هەندرێن هەورامی : فرۆشیارە خنجیلانەکەی کەنار ڕێ .
تێر تێر بنو باوانەکەم
تا شەکەتی و ماندوبوونی
ئەم ڕۆژگارە ستەمکارە
لە جەستە و گیانت دەربچێ
پشو بدە فریشتە چکۆلانەکەم
بەڵکو هەر هیچ نەبێ
دور لە جەنجاڵی ژیان
لە خەویشدا بگۆڕی کەشێ
پەپولەکە خنجیلانەکەی دایە
بێبەش لە حکایەتەکانی پێش خەو و
سۆز و گۆڕانی لای لایە
بنو بەشکوم
لەو خەوی سەر موقەبا ڕەق و تەقەدا
خەون بە باخچە و شاری یاری ،
خوێندنگەیەکی نمونەیی ،
ژورێکی نوستنی پۆشتە و
خوانێکی گەرم و گوڕەڕ ،
وەک هی کوڕە بەرپرس و خوداپیداوەکان ، ببینی
گوڵخونچە تازە پشکوتوەکەم
بەرپرس و خوداپێداوەکانی وڵاتەکەم
لە ئاست تۆ و هاوشێوەکانتدا
خۆیان نابینا و کەڕ و ڵاڵ کردوە
لە لای ئەوان ئێوەومامان وەک نەبوون و
ژیانتان وابەستەی چەند بەڵێنێکی درۆی پیش هەڵبژرادنە
کەچی بۆ منداڵاکانی خۆیان
لە سەر گیرفانی هەژاران
بەهەشتێکیان ئافڕاندوە
بێنازە وردیلانەکەم
فرۆشیارە جوانکیلەکەی کەنار ڕێ
هەمیشە نەنکم دەیگوت
فریشتەکان پاسەوان و پارێزەری منداڵانن
خەمتان نەبێ
بەڵام من ، لە دەور و سەری تۆ
بێجگە لە سەراب و نائومێدی
هیچی دی بەدی ناکەم و
کەس دیار نییە ، نازانم بۆ ؟!
بنو بنو ئازیزەکەم
لەم وڵاتی قەزاوقەدەردا
تەنها نوستن دەرمانی دەرد و
چارەسەری گرفتەکانە
بەڵام دڵنیاشبە
ڕۆژێک دێ
ئەسپی بەختی ملهوڕەکانیش دەگلێ
وەک پێشینان گوتویانە
ئەم دونیایە هەتاکو سەر بۆ کەس نابێ
بەسپاسەوە وێنەکە لە پەیجی بەڕێز بەشدار عوسمان وەرگیراوە .
برۆکسل/ بەلجیکا