دکتۆر کەمال میراودەلی : مەتەڵی شار ; ئەوانە مافیان ، عەزیان یان چین ؟
پێشەکی :
[[ برادەرێکی گەنجی تووڕە لەم کلیپەدا
دەڵێ بەرپرسەکان مافیان . ئەمە ئەم نەقلەی هێنایەوە بیرم
دەتوانم سوێندتان بۆ بخۆم ، چۆنی دەگێڕمەوە وا روویداوە
تەنیا لە بەر خاتری پیرەمێردی مامۆستام ، حیکایەتەکەم کرد بە هۆنراوە !!
تکایە بیخوێننەوە ، هەر چەند دەزانم ناتەواوە
ئاخر بە دەست بابەتەکەوە داماوە ! ]]
مافیان یان نا؟
ئەوانە چین ؟ ئەوانە کێن ؟
پرسیارێکە هۆش گێژ دەکات ، دڵ شەق دەکات ؟
پرسیارێکە ، هەمو کەسێ هەموو رۆژێ بە جۆری جیا لە لای دەبێ بە شایەتی ،
بە شکات
هەر چەن دەکات
بە وەلام ناگات
لە بیرمە سێ سال دوای رووخانی رژێـم ، گەرامەوە بۆ شارەکەم سلیمانی
جاددە چۆل و سێبەر نەبوو ، قەلەباڵغ وهەتاو بوو ، پیاسەم دەکرد سەر بەیانی
بێ بەرنامەو چاوەروانی
ئەو پرسیارە یەخەی گرتم. بوو بە مەتەڵ ، بوو بە داخ ،
بە رازی پەنهانی
هاوڕێیەکم لە جادەی مەولەوی منی بینی ، ناسیمیەوە یەخەی گرتم
لە گەڵی رۆێشتم بۆناو
سەرتاشخانەیەک . دوو هاورێی تر ، کۆمەڵی لاو
ئەم پرسیارە بوو بە بابەتی ئاخاوتن ، بە گەرەلاوژە ، بە سیمینار
٢
” بۆ خاتری خوا ئەی مامۆستا وەلاممان دەوێ ، بۆ پرسیار :
پێمان بڵێ ئەمانە چین ، ئەمانە کێن ؟
مێشکمان تێکچووە تێناگەین ،
چییان ناو بنێین ؟
چییان پێ بڵێین ؟”
گەنجێکی هەرزەکار وتی :
– ئەمانە دزن و بڕایەوە !!
یەکێکی تر لە داخا خەریک بوو دەبوورایەوە :
هاواری کرد: دز ، دز ، دز ؟ دزی چی ؟ بابە دزی چی ؟
دز لە تاریکیدا دەدزێ و لەتاریکیا دەرفەت دەگرێ
دوای ئەوە لە شەرما بێ یان لە ترسا خۆی دەشارێتەوەو سەری هەلنابرێ
خواخوایەتی کەس نەیناسێ ، ناوی نەبرێ .
ئەمانە دزی رۆژی رووناکن ،
بێ شەرم و بێباکن .
وەک قالدرمە لە دزییەکی ىچووکەوە بۆ دزییەکی بالاتر دەرۆن
کەچی هێشتا نە گوێ دەگرن ، نە خەم دەخۆن
هەر وەتەنی و پیاوی چاکن .
[ منیش گوێم گرتبوو بێدەنگ
نەمدەزنی چی تێدایە گۆمی مەنگ ]
٣
دەنگی هەڵبڕی برادەرێکی دی :
وەللا تۆ راست دەکە ی دزی چی ؟
دز جووتە پێلاویک ، بالێفێک ، سەبەتە نانێک ،
تەلەفزیۆنێک، دەفتەرە دۆلارێک ، بەرانێک
گەر بەختی هەبێ
پارچە ئالتونێک ،
زۆر زۆر دووکانێک دەبڕێ
لەوەزیاتر چی پێ دەکرێ، چی پێدەبڕێ ؟
ئەمانە هەمووشەقامی شاریان دزی
ئوتێل و باخ و سەیرانگاو کارخانە وبازاڕیان دزی !!
یەکێکی تر سەری لەقان :
– وەللا برا تۆ راست دەکەی ؟
ئەمانە دز نین ، مافیان !!!
برادەرێ تر کە هەولێرییەکی رووناکبیر بوو ، تووڕە بوو هەڵی دایە :
– تۆ چ دەرێی ؟. چما دەزانی چ مافیا یە ؟
مافیا نیوی دزی مەردانەیەو نیوی پیاوەتییە
کۆدی شەرەفی خۆیان پاراستییە
وەفایان بۆ ئەندامان و خێزانی کوژراوانی خۆیان هەیە
ئەمانە بەدرەوشت و بێوەفان
دەستیان دەچێتە خێزانی شەهیدان
ئەمانە کوو مافیان ؟
یەکیكی تر زیاتر وتی :
– قەیناکا ، قەیناکا توورە مەبە برا گیان
بابە با بلێێن مافیان !!
بەلام مافیا بە تەنیا مافیایە
نە حکومەتە، نە حیزبە، نە سەرۆکە، نە سوپایە
نە پاریزگارە، نە شارەوانییە، نە رۆشنبیرو زانایە
نە کارەبا وئاوو بازارو خەستەخانە وقوتابخانە دەبا بەرێوە
نە خەلک دەگرێ و دەکوژێ لە جێوە ؟
سەد خۆزگە مافیا دەبوون
خاوەنی کۆدی شەرەف و وەفا دەبوون ؟
٤
سەرتاشەکە کە تا ئێستا بێدەنگ بوو، هەناسەیەکی هەڵکێشا وتی :
بە خوا برا گەندەڵن
گەندەڵن، گەندەڵن. گەندەڵن
نازانین بۆ زوو وایان لێ هات
لەم ولاتە بوون بە ئافات
برادەرێكی تر سالێک بوو لە ئەلمانیا گەڕا بۆوە
دە ساڵ ئەزموون و شارەزایی تەکنیکی زۆری هەبوو
چونکە حیزبی نەبوو کاریان نەدابوویە
تاکسی دەگێڕا
وەلامی دایەوە خێرا :
– کاکە دەزانن گەندەڵی چییە ؟
لە ئەلمانیا گەندەڵی ئەوەیە :
فەرمانبەرێ یان بەرپرسێ یان وەزیرێكی گەورەش
شوێن و دەسەلاتی خۆی بەکاردێنێ
گەر پارەی کەوتە بەردەست
بەشێکی دەدزێ ، یان بە فێل دەیستینێ
یان دەسەلات بە ناشەرعی بۆ بەرژەوەندیی خزم و ناسیاو بەکار دێنێ
ئەویش هەر زوو لێی ئاشکرا دەبێ
ئەگەر لێشی ئاشکرا بوو ، ئەگەر ٥٠٠ یۆرۆش بێت ،
بە وەللا یاسا گونی دەردێنێ
یان لە زیندانی دەهاون
یان وەک پەڕۆ لە سەر جاددە فرێ دەدرێ و نرخی نامێنێ
لە ئەلمانیا ئاوایە
بەلام ئێرە بێ یاسایە
گەندەل بۆ خۆی فەرمانبەدەست و پۆلیس و پارێزەرو دادگایە .
ئەوە بۆیە ئەم ولاتە ئاوایە .
[[ منیش هەر دانیشتبووم بێدەنگ
نەمدەزانی چی تێدایە بنی گۆمی مەنگ
گوێم راگرتبوو
کەسم نەدەدواند
جار جارە بەدەمیانەوە ەپێدەکەنیم
جار جارە سەرم دەلەقاند .]]
٥
ئاخری کورێکی گەنج زۆر تووڕەو بەداخ بوو
دیار بوو داخەکەی لە ناخ بوو
وتی[ وەللا بابە ئەوانە بەربادن
شەرواڵپیس و گگگگگگگگگگ….
هەی هەی هەی ………………………]
[ ببوورن هیچی تر ناگێرمەوە
نە وەک بلێن
دیسان ئەم برادەرە جوێن دەنووسێ جوێن
بەلام سوێندتان بۆ دەخٶم بە کوردستان قسەکانی ئەو گەنجەم
وەک خۆی بۆ بەرپرسێکی هەرە گەورە گێڕایەوە
پێی ناخۆش بوو. وتی راست دەکەی جنێوی ئاوامان پێ دەلێن
بەلام ئاسایی بوو بە لایەوە ]
دانیشتبووم بێدەنگ
ئاخ زۆری تێدایە بنی گۆمی مەنگ
ئاخری وتیان مامۆستا هاوارە
چ ناوێک بنێین لە گەورەکانی ئەم شارە؟ا
وتم: ئازیزان بەراستی مەتەڵەکە قورسە
رامانی زۆری دەوێ ئەم پرسە
دەچم بیری لێدەکەمەوە
گەر وەلامێكم دەستکەوت ئاگادارتان دەکەمەوە
٦
لەورۆژەوە
ئەم پرسیارە
رەشمارە
لە مێشکم دا جینگل دەخوا؟
ئەوانە چین بۆ خاتری خوا؟
فەلسەفەم خوێندەوە لەسۆکراتەوە تا سارتەر
وەلامێکم دەستنەکەوت هەر !!
تیبینی :
ئەم چیرۆکە هی دوو هەزارو حەوتە
ئێستا دەبێ گەیشتبێتە کوێ ئەم حیکایەتە ؟