kemal_mirawdeli

دکتۆر کەمال میروادەلی : پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چوارچێوەی سیاسیی و دەستووریی هەرێمی باشووری کوردستان

پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان

دکتۆر کەمال میروادەلی

 

بەشی یەکەم : دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان

بەشی یەکەم .

پێشەکی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان

بە ناوی خوداوەندی بەخشندەو میهرەبان

ئێمه‌ گه‌لی باشووری کوردستان

– بە ئاگاداریی له‌ مێژووی داگیرکردن و چەوساندنەوەو جێنۆسایدەکانی ئەنفال و زۆرو ستەمی رابردوومان؛

– بۆ به‌رز- ڕاگرتنی یادو خەباتی هەموو ئه‌وانه‌ی بۆ دادو ئازادیی له‌ خاکی ئێمه‌دا و لە پێناوی ئێمەدا قوربانیان دا؛

– بۆ رێزگرتن له‌ وانه‌ی بۆ بنیاتنان و گه‌شه‌کردنی وڵاته‌که‌مان ره‌نجیان داوه و

– له‌ باوه‌ڕمانه‌وه‌ که‌ ئه‌م وڵاته‌ هی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ که‌ تێیدا ده‌ژین ، یه‌کێتییمان هه‌یه‌ له‌ جیاوازییدا و ، [ دیمۆکراسیی و دادو یەکسانیی ] پێویستترین و پتەوترین بنەمای هاو- وڵاتبوون و یەکێتی نەتەوەیین ؛

– لە باوەڕی پتەومانەوە کە هەرێمی باشووری کوردستان هۆکارو هێزێکی دیمۆکراتیی و ئاشتییخوازە بۆ پاراستنی سەقامگیریی لە ناو عێراق و تەواوی ناوچەی رۆژهەلاتی نێوەندا و، بۆ پێکەوەژیانی بەئاشتیی نەتەوەکان و چارەسەریی دیمۆکراتیی بۆ کێشەکان

ئێمه ‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ،

بە هەستی بەرپرسیارێتی و شانازییەوەو ، لە رێگای رێفراندۆمی ئازادەوە ،:

ئه‌م ده‌ستوورنامەیه‌ وه‌ک به‌رزترین یاسای بنچینەیی باشووری کوردستان پەسند دەکەین ،

له‌ پێناوی :

– سارێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کانی ناکۆکی رابردوو – و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ سه‌ر به‌ها‌کانی دیمۆکراسی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیی و مافه‌ بنه‌ره‌تییه‌کانی مرۆڤ دامه‌زرابێ

– دانانی بناغه‌و چوارچێوەی دەستووریی بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیمۆکراتیی کراوه‌و ئازاد که‌ تێیدا حکومه‌ت له‌ سه‌ر خواستی خه‌ڵک دامه‌زراوه‌و هه‌موو هاولاتییه‌ک وه‌ک یه‌ک له‌ لایه‌ن یاساوه‌ پارێزراوه و ماف و ئازادییەکانی زامنکراون‌

– باشکردنی ئاست و چۆنێتی ژیانی هه‌موو هاووڵاتیان و ئازادکردن و بەکارخستنی وزه‌و توانای په‌نهانی هه‌موو که‌سه‌کان و

– بنیاتنانی کوردستانێکی دەستووریی دیمۆکراتیی پێشکەوتنخواز که‌ بتوانێ لە پاشەرۆژدا مافی چارەنووسی نەتەوەیی خۆی بە خواستی ئازادی خۆی بڕیار بدات و ببێتە نموونەی رێبەرو هیوابەخش و پشتیوانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا

بەندی یەک : چوارچێوەی سیاسیی و دەستووریی هەرێمی کوردستان

بڕگەی ١ : هەرێمی باشووری کوردستان خاکی کوردو کوردستانییەکانە . هەموو هاولاتییەکی ئەم ولاتە وەک یەک مافی یەکسانی لە ژیان لەم خاکەداو بەهرەمەندبوون لە سەرچاوەو داهات و دەرفەتەکانی کارو خۆشگوزەرانی و پەروەردەو پێگەیشتن و گەشەکردن و بەختەوەریی هەیە . ئەم دەستوورە مافی ژیان و ئازادیی و یەکسانیی بەرامبەر یاساو ملکدارێتیی و کارو وەزیفەو دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاولاتییان بێ جیاوازیی رەنگ و رەگەزو نەژادو ناوچەو بیرو راو ئایین و ئایینزاو هەر جۆرە جیاوازییەکی تر زامن دەکات .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت