Ahmed-Receb

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب : ده‌با هه‌موومان ده‌نگ به‌ لیستی 107ی ئازادی بده‌ێن

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌موو قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و لیسته‌كان ئه‌زانن بریار دراوه‌‌ رۆژی {21 ی ئه‌م مانگه‌} هه‌ڵپژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و له‌م رۆژانه‌شدا پروپاگه‌نده‌و ریكلام و ئاڵای ره‌نگاوره‌نگ و به‌ڵێندان و هه‌ڵپه‌ركێ و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شارو شاروچكه‌و دێهاته‌كان درێژه‌ی هه‌یه‌و هه‌رلیستێك بابه‌تی خوێ و پرۆژه‌و پرۆگرامه‌كه‌ی ئه‌خاته‌ روو لێره‌شدا حزبی شیوعی كوردستان به‌ لیستی ئازادی ژماره‌ (107) به‌شداری هه‌ڵبژاردن ئه‌كات ..

هه‌موو لیسته‌كان باس له‌ دیموكراسی ( دیموكراتییه‌ت ) ئه‌كه‌ن و به‌ هیوان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م ساڵ وه‌ك ساڵانی رابردوو فرت و فێڵ و ده‌ستپیسی واته‌ (ته‌زویر ) ی تیا نه‌كرێت و ، ئه‌وه‌ش خاڵی بنه‌ره‌تی دیموكراتییه‌ته‌‌و، ئه‌بێ هه‌موو لایه‌ك به‌ گه‌رمه‌وه‌و به‌ خۆشی و شادی و ده‌ستپاكی روو له‌ سنووقه‌كانی هه‌ڵپژاردن بكات ، چونكه‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن مافێكی دیموكراسی ویاسایی و سیاسییه‌و، مرۆڤی تاك ئاره‌زوومه‌ندانه‌و به‌بێ ترس‌ و ئازادانه‌ ده‌نگ به‌ كاندیدو لیسته‌كان بدات و ، بزانێت كام لیستی هه‌ڵبژاردن ، لیستی خوێه‌و ده‌نگی بخاته‌ سه‌ر لاپه‌ره‌ی ناوه‌كان { كاندیدو لیسته‌كان } و پاشان بیخاته‌ سنووقه‌وه‌و ، نابێت كه‌س چاو سوور یان هه‌ره‌شه‌ بكات و، پێویسته‌ بزانێت ئه‌مه‌ رۆژی هه‌ڵپژاردنه‌و، رۆژی تۆقاندن و چاو سوور كردنه‌وه‌ نییه ‌.

له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌، كوردستانی پرشنگدارو خۆشه‌ویست و سه‌ربه‌رز به‌داخه‌وه‌و، به‌ پێی زانیاری و ئه‌زموونی رابردوو زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان ، به‌ تایبه‌ت لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار پاش شه‌ونخوونی و رێكخستن و هیلاكییان كۆمه‌ڵێك ساخته‌كاری دارێژراو ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و، لێره‌دا پێویسته‌ داوا له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خوێ هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و لایه‌ن و ‌كه‌سانه‌ی چاودێری هه‌ڵبژاردن ئه‌كه‌ن وریا بن و ، ئه‌گه‌ر هه‌ره‌شه‌و چه‌ك به‌رز كردنه‌وه‌ روویدا به‌بێ ترس بخرێنه‌ روو، ئه‌و لایه‌نه ‌، (لایه‌نی) سه‌رپێچی و پێشێلكردنی هه‌ڵپژاردن له‌ رێی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خوێ هه‌ڵپژاردنه‌كان بدرێته‌ دادگاو ، ئه‌نجامی هه‌ره‌شه‌و ته‌زویرو ساخته‌كاری و سزاكه‌ی بخرێنه‌ روو، داوا بكرێت ده‌نگه‌كانی لێبسه‌نرێته‌وه‌‌.

قه‌واره‌ سیاسییه‌كان ولیسته‌كان هه‌ر یه‌ك به‌ گوێره‌ی تواناو گیرفان و پاره‌ی نه‌وتی كوردستان و بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئیزگه‌ی رادیۆو كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆن و دابه‌ش كردنی خه‌ڵاتی جۆراوجۆر له‌ كه‌م به‌هاو كه‌م نرخ، تا ئه‌گاته‌ ئۆتۆمبێلی لیگززی (13) ده‌فته‌ر دۆلاری ئه‌مریكی كه‌وتوونه‌ته‌ ركابه‌ری یه‌كترو بانگه‌شه‌و پرۆپاگه‌نده‌ بڵاو كردنه‌وه‌و خۆ ده‌رخستن به‌ نیازی نزیك بوونه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك له‌ پێناو ده‌نگی زۆرتر كۆ بكه‌نه‌وه‌و، پێگه‌ی خۆیان قایم بكه‌ن و ، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دانیشتوان و هاوڵاتیانی شاره‌ گه‌وره‌كان له‌ خۆشیدا تووشی شا گه‌شگه‌ بوون چونكه‌ به‌ هۆی هه‌ڵبژاردن چوار ساڵ جارێك چاویان به‌ لێپرسراوه‌ گه‌وره‌كانی هه‌رێم و سه‌روك وه‌زیران وكه‌سانی تر ئه‌كه‌وێت و، ئه‌م هاتنه‌ی لێپرسراوان له‌م كاته‌دا بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دووره‌ له‌ بنه‌ماكانی دیموكراتییه‌ت و، دیاره‌‌ هه‌ر لایه‌نێك روو ئه‌كاته‌ هه‌وادارو لایه‌نگیرانی خوێ و، هه‌ندێكیان روو ئه‌كه‌نه‌ سه‌رۆك خێڵه‌كان و بنه‌ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كوردستان و ئه‌نفالچییه‌كان و ، لایه‌نی تریش هه‌یه‌ روو ئه‌كاته‌ ره‌شورووت و هه‌ژارو وچه‌وساوه‌و جوتیارو كریكارانی كوردستان و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و، ئه‌مه‌ش كاكڵه‌ی پرسه‌ كۆمه‌ڵاییه‌ته‌كانه له‌م رمبازێ و زۆرانبازییه‌ی نێوان حزبه‌كان به‌ راشكاوی ده‌رئه‌كه‌وێت .

له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ له‌ مزگه‌وته‌كان له‌ باتی نوێژو ته‌سبیحان و لا ئیلاها بووه‌ته جێی پروپاگه‌نده‌و ركابه‌ری و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ئیسلامی راشكاوانه‌ ئه‌ڵێن ئێمه‌ له‌ رێگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ كار ئه‌كه‌ین و، به‌ هوێ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و به‌ پاڵپشتی ئیخوانچییه‌كانی موسلمین له‌ توركیا وناوچه‌كه‌ بزووتنه‌وه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌كان به‌وه‌ ناسراون كه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌ن بۆ پرسه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كان و كورد واته‌نی ئیخوانچییه‌كان به‌ پاڵپشتی هێزی ده‌ره‌كی سواری سه‌ری خۆیان بوونه‌و بانگه‌شه‌كه‌یان پره‌ له‌ هه‌ره‌شه‌ وفرت و فێڵ و فریودانی به‌شێك له‌ هاوڵاتیێان . ..

لێپرسراوانی هه‌رێم و حكومه‌ته‌كه‌مان له‌ ماوه‌ی هاتن و ته‌مه‌نیاندا نه‌یانتوانیوه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی زانستیانه‌ی قووڵ بۆ کۆمه‌لگای کوردستان بكه‌ن و، به‌ پێی ویست و داخوازی خه‌ڵکی کوردستان به‌رنامه‌و ، سیاسه‌ت و ستراتیژی خۆیان دارێژن و، واز له‌ گه‌نده‌ڵی و پاره‌ دزین بێنن و، دوور بن له‌وه‌ی قسه‌ی خۆش و هه‌نگوینی بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی چاوبه‌ستنی خه‌ڵك و هه‌وڵدان بۆ راكێشانی سۆزی نه‌ته‌وه‌یی بۆ لای خۆیان و، ئه‌وان ئه‌مرۆ باریان له‌ لێژییه‌و سه‌ربه‌ره‌و خواره‌و ، ئه‌گه‌ر فریا خۆیان نه‌كه‌ون و ، كه‌س بۆیان نابێته‌ فریشته‌ی فریادره‌س و رزگاریان بكات.

ئێمه‌ شیوعییه‌كانی كوردستان به‌ لیستی ئازادی (107) وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌شداری ئه‌كه‌ێن و ، متمانه‌مان به رۆڵه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان ودۆستان و هاورێیان هه‌یه‌و ، هه‌ر چۆن له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا رۆڵمان بووه‌و ، هه‌رواش به‌ به‌شداریمان له‌م هه‌ڵپژاردنه‌ بوونی خۆمان وه‌ك حزبێكی جه‌ماوه‌ری ئه‌سه‌لمێنین و، ئێمه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ گه‌ل و دۆستان و هاورێیان ره‌نگ و سه‌نگ و قورسایی خۆمان هه‌یه.‌

ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی ئازادی ژماره‌ (107) ، لیستی حزبی شیوعی كوردستان بۆ

ئازادی، گەشەپێدانی مرۆیی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی ، ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی ئازادی 107 له‌ پێناو كاركردن و تێكۆشان بۆ مافی بریاردانی چاره‌نووس به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆوه‌ ، ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی 107 ئازادی له‌ پێناو بریاردانی دەستورێكی دیموكراسی مەدەنی بۆ كوردستان بە مەبەستی چەسپاندنی سیستمێكی دیموكراسی پەرلەمانی لەسەر بنەمای رێزگرتنی دەوڵەتی قانون و دامەزراوە دەستورییەكان وپاراستنی ئازادییەكان ومافی مروڤ ودابینكردنی مافی نەتەوەكانی كوردستان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون ..

با ده‌نگ بده‌ێن به‌ لیستی ئازادی 107 بۆدابینكردنی هەلی كار بۆ لاوان لە كەرتی گشتی و تایبەت وبریاردانی قانونی كار وقانونی بیمەی كۆمەڵایەتی ، وبایەخدان بە پەرپێدانی كشتوكاڵ ، وهەمواركردنی قانونی وەبەرهێنان ، ودامەزراندنی سیستمی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان .

ده‌نگدان به‌ شیوعییه‌كانی كوردستان و لیسته‌كه‌یان ، لیستی ئازادی 107 ئه‌بێته‌ رێگا بۆ دانان و جیێبه‌جێكردنی پلانێكی ستراتیجی بۆ گەشەپیدانی ژنان وپەرەپێدانی تواناكانیان ورووبەرووبونەوەی هەموو شێوازێكی توندوتیژی كه‌ له‌ دژیان ئه‌كرێت .

ئێمه‌ ده‌نگ ئه‌ده‌ێن به‌ لیستی 107 ی ئازادی، لیستی حزبی شیوعی كوردستان له‌ پێناو ئەنجامدانی چاكسازی ئیداری و دارایی لەسەر بنەمای حوكمرانی باش وپلانسازی بۆ گەشەپێدانی بەردەوام وپاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و سامانی نەوت بە شێوەیەكی روون وشەفاف.

ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی ئازادی 107 بۆ بەشدارپێكردنی هاووڵاتیان ورێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە دارشتنی سیاسەتی گشتی ولە چاككردن بەرەو پێشەوە بردنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان ، بەتایبەتی لەبواری پەروەردەوە وخوێندن و نیشتەجێبوون و ئاوو ئاوەڕۆو كارەبا ومافی خانەنشینان .

ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی ئازادی 107 له‌ پێناو هه‌وڵ و تێكۆشان بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) و ، تێكۆشان له‌ پێناو گه‌راندنه‌وه‌ی كه‌ركوك و خانه‌قین ومه‌خمورو هه‌موو ناوچه‌ دابراوه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق چیتر نه‌توانێت كێشه‌ی ناوچه‌ دابراوه‌كان پشت گۆێ بخات و پێویسته‌ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌و ئه‌و كێشه‌یه‌ یه‌كلا ببێته‌وه ‌.

ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی ئازادی 107 و به‌ ده‌نگێكی دلێر بڵێن چیتر بازرگانی به‌ ناوی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان و پێشمه‌رگه‌ مه‌كه‌ن و، پێویسته‌ هه‌ر هه‌موو رۆڵه‌كانی گه‌ل و به‌رپرسه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر یاسا وه‌ك یه‌ك یه‌كسان بن و، جیاوازی له‌ نێوان كوری هه‌ژارێك و كوری به‌رپرسێك نه‌مێنێت و، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ تێكۆشانی ئێوه‌ی ده‌نگده‌ر دێته‌دی و ئازادانه‌ ده‌نگتان بخه‌نه‌ پاڵ ده‌نگی شیوعییه‌كانی كوردستان و، لیسته‌كه‌یان، لیستی ئازادی 107 وبڵێن ئێمه‌ ده‌نگ به‌ ئێوه‌ ئه‌ده‌ێن.

ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی ئازادی 107 بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی كوردستان بۆ هه‌مووان بێت و له‌ پێناو خۆش گوزه‌رانی بۆ چین و توێژه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌ تایبه‌ت گه‌نجان و، له‌ پێناو ئاشتی، دیموكراتی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی .

ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی حزبی شیوعی كوردستان، لیستی ئازادی 107 له‌ پێناو خزمه‌تگوزاری به‌تایبه‌ت له‌ بواری په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و هه‌وڵدان له‌ پێناو كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی مۆدێرن بۆ زوربه‌ی دیهاته‌كانی كوردستان و، كردنه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌و بوونی پزیشكی پسپۆرو راگرتنی پاك و ته‌میزی و، كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی پزیشك له‌ سه‌رجه‌م (عه‌یاده‌كان) ئاره‌زوومه‌ندانه‌ پاره‌ له‌ نه‌خۆش وه‌رنه‌گرن، به‌ڵكو ئه‌و پرسه‌ی نه‌خۆشه‌كان سنووری بۆ دابنرێت و ، هه‌روا ده‌رمانخانه‌كان (صیدلییه‌كان) ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌رمان نه‌فرۆشن و، پێویسته‌ به‌باشی چاودێری بكرین و ده‌رمانی ئیكسپایر نه‌فرۆشن .

ده‌با هه‌موومان ده‌نگ بده‌ێن به‌ لیستی ئازادی 107 لیستی حزبی شیوعی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی سامانی ولاته‌كه‌مان كوردستان بۆ خۆمان بێت و، داوا بكه‌ێن له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موو تواناكانی خۆی بخاته‌ گه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنێكی مۆدێرانه‌و پاك و خاوێن و، با هه‌مووان سنوقی ده‌نگدان بكه‌ێنه‌ ناوبژیوانی نێوانمان و، ئێمه‌ی شیوعی به‌ڵێن به‌خه‌ڵكی كوردستان ئه‌ده‌ێن كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ له‌سه‌نگه‌ری گه‌ل بین بۆ داكۆكیكردن له‌ خواستی رۆڵه‌كانی ، ده‌با هه‌موومان ده‌نگ بده‌ێن به‌ 107 به‌ لیسی ئازادی ، به‌ لیستی حزبی شیوعی كوردستان .

سه‌ركه‌وتن بۆ لیستی ئازادی 107 ، له‌ بیری مه‌كه‌ن لیستی 107 ی ئازادی . با تێبكۆشین تا سه‌ركه‌وتن .

17/9/2013

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت