شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا : ئایین له چنگی ئیسلامی سیاسی‌دا پارێزراو ده‌بێت یاخود به‌كارده‌هێنرێت ؟
ئایین هه‌میشه له لایه‌ن ئیسلامی سیاسییه‌وه وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك یاخود ماده‌یه‌كی خاو وایه كاره‌كته‌ره كۆنه‌په‌رست و گۆشكراو به فیكری سیاسی بۆ مه‌رامی كه‌سێتی له كارگه‌ی فیكری حیزبی خۆیاندا به كاری ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كالایه‌كی بازرگانی بیخه‌نه ناو بازاڕی ئه‌جێندا بۆرژوازییهكانیان و دواتریش وه‌ك مشه‌خۆرئاسا له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئایین لانه جێدهكهن و گه‌رای تر ده‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك په‌تایه‌ك به نێو جومگه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانییهكانی كۆمه‌ڵگه‌دا بڵاو ببنه‌وه، ئه‌وكات ئایین به ته‌واوی ده‌كه‌وێته خزمه‌ت كاره‌كته‌ره كۆنه‌په‌رست و مشه‌خۆره ئیسلامییه‌كان.
ئایینی ئیسلام له مێژووی خۆیدا ، هه‌میشه له لایه‌ن گروپ و ته‌یاری سیاسی و كه‌سییه‌وه ، وه‌ك پیشه‌یه‌ك بووه راسته‌وخۆ سوودی بۆ چینێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵگه موسڵمانه‌كان هه‌بووه و له ناو هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه‌ی تری موسڵمانیشدا له‌بری سوود ، زیانی هه‌بووه له زۆر بواری جیاوازدا .
كورد هه‌میشه قوربانی هه‌ستی ئایینی بووه‌و بۆیه‌ش نه‌بۆته خاوه‌نی كیانی سیاسی خۆی هاوشانی تورك و فارس و عه‌ره‌به‌كان ، ئه‌وه‌ی تورك و فارس و به تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كان له‌و كه‌ره‌سته خاوه‌دا كه مه‌به‌ست ئایینی ئیسلامه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت زۆر جیاوازه له‌وه‌ی كورد ده‌ستی كه‌وتووه ، تورك و فارس و عه‌ره‌ب به هۆی ئایینه‌وه بوونه‌ته خاوه‌ن كیان و هێز له ناوچه‌كه‌دا ، كه‌چی كورد به هۆی نه‌شاره‌زایی و پاشكۆێتی به‌شێكی یه‌كجار زۆر له‌وانه‌ی گۆشكراون به هه‌ستی ئایینییه‌وه زیانمه‌ندی یه‌كه‌م بووه‌و ته‌نیا نوێژی و به‌رۆژوو بوونی چنگ كه‌وتووه! كوردستان قه‌یرانی نه‌خۆشخانه و باخچه‌ی ساوایان و رێگه‌وبان و قوتابخانه‌و زۆر شتی تری له‌و جۆره‌ی هه‌یه كه‌وا راسته‌وخۆ ئه‌مانه به‌شداری ده‌كه‌ن له بونیادنانی شارستانێتی كوردستان ، كه‌چی زۆرترین پاره‌و ئابووری كوردستانییه‌كان له مزگه‌وت و سه‌ردانی حه‌ج و عومه‌ره‌دا سه‌رف ده‌كرێت و هه‌میشه‌ش وه‌ك میلله‌تێكی بێدیین له لایه‌ن برا موسڵمانهكانیانهوه ده‌ستی تۆمه‌تی بۆ درێژ ده‌كرێت و به سوود وه‌رگرتن له تێكسته ئایینییه‌كان و به هۆی ململانێی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ئه‌نفال ده‌كرێت و دووچاری هه‌ڵه‌بجه ده‌بیت و پیاوه ئایینییه‌كانی كه راسته‌وخۆ پاشكۆی ئایینی عه‌ره‌بن فزه‌یان لێوه‌نایه‌ت و له ئاست ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌و تاوانكارییهدا بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی ئایینی پشێوی تێنه‌كه‌وێت نایه‌نه ده‌نگ ، ئاخر شوره‌ییه له ئێستاكه‌دا ئیسلامییه‌كانی باشوری كوردستان ، پشتیان له هه‌ستی كوردبوونیان كردووه‌و هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی فیكری كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئایینی به گوێی نه‌وه‌ی نوێی نائاشنا به‌و مێژووه‌دا ده‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت زۆرترین پاره له میدیاكانیان سه‌رف ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی فیكری كۆنه‌په‌رستی و فێنده‌مێنتالیستی ئیسلامیانه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی گۆشكراو و مێشك شۆردراو به ته‌پوتۆزی ئه‌سپی هێرشبه‌ری موسڵمانه‌كان بخزێننه ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانییه‌وه تا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه سیاسییه‌دا بگرن كه به‌هۆی خه‌بات و قوربانیدانی رۆڵه‌كانی هاتۆته‌دی .
له كاتێكدا كوردانی رۆژئاوا هاوشێوه‌ی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه به‌ده‌ست برا ئیسلامییهكانیانهوه ده‌كوژران ، كه‌چی ئیسلامییه‌كانی كوردستان خه‌ریكی هاشوهوشی میدیایی بوون بۆ مورسی و حكومه‌ته كۆنه‌په‌رست و شكستخواردووه‌كه‌ی ئیخوانه‌كان ، به‌م كاره‌یشیان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا په‌له‌یه‌كی ڕه‌شیان له ته‌وێلی كورددا و له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌یامی ئه‌وه‌ی گه‌یاند كه كورده‌كان هێشتاكه هوشیاری سیاسی‌یان له ئاستێكی نزمدایه ، ئه‌گینا چۆن له ئاست كوشتاری میلله‌ته‌كه‌ی خۆیاندا بێده‌نگن و له‌ولاتریشه‌وه له پێناوی مورسیدا هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر عه‌لمانییه‌كانی كوردستان ، ئاخر ئه‌گه‌ر عه‌لمانییه‌كانی كوردستان تا بینه‌قاقایان غه‌رقی گه‌نده‌لی پاره‌ش بووبێتن ، هێشتاكه له باشیدا به ئیسلامی سیاسی‌دا به‌راورد ناكرێن و ئه‌مه‌ش داكۆكی نییه له گه‌نده‌ڵی ، به‌ڵكو هه‌ڵبژاردنی ڕه‌وتێكی باشتره كه ئومێدی سبهیهكی باشتریان لێ چاوه‌ڕی ده‌كرێت و به پێچه‌وانه‌وه سبهیهكی كۆنه‌په‌رستانه له كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی وه‌ك سێ حیزبی خاوه‌ن ئایدۆلۆژی دواكه‌وتوو چاوه‌ڕی ده‌كرێت كه چه‌كوشی چه‌وسانه‌وه‌و دواكه‌وتوویی له جه‌سته‌ی تاكی جیاواز له فیكری ئه‌واندا بده‌ن .
شوره‌ییه رۆژانه لاشه‌ی ئیسنانی موسڵمان له‌سه‌ر شه‌قام و ناو مزگه‌وت و ماڵه‌كاندا كه‌وتوون و كه‌چی ئیسلامییه‌كانی كوردستان بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به گوێی تاكی ساده‌ی كورددا ده‌ده‌ن ، ئاخر بۆ منێكی عه‌لمانی كاره‌ساته له‌سه‌ر فیكری جیاواز ئینسان بكوژرێت جا ئه‌و فیكره هه‌ر فیكرێك بێت ، به‌لای عهلمانییهكی راسته‌قینه چ عه‌ره‌بێكی موسڵمان و چ توركێكی موسڵمان و چ كوردێكی ئێزیدی و موسڵمان و چ تاكێكی ئه‌وروپی مه‌سیحی بكوژرێت هه‌مان فۆڕمی هه‌یه ئه‌ویش كوشتنی ئینسانه ، به‌ڵام ئیسلامییه‌كان شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن حیزبوڵڵا تاكێكی ئیسرائیلی یان ئه‌مریكی بكوژێت گوایه داكۆكی له ئایین ده‌كات و وه‌ك جیهاد سه‌یری ده‌كات و پیرۆزی ده‌كات ، ئاخر ئه‌گه‌ر جیهاد بووه هۆی كوشتنی ئینسان پیرۆزییه‌كه‌ی له كوێدایه !
ئیسلامییه‌كانی كوردستان وه‌ك هه‌ڵگری هه‌مان شێوه له فۆڕمی ئیسلامییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی به تایبه‌ت ئیخوان موسلمینی دایك، هه‌موو هه‌وڵێكیان گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بگه‌ڕیننه‌وه هه‌مان دۆخی سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی ئیسلامی ، ئاخر خه‌لافه‌ت له دوای خۆیدا له كولتووری كوشتن و دروستكردنی مه‌زهه‌ب و ململانێی خوێناوی نێوان موسڵمانه‌كان چیتری به‌جێهێشت ، به‌مه‌ش ده‌كرێت بگوترێت ئه‌و كوشتاره‌ی ئێستاكه له وڵاتانی ئیسلامی‌دا ده‌گوزه‌رێت درێژكراوه‌ی كولتووری توندڕۆیانه‌ی خه‌لافه‌ته ، كێ هه‌یه نه‌زانێت كه عوسمان كوڕی عه‌ففان و خه‌لیفه عه‌لی و حه‌سه‌ن و حوسێن ، تیرۆركراوی ویستی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتن كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی كرده تیرۆرییه‌كان به‌شێك له موسڵمانه‌كانن كه پێیانوایه ته‌نیا كوشتن و توندوتیژی ده‌یانگه‌یه‌نێت به مه‌رامی سیاسی خۆیان، ئاخر وتاری مه‌لایه‌كی كوردستان كه هانی خه‌ڵكی ده‌دات دژی ئازادی و دیموكراسیخوازان بێنه‌ده‌نگ چی كه‌متره له كوشتن ، ئه‌گه‌ر تێزابكردن به جه‌سته‌ی ژنان لای ئیسلامییه‌كان ره‌وایه‌تی هه‌یه ئه‌وه هه‌وڵیكی ئاشكرای ئیسلامییه‌كانه بۆ تیرۆركردنی ئه‌وانه‌ی وه‌ك خۆیان بیر ناكه‌نه‌وه .
له‌ئێستاكه‌دا كه واده‌ی پروپاگهندهكانه و رۆژ دوای رۆژ له هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بینه‌وه ، ئیسلامییه‌كان به هه‌زاران پۆسته‌ری كاندیده‌كانیان به دروشمی ئیسلامی رازاندۆته‌وه‌و به نێو كۆمه‌ڵگه‌دا په‌خش كردووه، ئه‌مه‌ش واتای راسته‌وخۆی به‌كارهێنانی ئایین ده‌گه‌یه‌نێت بۆ پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن، ئاخر له‌سه‌ر به‌شێكی زۆر له پۆسته‌ر و ئاڵاكانیان ئایه‌تی قورئانی ده‌بینرێت و پاشانیش له‌سه‌ر شۆسته‌و گه‌ڕه‌كه‌كاندا هه‌ڵده‌واسرێن و دواتریش به‌هۆی كۆن بوون و با و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و مونافه‌سه‌ی حیزبییه‌وه ئه‌و پۆسته‌رانه ده‌دڕێن و ده‌كه‌ونه ژێر پێی ئینسانه‌كانه‌وه، ره‌نگیشه به‌شێك له كرده‌ی دڕاندنهكان خۆیان پێی هه‌ڵسن بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی بده‌ن به‌و ره‌خنانه‌ی به‌رده‌وام ئاماده‌یان كردووه دژ به عه‌لمانییه‌كان و ده‌سه‌ڵات به مه‌به‌ستی زیادكردنی كێرفی جه‌ماوه‌ریان له به ئامرازكردنی ئاییندا، ئاخر به‌پێی ئه‌و هاشوهوشه‌ی ئه‌وان بێت گوایه داكۆكی له ئایینی ئیسلام ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش كوفره، چونكه تۆی ئیسلامی سیاسی هۆكاری له‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌تانه بدڕێن و بكه‌ونه ژێر پێی خه‌ڵكه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕه‌وایه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، كه‌واته پێویسته بگوترێت ئه‌و فه‌وزایه‌ی له‌سه‌ر گۆڤاری چرپه دروستیان كرد بۆچی ناڕه‌وا نه‌بێت! واته بۆ خۆیان ئاساییه ئه‌گه‌ر ئایه‌ته‌كان له پێناوی كورسی و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیان‌دا بدڕێنرێن، كه‌چی بۆ خه‌ڵكی ناره‌وایه ره‌خنه یاخود سه‌رنجی له‌سه‌ر ئایین هه‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش روویدا ئه‌وا بكه‌ری ره‌خنه‌گر ده‌خرێته بازنه‌ی سوكایهتیكهر به ئایینه‌وه‌و به‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی له دژ هانده‌ده‌ن و بۆی هه‌یه له‌و چركه‌ساته‌دا به‌هۆی هاندانی ئه‌وانه‌وه تیرۆر بكرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له مه‌ترسی ئیسلامییه‌كان پارێزراوبێت، پێویسته ده‌نگده‌ری كورد زۆر هوشیارانه ده‌نگ بدات و به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه نه‌ده‌ن ده‌نگیان ببێته هۆی خوڵقاندنی ژینگه‌یه‌كی كونهپهرستانه كه ئیسلامییه‌كان دروستكه‌ری بن. واته ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ری كورد ده‌نگی به ئیسلامییه‌كاندا به‌مه‌ش ده‌بێته هاوبه‌ش له خوڵقاندنی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی به هۆی هاتنه ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه‌كانه‌وه دووچاری كۆمه‌ڵگه ده‌بێته‌وه، ره‌نگه ئه‌و بۆچوونه به ئه‌نتی دیموكراسی له قه‌ڵه‌م بدرێت، به‌ڵام من چی له دیموكراسی هه‌ڵبژاردن بكه‌م كه كۆمه‌ڵگه به‌هۆیه‌وه كه‌وته نێو گۆماوی كۆنهپهرستییهوه، چونكه ئیسلامییه‌كان هه‌میشه ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌دا وا له خه‌ڵكی ساده بگه‌یه‌نن كه ئه‌وان واته ئیسلامی سیاسی پارێزه‌ری ئایینن و ته‌نیا ئه‌وانن داكۆكی له ئایین ده‌كه‌ن، كه‌چی پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌و ئایین له چنگی ئه‌واندا دووچاری ره‌خنه‌ی زیاتر ده‌بێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی بن لادن له ئه‌فغانستان و نه‌ژاد له ئێران كردیان، ئایین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویستی به پاسه‌وان نییه، هاوكات له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌زۆر خۆیان كردووه به پاسه‌وانی بۆ مه‌رامی تایبه‌تی به‌كارده‌هێنرێت و ته‌نیا مه‌به‌ست دروستكه‌ری مشه‌خۆی ئیسلامی سیاسییه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئایین .
ئیسلامی سیاسی گروپگه‌لی ته‌قلیدی و لاساییكه‌ره‌وه‌ن گه‌شه‌سه‌ندنی خۆیان له‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه كۆمه‌ڵگه هوشیاری مه‌ده‌نی له ئاستێكی لاوازدا بێت، چونكه ئه‌گه‌ر هوشیاری تاكه‌كان له ئاستێكی به‌رزدابوو ئه‌وكات ده‌كه‌ونه ژێر پرسیاری جیدییه‌وه و چانسی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، بۆیه‌ش كار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بۆ سه‌رده‌می سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئایین ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌وكات فیكری ئینسانه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای خیڵه‌كی و كۆنهپهرستانهدابوون و له‌بری دیالۆگ په‌نایان بۆ هه‌ڕه‌شه‌و كوشتاری قێزه‌وه‌ن بردووه. ده‌ركه‌وته‌كانی ئیسلامی سیاسیش له شێوه‌ی فۆڕمه توندڕۆكهدا جیهانی دووچاری مه‌ترسی كردۆته‌وه به‌وپێی دژه ئازادی و مه‌ده‌نی و ژیانی ئاسایین و هه‌میشه وه‌ك بۆمب وان هاكه له پڕێكدا به جه‌سته‌ی شارستانێی دونیادا ته‌قینه‌وه، وه‌ك چۆن بن لادن بووه هه‌ڕه‌شه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكییه‌كان و ئیسرائیلییه‌كان، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه له هاندانی شه‌قامی موسڵمانان دژ به مه‌سیحی و جوله‌كه‌كان، ئیسلامییه‌كانی كوردستانیش له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێن ئیسرائیل ده‌ڵێن جوله‌كه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی هاندانی تاكی كورده دژ به جوله‌كه‌و ئه‌مریكییه‌كان تاكو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت ئه‌مریكییه‌كان له‌ده‌ست بدات و به‌مه‌ش كوردستان بكه‌وێته‌وه ژێر چنگی داگیركه‌ره موسڵمانه‌كان .