muslime-Politik

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا : قسه‌یه‌كی حه‌ق له‌ باره‌ی ئیسلامییه‌ سیاسیەكانه‌وه‌ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

راستییه‌ك هه‌یه‌ پێویسته‌ هه‌مووان بیزانین له‌ باره‌ی ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ پێچه‌وانه‌ی حیزبه‌ به‌ ناو عه‌لمانی و چه‌پ و ناسیۆنالیسته‌كانه‌وه‌ پابه‌ندن به‌ باوه‌ڕی خۆیان كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ ئایینه‌وه‌ وه‌رده‌گرن و ئایین ده‌خه‌نه‌ خزمه‌ت سیاسه‌تی خۆیان، چه‌پ و ناسیۆنالیست و شیوعی و عه‌لمانییه‌كان چ له‌سه‌ر ئاستی حیزب و چ له‌سه‌ر ئاستی تاك له‌ بۆنه‌و مه‌راسیمه‌ ئایینییه‌كاندا موجامه‌له‌ی مه‌لا و دامه‌زراوه‌ دیینییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی موماره‌سه‌ی فیكری خۆیان بكه‌ن و شوناسی راسته‌قینه‌یان ئاشكرا بكه‌ن ، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ نایانه‌وێت جه‌ماوه‌ری ئایینی زویر بكه‌ن و ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كێك له‌ سیاسه‌تكردنه‌ شه‌رمن و فاشیله‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و جۆرێك له‌ تاكی دووفاق له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ندام و لایه‌نگران و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رهه‌م دێنن .

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ یه‌ك بۆنه‌دا كه‌ شوناشی عه‌لمانی یاخود رۆژئاواییانه‌ی پێوه‌ دیاربێت به‌شداری ناكه‌ن و بگره‌ دژیشی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ به‌و بیانووه‌ی له‌گه‌ڵ دیینی ئیسلام نایه‌ته‌وه‌ ، چونكه‌ ئه‌وان به‌ جه‌ماوه‌ری خۆیان گوتووه‌ دیین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی باوه‌ڕ و ئیشكردنیانه‌و سیاسه‌ت ده‌كه‌ن له‌ پێناو دییندا .  هه‌رچه‌ند سیاسه‌تكردنیان بۆ مه‌رامی ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ك دیین ، به‌ڵام ئه‌وان له‌سه‌ر ئاستی میدیاییدا پابه‌ندن به‌و خاڵه‌ی بۆته‌ شوناسییان كه‌ ئه‌ویش دیین و كولتووری ئیسلامییه‌و به‌ ئاشكرا له‌ میدیاكانیانه‌وه‌ چه‌ند باره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌ ئیشی سه‌ره‌كیان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌و باكیشیان به‌وه‌ نه‌بووه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م ره‌خنه‌ی نه‌یاره‌ عه‌لمانی و ناسیۆنالیست و چه‌په‌كانه‌وه‌ . هه‌ڵنه‌ستانه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م مارشی ئه‌ی ره‌قیب و دژایه‌تی سه‌ری ساڵی زایینی و هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆشنبیران به‌ ناوی داكۆكی له‌ دیین و كولتوری ئیسلامی و ته‌رخانكردنی ته‌واوی به‌رنامه‌ رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنییه‌كانیان بۆ كولتووری ئایینی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و گروپانه‌ به‌ جیاواز له‌ حیزبه‌ غه‌یره‌ ئیسلامییه‌كان سیاسه‌ت ده‌كه‌ن .

خاڵی لاوازی حیزبه‌ غه‌یره‌ ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ندنین به‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرامی مه‌ده‌نیانه‌ی خۆیانه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ سیاسی و دیموكراسیانه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن سیاسه‌ت ده‌كه‌ن ، واته‌ ئه‌گه‌ر شیوعییه‌كان بزانن به‌ هۆی بانگدانی مه‌لایه‌كه‌وه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كه‌یاندا 1000 ده‌نگی زیاتر ده‌هێنن بۆی هه‌یه‌ مه‌لایه‌ك بهێننه‌ سه‌ر شاشه‌ و بیكه‌نه‌ مزگه‌وت ، پارتی له‌ ماوه‌ی رابردوودا له‌ رێگه‌ی مه‌لا به‌شیره‌وه‌ كه‌وته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌ كۆنه‌په‌رست ئه‌و حیزبه‌یان له‌ قه‌ڵه‌مدا ، چونكه‌ مه‌لا به‌شیر خه‌ریكی ده‌ركردنی یاسایه‌ك بوو دژی ئازادی قسه‌كردن بوو ، ده‌بوایه‌ پارتی له‌و پرسه‌ بێده‌نگ نه‌بێت، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی پارتی بووبێت ، به‌ڵام بێده‌نگی له‌ پرسێكی وادا خستییه‌ به‌رده‌م پرسیاره‌وه‌ ، یه‌كێتی و شۆسیالیست به‌ده‌رنین له‌ موجامه‌له‌ی شوناسه‌ ئایینییه‌كان و به‌رده‌وام له‌ كه‌ناڵه‌كانیانه‌وه‌ كاره‌كته‌ری مه‌لا باس له‌ خورافیات ده‌كات و له‌ شاشه‌ی كه‌ی ئێن ئێنیشه‌وه‌ كه‌ ئۆرگانی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ كاره‌كته‌ری مه‌لای كۆنه‌په‌رست دژ به‌ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار فه‌توای جیهادی ده‌ركرد و رۆشنبیره‌كانی ناو گۆڕانیش له‌ دوای مه‌لایه‌كه‌وه‌ بانگیاندا ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زۆرێك له‌وانه‌ی چوونه‌ته‌ ناو گۆڕانه‌وه‌ خه‌ونی چه‌پ بوون و عه‌لمانی بوونی شوناسی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ وای كردووه‌ به‌ لێشاو بچنه‌ ناو بزوتنه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستاكه‌ له‌ ناو گۆڕان ده‌گوزه‌رێت پێمان ده‌ڵێت ئه‌و هێزه‌س موجامه‌له‌ی دامه‌زراوه‌ ئایینیه‌كان و كاره‌كته‌ری مه‌لای كۆنه‌په‌رست ده‌كات بۆ زیادكردنی ده‌نگه‌كانی .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت