K.-Muslim

دکتۆر کەمال میراودەلی ؛ ئەی کوردستان ، وەک ئاڵایەکی سوور هەڵم کە !!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشکەشە بە شەهیدی ئازادیی کوردستان جوانەمەرگ شێرڤان سالەح موسلیم

ئەی کوردستان

خوێنەکەم وەک ئاڵا هەڵکە

مەترسە لەوەی لە عیشقت پەشیمان ببمەوە

تۆوی چاندراو،

چۆن لە رووانی خۆی ژێوان دەبێتەوە

مەترسە لەوەی لە ئەوینت سارد ببمەوە

خەڵووزی گەشاوە

چۆن لە ناو کوورەی دێوانەیی خۆیدا

سارد دەبێتەوە

 

ئاه، عیشقێک بە پشكۆی پیرۆز لە دڵ نووسرابیت ناسڕدرێتەوە

ئاخ، قەلەمی ئەزەلی ئەوین چارەنووسێكەو رەشناکرێتەوە

تۆو من، من و تۆ،

دەبێ چیرۆکی ئەم عیشقە چەند کۆن بێت

دەبێ مێژووی ئەم فەنابوونە چەند پڕ فەرتەنەو فرمێسک و خوێن بێت

دەبێ چەند لەیلا ومەجنوون، شیرین وفەرهاد، و مەم و زین بۆ ئێمە نووسرا بێت

دەبێ چەند بەستە و بەیت و بالۆرەو لاوک و ستران و حەیران بۆ ئێمە گوترا بێت

دەبێ چەند شەهید بۆ ئیمە درا بێت

چەند دڵ بۆ ئێمە سووتا بێت

دەبی تا دنیا دنیا بێت

هەر وابێت

من و تۆ

مردنیش لێکمان جیا ناکاتەوە

شەهیدبوون تێکەڵی یەکترمان دەکاتەوە

بمخە ناو دڵتەوە

خوێنەکەم وەک ئاڵا هەڵكە

سوور سوور

با گەلان بیبینن دوور دوور

 

دەبی دیلیی و مەرگ لەم خاکە دوور خەینەوە

دەبێ زنجیرەکان، زیندانەکان ، تابووەکان ، تابووتەکان ، بنبڕ بکەین

دەبێ بە جەللادەکان بڵێین

شیرەکانی ئێوە ئێمە نابڕێت

دەبێ بە حەرامچییەکان بلێین

حەڵاڵیی ئێمە بە ئێوە حەرام ناکرێت

دەىی بە قەسابەکان بلێین

چەقۆی ئێوە جەرگی پۆڵایینی ئێمە نابڕێت

دەبێ بە غەزاچییەکان بڵێین

ئەم چیمەنە سەوزەی ژیان

لە ناو چاوانماندا

بە هەموو رقی مێژووی ئێوە داگیرناکرێت

زەردەشت پێی وتم: خۆشەویستی بچێنە

زەردەشت پێی وتم: خۆشەویستی بڕوێنە

زەردەشت پێی وتم : بە زمانی خۆشەویستی دوژمنەکانت بدوێنە

ئێوە گەر کەس نەبێ بیکوژن

خۆتان لە ناو چاوی منداڵەکاندا دەتەقێننەوە

ئێوە شیرخواردەی مەرگ و شیڕەی مەرگ و شیری مەرگ و شێری مەرگ و شیوەنی مەرگ و شورای مەرگن

لە زمانی کوشتن ، خەونی کوشتن، زەماوەندی کوشتن ، بەهەشتی مردن زیاتر هیچ نازانن

ئێوە

وەک کوللە، وەکا ڤایرۆس ،

وەک پەتا

بۆ چاندنی مەرگ

لەم سەحرایانەوە سەرتان دەر‌هێناوە

تا نەچنە قوتابخانەی عیشق

ئێوە نابن بە ئینسان

ئاه ئەی کوردستان موژدە لە چاوی گەشت

ئەوە عاشقێکی زۆر گەنجت هاتە ناو باوەشت

بمناسە

بمخە ناو دڵتەوە

ئاڵای سووری خوێنەکەم هەڵکەو

وەک مزگێنی نەورۆزی ئازادیی

بە یەخەی منالەکانمەوە هەڵواسە

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت