دکتۆر کەمال میراودەلی: پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی باشووری کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی سێیەم : کٶبەندی ( سیستمی ) سیاسیی هەرێمی باشووری کوردستان و بنەما و بەهاکانی

بەندی چوارەم : کۆبەندیی ( سیستمی ) حوکمڕانیی

١.هەرێمی کوردستان هەرێمێکی حوکمڕانیی فیدرالیی دیمۆکراتییە سیستمی حوکمڕانییەکەی لە سەر بنەمای جیاکردنەوەو ناساندن و بەرپرسکردن وهاوسازیی و هاوکاریی دەسەلاتەکانی ئیدارەی ولات دانراوە بەو جۆرەی لەم دەستوورنامەیەدا نووسراوە 

٢. دەسەلاتی یاسادانان

پەرلەمانی کوردستان دەسەلاتی یاسادانان بە پێی دەستوورنامەو و پێڕەوی ناوخۆی پراکتیس دەکات . پەرلەمان دەسەلاتی چاوگەیی [مەرجەعیی] باڵایەو هەموو دەسەلاتەکانی تر ، سەرۆکایەتیی ، حکومەت ، ئیدارەی دەڤەرەکان ، و داداگای دەستووریی ، لێپرسراو دەبن بەرامبەر پەرلەمان و لێژنەکانی بە پێی یاسابەند و رێنمایی و پێرەوی نوێی تایبەت بە ئەم مەبەستە، کە لە لایەن پەرلەمانی هەڵبژێردراوی داهاتووەوە لە ماوەی مانگی یەکەمی کارکردنیدا بریاریان لە سەر دەدرێت. 

٣. سەرۆکایەتی هەرێم

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێنا و بەرجەستەکاری یەکێتی گەلە لە سەرووی جیاوازییە حیزبیی و ناوچەیی و بیرەوەریی و پاشماوەی کارەساتەکانی رابردووەوە . زامنی یەکێتی خاک و گەل و پاراستنی دەستوورو دیمۆکراسیی ویەکسانی هاولاتییان بەرامبەر یاسا و کارکردنی یاسایی و داپەروەرانەی دەزگا دەستووریی و ئیدارییەکانی وڵاتە. نوێنەری رەواداری هەرێمی کوردستانە لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییدا .

٤. حکومەت :

حکومەت دەسەلاتی نەخشەدانان و جێبەجێکردنە . لێپرسراوە لە جێبەجێکردنی یاساکان و سیاسەتی هەرێم و دانان و ئەنجامدانی نەخشەی بنسازیی نیشتمانیی و گەشەپێکردنی کەرتەکانی پەروەردەیی ، پیشەسازیی و تەکنۆلۆجی و کشتوکالیی و خانووبەرەو گەشتوگوزارو وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی سەرچاوە ئابوورییەکانی ولات بە مەرجێ کارەکانی هاوساز بن لە گەل بنەما بنچینەییەکانی ئەم دەستوورنامەیەو باڵادەسەڵاتیی پەرلەمان و پرینسیپی هاوبەشیی هاولاتیان لە نیشتمان و یەکسانی دەرفەت و ماف و ئازادییەکان بۆ هەمووان

حکومەت لیپرسراوە بە رامبەر پەرلەمان . پەرلەمان و لێژنەکانی ڕێنمایی و چاودێریی و کۆنترۆلی یاسایی سیاسەت و کارەکانی حکومەت دەکەن

٥. دەسەلاتی دادوەریی

دەسەلاتی دادوەریی دەسەلاتیكی پیرۆزی تاک و سەربەخۆیە . رەمزی پاکیی و دەربڕی ویژدانی ئینسانیی و زامنی پاراستی ژیان و ماف و کەرامەتی هاولاتییانەو و قەڵای دژ بە گەندەڵبوون و فەسادو دروستبوونی جیاوازیی و نادادییەکانە لە نێو خەلک و کۆمەلگاو ئیدارەی سیاسیدا .

دەسەلاتی دادوەریی لە رێگای داداگاکانەوە بە پێی بنەماکانی دەستوور و یاساکانی پەرلەمان پراکتیس دەکرێت

هەر جۆرە ئیمتیازو خەلات و زێدە بەخشندەیی و بەخشیشێکی هەر دەسەلات و کەس و دامەزراوەیەک بە دادوەران و کەسانی پیشەی یاسایی، بە بێ پێشنیازو بریاری پەرلەمان،

کارێکی بەرتیلدەریی و گەندەڵکارییە، قەدەغەیەو د نە تاوان دژی رۆحی دیمۆکراتیی و دادخوازیی ئەم دەستوورنامە دادەندرێت .

٦. دادگای دەستووریی

دادگای دەستووریی دامەزراوەیەکی دەستووریی سەربەخۆیە و ئامانج و ئەرکی بریتییە لە پاراستنی دەستووریبوونی دەسەلاتەکان و ئۆرگانەکانی هەرێم و کارەکانی سەرۆکی هەرێم و حکومەت و دادگاکان. دادگای دەستووریی دوا دەسەلاتی لێکدانەوەی دەستورو بریاردانە لە سەر ناکۆکییە دەستوورییەکان و کێشە سیاسیی و یاسایی و دادییە چارەسەرنەبۆکان و پرس و پرۆسەکانی هەڵبژاردن و رەوایی کارەکان

ئەندامەکانی دادگای دەستووریی لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بە راوێژکاری لەگەل سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان دیاری دەکرێن و بە دەنگبۆدانی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسند دەکرێن.

٧ . دیمۆکراتیی  ، کۆمەلگای مەدەنیی

لە پێناوی پێشخستنی پەیام و ئامانج و ئەرکی پیرۆزی نەتەوەسازیی و نیشتمانسازیی و بنسازیی دیمۆکراتیی ، هەرێمی کوردستان پشتگیری بەهێزبوونیی کەرتی کۆمەلگایی و مەدەنیی دیمۆکراتی لە هەرێمی کوردستاندا دەکا لە رێگەی دامەزراندن و پێکهێنانی سەربەخۆیانەی هەزاران رێکخراوی دیمۆکراتیی ، مەدەنیی وخێرەومەندیی و ناحکومیییەوە لە هەموو بوارەکانی چالاکی پەروەردەیی و رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریی و کۆمەلگایی و ژینگەیی وئینسانیی و خێرەومەندیی و وەرزشیی بە پشتگیری حکومەت و دەزگاکانی. سەربەخۆیی و پشتگیری کۆمەڵگای مەدەنیی و دووربوونی لە دەستێوەردانی حیزبیی و حکوومیی بە پێی یاسایەک زامن دەکرێت ..

٨. هاو -ولات : هاو-وڵات هێزی بنیاتنان و گەشەکردنی دیمۆکراتیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستانە . نە کۆمەڵ بێ هاو-وڵاتی تاک دەبێت و نە تاک بێ کۆمەڵ دەبێت . هۆشیاریی بەکۆمەڵ و ئیرادەی نەتەوەسازیی و پێشکەوتنی نیشتمان لە هوشیاریی و ئیرادەی سەربەخۆو هەڵوێستی ویژدانیی و مرۆڤپەروەرانەی تاکەکانییەوە دێت . هەرێمی کوردستان لە رێگەی زامنکردنی دەستووریی مافو ئازادییەکانی تاکەکەسەوە بێ جیاکاریی رەگەزو نەژادو چین و پلەو پایە ، سیاسەتی مرۆڤپەروەریی و پەروەرەدی هاو- ولاتی هوشیاری ئیرادەئازادو کۆمەلخوازو نیشتمانخواز لە هەموو بوارەکان و ئاراکانی سیاسیی و کۆمەلایەتی و ئابووریدا پەیڕەو دەکات .

بەندی پێنجەم : بەهاکان و پرینسیپەکان

پێناسەی سیستمی سیاسیی هەرێم :

بڕگەی (١) .

سیستمی حوکمرانی هەرێمی کوردستان دەستووریی ، دیمۆکراتیی ، پەرلەمانیی ، نانێوەندییە و لە سەر بنەماکانی ئازادیی ، ئاشتیی ، دیمۆکراسی ، یەکسانیی دەرفەت ، پاراستن ورێزگرتنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ ، نەهێشتنی جیاوازکاریی بە هەموو شێوەکانییەیەوە ، حوکمی یاسا ، مافی مـلكدارێتی، ئابووریی تیكەڵ ، پاراستنی ژینگە ، دادپەروەریی کۆمەلایەتی ، پلورالیزمی سیاسیی وجیاکردنەوەو هاوسازیی دەسەلاتەکان دامەزاروە . ئەم پێناسانەی خوارەوە زیاتر سروشتی سیستمی سیاسیی کوردستان روون دەکەنەوە  

دەستووری ی: واتە بەپێی دەستوورنامەیەک دامەزراوە کە گەل لە رێفراندۆمی ئازاددا دەنگی بۆ داوە و هەموو دەسەلاتەکان بە پەرلەمانیشەو رەوایی یاساییان لەم دەستورە وەردەگرن و دادگای دەستووریی هەرێم یەکلاکەرەوەی دوایی هەموو ناکۆکیی و گرفتەکانە .

دیمۆکراتیی : واتە حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دەڤەرەکان و ناوچەکان کە لە جیاتی خەلک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە یاسا ، پراوەی دەسەلات دەکەن ، بە دەنگدانی ئازادی خەلک وەک نوێنەری دەنگدەران هەڵدەبژێردرێن و لە کۆتایی ماوەی حوکمرانیدا دەستاودەستی ئاشتییانەو دیمۆکراتییانەی دەسەلات دەکرێتەوە و دیمۆکراسی هەرێم پشت بە دامەزراوە دیمۆکراتییەکان و زامنی ئازادیی و مافە دیمۆکراتییەکان بە دەستوور دەبەستێت

پەرلەمانیی : واتە پەرلەمان دەسەلاتی یاسادانان و چاوگەی بریاری سیاسیی دوایی و رەواییدان بە بریاری سیاسی دەسەلاتەکان و چاودێرییکردنیان و پشتگیریکردن و هاوسازکردنی سیستمی نانێوەندیی و پاراستنی دەستوور و ماف وئازادییەکان خەڵکە.

نانێوەندیی : واتە دەسەلاتی بریاری سیاسیی لە نێوان پایتەخت و هەرێمەکاندا هاوبەش و هاوساز دەبێت و دەڤەرو ناوچەکان و کۆمەڵگا شارەوانییەکان [وەک لەم دەستوورەدا هاتووە] دەتوانن بە یاسایی کاروباری خۆیان لە لایەن خۆیانەوە بەرێوەبەرن .

بڕگەی (٢) : یەکسانیی نێرو مێ : حکومەتی هەرێمی کوردستان زامنی جیاوازیینەکردن لە نێوان نێرو مێ لە هەموو جۆروبواری مافەکان و ئازادییە کەسییەکان و یەکسانی بەرامبەر یاسا وەک بنەمایەکی گرنگی گەشەسەندنی دیمۆکراتی کۆمەل دەکات و دەرفەتی یەکسان بۆ بەشداریی ژنان لە بوارەکانی سیاسیی ، ئابووریی ، کەلتووریی و بوارەکانی دیکەی ژیانی کۆمەلایەتیدا دەخولقێنێت .. بە پێی یاسایەکی تایبەتی کە بۆ برەوپێدانی دەرفەتی کارو وەزیفە بۆ ژنان دەردەکرێت ، حکومەت زامنی ئەوە دەکات کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا بە یاسا ، رێژەی کارمەندان و کرێکارانی ژن لە هەموو دەزگاکانی حکومەت و کۆمپانیاو کاسبییەکانی ناو هەرێم لە %٣٠ کەمتر نەبێت و بەرنامەیەکی فراوانی رۆشنبیرکردن و مەشق و راهێنان بۆ ئەم مەبەستە جێبەجێ دەکات ..

بڕگەی (٣) : دەوری سەرەکی حکومەت لە کەرتی ئابووریدا:

بە بەرچاوگرتنی ئەنفالکردنی فیزیکی و مرۆڤیی و کەلتووری خەلکی کوردستان و لەناوبردنی زۆربەی شارۆچکەو دێهات و ژێرخانی ئابووریی و کۆمەلایەتی باشووری کوردستان، لە لایەن رژێمی داگیرکاری بەعسەوە ، لەو باوەرەوە کە نیشتمانی بێ مرۆڤ نییە و مرۆڤی بێ نێشتمان ناتوانێت مرۆڤایەتی خۆی بەدیبێنێت ، پێویستییەکی ئینسانیی و نەتەوەیی جەوهەرییە کە پەرلەمان و حکومەتی کوردستان لە پاڵ پشتگیری بازاری ئازادی دوور لە قۆرخکاریی و گەندەڵیی ، دەوری سەرەکی لە پرۆسەی پلاندانان و نەخشەسازی نیوەندیی و بەجێگەیاندنی نانێوەندیکردنی ئیداری ببینن و پلانی ئابووریی کورتخایەن و درێژخایەن بۆ زامنکردنی بنسازیی ئابووریی هەمەلایەن بە مەبەستی هاوجووتکردنی ئامانجەکانی مرۆڤسازیی و نیشتمانسازیی و دامەزراندنی کۆمەلگای دادو یەکسانی دابنێن. 

بڕگەی (٤). سیستمی دیمۆکراتیی نانێوەندیی:

بۆ مەبەستی ئاسانکاری ئیدارەی ولات و نزیککردنەوەی بریاری دیمۆکراتی لە خەلک و لەو باوەرەوە کە کۆمەلانی خەلک بۆ خۆیان گرفتەکانیان باشتر دەزانن و باشتر دەتوانن پێویستییەکانی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاو ناوچەکانیان دەستنیشان بکەن ، حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی نانێوەندیی جیبەجێدەکات و ئەنجومەنی هەڵبژێردراوو وئیدارەی دەڤەرو ناوچەو کۆمەلگا شارەوانییەکان [بەندی هەشتەم ] کاورباری بەرێوەبردنی ئیداریی و خزمەتگوزاریی و پرۆژەکاریی ناوچەکانی خۆیان بۆ خۆیان جێبەجێدەکەن و جگە لە بودجەی پێویستییە سەروەرییەکان و دەزگاکانی دەولەت و وەزارەتەکان ، بودجەی وەبەرهێنان و دامەزراندن وخزمەتگوزارییەکانی حکومەت ، بەپێی رێژەی دانیشتوانی هەر ناوچەیەک تەرخان دەکرێت و یاسای دەڤەرەکان (پارێزگاکان) بە پێی ئەم بنەمایانە هەموار دەکرێتەوە.

بەندی شەشەم : میراتی نەتەوەیی و کەلتووریی

هەڕیمی کوردستان زامنی پاراستنی شوێنەوارو میراتی کەلتووریی و ئایینی کوردستان دەکات .

بەندی حەوتەم :

هەرێمی کوردستان سیاسەتی ئابووریی تێکەڵ رەچاو دەکات و حکومەت بە چاودێریی و رەزامەندی پەرلەمان دەوری سەرەکیی لە نەخشەسازیی ئابووریی و جیبەجێکردنی پرۆژەی بنسازیی ستراتیجیی و لە یاسابەندکردنی کەرتی تایبەتدا بۆ زامنکردنی پێشکەوتنی ئابووریی سەربەخۆو داپەروەریی کۆمەڵایەتیی و رێگرتن لە قۆرخکاریی و گەندەڵیی و بەهەدەردانی هێزی مرۆیی و سامان و بودجەی ولات ، دەبینێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت