رونکردنەوەیەک لە هاوشارییەکانی ئارام رەفعەت لەسەر قسەکانی پشتیوان عەبدوڵا
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئێمە وەک کۆمەڵێک دۆستو هاوڕێو ناسیاوو هاوشاریی د. ئارام رەفعەت (محەمەد رەفعەت)، کە نیشتەجێی شاری ئەدلایدین لە ئوسترالیاو لە نزیکەوە کاک ئارام رەفعەت دەناسین ، بە پێویستمان زانی ئەم رونکردنەوەیە لەسەر ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی کاک پشتیوان عەبدوڵا کە بۆ کاک ئارمی هەڵبەستووە بنوسین . رووی قسەکانیشمان زیاتر لەو کەسانەیە کە کاک ئارام لە نزیکەوە ناناسن . هەر کەسێک کاک ئارام لە نزیکەوە بناسێت پێویستی بەو ڕونکردنەوانە نییە . پێویستە بگوترێت کە بنەمای قسەکانی ئێمە لەم ڕونکردنەوەیەدا ناسینی کاک ئارامە لە نزیکەوە وهەندێکمان زیاتر لە ١٠ ساڵ دەبێت کاک ئارام دەناسینو لەهەمان شاردا دەژین و هاتوچۆی گەرممان لەگەڵیدا هەیەو ئاگاداری وردو درشتی ژیانی ئەم زاتەین. بەڵام کاک پشتیوان لە سیدنی دەژی کە ١٤٠٠ کیلۆمەتر لە ئەدلاید دوورە ، واتە مەسافەی نێوان هەولێرو ئەنقەرە و بەقسەی کاک ئارام ئەو یەک جار لە ژیانیدا پشتیوانی دیوە و ئەویش دوازدە ساڵ لەمەوبەر بووە . ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامان بێت ئەوەیە کاک پشتیوانێک تەنها یەکجار لە ژیانیدا کاک ئارامی دیبێت چۆن ماف بەخۆی دەدات بێ هیچ پاساوێک تا رادەی تەشهیری شەخسی بەرامبەر بە کاک ئارام قسە لەسەر ژیانی شەخسی ئەو کەسە بکات .
دوورخستنەوەی کاک پشتیوان و دانانی کاک ئارام
هەر کەسێک قسەکانی کاک پشتیوان بخوێنێتەوە بە ئاسانی لەوە تێدەگات کە تۆمەت و تەشهیرەکانی کاک پشتیوان لە دژی کاک ئارام لەوێوە سەرچاوە دەگرن کە ئەو بەرێزە پێی وایە لە پرۆسەی کاندیدبوندا کاک ئارام تەفزیلکرابێت بەسەر کاک پشتیواندا . پێچەوانەی ئەو وەهمەی کاک پشتیوان ، وە تا ئەو رادەیەی کە ئێمە ئاگادارین کاک ئارام ناوی وەک کاندیدی گۆڕان لەسەر قەزای رانیە دەرچووە و کاک پشتیوانیش لەسەر هەولێر . جگە لەوە ، کاک ئارام فۆرمی کاندیدی لەسەر رەوەندی کوردی پر کردۆتەوە و کاک پشتیوانیش وەک خۆی دەڵێت ئەو فۆرمەی پر کردۆتەوە کە بۆ ناوخۆی کوردستانی تەرخان کرابوون . بە واتایەکی تر نە لەسەر ئاستی کوردستان وە نە لەسەر ئاستی رەوەندی کوردی کاک ئارام مونافیسی کاک پشتیوان نەبووە و نە لە نزیک نە لە دوور کاک ئارام پەیوەندی بە پرسی دەرنەچوونی کاک پشتیوانەوە نەبووە .
عەشیرەتو بنەماڵەی کاک ئارامو گۆڕان
تۆمەتێکی بێ بنەمای تری کاک پشتیوان ئەوەیە کە کاک ئارام لەرێگەی پشتیوانی عەشیرەتەکەیەوە بۆتە کاندیدی گۆڕان . ئێمە لە رێگەی کاک موراد کە بەرپرسی گۆڕانە لە ئەدلاید و بە ئەسڵ خەڵکی دەڤەری رانیەیە ، لە پرسی چۆٶنییەتی کاندیدکردنی کاک ئارام ئاگادارین . کاندیدبوونی کاک ئارام لەلایەن مەکۆی رانیەی بزونتەوەی گۆرانەوە پشتیوانی کراوە . ئەم بڕیارەی مەکۆی رانییە لەسەر بنەمای راپرسییەک بووە کە لەسەر ئاستی قەزای رانیە دەرهەق بەکاندید کردن و نەکردنی کاک ئارام ئەنجام دراوە. لە راپرسییەکەدا چ لەرێگای تەلەفۆن و چ لە سەردانی مەیدانیدا پرس بە٣٠٠ کەس کراوە کە ئایا کاک ئارام گونجاوە بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان یان نا؟ لهو ٣٠٠ كهسه ٢٩٧ کەس پشتیوانییان لە کاندیدبونی دکتۆر ئارام کردبوو. جگە لەوە، کاک ئارام فۆرمی کاندیدی لەسەر رەوەندی کوردی پر کردۆتەوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش تەنها دوو کاندیدی بۆ رەوەندی کوردی دانابوو و دانانی کاندیدەکانیش لەسەر بنەمای خاڵبەندی بووە و لەناو دەیان کەسدا کە فۆرمییان پڕ کردۆتەوە کاک ئارام یەکێکە لەو دوو کەسە کە بە شایستە زانراوە بۆ ئەوەی بکرێتە کاندید.
بڕوانامەکانی کاک ئارام
یەکێکی تر لە تۆمەتە بێ بنەماکانی کاک پشتیوان بە بێ بایەخ پیشاندانی شەهادەکانی کاک ئارامە. ئێمە لە نزیکەوە ئاگاداری پرسو رەوشی خوێندنی کاک ئارامین. ئەو لە ساڵی ١٩٩٢ بەکەلۆریۆسی لە هەندەسەی نەوت لە زانکۆی بەغدا تەواوکردوە، کە ئەو کاتو ئێستاش، باشترین زانکۆی عێراقە. کاک ئارام لە ئوسترالیا ماستەری لە دیراساتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ساوس ئوسترالیا تەواوکردوە کە لە بیست زانکۆ باشەکەی ئوسترالیایەو لە سێ سەد زانکۆ باشەکانی جیهانیشە. ئەو دکتۆراکەی لە زانکۆی ئەدلاید تەواوکردوە کە لە ریزبەندی شەشەم باشترین زانکۆی ئوسترالیا دایە و لە ریزی سەد زانکۆ باشەکانی جیهانە، ئەمە لە کاتێکدا کە زانکۆکانی کوردستان لە ریزبەندی ٨٠٠٠ بۆ ١٠٠٠٠ لە سەر ئاستی جیهاندا. ئەگەر ئەو تۆمەتەی کاک پشتیوان لە بێ ئاگایی ئەو بەرێزە بێت یان بە مەبەستێکەوە بێت، ئەوا دەکرێت بکرێتە پێوانە بۆ بێ بنەمایی و ناراستی سەرجەم تۆمەتەکانی تری کاک پشتیوان دژی کاک ئارام.
وتارەکانی کاک ئارامو کاریگەییان
هێرشێکی تری کاک پشتیوان بۆ سەر کاک ئارام بە بێ نرخ پیشاندانی نوسینەکانی کاک ئارامە. رێک پێچەوانەی تەشهیرەکانی کاک پشتیوان دکتۆر ئارام یەکێکە لەو کوردانەی کە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن کە توانیبێتی کۆمەڵێک توێژینەوەی زانستی بەزمانی ئینگلیزی لە ژۆرناڵە موعتەبەر و ناسراوەکانی جیهان بڵاو بکاتەوە. هەر کەسێک تۆزقاڵێک ئاشنای ئەو ژۆرناڵانە بێت ئەوە دەزانێت کە بۆ ئەوەی توێژینەوەیەک لەو ژۆرنالانەدا بڵاو بێتەوە پێویستە توێژینەوەکە بەچەند فلتەرێکدا تێپەڕ ببن و هەڵسەنگاندن و پێداچونەوەی لەلایەن چەند پسپۆڕ و شارەزایەکەوە بۆ بکرێت. ئەگەر لە “گووگل سکۆلار” بەدوای توێژینەوەکانی دکتۆر ئارامدا بگەرێێن دەزانین کە توێژینەوەکانی ئەو بەرێزە لەلایەن زۆرێک لە پسپۆر و سکۆلارەکانی جیهان کراونەتە سەرچاوە. لەوەش گرنگتر، بەشێک لە توێژینەوەکانی کاک ئارام بۆ هەندێک زمانی تر، لەوانەش فارسی و تورکی وەرگێڕدراون. وتارە کوردییەکانیشی لە رۆژنامەو سایتە ناسراوەکانی کوردستان بڵاوکردۆتەوە لە نێویاندا رۆژنامەی هاوڵاتی کە ماوەیەکە کاک ئارام گۆشەیەکی/ستونێکی بەناوی “نەوتو سیاسەت” هەیەو سەدایەکی چاکی لەناو خوێنەرانی کوردستان پەیداکردوە.
