هەندرێن هەورامی : هەموومان کەرکوکیین .
کەرکوک
فێرگەی ئازایەتی و بەرخودان
شارە بێنازەکەم
دڵە هەمیشە بریندارەکەی نیشتمان
ئەوا نزیکەی یەک سەدەیە
برینت سارێژ نابێ و
دەکولێتەوە و هەر بەسۆیە
لە سایەی خێر و بێرەکەت
زۆر کەس و لا و شار و وڵات
پێگەیین و
خۆرەتاوی بەختیان هەڵات
کەچی خۆشت
نوقمی تاریکی و دەیجوری
گرفتاری دەرد و بەڵایت
مەخابن نیتە خەم خۆرێ
دڵسۆزێ ، پشت و پەنایێ
هەمووان چاویان تێ بڕیوی
گورگ ئاسان
بەزەییان پێتدا نایێ
وەکو دزی نیوە شەوێ
لە مەڵاس دان
تا لە جەستەی خستەی تۆ
زۆرترین پشکیان بەرکەوێ
شارەکەی خوێن و ئاگر
دەستە خوشکەکەی
شارە داگیرکراوەکانی تر
هەرچۆن هەزاران ساڵە
بابا گوڕ گوڕەکەت
زیندوانە دەسوتێت و
بڵێسەی بەرزە
دڵنیابە
ئەم دۆخەش تێدەپەرێنی
دوژمن و داگیرکەرانت
بە چۆک دێنی
ئێمەش بەڵێنت پێ دەدەین
پاراستن و خۆشویستنت
فەرزبێ لە سەرمان تاکو هەین
ڕێگەش نادەین
ئەهریمەن و هەلپەرستان
بۆ ساتێکێش
جیات کەنەوە
لە خاکی پاکی کوردستان
لەمرۆ بەداوە تا دەمرین
خەڵکی هەر گوند و شارێ بین
ناسنامەکانمان دەگۆڕین
هەر هەموومان ڕۆڵەتین و
کەرکوکیین
برۆکسل/بەلجیکا