فەتاح حەسەن : مەزاتخانە .. ویژدان مردوو
-١-
( مەزاتخانە )
نووسەرێک وتی :-
وڵاتەکەم ، مەزاتخانەیەو
نوسینەکانم
بۆ مناڵانی رۆژئاوا
هەراج دەکەم .
وەرن .. وەرن
شۆڕشگێرانی چاوچنۆك
سەرمایەدارانی مشەخۆر
وەرن .. وەرن
پیاوانی ئاینی ، مێزەربەسەر
حاجیانی، کەشی لە پشت
کۆببنەوە
هەڕاج ..
هەڕاج ..
لەهاواری تەواو نەبوو
کلیلێکیان نایە مشتی
گەنجێك وتی :-
ئەی تڕحێو .. کاکی نوسەر
وتم ، بۆچی ؟
ئەی نازانی خۆیان کڕی ؟!
-٢-
( ویژدان مردوو )
زۆر بەد هەستە
گوڵی ناوێت، دڕك پەرستە !
بە ئازاری خەڵکی مەستە .
تۆڕی گومان
شەقامی ژینی تەنییوە .
بێ ئەندازە ، بەدگومانە
لە هەر شتێك
کە ، بە ژینەوە پەیوەستە .
گومان لە خۆی
گومان لە تۆ
گومان ..
گومان ..
بەئاگایی ،
بە خەون و خەیاڵ و زیندەخەو
بێ ئارامە
ئۆقرە ناگرێت .
بەو ساتانە ، ئاسودەیە
هێلانەی باڵندە تێك دەچێ ،
پاپۆڕەکان ، لەنگەر ناگرن .
نوقمی تۆف و زریان دەبن .
رەوە، رەوە ، ئاسکە کێویی
لە ترۆپکی چیاکانەوە
هەڵدەدێرێن .
چوار وەرزەی ساڵ
بارانی تف
بە سەر سەریا ، داببارێ
هێشتا کەمە
بەر نەفرەتی ، مێژوو کەوێت
ویژدان مردوو .