Shamal-Adel-Salim

شەماڵ عادل سەلیم : بەشداری گەنجی کورد لە جیهادی نیکاح … ؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژمارەیەک لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان گەنجن ، بە قسەی ژەهراوی و پروپوچی چەند کۆلکە مەلایەک بەفەتوای ( فەرزی عەین ) و( جیهاد کردن لەدژی ریژێمی سوریای كافری نوصەیری عەلەوی رافیزی باتنیی ) هەڵخەڵەتێنراون و بۆ پشتگیری برا موسڵمانەکانیان لە سوریا لەرێگای ( ئیرانی ئیسلامی ) ەوە چونەتە ( کۆماری تورکیای دیموکراتی ) بۆ ئەوەی لەوێ مەشقیان پێ بکەن و دواتر بیاننێرن بۆ جیهاد لە سوریا ….

ئەو کۆمەڵە گەنجە کوردە گروپێکیان پێکهێناوە لەناو گروپی ( بەرەی نوسرە ) كە بەبەشێك له ‌رێكخراوی ( قاعیدە ) هەژمار دەكرێت وئاڵای جیهادیان بەرزکردۆتەوە و كۆمەك و هاوكاری برا موسڵمانەكانیان بە( نەفس و بەماڵ ) دەکەن و هەوڵی بەدەست هێنانی شەهادەت دەدەن بۆ ئەوەی خوای گەورە لە بەهەشت بە ( ٧٧ ) حوری بێ ئێسقان پاداشتیان بداتەوە و لە جیهادی موناکەحە و لەهێمن کردنەوەی گرکانی سێکسیشیان بێ بەش نەبن …!!

جێگای ئاماژاەیە کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا ، لە هەندێک لە میدیاکانی جیهان تەرمی موجاهیدی کورد ( عوسمان عەبدولرەحیم عەبدوڵا هەڵەبجەیی) پیشاندرا کە ناوبراو یەکێکە لەو گەنجانەی بە مەبەستی جیهاد و شەڕکردن لەناو خاکی سوریا ، لەهێرشێكدا بۆ سەر هێزەكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی ( پەیەدە ) كەپارتێكی دیاری رۆژئاوای كوردستانە ، لەناوچەی ( سەرێكانی ) سەر بەپارێزگای ( حەسەكە‌ ) گیانی لەدەستدا .

ئەوەی لێرەی جێگای ڕامان هەڵوەستەو پرسیارە ئەوەیە : ئەم گەنجە کوردە جوانانە بە فەتواو فیتی کێ و بۆکێ و لەپێناو چی چەواشە دەکرێن و دەنێردرێنە رۆژئاوای کوردستان تا لەتەک ریش بە کێچ و( ئەسپێکانی ) * چەکدارانی بەرەی نوسرا جیهاد بکەن ؟

کاکی گەنج : جیهادی نیکاح و نیکاحی ٧٧ حۆری و فریشتەی بێ ئێسقان و تێپەڕبوونت بەسەلامەتی لە پردی سیرات کەڵکی چییە کە تۆی گەنج بەهەشتی سەرزەمین بکەیتە دۆزەخ و بە فەتوای کەلەپوچێکی نەفام مرۆڤایەتیت لەدەست بدەیت و ببیتە ڕۆبۆت و ئاڵای مەرگ هەڵگریت و خۆت بەکوشت بدەی …. ؟ .

دەپێم بڵێ بۆ کێ و لەپێناو چی ئەی گەنجی موجاهیدی کورد ژیانت بەدۆزەخ دەسپێری ؟ .

ئایا کێن ئەوەانەی بانگەشەی خوێنڕشتن و تەقینەوە و جیهادی نیکاح و فتوای کوشت و بڕی خەڵک دەکەن ؟ .

دەپێم بڵێ ئەی لاوی موجاهیدی کورد کێن ئەوانەی فتوای ئەنفالی کوردیان داوە و سەر و ماڵ و ژنی کوردیان بە خۆیان حەڵاڵ کردوە و بەناوی جیهاد ڕۆژانە منداڵەکانمان ئەنفال دەکەن ؟ . کێ له‌به‌كارهێنانی‌ ئافره‌تانی‌ موسلمان بۆ تێركردنی‌ ئاره‌زوه‌ سێكسیه‌كانی‌ چه‌كداران‌و كه‌سانی‌ به‌ناوی‌ ” جیهادی ‌” بەرپرسە ؟ .

ئایا شۆڕش قوربانیدانە له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پێویستی‌ سێکسی‌‌ و حەزوو ئاره‌زوە ، یان بۆ مافی‌ ڕه‌واو رزگاربوونە لە زوڵم و زۆری و ژێردەستی و ستەمکاری ؟ .

* چەکدارانی ( بەرەی نوسرە ) لە فەتوایەکیاندا کە لە شاری ( حەلەب )دەرکراوە ئاماژەیان بەوە داوە ، كە رێگە نادرێت و قەدەغەو حەرامە ئەو ئەسپێیەی‌ كە لە ناو ڕیشی‌ موجاهیدەکان دا هەن ، بكوژرێن ، چونكە ئەسپێ یەكێكە لەو بونەوەرانەی‌ بڕوایان بە خوا هەیە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت