پشكۆ نه‌جمه‌دین : بۆمه‌رگی شێرکۆ بێکه‌س .
په‌یڤێك نییه گه‌وره‌ییی تۆ له خۆی بگرێت!
له‌سه‌ر سركه‌ییی سه‌ری تۆ چه‌ند شیعراوی بوون ڕه‌نگه‌كان،
چه‌ند به‌رز ده‌فڕین خه‌یاڵه‌كان؛
خه‌یاڵی خه‌م و گریان و چیرۆكی ئه‌شق و یاخیبوون،
سیحری ژیان و مردن و سیحری گوڵ و نیشتمان و
سیحری “كچێك”،
(ئه‌و ساتانه‌ی تۆ له ماڵ و له گه‌ڕه‌ك و له شه‌قامه‌كانی شار و له باخه‌وانی نه‌زان و له پاسه‌وانی نیشتمان) تووڕه بوویت و پشتت هه‌ڵكرد، هه‌ر ته‌نیا خۆی بۆ تۆ بوویه نیشتمان و
تۆ ڕۆیشتیت و هه‌موو جوانییه‌كانی شیعرت،
له بوونی ئه‌ودا، به جێ هێشت!
بۆ مه‌رگی تۆ و بۆ نه‌مرییت،
بۆ كۆچی تۆ و بۆ كه‌ژاوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ت له‌و تاراوگه‌ی
له “ده‌ربه‌ندی په‌پووله ” وه،
درێژترین داستانت بۆ ناسینی نووسییه‌وه و
هه‌موو مێژووت له ته‌نگاییی ئه‌و “ ده‌ربه‌نده ” سیحراوییه‌دا كۆ كرده‌وه،
من ده‌مه‌وێت په‌یڤێك بۆ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی تۆ بخولقێنم .
ته‌نیا په‌یڤێك..
كه‌چی له‌به‌ر چۆڕاوگه‌ی كانیی وشه‌دا،
په‌نجه‌كانم هێشتا هیشك و
داوی گه‌رووم وه‌كوو “ ته‌ون”ی جاڵجاڵۆكه ئاڵۆزكاون .
“ زنه ” ی زمانم وا خه‌ریكه له تینواندا ده‌خنكێت و
چاوه‌ڕوانه “ ئه‌سپێك له په‌ڕه‌ی گوڵاڵه ”،
به چوارناڵه ،
هه‌ڵیبگرێ و له به‌ستێنی “ڕه‌نگدان”ی زه‌ریاچه‌یه‌كدا دایبه‌زێنێ.
ته‌نیا په‌یڤێ و په‌یڤێك نییه … گه‌وره‌ییی تۆ له خۆی بگرێ.