هەورامان عەلی ؛ من و تارق رەمەزان و پاسدارەکان! .
کە چاوم کردەوە یەکەمین شت پرسیم ، کوان خزمەکانم ؟! ئەوانیش وتیان :
ــ بوەسەو تۆ خۆت لە لێواری گۆردا دەلەرزی ، با خۆت چارەسەر کەین ئینجا مشوری ئەوانیش دەخۆین!
ـ ئاخر ئەوان هیچیان پێنیە!
ــ ئارام بە با کۆپتەرەکە بێتەوە دەت نێرین بۆ ئێران!
٣.١٨ بوو ، دوو رۆژ دوای خنکانی هەلەبجە بوو ، ئێوارەی پێشو بەهەر دەردی سەریەك بوو خزمەکانم بە رێگەی میناوی و تولەرێ پێشمەرگەدا ، گەیاندبویە ئەم دیوی بەفری میری ، پێم وتن ، من دەرۆمە خوارەوە بۆ هەوارەکۆن و مشورێکتان دەخۆم ، خواردنێك ، بە تانیەك ، شتێك بۆ منالەکان پەیدادەکەم ، ئێوەش وردە وردە وەرنە خوارێ ، فرۆکەکان بەردەوام دەهاتن و دەچون ، هەرجارێك لەگەل بارینی رۆکێتەکانیان ، پۆلێك مندال ، ژن ، پیرو لاوی ئەو خەلکەیان بۆ هەتا هەتایە دەخەوان!
پێش ئەوەی بگەمە لای کارێزەکەی هەوارەکۆن دنیا لە بەرچاوم دەخولایەوە ، کە دەم ویست بە دیقەتەوە سەیری رێگاکە بکەم خەریك بوو هەردوچاوم دەهاتە دەرەوە ، وەك باران و تەرزەی بەهار فرمێشک و چلم بە چاو لوتما دەهاتە خوارێ ! درەختەکان لە بەرچاوم لێل بون ، سەرم بەجۆرێك کاسبوو ، مردنم بە ئاوات دەخواست ، مرۆڤ بونەوەرێکی سەیرە ، من دەمزانی شارو شاخی شارەزورو بناری هەورامان کیماباران کراوە ، ماسک و دەرزی دژی کیمیاویشم پێبوو ، بەلام شەرمم دەکرد بەکاری بێنم ! ئاخر بە هەر لایەکدا دەتروانی مندال و پیربون لەتاو ژەهراوی بون لە پەلوپۆ کەوتبون ، من یەکێك بوم لەو پێشمەرگانەی لەگەل سوپایی ئێراندا ئەم موسیبەتەمان لەو بەهارەدا بەدیاری ، هێنا بوو بۆ ئەو خەلکە! شەرمم لە خۆم دەکرد ، چارەنوسی خۆم لەوان جیا کەمەوە ! نازانم ئێوە ناوی دەنێن چی ، رۆمانسیەت ، یان ونبون لەنێو سۆزدا . تا ئەو رۆژەش من خۆم بە سەربازی رێگایی ئازادی و خۆشگوزەرانی ئەو خەلکە دەزانی ، بەلام دوای ئەو مەرگەساتە ، هەستم دەکرد من و پاسدارەکە و فرۆکەوانەکان بەیەکەوە ئەو تاوانە گەورەیەمان خولقاند ! نازانم چەندی پێچوبوو لە هۆشخۆم چوبوم ، پێشمەرگە هاورێکانم بە کۆل منیان بردبویەوە بۆ بارەگایی تیپی یانزە لە هەوارەکۆن ، شەو رۆژێك دواتر چاوم کردەوە ، نازانم بلێم بۆ خۆشبەختی من یان بۆ نەگبەتی من لە بارەگایی تیپ دەرزی و دەرمانی پێویست هەبوبو تا لە مردن رزگارم کەن !
هەرچەند هاورێکانم زۆریان پێوتم کە من هیلاکم و نەچمە دەرێ تا کۆپتەرەکە دێتەوە و دەمنێرن بۆ ئێران بەلام ، نەم توانی خۆم بگرم چومە دەرەوە تا هەوالی خزمەکانم بزانم ، لە هەوارەکۆنەوە بەرەو گریانە کەوتمە رێ ، ئەو رێگایە لە رێچکەی مێرولە دەچوو، هەموو شتێکت دەبینی ، دایکێك کە کوێر بوە و هێشتا شیر دەدا بەساواکەی ، ژنێك ژانگرتویەتی و مندالی دەبێت! هاواری مندالێك کە گەورەکانی ون کردوە ، لاوانەوەی دایکێك کە مندالەکانی بە مردویی لە حەوشەکەی خۆیانا جێ هێشتوە ، نرکەو نالەی پیاوێك کە رۆکێتەکان چەندین کونیان کردوەتە جەستەی ، فرمێشکی مرواری ئاسایی کیژۆلەیەکی حەڤە سالە کە کورە ئاشقەکەی جیرانیان بە مردویی جێ هێشت و لەبەر مۆرەی باوک و برا نەی توانی دوا ماچی مالاوایی لێبکات!
لە نزیك پردەکەی گریانە گەشتم بە کاك عبدلرحمان ، یادی بەخێر ، هەوالی هەموو خزمانم زانی باشن و ئەوە لە پێشەوەن روەو گوندی شێخانی سەر سنور ملی ئەو تولە رێیەیان گرتووە . عەلایەك خورمام پێبوو هەر ئەوەم شک بردبوو دامە دەستی ، پێی وتم : نەلێی پیاوەتم کردوە ، رزگارم کردون ، منەتت نازانم ! ئێمە دەرۆین بۆ ئێران ، تۆ برۆ مەلا ئەحمەد و دایکت و بەیان و منالەکەیم بۆ بێنە ، دەسم دامێنت ، نامەوێ بمرم پێش ئەوەی منالەکەی ئەحمەد لە باوەشکەم! ” مەلا ئەحمدی کوری لە کاتژمێ دووی رۆژی ١٦.٣ دا بوو بە باوك ” ماچم کردو بەلێنم پێدا دەچم مشوریان دەخۆم ، گەرامەوە روەو هەوارەکۆن ، حاجیەکی هەورامی لە سەر رێگاکە پالی دابوو بە تاشە بەردێکەوە و خوێن لە هەموو لەشیەوە دادە چۆری ، بانگی کردم کورم مەرۆ ، بم بەرە قەراخ ئاوەکە ، دەمەوێت دەسنوێژێك بگرم پێش ئەوەی بمرم! شانم دایە ژێر بالی و بردمە قەراخ ئەو ئاوەی تێکەلی سیروان دەبێت ، لێوی نا بە ئاوەکەوە تێر ئاوی خواردەوە و شانی نا بە بەردێکەوە ،هەناسەیەکی نا ئومێدی هەلکێشا ،دەستی شل بوو بۆناو ئاوەکە، دلۆپ دلۆپ خوێنی لەشی ئەو تێکەلی ئاوەکە دەبوو ، کالدەبویەوە و تێکەلی لرفە و شەپۆلەکانی دەبوو، ئەو هیمۆ گلۆبینانەی لەگەل ئاوەکەی سیرواندا توێشوی هەورامیەکی هەجیجی بوون ، سکالای خۆیان دەبردەوە بۆ ولاتی بابل و سۆمەریەکان و بۆلای شەریعەتەکەی حامورابی ..
هەڵەبجە بۆ من تەنیا زام و برینێکی سارێژنەبوو نیە، بەلکە قەرزێکەو لە ئەستۆمدایە ، هیوادارم پێش ئەوەی ژیان بەجێبهێلم ، بتوانم قەرزەکەم بدەمەوە!
- Latest Posts by هەورامان عەلی
هەورامان عەلی: ئەفگانستان، مێژوویەکی شکستخواردوو.
-هەورامان عەلێ: وانهیهکی مێژوویی. حکایەتی وێنەیەك.
-هەورامان عەلی: با لە یادیان نەکەین!
- All Posts