بەهرۆز جەعفەر : ماچ و داواکارى گشتى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زانیمان ” داواکاریی گشتى” هەیە ، بەوپێیەى لەڕێی فەیسبوکەوە ، هاونیشتمانییەک ، داواى لێکردووە بەحوکمى بەزاندنى ئادابى گشتى لەسەر ماچەکەى پارکى ئازادیی ، بێتە دەنگ . لەچوارچێوەى یاسادا ، قەولێک هەیە ، دەڵێت : ( عندما تتغیر مجتمع فلا بد ان یستجیب القانون ) . واتە : ئەگەر کۆمەڵگە گۆڕانى بەسەردا هات ، دەبێت یاسا وەڵامى هەبێت بۆى .. یاساى سزادان و کارپێکراوى ئێمە هى ساڵى (1969) ى سەردەمى بەعسە . دواى گۆڕانى کۆمەڵایەتیەکان ، دونیایەک گرفت هەیە ، یاسا وەڵامى بۆى نییە ، واتە ئەگەر ( نەس) ى یاسایی نەبوو ، وە شەریعەى ئیسلامیش کارى پێ نەکرا ، چەند ڕێگەیەکى تریش دەبێت دادوەر بۆخۆى ئیجتیهاد بکا ؟. مەبەستمە بپرسم ، ئەم هاونیشتمانییە لەڕێى فەیسبوکەوە نامەى ناردووە ، یان شکاتى کردووە ؟ ئایا سکاڵاو داواى یاسایی لەڕێی فەیسبوکەوە دەبێت ؟. ( سەیرە ! ) . جا کێ دەڵێت ناوەکە خوازراو نییە !.

بارەکەڵڵا .. داواکاریی گشتى لەوڵاتى ئێمە تەنها لەسەر ماچ هەڵوێست وەردەگرێت ، بۆتەنکەرى نەوت قسەناکات ؟ داواکاریی گشتى چاوى (2750) ڕاپۆرتى دیوانى چاودێریی دارایی نابینێت ، کە ملیارەها دۆلارو دیناریان لەسامانى کوردستان بەهەدەر بردووە ؟. داواکاریی گشتى کەیسى (17) شوباتى تەواوکردووە ، کوشتنى ژن و مناڵ و گەنجى کوردى لەبیرکردووە،؟. بۆ تەزویرو ماددەى بەسەرچوو پێیەک نادا بە ئەرزا ، ئاخر داواکاریی گشتى گوندى ئەڵمانى و کۆمپانیاى نالیا نابینێ لەسەر زەوى بەلاشى خەڵک شووققەو یەکە دەدات بە (19) دەفتەر و بە (100) دەفتەر. حاکمەکانیش نابینێ لەو خانوانە دانشتوون کەس نازانێت لەپاى چى ؟. ئیشى داواکارى گشتى ئەوەیە داکۆکیکاربێت لەمافى گشتى ، بەڵام لێرە مافى گشتى لەژێر پرسیاردایە .

کەس ماچ نەکات ؟. ماچ حەرامە ، هەمووتان سەربخەوێنن ، چاوبنوقێنن لە چۆڵکردنى کوردەکان لەناوچەکانى دوزوخانەقین و سەعدیەو جەلەولاو کەرکوک و شنگاڵ و مەندەلى و … هتد. هەمووتان چەپڵەیەکى قایم بۆ داواکاریی گشتى لێبەن ، چونکە گەنم لەسایلۆکەى سلێمانى نەماوەو ، بەدواداچونەکەش پێمان ئەڵێت : پاسارى خواردویەتى !.

ئەم ماچە چى بو ؟. ماچى نەگبەتى یە بۆکورد ، چونکە سەلماندى کورد تائێستا خۆخۆرى و گەندەڵى و جاسوسی و کرێگرتەیی و قسەى زل و گرمۆڵەى گۆشتى بینیووەو خواردووە ، بەڵکو گەلێکە نەیارەکانى دەتوانن بەماچێک سەرقاڵى بکەن ، ئێستا تۆى خوێنەر دەتوانى ( شەوو ڕۆژێک) خەڵکى کوردستان بەشتێکى لاوەکییەوە مەشغوڵ بکەى .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت