عەتا قەرەداخی : کوردو ئیسلامییەکانی کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێ باسی پەیوەندی کوردو ئیسلام دەکەین هەرگیز لەو روانەگەیەوە قسە ناکەین کە مەبەستمان بێت کورد لە پەیامی ئیسلام دوور بێت چونکە رووبەرێکی هێجگار فراوان لە کوردو خەڵکی کوردستان هەڵگری پەیامی ئایینی ئیسلامن و ئیسلام ئایینی سەرەکی کۆمەڵگەى کوردییەو ئەوەش دەزانین کە ئایین لە ئاستێکی بوونی کۆمەڵایەتی و بوونی تاکەکەسیشدا جێگیر دەبێت کە جیاکردنەوەى مرۆڤ وەکو کۆمەڵ و وەکو تاکەکەسیش لە ئایین کارێکی سەخت و نەشیاوەو تەنانەت ترسناکیشە و دەبێتە هۆی تیِکچوونی هارمۆنیای کۆمەڵایەتی و سەرئەنجامیش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پشێویی کۆمەڵایەتی . هەروەک لەلایەکی ترەوە ناشێت تەسەوری بوونی کۆمەڵگە بکرێت لە دەرەوەى ئایین ، ئەمە سەرباری ئەوەى کە ئایینی ئیسلام نەک هەر بۆ کۆمەڵگەى کوردی بەڵکو بۆ کۆی کۆمەڵگە مسوڵمانەکان کۆمەڵێک بنەمای جوانی لە جۆری عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دەستپاکی و رەوشتبەرزی و زاهیدبوونی جێگیر کردووە کە هەموو ئەمانەش لەو بنەما سەرەکیانەن کە بوونیان بۆ بیناکردنی کەسێتییەکی پتەوو لەسەرپێ راوەستاو پێویستە بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەکو کورد کە دووچاری تێکشکاندنی کەسێتی هاتووە لە مێژووداو سەرجەمی ئەو هێزو لایەن و کەلتوورانەی کە ئەم کەسێتیەیان تێکشکاندووەو بەردەوام لە رووی جوگرافی و سیاسی و ئابووری و کەلتوورییەوە داگیریان کردووە هەموو هەوڵێکیان داوە کە رێگا لە درووستبوونەوەى ئەو کەسێتەو پرۆژەى بیناکردنەوەى ئەو کەسێتـیە بگرن .

راستە کورد پێش پرۆسەى فەتحی ئیسلامی و چوونە سەر ئایینی ئیسلام خاوەنی ئایینی خۆی بووەو رەنگە دوای فەتحی ئیسلامیش هێشتا بنەماکانی ئایینی ئیسلام بەتەواوەتی لەسەر ئاستی کۆی کۆمەڵگە نەچەسپابێتء هەر ئەوەش هۆکار بووبێت بۆ ئەوەى کە چەندین گروپ لە کوردستاندا لەسەر ئایینەکانی پێشتری خۆیان مابنەوە وەکو یەزیدی و زەردشتی و یارسان و جولەکەو مەسیحی و تەنانەت لەسەر ئاستی تاکەکەسیش کەسانێک هەبوون هەرچەندە بەناو پەیوەندییان بە ئیسلامەوە کردبێت یان دواتر لە ناسنامە کەسێتیەکەانیاندا بە مسوڵمان تۆمار کرابێتن ، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بە ئایینەوە نەبووبێت . لەئێستاشدا ژمارەى چەپەکان و عەلمانیەکانى کوردستان ژمارەیەکی کەم نییە ، بەڵام چ لەرابردووداو چ ئێستاش کێشەیەکی وەها نەبووە لە نێوان کوردی مسوڵمان و یەزیدی و یارسان و تەنانەت لەنێوان کوردی مسوڵمان و جولەکەو مەسیحی کوردستاندا چونکە ئەوە لەدێر زەمانەوە بووەتە جۆرێک لە کەلتوور کە هەمووان پێکەوە بژین و هەریەکەش بڕوادار بێت یان بێ بڕوا رێز لەوانی تر بگرێت لەسەر بنەمای ئەو راستییەی کە ئایین پەیوەندی نێوان تاکەکەس و خوای خۆیەتی و ئەوانیتر مافی خۆهەڵقورتان لەو پەیوەندییە زۆر تایبەتیەیان نییە .

ئەوە ئاشکرایە کە نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە سەر جوگرافیای کۆمەڵگەى ئیسلامی جیاوازی و کێشەکان بە هۆی دەرکەوتنی مەزهەبە جیاوازەکانەوە بووە ، کە دەرکەوتنی مەزهەبەکانیش دەرئەنجامی ئیجتهاداتی مرۆڤی خوێندەوارو بەئاگای مسوڵمانە بۆ راڤەکردنی تێکستەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر کە جیاوازی خۆێندنەوەو راڤەکردن ئاراستەى جیاوازی لەم ئایینەدا درووستکردووە. رەنگە بە هەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێن کێشە سەرەکیەکانی کورد هەرگیز لەوەدا نەبووە کە بووە بە ئیسلام بەو ئەندازەى لەوەدا بووە کە کەوتووەتە چەق یان نزیک ناوەندی کێشەکانی ئەو زەمینە جوگرافیایەى کە کێشەو ململانێکان تیایدا سەریان هەڵداوە. وەک ئاشکرایە رووبەرێکی فراوان لە خەڵکی کوردستان چوونەتە سەر مەزهەبی سوونەى شافیعی کە مەزهەبی ناوەندی دەسەڵاتی خەلافەت بووە ، ئەوەش هەر لەسەرەتاوە مایەی ناکۆکی بووە لە نێوان کوردی سوونەو هەڵگرانی مەزهەبەکانی تردا بەتایبەتی شیعە . تەنانەت لە ململانێی سەختی نێوان سەفەوی و عەسمانیەکان و دواتریش قاجاری و عوسمانییەکاندا کورد بەپێی ئینتیمایان بۆ ئەو دوو مەزهەبە جیابوونەتەوەو ئینتیمای مەزهەبیان پێش ئینتیمای نەتەوەییان کەوتووەو هەرەیەکە لەو دوو ئیمپراتۆرێتەش کوردیان بەویستی خۆیان و لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بەکارهێناوە . لەدوای جەنگی یەکەم و هەڵوەشاندنەوەى ئیمپراتۆرێتی عوسمانی دیسان مەزهەب رۆڵێکی لەبەرچاوی هەبووە لەدابەشکردنی دووەمی کوردستانداو ، باشووری کوردستانیان لکاند بە عێراقەوە بۆ درووستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان شیعەو سوونە لەم وڵاتەدا. بەدوای ئەوەشدا لەهەردوو دەوڵەتی شیعەى ئێرانی و سووریدا کوردی سوونە وەکو ئەوى نەیارو دوژمن سەیرکراوەو مامەڵەى لەگەڵ کراوە ، بەردەوامیش ئەو دەوڵەتە شیعانە وایان نیشانداوە جیاوازی کوردو ئەوان جیاوازی مەزهەبیە نەک جیاوازی نەتەوەیی . تەنانەت لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991و دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش لە عێراقدا پێگەى کورد کەوتووەتە نێوان ململانێی سەختی نێوان ئەو دوو جەمسەرەوەو هەرەیەکە هەوڵیداوە بەلای خۆیدا کێشی بکاتء سەختی ململانێَکە وایکردووە هەندێ جار کورد خۆیشی لەنێوان ململانێی ئەو دوو جەمسەرەدا دابەش ببێت . ئەم ململانێی نێوان مەزهەبەکانی شیعەو سوونە لەنێو خودی پێکهاتەی نەتەوەیی کوردیشدا بەتەواوی دەبینرێت بەتایبەتی کوردی شیعە لەنێوان ئینتیمای مەزهەبی و ئینتیمای نەتەوەیدا لەسەر ئاستی گشتی وادەردەکەوێت ئینتیمای بۆ مەزهەبی شیعە بەهێزتر بێت ئەوەش لە دەرئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردنەکاندا بەئاشکرا دەردەکەوێت . هۆکەشی ئەوەیە کە شیعەی کورد کاتێ سەیری بزووتنەوەى کوردو حیزب و رێکخراوە کوردییەکان دەکات زیاتر وەکو بزووتنەوەو حیزب و رێکخراوی سوونە دەیانبینێت .

دیارە حیزب و رێکخراوە ئیسلامیەکانی کوردستان ئەوانەیان ئامادەبوونیان هەیە ، هەم خۆیان سوونەن هەم لە رووی پەیوەندیشیانەوە بەدەرەوەی کوردستانەوە زیاتر پەیوەستن بە دەوڵەت و حیزب و رێکخراوە دیارە ئیسلامییە سوونەکانەوەو رەنگە سەرباری بانگەشە کردنی پەیوەستبوونیان بە مەسەلەى نەتەوەیی کوردەوە بەڵام زیاتر کاریگەری ئیسلامی و دەوڵەتانی سوونەى ناوچەکەیان پێوە دیاربێت . بۆ نموونە مەیلداری پەیوەندی بوونی هەندێکیان لەگەڵ دەوڵەتی ئێستای تورکیاو رێکخراوەکانی ئیخوان موسلیمین بە تایبەتی لە میسرو پەیوەندی هەندێکی تریشیان بە دەوڵەتانی سعودیەو قەترەوە راستی ئەم قسانەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە هەرچۆن شیعەى کورد ئەوەندەى پەیوەستبوونی بە شیعەى عێراق و ئێرانەوە هەیە ئەوەندە پەیوەستبوونی بەدەسەڵاتی کوردیەوە نییە چونکە پێی وایە دەسەڵاتی سوونەیە .

ئەگەر لەم روانگەیەشەوە سەیری رۆژئاوای کوردستان بکەین بەتایبەتی پێگەو هەڵوێستەکانی بەرەی نوسرە ئەوا ئاشکراتر هەڵوێستی رێکخراوە ئیسلامییەکانمان بەرامبەر بە کورد بۆ دەردەکەوێت .. دیارە ئاشکرایە جەبهەى نوسرە بزووتنەوەیەکی سوونەى سەلەفیە داوای ئیمارەتی ئیسلامی دەکات و لە کۆتایی ساڵی 2011 پێکهاتووەو لەیەکەم بەیانیدا کە سەرەتای 2012 دەریکردووە داوای جیهادو هەڵگرتنی چەک دەکات دژی رژێمی سووریا . دیارە ئەم بەرەیە پێکهاتەکەی سوونەیەو زۆربەشیان ئەو سووریانەن کە پێشتر وەکو خۆیان دەڵن لە مەیدانەکانی جیهاد لە عێراق و ئەفغانستان و شیشان و شوێنەکانی تر شەڕیان کردووەو ژمارەیەکی زۆر لە شەڕکەری عەىرەب و تورک و ئوزبەکی و شیشانی و تاجیکی و لەم دواییانەشدا کوردیان تێدایە . بەرەی نوسرە کە وەکو هێزێک شان بەشانی سوپای ئازاد لەسووریادا دژی رژێم دەجەنگێ بە ئومێدی ئەوەیە کە ئیمارەتی ئیسلامی سوونە بۆ ئەهلی شام و پێشتریش بۆ عێراق درووست بکات . لەبەر ئەوەی کە بزووتنەوەیەکی سوونەى سەلەفیەو بڕوای بە هیچ مەزهەب و ئاینێکی تر نییەو ئیسلام لای ئەو یەکەیەکی یەکگرتووەو ئەویش بریتیە لە سوونە بۆیە هەموو ئەوانی تر رەت دەکاتەوەو کوردیش لە رۆژئاوای کوردستان بەشێکی سوونەیەو بەشەکەی تری یەزیدییە . بۆیە بەرەی نوسرە دووجار خۆی بە دوژمنی سەرسەختی کورد دەزانێت یەکەمیان لەبەر ئەوەى لە رووی ئیتنیکەوە عەرەب نییەو ویست و خواستی دوورکەوتنەوەو جیابوونەوەى لە عەرەب و لەدەسەڵاتی سوونەو تەنانەت شیعەی عەرەبیش هەیە . دووەمیان بەشێکی دیاری کوردی رۆژئاوا یەزیدین و بزووتنەوەیەکی سەلەفی سوونەی وەکو نوسرەش وەکو دوژمن سەیری یەزیدی دەکەن ، ئەمە بێجگە لەوەى کە نوسرەو زۆرێکی تریش لە حیزبە ئیسلامییە سیاسیەکان کە سوونەن وایدەبینن دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت ئەو بزووتنەوە کوردییە پەرش و بڵاوەشی کە لە رۆژئاوای کوردستان هەیە ، لەلایەک بزووتنەوەیەکی عەلمانیەو ، لە لایەکی تریشەوە وەکو لایەنگرو نزیکی دەوڵەتی شیعەى ئێرانی سەیری کورد دەکەن و پێیان وایە پەرەسەندنی دەسەڵات و بزووتنەوەکانی کورد بە گشتی بریتیە لە هەوڵی دەوڵەتی شیعەی ئێرانی بۆ زیاتر فراوانکردنی نفوزی شیعە لە ناوچەکەداو کوردیش لە ژێر نفوزی ئەودایە . بۆیە دەبینین بەرەی نوسرە بەو شێوە دڕندانەیە دژی کورد دەجەنگێت و تەنانەت جیاوازی چەکدارو بێچەکیش ناکات .

بێگومان ئیسلامییەکانی کوردستانیش لەبەرئەوەى حیزبی سوونەو ئیلهام وەرگرتوون لە ئیخوان و ئیسلامییەکانی تری نیشتیمانی عەرەب و ناوچەکەوەو بە گشتیش ئاراستە ئیسلامییە سوونەکان لەخەمی درووستکردنی ئیمارەتی ئیسلامیدان بۆیە بڕواکردن بەوەی کە ئەوان لەپێناوی مەسەلەى نەتەوەیدا خەبات بکەن یان تەنانەت بڕایەکی تەواویشیان پێی هەبێت جێگای گومانە، بەڵکو کۆی حیزبە ئیسلامییە سیاسیە سوونەکان بە جیاوازی زمانء نەتەوەو ئیتنیکیانەوە لەرووی بەرنامەو ئایدیۆلۆجیاوە ئەگەر بەتەواویش وەکو یەک نەبن ئەوە زۆر لەیکتر نزیکن. هەر ئەوەش وایکردووە کە ئیسلامییەکانی ئێرە ، لێرەوە فرمێسک بۆ شکستی دەسەڵاتی مورسی و ئیخوان لە میسردا بڕێژن و لەبەرامبەر ئەو کوشتارگەیەی کە بەرەی نوسرە دژی رۆژئاوای کوردستان بەرپای کردووە بێدەنگ بن و دەنگی ئەوەش هەیە کە چەندین لاوی کورد لەم بەشەى کوردستانەوە پەیوەندیان بەبەرەى نوسرەوە کردبێت و دژی کوردەکانی رۆژئاوا بجەنگن ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لەروانینی زۆرینەى ئیسلامییەکانەوە ئینتیمای ئایینی و مەزهەبی لەپێش ئینتیمای نەتەوەیی و ئیتنیکییەوەیە بۆیە پەیوەندی ئیسلامییەکی کوردو ئیسلامییەکی عەرەب یان پاکستانی یان ئەفغانی و تورکی لە پەیوەندی ئیسلامییەکی کوردو عەلمانییەکی کورد بەهێزترە . ئەمەش سەرچاوەى پشتگیری کردنی ئیسلامییەکانی کوردستانە لە ئیخوان و لە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی تری جیهانی ئیسلامی بەبەرەى نوسرەشەوە کە بێگومان بۆ ئیسلامییەکی کورد ئاساییە بەرەی نوسرەی پێ باشتر بێت لە کوردێکی یەزیدی یان کاکەیی یان زەردەشی و ئەهلی هەق و تەنانەت لە کوردێکی سوونەى عەلمانیش .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت