Qeleresh

کەمال میراودەلی : قەلەڕەش تەیرێکی رەزاسووکە ، بەڵام لە گۆرانییەکەی تێناگەن

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆزگە وەک قەلەرەش ، وەک قەرەج

ئاسۆ ماڵم دەبوو ، سەحرا پێخەفم

لە سەر سینگی تۆ نەبێت حەزناکەم

لە سەر هیچ سەرینێك بخەڤم

پرچی تۆیە کەپرم

هەنیەی تۆیە هەوارم

ئیدی لە کۆشک و بازاڕ بێزارم

کۆچیارمی

هەوارمی

مال و مالئاواییمی

تەن و تەنیاییمی

 

دڵەکەم ، تازە ئەم دنیایە بە ئێمە ناگۆڕێت

با لێگەریێن گەوادەکان هەر گەوادیی بکەن

دزەکان دزتر بن

سیاسییەکان تا سەر لە بەردی ئەلحەد دەدەن درۆ بکەن

خووی شیریی تا پیریی و ئەولاتر

نە دەژین نە دەمرن

یەقین دڵەکەم یەقین

با گەوادەکان بە گەوادیی بژین

زۆردارەکان بە بێدادیی بژین

تا لە فیتی خۆیاندا فت دەبنەوە

لە تابووتی خۆیاندا تۆبە دەکەن

ئەم وەرزە نەوت زۆرە

بەرد ناسووتێ

پۆلیس و سواڵکەرەکان رقیان لە یەکترە

کەس پرسە بۆ گەلاکان دانانێ

سەگەکان خوێڕی دەبن،

خوێرییەکان دەبن بە سەگ بە دوای تاژییەکانەوە

دوو نابێت بە یەک

یەک دەبێ بە دوو نیوە

سبەینێ ئەتاتورک ئوتێلێکی تر لە پایتەختەکەماندا دەکاتەوە

سوپەر بازارێکی نوێ دەخاتە گیرفانەوە

بۆڕییەکی ئەستوور لە بنی بنمانەوە بۆ راکێشانی غاز رادەکێشێت

دوای ١٠٠ ساڵ سێ حەرفیان ئازاد کردین

سێ فیرقە بۆ هێرش ئامادە دەکەن

نەورۆزی داهاتوو مێزەرێکی سوور بۆ جاری سێیەم سەربەخۆیی رادەگەیەنێت

پێنج سەد پرۆژەی گەشتوگوزاریی

پێنجسەد هەزار گەشتیاری عەرەب

پێنج تێرۆریست

پێنج ئاودەستی گشتی لە بودجەی داهاتووی هەرێم، قەدەغە لە ژنان

شەقامەکان دەڕشێنەوە

شاخەکان ئێلنجیان دێتێ

سەدی هەشتای نەوت و گاز بۆ کۆمپانیاکان

سەدی بیست بۆ کۆم – پانەکان

ئەپارتمانێکی گوندی ئەلمانی لە سەر ملکی گشتیی بە ٤٠٠ دەفتەرە

دەفتەرێکم بۆ مناڵێکی خانووەقورەکان کڕی حیسابی سفری تێدا بنووسێتەوە

سۆشیالدیمۆکراتە خانەنشینەکە سێ شوققەی تری بۆ ژنەکانی قۆستەوە

پوور ئامین عاجز بووە

بۆچی هەمووتان بە یەک دەنگ نەتان وت: ئامین

هەرکەسێ حەسوودی بە ملیاردەرو ملێۆنەرو نۆکان و قەیوان و دوکان و قەلاچوالان و ئالتونستان و نەوتستان دانوستانەکانمان بەرێ

رەببی وەک مامەی لێ بێ؛

بلێن :ئامین هەموو

تا هەموومان بە یەکەوە زیندوو بینەوە!

 

گەنجێک لە سەرشەقامەکە بە تووڕەیی هاواری کرد :

ئەوە هەزارەمین جارە هەزار تەن خۆراکی ئێکسپایەر دەگیرێ

گەوادێک ئێکسپایەر ناکرا!

سواڵکەرە پیرەکە، نیو ەخەوتوو -نیوە -مردوو، لەو لای شەقامەکەوە راست بۆوە :

‘کوڕم گەوادەکان یەکتر ئێکسپایەر ناکەن”.

گەنجێکی تر وتی: ئەوە دەسالە رۆژی سەدان تانکەر نەوتی قاچاغ دەبەن

ئەو پارە چی لێ دێ خۆ ئەوان کا نافرۆشن؟

سوالکەرە پیرەکە دیسان راست بۆوەو قیژاندی: کوڕم. گەوادەکان یەکتر موحاسەبە ناکەن!

ئەم ولاتەیان بەش کرد وەک کێک، وەک کەلاک، وەک کاولەئاش..

وەک جەستەیەکی رووت بە ئەتاتورکیان بەخشی

و خۆشیان سەرچۆپیەکە دەگرن ..

 

رۆژی حەشر لەم شارە نزیک بۆتەوە

حەشاماتەکە نەحەپەساون

کەس نازانێ سندوقە رەشەکە لە کوێیە

قەلەڕەش تەیرێکی رەزاسووکە، لە گۆرانییەکەی تێناگەن

 

کۆترەکەم، وەرە با لە سەرووی کاتەوە بفڕین

خێرایی خۆر لە چاوەکانمان دایە

دنیا چەند جوانە

هەموو رۆژێک خۆرهەڵاتنیكی نوێ دەکاتە مزگێنی چاوەکانمان

هەموو وەرزێک هەور دەچینێت

بۆ دروودی باران

من حەزم لە بەهار نییە

باوەشی پرە لە بوغرایی

دامێنی پڕە لە تەڕیی

چاوی پرە لە زێدە تەما

 

گەلازەدەکان لە چاوما دەچێنمەوە

 

مالئاوایی جانتاکەمی پێچایەوە

فرمێسک بارگەکەمی هەلگرت

حاجی لەقلەقێک سەرقافڵەبوو

هیچ هێلانەیەک ناونیشانی ئەو نەبوو

هێج باخێک ئەلبومی بیرەوەریی هەلنەگرتبوو

ئەو تەنیا شەیدای باڵەکانی خۆی بوو

 

من زانیم فڕینی پاشەوپاش نییە

من زانیم جانتاکان بە بەتاڵیش ناگەڕێنەوە

بۆیە تۆم خستە هیلانەی سینەمەوە،

تا فێری سروودەکانی سەرما وگۆرانییەکانی گەرمات بکەم

چیرۆکەکانی چلەت بۆ بگێڕمەوە

لاپەرەی کتێبەکانی بات بۆ بکەمەوە

ئەلفی ئاسمان

بێی باران

و جێ – ی جوانییت بۆ حینجە کەم

بتکەمە هاوعیشقی پاییز

تەنیا لەو وەرزەدا

لە گەل سەمای گەلاکاندا گۆرانییەکانم باڵەفڕە دەکەن،

تەنیا لەو وەرزەدا

لەگە مناڵەکان کێبڕكێی پێکەنین دەکەم

دڵم وەک بالای درەختەکان لە گەلای کۆچ رووت دەکەمەوە

رۆحم وەک زەڕنەقوتەیەکی بێ لانە دەدەمە بەر بارانی رەحمەت

هەزارن ئاڵقەو گەردانەو بازنەی ئالتوونیی

بە سەر کەژاوەی خەمباری بووکێنێتدا دەبارێنم

رووت بەوە لە بەر بارانا

سەما بکە بۆ حەشری عیشق

بۆنی مەرگی گەلاکان بکە

من لەوێم

 

لیگەرێ دلەکەم با گەوادەکان کاسبییەکەیان گەرمتر بکەن

با دزەکان دز تر بن

نەوت بخەنە ناو قوڕگیان

رووبار بخەنە ناو گیرفانیان

دۆل بخەنە ناو باخەڵیان

شاخ لە نێو گەڵیاندا بشارنەوە

گێ مەدە، کۆترەکەم

با هیچ شتێ زەماوەندی پاییزمان لی تێک نەدات

وەرە ئاسمان بە باڵەکانمانەوە هەڵواسین

وەرە با بە دیار پیرە داربەروویەکی ریش سپی ، سەر رووتاوەوەوە

تاوێ بەکوڵ بگرین

بۆ ئەو نیشتیمانەی ماڵئاوایی خۆی

بە دڵە عاشقەکانمان سپارد .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت