و ساکار و ئاست نزمەوە دەرخواردت بدات ، بەمەش جارێکى دیکە مەعیدەت قوفڵ ئەبێتەوە وتابەربانگ دەم لەعەشتەباى خوایى نادەیت و بەبرسێتى شانزە سەعات بەرێ بکەیت . بەقسەم بکەن بۆ سى رۆژەى رەمەزان لەبرى حەبى زەعیفى وبەرنامەى رێجیمى دکتۆرەکان ، ئەمە تەجروبە بکەن ئەگەر ئیستیفادەتان لێ نەکرد وتا جەژنى رەمەزان یەکى چەند کیلۆیەک وەزنتان دانەبەزى من هیچم نەزانیوە سەرم لەئاش سپى کردوە .