بەهرۆز جەعفەر : پرۆسەى ئاشتى لە تورکیاو ڕووداوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
یەکەم : تورکیا دەیەوێ پرسی کورد بەکوێ بگات .؟
لەماوەى (25) ساڵدا ،تورکیا (24) هێرشی کردە سەرخاکى عێراق و گشت سنورە قانونى و نێودەوڵەتیەکانى بەزاند ، بۆ لێدانى پەکەکە ، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و هێرشی زەمینى و ئیحتیواى ئیقلیمى تاقى کردەوە ، خزاندنیە لیستى تیرۆرەوە . ڕێگەى ئیختراقکردنى پەکەکەى لەلایەن پارتە کوردییەکانى باشورى کوردستانەوە گرتە بەر . نەک هەر نەیتوانى بستێک خاکیان لێوەربگرێتەوە . بەڵکو بە پێش چاوى هەموو جیهانەوە ، خاوەنى (17)یەمین ئابوریی جیهانەو لەماوەیەکى قیاسی دا (موعجیزەى ئابوریی) خوڵقاندووەو و (4) هێزى زەمینى و ، (2) مین هێز لەناتۆ و ، خاوەنى باشترین پێگەى جیۆ- ستراتیژیی لە ئاسیاى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتى ناوین ، چۆکى بۆ سەرکردەیەکى کورد لەزیندانێکى ناشایستە ، دادا ، کە ( ئۆجەلان) ە.
دواى (14) ساڵ زیندانى ، پرسیارەکە ئەوەیە ، چارەنوسی ئۆجەلان چی یە لەچوارچێوەى پرۆسەى ئاشتى دا ؟. هەر تاڵەبانى و نێچیرەڤان بارزانى نەبوون، بەنهێنى قەناعەتیان بە ئەردۆغان کرد ، کە “چارەسەر لەئیمراڵیە “. ئەمە هەر دروشمى گەریلاکانى شاخ و پەرلەمانتارەکانى شار نەبوو ، بەڵکو بەدەیان هەزار کەسایەتى و ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتى کورد ، کە ماندەگرن ، بەرامبەر بەئیعازێکى ئۆجەلان دەیشکێنن ، چوار ملیۆن کوردى زمان بڕاو لەسەر شەقام ، بەپێش چاوى گشت جیهانەوە ، پرسیار دەخاتە سەر دیموکراسییەتى تورکیا ، بە لێدوانێکى ئۆجەلان دەچنەوە ماڵەکانى خۆیان ، تائەم چرکەساتە دەیان سەرۆکى شارەوانى کورد لەزیندانەکانى تورکیادان ، گەریلاکان کشاونەتەوە ، (3)جار سەردانى ئیمراڵى کراوە. نزیکەى (2000) گەریلا لەخاکى تورکیا ، وەک یەکەمین مەرجى پرۆسەى ئاشتى لەژێر چاودێرییەکى ئەمنى توندوتۆڵدا کشاونەتەوە . ئاک پارتى هیچ هەنگاوێکى دڵخۆشکەرى نەناوە ، تەنانەت خودى پەکەکەو پەیەدەش هەر لەسەرەتاوە بە گومانەوە لەم پرسە دەڕوانن . لەگەڵ ئەوەى گویلەنییەکان و مەهەپەو جەهەپە و خەڵکە ڕەگەز پەرستەکان . لەڕێگەى ڕاگەیاندن و بارى کرداریشەوە ، دەیانەوێ ئەم پرۆسەیە تێک بچێت . دوو خاڵى گرنگ و نوێ لە پرۆسەکەدا هاتۆتە ئاراوە :
ئەلف : گۆڕانکارییە نێوخۆییەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان ، بەتایبەت دواى هاتنى (جەمیل بایک) وەک یەکەسی یەکەم ، چاوەڕێدەکرێت زۆر شتى دیکە ڕووبدات ، کەسێتى ئەم سیاسییە عەمەلییە ، زۆر حەددییە ، سەدان یاری و پاشقولى سیاسیی و ئەزمونى سەختى بینیووە ، نەک هەر هەڵوێستەکانى بەرامبەر تورکیا ، بەڵکو بەرامبەر پارتى دیموکراتى کوردستانیش توندە .
با ْ : لەماوەى (3) ساڵدا . دەیان کۆبۆنەوەى نهێنى لەنێوان نوێنەرى پەکەکەو میتى تورک و ئۆجەلاندا، کراوە. بۆ ئامادەکاریی پرۆسەى ئاشتى ، بەردەوام ئاک پارتى و ئەردۆغان ، لەگەڵ چارەسەرى گرفتەکە بون بەڵام داواى کاتیان کردوو ە، لەترسی کودەتاى سوپاو ئاژاوەگێریی نێۆخۆیی لەتورکیا. ئێستا بەیاسا پارتى دادو گەشەپێدان (پارتەکەى ئەردۆغان) توانیتى سەرکەوتووبێت لەوەى کارەکانى سوپا دیارى بکات ، لەڕێگەى پەرلەمانەوە ، تا بەهیچ شێوەیەک دەستوەر نەدەنە کاروبارى ناوخۆ وە . وە لەڕووى پلانى ستراتیژیی نوێی تورکیاو ، کتێبە نوێیەکەى “پرۆفیسۆر ئەحمەد داود ئۆغلۆ ” وەزیرى دەرەوەى تورکیا (عمق استراتیجی) لە (650) لاپەڕەدا ، ئەمە باشی ڕوون دەکاتەوە ، ئەم کتێبە (39) جار لەتورکیا لەچاپدراوە ، مەڵبەندەکانى دیراساتى خەلیجى وەریانگێراوەتە عەرەبی ، کراوە بەئینگلیزیی و یۆنانى ، کەچى کورد نییەتى و وەرى نەگێڕاوە !. تیایدا بەڕوونى باس لە عوسمانیەتى نوێ پرۆژەى (نیۆ- عوسمانى) دەکات ، لەمەڕ گۆڕاو و نەگۆڕەکانى سیاسەتى دەرەوەو گەڕِانەوە بۆ هێزى ناوخۆیی دەوڵەت . کە پەکەکە ساڵانێکە( استنزاف ) ووزەى لێ بڕیون ، بەسیفەتى خەباتى پارتیزانى . بۆیە لەم دیدەوە دەکرێت وادابنەین کە حکومەتى ئێستاى تورکیا مەیلى چارەسەرى پرسەکەى هەیە. لەبەر (2) هۆکار :
ئەلف : تورکیا تەنها لەباسوخواسی ئاشتى دا ، بۆ ئەمساڵەکە لە (2) مانگدا (16) ملیار دۆلار قازانجى کردووە. ئەمە شەرحى ناوێت .
با ْ : کورد عەیامێکە لەباکور خەبات و بەرخودان دەکات ، تەنها داواى ” دیموکراسیی ” دەکات ، داواى ئەوە ئەکات ، وەک بەشەرێکى ساڵەح لەسەر ئەو خاکە بژین ، کورد ئەمە بەدەست دەهێنى ، بەڵام ئایا تورکیا و بەرامبەرەکەمان چى دەست دەکەوێت ؟. بەدڵنیاییەوە ، دەبێتە ئیمپراتۆرێکى گەورەى جیهانى وەک بەریتانیا ، وەک فەڕەنسا .
ئەوەى بۆ کورد گرنگە ، سیاسەتکردنە لەم مەعمەعە ئیقلیمى و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتیانەدا، سەیربکە : تادوێنى پژاک شەڕى ئێرانى دەکرد ، ئەمڕۆکە ئێران بەفڕۆکە لەخاکى خۆیەوە دەیانێرێت بۆ سوریا تاشەڕى بەرەى نوسرە بکەن !. سەیربکە قاعیدەو نوسرە چۆن ڕێگەیان بۆ دەکرێتەوە ، لەناو خاکى تورکیاوە بچنە شەڕ بۆدژى پەیەدەو ئەسەد .!. کوردیش لەبرى یەکڕیزیی و پەیوەندیی ستراتیژیی هەمەلایەنە لەگەڵ پارچەکانى تر،کەچى کەوتونەتە وێزەى یەکدى ، سەیربکە : چۆن یەکێتى و پارتى باشورى کوردستانیان پارچە پارچە کردووە،پارچەى سلێمانى و پارچەى هەولێر . لەبەرئەوەى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان خاکى کوردستان بوو ، وە هەڵبژاردنەکە بۆ ئەنجومەنى پارێزگاکان نەبوو ، دەبوایە خەڵکى ئەو ناوچانە بەشدارى دەنگدانیان بکردایە ، بەشدارى نەکردنیان بەڵگەیە لەسەر فەرامۆشکردنیان . ئێستا پارچەى ناوچە دابڕاوەکانیشیان بۆ کوردستان زیاد کردووە .
دووەم : پارتى دیموکراتى کوردستان ئەیەوێ پەیەدە فێرى دیموکراسیی بکات !.
هەندێک لەکەناڵە ئەهلیەکانى کوردستان و تەنانەت ئۆپۆزسیۆن لەباشورى کوردستان ، چوونەتە وەهمێکەوە ، بە پەیەدە دەڵێن : تاکڕەو ..پارتیش دەڵێت: ئەوە دیموکراسیی نییەو تاکڕەوییە و پەیەدە حزبی حاکمەو یارمەتى لەدەرەوە وەردەگرێت و… هتد .
گوایە،پارتى لەپەیەدە دیموکراسیی ترە، لەوان ناسیۆنالیسترە،جارێ کەس نازانێت ئایدۆلۆژیاى پارتى لەباشورى کوردستان پشت بە چ قوتابخانەیەک دەبەستێت ،ئیسلامى ؟ لیبراڵى ؟ سوشیال –دیموکرات ؟ شیوعى ؟..پارتى چى یە ؟.
ئێستا،هێزێکى ڕێکخراو و بەباوەڕ لە ڕۆژئاواى کوردستان هەیە،چ پێویست دەکات پارتى هێز بنێرێت بۆ ڕۆژئاوا، ئەگەر مەسەلەکە شەڕى ناوخۆیى کورد بەکورد نییە، لە خاکى کوردان .ئەگەر بۆگواستنەوەى ڤایرۆسەکە نییە بۆ ئەوى ؟.پارتى (22) ساڵە ڕێگەى بە چ پارتێکى کوردیی داوە لە هەولێرو بادینان چالاکى بکات ؟.کێ فێرى دیموکراسیی ئەکات .
لەگەڵ ئەوەى یەکێتى و پارتى،دەروازەو مەنفەسێک بونە بۆ پەکەکە بۆ هاتوچۆ و بۆ چارەسەرکردن و زۆرشتى تر.بەڵام لێدوانە توندەکانى “جەمیل بایک” لەمدواییە بابەتێکى سەرپێیی نەبو دژى پارتى ،بۆیە لەئائندەیەکدا ئەم گرفتەى نێوان پەکەکەو پارتى زەقتر دەبێتەوە لەسەر کۆنگرەى نەتەوەیی، چونکە پەکەکە،یەکێتى نییە پاشکۆیەتى قبوڵ بکات،پەکەکە خوازیارە سەرۆکایەتى کۆنگرە،دەورى بێت وەک یەکێتى ئەوروپا،پارتیش خوازیارە وەک جامیعەى عەرەبی بۆ (4) ساڵ جارێک بێت .
سێهەم : ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئارامى نابینێت .
ئەمریکا دیموکراسییەتى خۆى گەیاندە ژاپۆن،گەیاندى بە ئیتاڵیاو ئەڵمانیا .بەڵام لە شەرقدا ئەمە ناکات .؟.تیۆرەکەى ” فواد عەجمى” لێکۆڵەرى بەڕەگەز لوبنانى،لەشەستەکانەوە لەئەمریکا دەژى،قەناعەتى بە “بۆشى کوڕ” کرد.لەڕێگەى هێزەوە،دیموکراسییەت دەچەسپێ،بەڵام ئەم تیۆرە هەرەسی هێنا لەئەمریکا، (80%) ئەمریکاییەکان پێیانوایە شەڕبۆ داگیرکردنى عێراق هەڵە بوو .!.ئێمە خۆمان بەوەوە خەریک ناکەین،دەتوانن دیموکراسیی و مافى مرۆڤ بچەسپێنن یان نا.چونکە هەم توێژینەوەى قووڵى گەرەکە،هەمیش ئەوان خۆیان شەرقیان لەدواى جەنگى جیهانى یەکەمەوە دروستکردۆتەوە،باشترى لێ دەزانن .
ئێستا، لەمیسر شەڕە،تورکیاش خۆى بەخاوەن و تەرەف دەزانێت، لەسوریا شەڕەو (ئەمریکاو ڕووسیا لەڕێککەوتنى ژێر بەژێردان) وە ئەمریکا دەیەوێ لەئەسەد بدات،بەڵام لەخاڵێکدا کەمێک لاوازترى کردبێت .
لەلوبنان ، دابەشبونى تەرابلوس و بەیروت و نەمان و کشانى سنورى دەوڵەت بەئاشکرا دەبینیرێت و شەڕە، لەیەمەن قەتماغەى گرتووەو نەگرتووە، لەبەحرەین بەحرێک کێشە هەیە، قەتەر ئەیەوێ هەیمەنەى خۆى لەناوچەکەدا زیاد بکات،سعوددیە بەکۆڵێک گرفتى ناوخۆیی و (10) ملیۆن کەسی برسییەوە،هاوکارى ئەم و ئەو ئەکات بۆ جەنگ .لەعێراق هەموو شتێک پارێزراوە،کەرامەتى مرۆڤ نەبێت .لەئێران وێڕاى ستراتیژێکى ئابوریی خۆڕاگرانە،نائارامییەکى تەواو گڕووى پێگرتون .
توبڵیی ئارامى کوردستان بۆچى بگەڕێتەوە ؟ هیچ کاتێک بەرپرسە کوردەکانى یەکێتى و پارتى هۆکارى ئەم ئاسایشە نەبون،بەڵکو ئەوان هەڕەشە گەورەکەن لەسەر ئاسایشى تاک و کۆى هەرێمى باشورى کوردستان،لەواقیعدا ئەوە قاعیدەو میت و ئیتڵاعات و مۆساد و سی ئاى ئەى و حکومەتى مەرکەزیی عێراقن، حەز بە تێک نەچون و ئیسقرارى ئەم (3) پارێزگایە دەکەن، چونکە ئەوان لێرەوە پلانەکانى خۆیان ڕەنگ ڕێژ دەکەن و ئینتڵاق دەکەن بۆ ناوچەکانى تر .لێرە باشتریان بۆ نالوێ .هەر لەم پاڵەشەوە چاودێریی کۆنگرەى نەتەوەیی کورد و پرۆسەى ئاشتى لەتورکیا دەکەن ،ڕەنگە چاودێریشى نەوێ ،تۆ بڵێی لە (650) ئەندامى کۆنگرەى نەتەوەیی،پیاوێکى باشی بۆ بێگانە تیا نەبێت !.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts