دکتۆر کەمال میراودەلی : حوکمی سێدارە شیاوە بۆ بەکارهێنانی نایاسایی دەسەلاتەکانی هەرێم ( سەرۆکایەتی ، حکومەت ، پەرلەمان )
لەبابەتێکیدا نوسەرو ڕوناکبیرو یاساناس و کاندیدی پێشویی سەرۆکایەتی هەرێم ” دکتۆر کەمال میراودەلی ” ئامانج لە کردەی سێدارە لەهەر وڵاتێکدا بەزەرورەت دەزانێت و بۆ کەمکردنەوەی تاوانی گەورەو ، شیکارییەکی یاسایانەو دەستوریانەی بۆ ئەو چەمکە کردووەو دەنوسێت : بەکارهێنانی نایاسایی دەسەلاتی سەرۆکایەتی هەرێم ، حکومەت ، پەرلەمان یان هەر دەسەلاتیكی حزبیی نایاسایی بۆ بەستنی ریکەوتنێک یان ئەنجامدانی کارو چالاکییەکی پیشەسازیی یان دەرهێنان یان بەرهەمهێننان [ بە پێچەوانەی بەندی یازدە ] کە تەندروستی کرێکاران و خەڵک بخاتە مەترسییەوە و زیانێكی گەورە بە ژینگەی کوردستان لە ئێستا یان ئایندەدا بگەیەنێت و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی نەوەکانی ئێستاو ئایندە دروست بکات
ئەمەی خوارەوە تەواوی بابەتەکەیە بەناونیشانی بۆ چ تاوانێک پێویستە دەستوور ڕێگای حوکمی لەسێدارەدان لەهەرێمی باشووری کوردستاندا بدات ؟
بەشێکی تر لە پرۆژەی دەستوورنامەی هەرێمی کوردستان
لە مانگی دوازدەی سالی رابردوودا ، ژنێکی هیندی لە پاسێکدا لە لایەن چوار پیاوەوە بەو پەری توندوتیژی دەستدرێژیی سیکسی و فیزیکی کرایە سەر ، دوای لاقەکردنی بە شێوەیەکی درندانە لەلایەن هەر چواریانەوە جەستەی برینداریان لەسەر جاددەیەک فڕیدا ، ئەو کچە کە خوێندکاری زانکۆ بوو ، دوایی گیانی لە دەستداو لە ئەنجامی ئەمەدا بەسەدان هەزار خەلکی هیندستان ، ژن و پیاو رژانە سەر جاددەکان و پرسی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان بوو بە گەورەترین پرسی سیاسیی و کۆمەلایەتی خەلک لە هیندستان و ، داواکاری بۆ سزای لە سێدارەدان بوو بەداواکارییەکی گشتی زۆربەی خەلک . بۆ ماوەی ٦ مانگ تاوانباران بەرداد کران و تاوانەکەیان لەسەر ساغبۆوەو ئاخری حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو .
دیارە مەسەلەی دادو پاراستنی ژیان و سزادانی بکوژان هەرچۆنێک بێت پرسێکی ئالۆزو هەستیارو پر جیاوازی بیرو بۆچوونە .
مەبەست لەنەبوونی حوکمی کۆتایهێنان بەژیان هێشتنەوەی پرینسیپی پیرۆزیی ژیان و پاراستنیەتی ، بەلام ئەی جۆن ژیانی ئەوانە بپارێزرێت کە بەردەوام دەبنە قوربانی کوشتن و تاوان و دەستدرێژیی نارەوا ؟ کاتێ کوشتن و دەستدرێژی دەبێتە دیاردەو گرۆیانیك بۆ مەبەستی خۆپەرستی و درندەیی هیچ باکیان بە پرینسیپ و ستانداردو ڕێگرە ئەخلاقی و یژدانییەکان نامێێنێت ، بۆ پاراستنی کۆمەل و ژیانی تاکەکانی بەرای من حوکمی لە سێدارەدان یان کۆتایی بە ژیانی تاوانباران هێنان ، دەبێتە چارەسەرییەکی ناچاری.
ترسی سزا نەبێت تاوان هەموو سنوورێک دەبەزێنێت وەک لە بەربەرستانی باشووردا ٢٢ سالە دەیبینین .. رەنگە هەڵواسینی ئەو چوار کەسە لەهیندستان ببێتە وەستێنەرو دیاردەی دەستدرێژیی تا رادەیەکی زۆر کەم بکاتەوەو بەسەدان ژیان و ژنان لە ترسی بەردەوام رزگار بکات .
لە پرۆژەی ئەو دەستوورنامەیەدا کە نووسیومە ، حوکمی سزای کۆتاییم بۆ نۆ جۆر تاوان لە کوردستاندا پێشنیار کردووە کە بە رای من پێویستن بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی پیرۆژی مافی ژیان و رێگرتن لە خیانەت و کوشتن و تاوانکاریی . هەر نەبێت ئەمە بابەتێکە پێویستە لە هەموو ئاستەکاندا ئاخاوتن و دیباتی لە سەر بکرێت . یان وەک بەشێکی دەستوور یان بەتەنیا بخرێتە ڕیفراندۆمەوە . بەلام دیارە لە ولاتێکدا کە تاوانکاران خۆیان یاسان ئەمە بەشتێکی خەیالی دادەندر ێت . راستیی تاوان هەرچەند پشوو درێژ بێت رۆژێ بەرەورووی سزا هەر دەبێتەوە ،
*******
بەندی پازدە : مافی ژیان و پاراستنی ژیانی تاک و کۆمەڵ
١. هەموو کەس مافی ژیانی هەیەو مافی ئەوەی هەیە دڵنیا بێت لە کۆمەڵیکدا دەژیا ژیانی خۆی و خێزانی پارێزراوەو مەترسی دروستکراو لە سەر ژیانیان نییە.
٢ . سزای کۆتایی [ لە سێدارەدان ] تەنیا بۆ پاراستنی ژیانی تاک و کۆمەڵ لەم مەرجانەی خوارەوەدا بە یاسا و دوای ساغبوونەوەی بنبڕی ( قطعی) ئەنجامدانی تاوانەکە لە ڕێگەی دادگاوە جێبەجێدەکرێت:
١. دەستدرێژیی سێکسیی و لاقەکردنی بە زۆر بۆسەر هەر کەسیکی تر ژن ، کور ، منداڵ
٢. کوشتنی ژن یان منداڵ دوای ساغبوونەوەی رەهای ئەنجامدانی بە ئەنقەستیی ئەم تاوانە لە لایەن تۆمەتبارەوە
٣ .هێنانی دەرمانی بێهۆشکەر بۆ فرۆشتن و قازانج یان بلاوکردنەوە بۆ مەبەستی زیانگەیاندن بە تەندروستی گشتی نەوەکانی ئێستاو ئایندە.
٤ .هێنانی بە ئەنقەست و بەردەوامی دەرمان و کەرەسەو خواردنی ئێکسپایەر و زیانبەخش بە تەندروستی خەلک بۆ مەبەستی فرۆشتن و قازانج یان زیانگەیاندن بە تەندروستی گشتی
٥. بەکارهێنانی نایاسایی دەسەلاتەکانی هەرێم ( سەرۆکایەتی ، حکومەت ، پەرلەمانن) بۆ بەستنی کۆنتراکت و رێکەوتنی نهێنیی لەگەل دەولەت و دەسەلات و کۆمپانیای بێگانە بە پێچەوانەی ماددەکانی بەندی یازدە ، کە ببێتە هۆی مەترسی دروستکردن بۆئازادیی و ئاسایشی نەتەوەیی لە ئێستا یان ئایندەدا ، یان بەهەدەردانی سامانی نەتەوەیی و جیخۆشکردن بۆ دەسەلاتی بێگانەو قازانجکرن لە سەر حیسابی خاک و سامانی گەل بە گەندەڵیی
٦ . بەکارهێنانی نایاسایی دەسەلاتی سەرۆکایەتی هەرێم ، حکومەت ، پەرلەمان یان هەر دەسەلاتیكی حزبیی نایاسایی بۆ بەستنی ریکەوتنێک یان ئەنجامدانی کارو چالاکییەکی پیشەسازیی یان دەرهێنان یان بەرهەمهێننان [ بە پێچەوانەی بەندی یازدە ] کە تەندروستی کرێکاران و خەڵک بخاتە مەترسییەوە و زیانێكی گەورە بە ژینگەی کوردستان لە ئێستا یان ئایندەدا بگەیەنێت و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی نەوەکانی ئێستاو ئایندە دروست بکات.
٧. خیانەتکردنی راستەخۆ (جاشایەتی) و هاوکاریی و هاوسازیی ئەمنیی و سەربازیی لەگە ڵ هەر هێزیكی بێگانەدا بۆ بەرژەوەندی حیزبیی یان تاکەکەسیی دژی ئاشتی کۆمەلایەتیی و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان یان بەشەکانی تری کوردستاندا.
٨. دامەزراندن یان هەولی دامەزراندنی حیزب و گروپ و هێزی سەربازیی یان سیاسیی وەک کارێکی ئەمنیی و ئیستیخباراتی و بەمەبەستی خزمەتی دەولەت یان هێزێکی بێگانەو تێکدانی یەکێتی خەڵک و ئاشتیی و تەبایی وپێشکەوتنی کۆمەلایەتیی و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیان و ئازادیی نەوەکانی ئێستاو ئایندە.
٩. هاوردەکردن و بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە ژن یان پیاو ، کورد یان غەیرە کورد ، بۆ مەبەستی فەسادو لەشفرۆشیی و دامەزراندنی فەسادگای نهێنیی بۆ ئەم مەبەستە .
١٠ . پەرلەمان بە پەسندکردنی دوو لەسەر سێی ئەندامانی دەتوانێت برگەکانی ئەم بەندە بە شێوەی [ پاشکاریی – ئیرتیجاعی ] بۆ هەر یەکێ لەو تاوانانە باکاربێنێت کە لە ٢٠ سالی رابردوودا ئەنجام دراون .
١١. سزادانی کۆتایی بە یاسایەک رێکدەخرێت و پەرلەمان بەدەنگدانی دوو لەسەر سێی ئەندامانی بۆی هەیە دوای پێنج ساڵ بڕگەکانی ئەم بەندە هەموار بکاتەوە ..