دکتۆر ئارام ڕهفعهت : نەوت و ٣١ی ئاب .
لەچەند رۆژی داهاتوودا خەڵکی کوردستان یادی یەکێک لە رۆژە تراژیدییەکانیان دەکەنەوە کە بە ٣١ی ئاب ناسراوە. لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا لەسەر خواستی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، رژێمی عێڕاق هێرشی کردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. لەو هێرشەدا زیاتر لە ٣٠،٠٠٠ گاردی کۆماری و بە پشتیوانی ٤٠٠ تانک بەشدارییان کرد و سوپاکەی عێڕاق بۆ ماوەی چەند رۆژێک هەولێری پایتەختی داگیر کرد . ئەم داگیرکارییە لە بیست ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستاندا بە مەترسیدارترین روداو هەژمار دەکرێت . زۆر جار لە ئەدەبییاتی سیاسیدا ٣١ی ئاب وەک خیانەتێکی نیشتیمانیو سیمبۆلی کەلتوری پەنا بردن بۆ هێزێکی داگیرکەر و دەرەکی بە ئامانجی سەرکوت کردنی نەیارێکی ناوخۆیی ئاماژەی پێدەدرێت . هەندێک جاریش مێژووی بیست ساڵەی رابردوو دابەش دەکرێت بۆ پێش ٣١ ئاب وە دوای ئەو بەروارە. پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە نەوت چ رۆڵێکی هەبووە لەم وەرچەرخانە مەترسیدارەدا .
دەکرێت رۆڵی نەوت لە ٣١ی ئابدا چەند خاڵێکدا روون بکرێتەوە . یەکەم ، تورکیا رۆڵی سەرەکی هەبوو لەو پرۆسەیەی کە پێدەگوترا چەکوشی ئامادە و کە بەهۆیەوە ناوچەی دژە فڕین لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەسەر بەشێکی بەرچاوی کوردستانو باشوری عێڕاقدا سەپێنرا بوو . تورکیا لەم پرۆسەیەدا هەم ئەندامێکی چالاکی هێزە هاوپەیمانەکانو هەم وڵاتی خانەخوێ بوو و فرۆکەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئەنچەرلیکی تورکییەوە پارێزگارییان لە ناوچەی دژە فڕین دەکرد ، ئەمەش بەسەر یەکەوە رۆڵێکی سەرەکی دابوو بەتورکیا و زۆر جار تورکەکان مافی ڤیتۆیان لە پرۆسەی چەکوشی ئامادە پێدەدرا . بەڵام تورکیا یەکێک بوو لەزەرەرمەندە سەرەکییەکانی شەڕی رزگار کردنی کوێت و ئەمبارگۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێڕاق . بۆیە ، ئەمریکا بەدوای هەلێکدا دەگەڕا کە قەرەبوویەکی ئابڕومەندانەی تورکیای هاوپەیمانی بکاتەوە . لێرەدا پێویستە تیشک بخرێتە سەر فاکتەرێکی تر، کە ئەویش نزیکبوونەوەی پارتی بوو لەهەر یەک لە رژێمەکەی عێڕاق و تورکیا . ئەم نزیک بوونەوەیە پێدەچێت بووبێتە هەوێنی رێکەوتنێکی رانەگەیەندراوی سێ قۆڵی نێوان پارتیو تورکیا و عێڕاق . لەم رێککەوتنەدا عێڕاق هاوکاری پارتی بکات لە وەدەرنانی هێزەکانی یەکێتی لەهەولێر و تورکیاش فشار بۆ هاوپەیمانان بێنێت کە رێگە بە داگیرکردنی هەولێر لەلایەن عێڕاقەوە بدات،لەو سەریشەوە عێڕاق رۆژانە دەیان بەرمیل نەوت بەشێوەیەکی قاچاخ بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بۆ تورکیا هەناردە بکات . دروستی ئەم سیناریۆیە لەوەدا دەردەکەوێت کە لەلایەکەوە ئەمریکا چاوپۆشی کرد لەو داگیرکارییە و لەلایەکی تریشەوە، دوابەدوای ٣١ ئاب و بەشێوەیەکی بەردەوام رۆژانە نزیک بە ٣٥ هەزار بەرمیل نەوت لەرێگای سەدان تانکی نەوتییەوە و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هەناردەی تورکیا دەکران. ئەم هەناردە کردنەی نەوت بەشێوەیەکی قاچاخ لەکاتێکدا بوو کە هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمبارگۆیەکی سەختیان خستبووە سەر عێڕاق و تا پرۆسەی نەوت بەرامبەر بەخۆراک رژێمی عێڕاق بەهیچ شێوەیەک رێگای پێنەدەدرا نەوت هەناردە بکات .
٣١ی ئاب دەکرێ وەک ئامادەکارییەکیش بۆ رێککەوتننامەی نەوت بەرامبەر بەخۆراکی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکانو عێڕاق تەماشا بکرێت . بەشێک لەو بۆڕییە نەوتییانەی کە کێڵگەکانی کەرکوک بە بەندەری جیهان دەبەستنەوە بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕێت کە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوو . ئەم ناوچانە لەهەمان کاتدا لەژێر کاریگەری گەریلاکانی پەکەکەدا بوون . لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراکدا ، دەبوایە رۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە هەناردە بکرێت بۆ بەندەری جیهان. بۆ ئەو مەبەستەش پێویست بوو ئەو رێگایە تەئمین بکرایە و یەکێک لەدەرەنجامەکانی ٣١ی ئاب زاڵکردنی هەژموونی پارتی بوو بەسەر ئەو ناوچانەی کە بۆڕییە نەوتییەکانی پێدا تێپەڕ دەبوون ، ئەمەش لەلایەکەوە پارتی ئیمتیازی ئەوەی پێدرا کە وەک پاسەوانی ئەو بۆڕیانە دەربکەوێت و لەلایەکی تریشەوە مەترسی هەرەشەی پەکەکە بەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێڕاق لەرێگای بۆڕییەکانەوە کەم دەکردەوە .