شاخەوان برایم عەبدوڵڵا : لە فەشەلی سیاسییەوە بۆ ناشیرینكردنی بەرامبەر .
پرۆسەی سیاسی یەكێكە لەكایە هەرە هەستیار و پڕ لە ململانێی نێوان حیزب و كارەكتەرە سیاسییەكان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و كۆنتڕۆڵكردنی كۆی كایە و جومگە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان ، دیارە ئەو ململانێیەش كاریگەریی نێگەتیڤی هەیە بۆ سەر كەرامەت و خودی مرۆڤ، چونكە هەمیشە ململانێكان هەڵبەز و دابەزی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن و بەردەوام هێزە شكستخواردووەكان سەركەوتنی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە كەوا بەرانبەرەكەیان ئازار بدەن تەنانەت ئەگەر ئازاردانەكەش لەسەر بنەمای لۆژیكیش نەبێت و تەنیا بۆ مەبەستی گوایە دابەزاندنی كێرڤی جەماوەریی بەرانبەرەكەیان بێت .
كاتێك مالیكی رووبەڕووی قەیرانی سیاسی و رەخنەی نەیارەكانی بووەوە ، هەندێ لە دارودەستەكەی هەڵسان بە بڵاوكردنەوەی دەنگۆیەك كە گوایە دەزگا نهێنییەكانی مالیكی كۆمەڵێك گرتەی سێكسیی نەیارەكانی مالیكییان لایە ئەگەر پێویست بكات بڵاو دەكرێنەوە ، ئاخر ئەم قسانە جۆرێك بوون لە تۆمەتی ناڕەوای سیاسییە فاشیلەكان كە لەسەر ئاستی سیاسییەوە فەشەلیان هێناوە و لەسەر حیسابی ناشیرینكردنی كارەكتەرە سیاسییەكانی تر دەیانەوێت هەیبەت بۆ خۆیان بگەڕێننەوە یاخود دروستی بكەن بۆ ئەوەی لە رێگەیەكی نالۆژیكی و نائەخلاقییەوە بگەن بە دەسەڵات ، ئاخر كاتێك هێزێك تەواوی رێگەكان تاقی دەكاتەوە بۆ ئەوەی دەستی بگاتە داهات و جومگە سیاسییە باڵاكان و هیچ یەكێك لە رێگەكانیش نایانگەیەنێت بە خەونەكانیان ، ئەوكات بیر لە تۆمەتی نالۆژیكی و ناڕەوای كۆمەڵایەتی دەكەنەوە ، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە ئەوەی بەم جۆرە كارانە هەڵدەستێت لە ناخی خۆیدا كەپت و گرێی دەروونیی هەیە، بەم شێوەیەش ئەم تاكە ناتوانێت لەسەر ئاستی كۆمەڵگە تاكێكی تەندروست و ئاسایی بێت، هەمیشە دەبێتە هۆی گرفت بۆ بەرانبەرەكەی و لە دواییشدا تەنیا خۆی وەك بەزیوێك یان كارەكتەرێكی فاشیل لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەركەوتەكانی دیار دەبن و ئیدی شوناسی كارەكتەرێكی بێ مۆڕاڵ وەردەگرێت .
بە هۆی ململانێ سیاسییەكان لە باشووری كوردستانەوە لایەنگەلێكی سیاسی هەن كە ئاماژەكانی شكستخواردووییان دەركەوتوون و تەواوی رێگە سیاسی و كۆمەڵایەتی و چەواشەكارییەكانیان تاقی كردووەتەوە و هیچ یەكێكیش لەو رێگەیانە بەهۆی پتەوی و دروستیی سیاسەتكردنی بەرانبەرەكەیان ، نەیتوانیوە تۆسقاڵێك لە پێگەی جەماوەریی بەرانبەرەكەیان كەم بكاتەوە ، ئەمەش لە رووی سایكۆلۆژییەوە دووچاری گرێی دەروونییان دەكات و دواتریش پەنا بۆ لایەنی ئەخلاقیی ئەم سیاسی و ئەو نووسەر و كارەكتەری بەهێزی ناو لایەنە نەیارەكەیان دەبەن لە تۆمەت دروستكردنی ئەخلاقی لە كاتێكدا ئەوەی كە دەیورووژێنن خۆیان قەناعەتیان پێی نییە و دوور و نزیك لۆژیكی نییە ، بەڵام بڕیاری ئەوەیان داوە لەسەر حسابی ناشیرینكردنی ئەم و ئەو بازاڕی پڕوپاگەندەی سیاسیی خۆیان گەرم بكەن تا لەو رێگەیەوە كێرفی جەماوەریان زیاد بكەن .
لە دونیای پێشكەوتووی ئەمڕۆكەدا مەسەلەی ڕەوشت پێوەندی بە بەرانبەرەوە نییە و پرسێكی كەسییە ، بەمەش كەس بۆی نییە قسە لەسەر تایبەتمەندیی كەسانی تر بكات ، ئەگەر ئەمە رووی دا دەچێتە خانەی سوكایەتی و تۆمەت و ناوزڕاندنی خەڵكانێكەوە كە ئەویش مافی بەرگری هەیە ، هاوكات لەگەڵ مۆڕاڵی كەسی تەندروست یەك ناگرێتەوە و هەر حیزبێك یان گرووپێكی دیاریكراوی كۆمەڵگەش بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی كایەی ئەخلاق و ئایین و ناوبانگی كەسانی تری بەكار هێنا بۆ جوڵاندنی سۆزی كۆمەڵگە ، ئەمە لە رووی سایكۆلۆژییەوە دووچاری گرێی دەروونی و كەپت بوونەتەوە و دەكرێت بگوترێت ئەگەر كەسانێك تۆمەتی ئەخلاقی بدەنە پاڵ ئەم و ئەو ، ئەوا یان خۆیان بێمۆراڵن و دەیانەوێت بێمۆراڵییەكەیان لەسەر ئاستی كۆمەڵگە بشارنەوە ، یان دەیانەوێت بێ مۆراڵ بن ، بەڵام نازانن چۆن و بە چ شێوەیەك مومارەسەی بێمۆراڵییەكەیان بكەن !