دکتۆر کەمال میروادەلی : نەمرد تەنیا خۆی لە ناو خۆیدا نقوم بوو ! .
(١)
چ دەشێ بلێم دەربارەی شێرکۆ
چ دەشێ بوترێ دەربارەی شێرکۆ
یەک وشەو بەس : شیرکۆ شیعر بوو
ئەمەیە شێرکۆ لە یەک وشەی هەزار رەنگا
ئەمەیە شیرکۆ لە یەک وشەی هەزار دەنگا
ئەمەیە شیرکۆ
لە یەک وشەی رێبواریییدا
ئەمەیە شیرکۆ
لە یەک ریتمی رووبارییدا
(٢)
وەک تنۆکەیەک لە چاوی بێکەسی
دایکییەوە کەوتە خوار
وەک دەنکە هەنار
کەوتە سەر گەلای سەوزی
داربەروویەکی بەهاریی
هەڵی مژی بۆ ناو قوولایی دەروونی
بۆ ناو قەدی مێژووی سەخت و برینداری
بۆ سەر لوتکەی سەری بەرزی ئاراراتی
دوورەنیگای ئاسۆی روونیی
جوانیی ، بەختیاریی ، رزگاریی
گەورە بوو ، گەورە بوو
بوو بە کانی ،
بوو بە کانی سلێمانی
سەری هەڵگرت
بوو بە جۆگا ، بوو بە رووبار ،
بوو بە رووباری گۆرانی
هەر چوار پارچەی کوردستانیی
ئیدی لەو رۆژەوە شیركۆ هەرگیز هەرگیز
وەستان و حەجمین و بەربەستی نەزانی
هەموو مالە کوردێکی
پڕ کرد لە رەنگی خۆی
هەموو مالە کۆچەرییەکی
پڕ کرد لە رەنگی خۆی
ئیدی لەو روۆژەوە رووبار
لەگەل هەموومان دەگریا
شەپۆلی هەموو هاوارێکی
مێژووی دەکرد بە بەریا
هەر رۆی هەر رۆی
سەری هەلگرت بۆ ئەو سەری دنیا
هەتا رووبار بوو بە دەریا
(٣)
ئاخری رووبار تێکەڵی ناو دەریای خۆی بوو
نەمرد ، خۆی لە ناو خۆیدا نقوم بوو ،
نەمرد تەنیا خۆی لە خۆی ون بوو ،
ئەگینا ئەو رووبارە
لای هەموومان روون و دیارە
کەژاوەی گریانی پاییزە ،
هەورەتریشقەی رقی زستانە ،
پشکۆی نا وناخی تەمووزە ،
خوڕەمی خەونی رەنگاورەنگی بەهارە
تنۆکە فرمێسکێکی دایکی بێکەسە
کانی یە
رووبارە
شەپۆلە
دەریا یە
سەرێکی لە گۆیژەیەو
سەرێکی لەو سەری دنیایە
(٢)
سەفەری شێرکۆ شیعر بوو
قەدەری شێرکۆ شیعر بوو
باوکی شیرکۆ شیعر بوو
دایکی شێرکۆ شیعر بوو
ژانی بوونی شیعر بوو
بێباوک بوونی شیعر بوو
گروگالەکەی شیعر بوو
گریەو ناڵەکەی شیعر بوو
چاوێلکەکەی شیعر بوو
تال تاڵ مووی سەرو لاجانگی شیعر بوو
هەر روانینێکی قوووڵ و تیژ کە لێی دەڕوانی شیعر بوو
هەموو هەناسەیەکی حەسرەت و کوڵی گریانی شیعر بوو
هەموو قومێکی جگەرەکانی شیعر بوو
هەموو دووکەڵ و سووتوی ئاگردانی شیعر بوو
هەموو پارچە کاغەزێکی نووسراوی شیعر بوو
هەموو پارچە کاغەزێکی فرێدراوی شیعر بوو
هەموو لەرزەیەکی پەنجەکانی شیعر بوو
هەموو خورپەیەکی قەلەمەکانی شیعر بوو
هەموو هەژانێکی ئەژنۆو سەر ڕانی شیعر بوو
هەموو تامەزرۆیەکی بۆ باوەشی دایک و ژن شیعر بوو
هەموو نیگاو روانینیکی بۆ روخسارو بالای ژن شیعر بوو
هەموو توورەییەک و گلەییەک و [ ئێ ] یەکی شیعر بوو
هەموو بێدەنگییەکی شیعر بوو.
بە یەک وشە شێرکۆ یەک جەستە شیعر بوو
پێغەمبەری شیعر بوو .
(٣)
بەلام شێرکۆ مرۆڤیش بوو
مرۆڤێکی شیعریی بوو
شیعرێک بوو لە جەستەی مرۆڤدا
مرۆڤێک بوو لە جەستەی شیعردا
بۆیە ناتوانن باسی شێرکۆ بکەن
تەنیا، گەر بتوانن ،
دەتوانن بیخوێننەوە :
ئەوە تنۆک
ئەوە کانی
ئەوە جۆگا
ئەوە رووبار
ئەوە دەریا
ئەوە رەگی میژووی دێرین
قەدی برینی داربەروو
ئەوە زمانی کوردی شیرین
پیرۆزترین بەهرەی خودا
یەکەم زمانی دین و ئایین .