بەهرۆز جەعفەر : پرۆژەیەکى گرنگ بۆ خێرا چاکبونەوەى یەکێتى پێشکەش دەکات.
نوسەرو چالاکى سیاسى ” بەهرۆز جەعفەر” پرۆژەیەک بۆ چاکبونەوەى (ى،ن،ک) دەخاتە بەردەم کادرو جەماوەرى یەکێتى . کە لە (5) قۆناغ پێک دێت ، یەکەمین قۆناغ بەدەستلەکارکێشانەوەى بێ قەیدو شەرتى ژمارەیەک مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی یەکێتى دەست پێدەکاو ، نوسەر ساڵانێکە کەسێکى ناڕازیی و ڕەخنەگرە و ، داوادەکات یەکێتى ببێت بەئۆپۆزسیۆن مێژوویەکى گەورە بۆخۆى تۆمار ئەکا ، چونکە دەنگە ناڕازییەکان بێدەرەتان ماونەتەوە .
دەقى پرۆژەکە :
” پرۆژەیەکى خێرا بۆ چاکبونەوەى یەکێتى “.
بۆئەوەى حزبێکى سیاسیی مۆدێرن ، بخەیتە گەڕ ، چوار کەرەستەى گەورەت پێویستە :
یەکەم: سەرکردایەتیەکى ژیر ، کەدەست و پەنجەى نەرم کردبێت لەگەڵ کۆمەڵگە و ڕووداوە خێراکانى جیهان .
دووەم : پەیوەندییە گشتى یەکان (علاقات عامە) . ئەو ئامرازانەى کە پێویستن بۆ ئەوەى بەرنامەو دەنگى حزبێک بگەیەننە جەماوەر،وەک : میدیایەکى پرۆ -فیشناڵ . تەکتیک و هونەرى گەیشتن بە خەڵک .
سێهەم : ئایدۆلۆژیایەکى دیاریکراو ، یاخود بیرێکى نەتەوەیی مۆدێرن ، ئەرکى ئایدۆلۆژیا ئەوەیە : وەک باکگراوەندێک هەڵدەسێت بە : دیاریکردنى ڕەفتارى سیاسیی هەر سیستەمێکى حوکم یان حزبێکى سیاسیی ، هەندێک لەشارەزایانى بوارى حزبى سیاسیی ، ئاماژە بەوەدەکەن ، ئەم سەردەمە ، سەردەمى شکستى ئایدۆلۆژیاو دیدگاکانە ، ئەگەر حزبێک ئایدۆلۆژیای هەبو ، ناتوانێت ببێتە حزبى دەنگدەرو هەموو جەماوەر . بەڵام دواجار حزبی بێ دیدو بۆچون ، حزبێکى بێ بەرنامەیەو تەنها ئاواتیەتى بگاتە دەسەڵات ، وەک بزوتنەوەى گۆڕان کە نەیتوانى بڵێت : ئێمە هێزێکى ناسیۆنالیزمین .. لیبراڵیزمین.. سۆشیالیزمین … ئیسلامین ؟. عیلمانین ..؟.
چوارەم: هێزى ماددیی .. چەندین ڕێگەى مەشروع هەن: وەک بودجەى حکومەت بە پێی ڕێژەى کورسیی .. کارگەو کارخانەو کۆمپانیاکان ، کەئاساییە ئیش بۆ حزب بکەن . بەشدارى و پشکە ئابورییەکانى تر . بەو مەرجەى حزب پشت بەسەرمایەدار ببەستێت ، نەک بەرپرسە حزبیەکان لەپشت سەرمایەدارەکانەوە بن…
لەماوەى دە ساڵى ڕابردوودا ، عێراق و ناوچەکە ، دەیان بومەلەرزەى گەورەى بەخۆیەوە دی . گۆڕانى کۆمەڵایەتى و ئابوریی و سیاسیی و کلتوریی ڕویاندا ، کەچى یەکێتى نەیتوانى سانتیمەترێک بارودۆخى ناوخۆیی خۆى بەرەو پێش ببات. لەو ماوەیەدا ، دەرکەوت یەکێتى بیرى سوننەتى دانیشتن لەبەغدا و قسەوباس لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانى پێ خۆشترە و پێکهێنانى دەوڵەتى مۆدێرنى نەتەوەیی کوردستان بەخەونى شاعیرانە دەزانێت !. هەروەک لە درێژەى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانیشدا لە هەرێمى کوردستان ، ئەم پیشە خێڵەکییەمان لەم هێزە سۆشیال – دیموکراتە بەدیکرد ، وەک تەخشان و پەخشانکردنى پارەو ئەرزەو دەمانچەو… هتد.
وەک کەسێک ، کە لەماوەى (5) ساڵدا.(140) وتارى ڕەخنەییمان ، لەسەر ئەم حزبە هەبووە ، بێجگە لەپرۆژەو ئەزمون لەگەڵ ئەم گرفتانەى یەکێتى ، هەموو ئامرازەکانى میدیا ئەرشیفیان هەیەو ، گەواهى ئەوەدەدەن ، ئەم قسانەى ئێستا سەبارەت بە شکستى یەکێتى دەوترێت : ئێمە چوار ساڵ و پێنج ساڵ پێش ئێستا لێیی دواوین ، وە بە پرۆژە داومانە بەتاڵەبانى . ئێستا جارێکى تر،بەباشم زانى ، پرۆژەیەکى خێرا بۆ ئەم بارودۆخەى یەکێتى بخەمە ڕوو ، بەپلەى ئیمتیاز ڕووبەرووى کادیرە پێشکەوتووەکانى یەکێتى و جەماوەرەکەى بکەمەوە ، ئەوسا لە بەردەم ڕاى گشتى دا تەتەڵە بکرێت ، پرۆژەکە خوێ لە (3) قۆناغى سەرەکی دا ، دەبینێتەوە :
قۆناغى یەکەم :
دەستلەکار کێشانەوەى بێ قەیدو شەرت و بەکۆمەڵى ئەم کەسانەى لەخوارەوە ناویان هاتووە ،ئێمە لەم نوسین و پرۆژەیەدا،باس لەهۆکارو پێوەر بۆ دەستلەکار کێشانەوەیان ناکەین،بگرە تەنهاش نایبەستینەوە بەم دۆڕانەى یەکێتى لە هەڵبژاردنى (21/9/2013) بینیمان .بەڵکو لە (31) ئابەوە، دەیان هەڵەى سیاسیی گەورەتریان کردووە سەربارى تەکەتول و باڵباڵێنەى نێوانیان ، بیجگەلەوەى ئەگەر بەردەوام بن و بمێننەوە، لەئایندەیەکدا دەکەونە تەسفیەى یەکترو دەبنە ترسێکى گەورە لەسەر کۆمەڵگەى کوردیی .
کەسەکان بریتین :
1- کۆسرەت ڕەسوڵ و کوڕەکانى .
2- مەلا بەختیار.
3- هەموو بەرپرسە ئەمنیەکانى یەکێتى بەتایبەتى خەسرەو گوڵ محەمەد کە موحەڕکى باڵى گشتى یەکێتى بووەو سەربەخۆیان زۆر کارى هەڵەى کردووە.،بێجگە لە دژە تیرۆر کە بەم دەست و بردە هەرکەسێکى تر دابنرێت نەشارەزایەو ،هەر ئەمەى ئێستا تەحەکومى پێوە دەکات..
4- ئەرسەلان بایز.
5-سەعدى ئەحمەد پیرە .
6- مەحمود سەنگاویی..
7- بایز تاڵەبانى…
8- دلێرى سەى مەجیدو سالارى جێگرى..
9- عومەر فەتاح و عەلى براى لە کۆمپانیاى نۆکان .
10- عیماد ئەحمەد.
11- عەتا سەراوى
12- شێخ جەماڵى مەڵبەندى سلێمانى.
13- دەستکاریکردنى ئەو تۆِرو بەرژوەندییە مافیاییانەى کە ئەم بەرپرسانە لەکەرکوک و دەوروبەرى دروستیان کردووە، بەزائیدى پرۆژەکانى نۆکان و قەیوان و سەردارو شوێنە هەستیارەکان و ئوتێلەکان و پشکەکانى یەکێتى و…..هتد. لەلایەن ئەو سەرکردایەتیە کاتیەى کە لەخوارەوە ئاماژەى پێکراوە .
ئەو کەسانەى لەسەرەوە ناویان هاتووە ، کەسییان لە (مولازم عومەر) و (فەرەیدون عەبدولقادر) زیاتر نین ، ئاسانە بۆیان بچنە وڵاتێک یان وازبهێنن . تەنها هەقى ئەوەیان هەیە بەسەر یەکێتییەوە ، یەکێتى یان خۆش بوێ و حەز بەسەرکەوتنى بکەن ، هەر ڕۆژێک ئەم ڤایرۆسانە دەستى یان وەردایە ناو یەکێتى ، یان ئیشى ئیدارەى یەکێتى ، یەکسەر ئیفلیجى دەکەنەوە . بەبونى ئەوانە یەکێتى هەرچییەک بێت ، یەک ملیمەتر ناچێتە پێشەوە .
قۆناغى دووەم :
یەکێتى بڕیار بدا ، بەهەموو شێوەیەک لەم خولەى پەرلەمان ببێت بە ئۆپۆزسیۆن ، ئەگەر توانى ئەم بڕیارە بدات ، مێژوویەک دروستەکات هیچى کەمتر نەبێت لەدیوە ئیجابیەکەى هەفتاو هەشتاکان .چونکە لەم خولەدا شەقام و خەڵکى و ژمارەیەک دەنگى ناڕازیی بێ کەس و بێدەرەتان دەمێننەوە ، گۆڕان و ئیسلامییەکان دەچنە دەسەڵاتەوە .. پارتیش لەدەسەڵاتدا دەبێت .هەر بۆخۆى یەکێک لەهۆکارەکانى شکستى یەکێتى دەگەڕێتەوە ، بۆ ئەم هاوڕێیەتییە نزیکەى لەگەڵ پارتیدا هەیبووە، وە پێش هەڵبژاردن ، وەک ئەوەى کۆمەڵگە بە بێ هەست و هۆش بزانن ، دەیانگوت : ئەگەر قسەیەکى زبر ڕووى دا ، ئەوە تاى هەڵبژاردنەو ، دواى هەڵبژاردن هەمام تاس و حەمام دەست پێدەکەینەوە .
یەکێتى ، ئەگەر ببێت ، بە ئۆپۆزسیۆن و قۆناغى یەکەم تێ بپەڕێنێت ، وەک مار کەژ فڕێ ئەدات و ، لەو نەخۆشییە درێژخایەنە بەیەکجاریی قوتاری ئەبێت ، وە کەرەستەى باشیی ئۆپۆزسیۆنبونى هەیە ، لەکادرى باش ، ڕاگەیاندنى باش ، پارە ، تەنانەت قسەى باشیشی هەیە بۆ ئەوەى بیکات .
قۆناغى سێهەم :
ئەنجومەنێکى سەرپەرشتى کردن و سەرکردایەتى کردن بۆ یەکێتى بەشێوەیەکى کاتى دابنرێت ، لەم کەسانەى لاى خوارەوە پێک بێت :
1- عادل موراد
2- بەرهەم ساڵەح
3- فواد مەعسوم
4- هۆمەر شێخ موس.
لەم پرۆژەیەدا هێرۆ خان چى لێدێت ..؟.
ئەم پرۆژەیە ، کۆمارەکەى ئەفلاتۆن نییە ، بەخەیاڵ لەسەر پێنج چین بونیادى نابو ، جیلە ڕا قییەکان لەسەرەوە بن و ئەوانى تر لەخوارەوە ، بەڵکو یەکێک لەمەرجەکانى پێشکەشکردنى پرۆژەو خواستێک ، ئەوەیە کە قابیلیەتى جێبەجێکردنى هەبێت . ڕەنگە خوێنەرێک بڵێت : هێرۆ برایم ئەحمەد و دزو ماستاوچییەکانى دەوروبەرى لانەچێت ، کەواتە هیچمان نەکرد .؟.
هەروا ئاسان نییە ، لەچەند ڕۆژێکدا بەیەکجار لەحاڵى مان و نەمان،یاخود مەرگى تاڵەبانییدا (کە ئەگەرێکى کراوەیە بۆ هەموو کەس و سەرکردەیەک) .یەکسەر بکەویتە وێزەى ماڵى برایم ئەحمەد و ماڵى تاڵەبانى .!.بە جۆرێک لە کودەتاى تێدەگەن و ڕیس و هەوڵەکە شکستى پێدێت .دەکرێت ئەم چەند ساڵەى لەژیاندا ماون، ڕێزی تەواویان هەبێت و بەشدار بن لەپرس و ڕادا..بەڵام لەم پرۆژەیەدا ئیدى، دەبێت سنورێک بۆ کارو سنوربەزاندنەکانى هیرۆ برایم ئەحمەدیش دابنرێت و ،ئەویش یەکێک بێت لەکادیرە ئاساییەکانى یەکێتى ..
قۆناغى چوارەم :
قۆناغى سەرکردایەتى،جومگە گرنگەکانى یەکێتى یە، وەک هێزێکى کاراى ئۆپۆزسیۆن .وەک بەرنامەیەکى تۆکمەو گوڕو تینێکى یەکانگیرو نوێخواز .کەدەیەوێ بەم بڕیارەى بەتەواوى کۆمەڵگەى کوردستان قەرزار بار بکات .ئەویش خستنەگەڕى قاعیدەکانى ڕەئى و کادیرە پێشکەوتووەکانى یەکێتى یە،کە پێک دێن لەمانەى خوارەوە،وەک ئەنجومەنى سەرکردایەتى کاتى ڕۆڵەکانیان دابەش دەکرێت، کەبە گشتى ئەمە ناوەکانیانە :
1- کاوە محەمەد.2- عەدالەت عەبدوڵا.3- شادومان مەلا حەسەن. 4- عارف قوربانى. 5- لەتیف فاتیح فەرەج..6- ئازاد تۆفیق..7- جەماڵ حوسێن ..8- نیاز سەعید ..9- سلێمان مستەفا. (هەڵبژاردن)..11- دکتۆر پۆڵاى ئازادى خانەقا..12- دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان..13-دکتۆر عیزەت محەمەد سابیر..14- دکتۆر ئارامى حەمەى مینە..15- ڕەهبەرى سەید برایم..16- فەرید ئەسەسەرد….وە چەندین کەسی تریش دەکرێت لەشوێنى دیکە تەوزیف بکرێن و ئەرکێک جێبەجێ بکەن .
قۆناغى پێنجەم :
ئەم قۆناغە،چەند هەنگاوێک لەخۆ دەگرێت :
•داخستنى هەر (3) کەناڵى ئاسمانى ( کوردسات ،بادینان سات ،کەرکوک) .لەجێگەیدا،تۆڕێکى میدیایی هاوشێوەى ڕووداو دروست بکرێت. وە گەلى کوردستانیش لەسەر ڕیتمە مێژووییەکەى خۆى بمێنێتەوە .
•پێداچونەوە،بە دەزگاى زانیارى یەکێتى ( مەڵبەندى دیراسات). بەڕاوێژ لەگەڵ خەڵکى متمانە پێکرا و بەرپرسانى پێشووى ئەم دەزگایە، وە بکرێت بە دەزگایەکى ستراتیژیی – نیشتمانى گرنگ لەناوچەکەدا، بەخاوەندارێتى یەکێتى، تیایدا دیراساتى ستراتیژیی لەسەر : ئابوریی ..ئاو..نەوت ..حزبى سیاسیی..وڵاتانى ناوچەکە..ئاسایشى نیشتمانى ..تەرازووى هێز لەناوچەکە …لەسەر ڕاگەیاندن..
•دروستکردنى ئایندە،،هەرکەسێک لەسیاسەتدا،ئایندەى لەپێش چاو نەگرت، خەریکى کارێکى دیکە،بێت باشترە.دەبێت یەکێتى ئایندە دروست بکات،بە دروستکردنى کادرى باش و شارەزاو زمانزان و بەئەزموون و سەلیقە..حزبێکى دەوڵەمەندە، ساڵى (20) کەس دروست بکات و کولفەى خوێندنیان بگرێتە ئەستۆ..کارێکى گەورە ئەکات، وەک بینیمان لە ڕابردوودا ئەوەشی هەیبو ئەم حزبە لێی ڕەتانەوە و دەرى کردن و پەلامارى دان .
•دروستکردنى لیژنە، بۆ پێداچونەوە، بە پەیوەندییەکانى یەکێتى لەگەڵ حزبە عێراقیەکان و ئێران و پارتى و ئیسلامییەکان و ….هتد.
•دەرخستنى شەفافیەتى یەکێتى و داکۆکى کردن لەمافى گشتى و پێشکەشکردنى پرۆژەى قەومى و خزمەتگوزاریی و ڕێزگرتن لەیاسا .
قسەى کۆتایی .
هیوادارین،هەموو لایەک ڕێز لەم پرۆژەیە بگرن و دەوڵەمەندى بکەن، ئەگەر یەکێتى توانى ئەم ڕێگایانە بگرێتە بەر،ئەوا بەدڵنیاییەوە هەزاران کەس ڕووى تێدەکەن و بە تواناکانى سەرسام دەبن .
ئێمە لەم نوسینە،هیچ شتێک مان دەست ناکەوێ ،جگە لەوەى خوازیارى پێشکەوتنى یەکێتین، وەک حزبێکى تەندروست، چونکە ئەو حزبانەى ناتەندروستن سیستەم و حکومەتێکى خراپ پێشکەش ئەکەن،پانتاییەکان تەسک دەکەنەوە .دووبارە داواکارم بێئومێدمان نەکەن ،ئەم نوسینەم نەکەنە کۆتا قسە لەسەر یەکێتى .
بەهرۆز جەعفەر
نوسەرو چالاکى سیاسیی
23/9/2013
- بابەتەکانی تری بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئەقڵ و دیکتاتۆر.
- All Posts