پارتیو کاک ئارام
تۆمەتێکی بێ بنەما و بێ مانای تری کاک پشتیوان دژی کاک ئارام ئەوەیە کە گوایە کاک ئارام لە پارتیو سیاسەتەکانی پارتیو یەکێتیەوە نزیکە. ئێمە کە زیاتر لە دە ساڵە لەم شارە لەگەڵ کاک ئارام دەژین ئەو هەقیقەتە باش دەزانین کە ئەو کەسایەتییە هەر شتێک بوو بێت لە سەرتاپای ژیانیدا پارتی نەبووە و رێک بە پێچەوانەوە لە کۆڕ و سیمینار و وتار و لێدوان و تەنانەت گفتوگۆی رۆژانەشیدا هەمیشە لەبەرەی دژە پارتی و یەکێتیدا بووە و رەخنەی قووڵ و بابەتیانەی لە دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە و لە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان گرتووە. کاک ئارام لەم رووەوە دەیان هەڵوێستی جوامێرانەی هەبووە و تەنها وەک نمونە، یەکەم کەمپینی واژۆ کۆکردنەوە لەدژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لەسەر پێشنیاری کاک ئارام بوو وە مسوەدەی بەیاننامەی کەمپینەکە لەلایەن کاک ئارامەوە نوسراوە و کە لەلایەن دەیان نوسەر و ئەکادیمی و چالاکوانەوە واژۆ کرا. بەیاننامەکە لەم لینکەدا دەستدەکەوێت (http://bit.ly/16UaLpt). نمونەیەکی تری هەڵوێستی جوامێرانەی کاک ئارام لە دژی سیاسەتەکانی پارتی لە لینکەدا دەستدەکەوێت (http://bit.ly/14M9eyI). هەر کەسێک نوسینەکانی کاک ئارام لە رۆژنامەو سایتەکانو لە لاپەڕەکەی خۆی لەسەر فەیسبووک بخوێنێتەوە ئەو راستییەی بۆ دەردەکەوێت کە رووی رەخنەکانی کاک ئارام بەردەوام لە دەسەڵاتی کوردی بووە لەناو دەسەڵاتیش لە پارتی زیاتر.
گۆڕانو کاک ئارام
تۆمەتێکی تری بێ بنەمای کاک پشتیوان دژی کاک ئارام ئەوەیە کە گوایە کاک ئارام لە “هەموو ژیانیدا گاڵتەی بە گۆڕان کردووە”. پرسیارێکی سادە ئەوەیە کاک پشتیوانێک لەماوەی دە ساڵی رابردوودا بۆ یەک جاریش کاک ئارامی نەدیتبێت و نەیدواندبێت و لە دووری ١٤٠٠ کیلۆ مەتر چۆنی زانی کە “هەموو ژیانیدا گاڵتە بە گۆڕان دەکات” لەکاتێکدا هەموو تەمەنی گۆڕان تەنها چوار ساڵە؟ ئێمە وەک هاوشاریانی کاک ئارام تەئکید لەوە دەکەینەوە کە ئێمە لە هەموو دانیشتنەکانماندا، کە لەو دە ساڵەدا لەگەڵ ئەو زاتە هەمانبووە، شاهیدی ئەوە دەدەین کە گاكتە و سوکایەتی کردن بە حیزبەکان لە ئەخلاق و مەبدەئی کاک ئارامدا جێگای نابێتەوە، چ جای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان کە ئەو هەر لەیەکەم رۆژەوە وەک گۆڕانخوازێک بە ئومێدێکی زۆرەوە پێشوازی لە دامەزراندنی ئەو بزوتنەوەیە کردووە و پشتیوانی کردووە. پێویستە ئەوە بگوترێت کە کاک ئارام رەخنەگرێکی سەرسەختەو رەخنەکانیشی لە قالبێکی هێمنو ئەکادیمیانە دەردەبڕێت، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتی گرتبێت چ لە لایەنەکانی دیکە.
کاک ئارامو هەژاری
یەکێک لە هێرشەکانی تری کاک پشتیوان بۆ سەر کاک ئارام قسە کردنە لەسەر هەژاری ئەو بەرێزە. ل دیارە کاک ئارام بە پێوەرەکانی کوردستان کەسێکی هەژار نییە، بەڵام هەمیشە دۆستی هەژاران بووە و لەراستیدا هەژار دەرکەوتنی کاک ئارام لە تەوازوعییەوەیەتی. ئەو هیچ کاتێک لوت بەرز نەبووەو هەمیشە دۆستی هەموو خەڵک بووە لە شارەکەی ئێمە. کاک ئارام هەموو ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی بۆیە وەک زۆر کەسی دیکە نەپڕژابووە سەر ئەوەی کە کارێکی فول-تایمی هەبێت. ئەو شانازیشی بەو ئیشانەوە دەکرد کە بۆ بەخێوکردنی مناڵەکانو خێزانەکەی دەیکرد بە سائیق تاکسیشەوەو هیچ کاتێکیش ئەمەی نەشاردۆتەوە، بەڵام ئێمە قەت نەماندیوە کەسێکی خوێندکاری ماستەر بێت یان کاندیدی دکتۆرا بێتو بابەتێک یان وتارێک لە جۆرناڵێک یان رۆژنامەیەک بڵاوبکاتەوە بنوسێت سائیق تاکسی فلان کوڕی فلان، نەک لەبەر شەرمبوون بە پیشەکە، بەڵکو لەبەرئەوەی پەیوەندی بە پیشەکەوە نییە.
کاک ئارامو شایستەیی بۆ پەرلەمان
کاک پشتیوان هەموو ئەو تۆمەت و تەشهیرانەی سەرەوە بۆ ئەوە بەکار دەهێنێت تا بە خوێنەر بڵێت ئەو شایستە تر بوو لە کاک ئارام بۆ چونە ناو پەرلەمان. ئێمە قسە لەسەر شایستەیی و ناشایستەیی کاک پشتیوان ناکەین، بەڵام ، بەپێی نزیکیمان لە کاک ئارامو بۆ دە ساڵ ئاشنایەتیمان لەگەڵ ئەو زاتە پێمانوایە کە کاک ئارام کەسێکی لێهاتووەو زۆربەی ئەو تواناو کارامەییانەی کە بۆ ئەندام پەرلەمانێک پێویستە، هەر لە بڕوانامەوە بگرە تا دەگاتە ئەزمونو کاری سیاسی بەتایبەتی لە بواری شیکارو هەڵسەنگاندنی پێشهاتو رووداو پرسو کێشە سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابورییەکانی کوردستان. کاک ئارام بەکەلۆریۆسی لە هەندەسەی نەوتو ماستەری لە دیراساتی نێودەوڵەتیو دکتۆرای لە سیاسەتو مێژوودا هەیە. ئەم هەمەلایەنییە لە بوارە پسپۆرییەکانی کاک ئارام وای لێکردوە کە بتوانێت لە بوارە جیاجیاکاندا موساهەمەی هەبێت. ئەمەش پڕتوانایی ئەو کەسە نیشاندەداتو بۆ پەرلەمان سودی دەبێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەو نوسەرێکی لێهاتووەو چەندین نوسراو لێکۆڵینەوەی لەسەر پرسی کوردو عێراق بە زمانی کوردیو ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوە. کاک ئارام کەسێکی هێمنو لەسەرخۆیە لە رەفتارو قوڵو هەمەلایەنەیە لە لێکدانەوەو شیکردنەوەدا، بۆیە سەرکەوتنی ئەو بۆ پەرلەمان گرنگی خۆی هەیە بۆ گەلی کوردستان چونکە کاک ئارام حەکیمانە سیاسەت دەکات. ئەو کەسێکی ئایدۆلۆگ نییە کە پرسەکانو کێشەکان لە یەک گۆشە نیگاوە ببینێتو هەڵبسەنگێنێت بۆیە بوونی زاتێکی وەک ئەو لەناو نوخبەی سیاسی کوردستاندا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە