عیماد عەلی : چۆن دەنگت بەفیرۆ نادەیت ؟
ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان لە ساتەوەختێکدایە کە لە رووی سیاسیەوە بە پردی پەرینەوەی نێوان قۆناغی دروستبون و کارایی ئۆپۆزسیۆن و بەرجەستەکردنی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و راستگۆیی لایەنەکانی کوردستان ، بەتیابەتی دەسەڵات، دادەنرێت .
لە کاتی دەرکەوتنی هەر دەرئەنجامێک ، بە رادەیەکی باش،پێشبینی دەکرێت نەخشەی سیاسی بە جۆرێک بگۆرێت کە کاریگەری لەسەر سەرجەم بوارەکان هەبێت و قسە و کرداری هەموو لایەک لەسەر ئەرزی واقیع لەیەک جیابکاتەوە و ئاستی باوەربونی لایەنەکان بە ئازادی و دیموکراسی و پێویستی باوەربون بە بنەما سەرەکیەکانی دابینکردنی خوشگوزەرانی خەڵک و مافەکانیان، دەردەکەوێت .
بۆیە دەنگدان بۆ میلەت و دوارۆژەکەی گرنگیەکی لەرادەبەدەری دەبێت و تەنانەت تاکە دەنگێک جێگای خۆی دەگرێت ، هەر بۆیە پێویستە دڵسۆزانی خەڵک و نیشتمان بە لێشاو بەرەو دەنگدان برۆن .
دەکرێت بڵێیندەنگدان زۆر پێویستە لەبەر:
یەکەم : رێژەی دەنگدان بەری راست و دروستی چەواشە و بەرژەوەندخوازی جیادەکاتەوە و زۆرینەی خەڵک هەمیشە لەگەڵ حەقدا دەبێت و چەند فرتوفێڵ بکرێت،ئەگەر دەنگدان زۆر بێت ، بەهیچ لایەنێک ناتوانرێت راستیەکان بشاردرێَتەوە .
دووەم : بۆ بنیاتنان و بەرجەستەکردنی بنەمای دەستاودەستکردنی دەسەڵات ودەرخستنی رووی راستەقینەی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی ئەمرۆ و زامنکردنی ژیانی دیموکراسی و لە چاڵکردنی هەر بیرو نیازێک هەبووبێت بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی تاکەکەسی و بنەماڵەیی و ئەڵقەی تەسکی حزبی، رێژەی بەرزی دەنگدان رۆڵی کارای خۆی دەبێت .
لێرەشەوە دەکرێت بڵێین، لەم دەنگدانەدا، زۆر پێویستە سەرجەم خەڵکی کوردستان لە وردەکاریەکانیی ئاگادار بێت و ئەوەی پەیوەندی را ستەوخۆی بەخۆیەوە هەیە بۆ روون بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئاگای لەدەنگی خۆی بێت و وریای ئەوە بێت کە دەنگی بە هیچ شێوەیەک بە فیرۆ نەروات . ئەو ئامانجەش بەم شێوەیە جێبەجێ دەکرێت :
یەکەم : زۆر پێویستە هەموو لایەک بە هەر شێوەیەک بێت کەمتەرخەمی نەکات لە مسۆگەری و بەئازادی دەنگدانی خۆی .
دووەم : ئەگەر هەر تاکێک بیر لە چۆنێتی سەقامگیری کوردستان و بەرجەستەکردنی دیموراسی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر باوەری بە ئۆپۆزسیۆن و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش نەبێت، لە پێناو دەرخستنی راستیەکان و ئیدعای لایەنەکان وباوەربونیان بە دیموکراسی و جێگۆرکێی دەسەڵات ،دەبێت ریگەیەکی واقعی وا هەڵبژێرن کە بەتایبەتی دەسەڵات تاقی بکاتەوە لە سەرکەوتنی ئەم ئامانجە پیرۆزە و، ئەویش دەسەڵات گۆرینەوە یە بە ئۆپۆزسیۆن لە رێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە ، بۆیە پێویستە لەم خولەدا دەنگ بەلایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بدات .
سێیەم : زەرەری دەنگنەدان بە چەندین جار بۆ خودی ئەو تاکە دەگەرێتەوە کە دەنگی نەداوە و تەنها لایەنی دەسەڵات قازنجی لێدەکات لە بردنەوە و شاردنەوەی سەلبیاتەکان و هێشتنەوەی دەسەڵات لای خۆی بەهەر شێوەیەک بێت .
چوارەم : هەموو تاکێک دەتوانێت بە بەشداریکردنی رێگە لە ساختەکاری و تەزویری هیچ نەبێت دەنگەکەی خۆی بگرێت .
پێویستە ئەوەش بڵێین کە هەموومان دەبێت باش بزانین بەفیرۆنەدانی دەنگەکانمان بەتایبەتی لەم خولەدا ئەرکێکی نیشتمانی گەورە یە جگە لەوەی مافێکی راست و رەوای خۆمانە لە دەربرینی بیرورا و بۆچونمان و لەهەڵسەنگاندنی چوار ساڵی حوکمی دەسەڵات و دیاریکردنی دوارۆژی میلەت و،دەبێت لەدەستی نەدەین .