دکتۆر کەمال میراودەلی : چۆن پێوەندییەکانی دەرەوەو بەستنی گرێبەستی نەوت و پرسە نەتەوەییەکان لە رێگای دەستوورەوە کۆنترۆل بکرێت ؟
بەشی چوارەم لە پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی کوردستان
بەندی نۆیەم : دەسەڵاتی دەستووریی
١. دەستوور بالاترین یاسانامەی بنچینەیی هەرێمی کوردستانە ، هەموو یاساکان و یاسابەندەکانی تر پێویستە لەگەڵ دەستوور هاوساز بن .
٢ . دەسەلاتی حوکمرانی لە هەرێمدا لە دەستوورەوە دێت .
٣ . هەرێمی کوردستان رێزی یاسای نێونەتەوەیی دەگرێت
٤ . هەموو هاولاتییەک و تاکێکی هەرێم ژێرفەرمانی ‘ پەیمانی کۆمەڵایەتی ‘ بەندەکانی دەستوورە .
بەندی دەیەم : ڕیکەوتن و کۆنتراکتە دەرەوەیی و نێونەتەوەییەکان
١ . هەرێمی باشووری کوردستان ریکەوتننامەی نێونەتەوەیی ئەنجام دەدات و دەبێتە ئەندامی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان
٢ . هەرێمی باشووری کوردستان بە پێی هەلومەرج بەشداری ئەو هەولە نێونەتەوەییانە دەکات کە بۆ پاراستنی ئاشتی جیهانیی و ناوچەیی و برەودان بە دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ دەدرێن .
٣ . هەرێمی باشووری کوردستان ، بە بەرچاوگرتنی بەندەکانی ئەم دەستوورنامەیە ، کۆنتراکت لەگەل ولاتان و کۆمپانیکانی دەرەوە بۆ وەبەرهێننان و بەرهەمهێنانی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و بنسازیی دارایی و ئابووریی هەرێم دەبەستێت .
بەندی یازدەیەم : پەسندکردنی ڕێکەوتننامەو کۆنتراکتە دەرەوەییەکان
١ . ئەو ڕیکەوتن و کۆنتراکتانەی پێوەندییان بەم پرسانەی خوارەوە هەیە بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسند دەکرێن :
٢ . هەر ڕێکەوتنیک پێوەندی بە خاک و ئاسایشی نەتەوەیی و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی و جوولاندنی هێزی پێشمەرگەوە هەبێت .
٣ . بریاری بوون بە ئەندامی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان
٤ . بریارێک کە پێوەندی بە هاوکاری نەتەوەیی و رەوشی ناوخۆیی بەشەکانی تری کوردستانەوە هەبێت .
٥ . بریاری کردنەوەو داخستنی سنووری هەرێمی باشووری کوردستان
٦ . کۆنتراکتی بەرهەمهێنانی نەوت و سامانە سروشتییەکان
٧ . دان و وەرگرتنی قەرزو هەر کارێک ئەرکی دارایی بخاتە ئەستۆی هەرێم
٨ . هەر ڕیکەوتنێک بەدەر لەوانەی سەرەوە سەرۆکی هەرێم دەتوانێت ئیمزایان بکات
٩. هەر ڕیکەوتن و کۆنتراکتێک لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند نەکرێت یان نەکرابێت بە نایاسایی و دژی بەرژەوەندی نەتەوەیی دەژمێردرێت و لە لایەن پەرلەمانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و سزادانی یاسایی بەدوو دا دێت .
١٠ . سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی وەزیران لە ماوەی دوو هەفتەدا ئاگاداری پەرلەمان دەکەن لە هەر رێکەوتن و گرێبەستێکی دەرەوەیی و داوای پرۆسەی پەسندکردنی یان رەتکردنەوەی لە لایەن پەرلەمانەوە دەکات
١١ . پرینسیپ و پرۆسەی پەسندکردنی یان رەتکردنەوەی رێکەوتن و کۆنتراکتە دەرەوەییەکان بە یاسا رێک دەخرێن .
١٢ . هەر پەیمان و رێکەوتننامەیەکی نێونەتەوەیی پەرلەمانی هەرێم پەسندی بکات دەبێتە بەشێک لە یاسانامەی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و کاری پێدەکرێت .