دکتۆر کەمال میراودەلی : فشۆلۆجییا : فەلسەفەی حیزب و دەسەڵاتی بەربەریی کوردیی .
بەشی دووەم
بەکارهێنانی فشۆلۆجیا وەک میتۆدێک بۆ دیراسەی فشەسازیی کۆمەلگای کوردیی: کەیسی هەراکەی مالکی و بارزانی وەک نموونە .
لە بەشی پێشوودا روونم کردەوە کە فشۆلۆجی فشە لە پراکتیسدا دەردەکەوێ واتە کارێ کە لە رووی لۆجیکییەوە ، لە رووی دیمۆکراسییەوە ، لە رووی دەستووریی و یاسایی یەوە ، لە رووی ستانداردی زانستی و پرۆفیشنالی و پسپۆرییەوە ، و لە ئەنجامدا لە رووی ئەخلاقییەوە ، نە بنەماو پرینسیپی رێنماییکەرو پێناسەکەر و رەواییپێدەری هەبن ، نە هیچ ئەنجامێکیییان لێ شین ببێتەوەو بە خۆیان دەستپیدەکەن و لە خۆیان دا بڵق دەدەن و دەپووکێنەوە .
کەوایە وەک پراکتیس فشۆلۆجی رەوشی بوونی وتارو بریارو کارێکە کە نە بنەمای هەیە نە ئەنجام و خۆی لە پرۆسەی خۆیدا فش دەبێتەوە .
هەروەها لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا چوارچێوەی گشتی فشەسازیی حیزب و دەسەلاتی کوردیم دەستنیشان کردو نموونەیەکی گشتیم هێنایەوە .
لەم بەشەدا میتۆدی فشۆلۆجیا بۆ لێکدانەوەی نموونەیەکی فشەسازی وتارێکی دەسەلات لە ماوەیەکی هەستیاری فشەسازی و رووداوێکی فشەی گەورەدا کە بریتی بوو لە فشەهەراکەی نێوان بارزانی و مالکی ، بەکاردێنم .
هەراکەی نیوان مالکی و دەسەلاتی کوردیی نموونەیەکی باشە لە نیوان سەدان نموونەدا، بۆ فشۆلۆجی کوردیی و لێکدانەوەی هەلوێستی دەسەلاتی کوردیی و حیزبایەتی کوردیی سەبارەت بەم پرسە گرنگ و چارەنووسسازە . ئەمە نموونەیەکی ئایدیالییە چونکە فشەکە گەورەبوو ، دەسەلات و ئۆپۆزیسۆن و کۆمەڵگای بە هەموو ئاستەکانیی و توێژەکانییەوە گرتەوە .
ئەمەی خوارەوە وتاری راوێژکاری سەرۆکی هەرێم فەیسەل دەباغ – ە سەبارەت بەم مەسەلەیە وەک لە سایتی هاوکاری دا وەرگیراوە .
http://www.hawlati.co/babetekan/33230
راوێژكارێكی سهرۆكی ههرێم رایدهگهیهنێت لهحاڵهتی روودانی شهڕدا پێویسته كورد بهخێرایی گورزی خۆی بوهشێنێتو شهڕهکه بخهنه گۆڕهپانی مالیکییهوه .
فەیسەڵ دەباغ راوێژكاری راگەیاندنی مهسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكیدا بهناونیشانی “ پێویسته عاقڵمهدارانی شیعه دەرک به مهترسییهکانی شهڕ بکهن ” كه ئهمرۆ دوو شهممه لهرۆژنامهی ههولێر بڵاویكردوهتهوه رەخنە لهمالیكیو بهرپرسانی شیعه دهگرێت .
ئهو له بهشێكی وتارهكهیدا ئاماژه بهوهدهدات [ ژمارەکان خۆم دامناون بۆ روونکردنەوە ]
١ . لهحاڵهتی روودانی شهڕدا پێویسته کورد زۆر ژیرانه مامهڵه لهگهڵ ئهو دۆخهدا بکات ، دهڵێت “ بهر له ههر بڕیارێک ئهو پێگهیهی خۆی به کار بهێنیت که دهستوور پێی بهخشیوه و ئهگهریش شهڕەکه بهرۆکی گرتین ، ئهو کات دهبێ زۆر خێرا گورزی خۆمان بوهشێنین و چهندیشمان پێ بکرێ شهڕهکه بخهینه گۆڕهپانی مالیکییهوه .”
٢. فهیسهڵ دهباغ پێشی وایه له حاڵهتی ڕوودانی ههر شهڕێکدا ، تهنها زهرهرمهند مالیکی دهبێت و دواتر شیعه به گشتی ؛ نوسیویهتی “ چونکه ههر ئهوان فاتۆرهکه یاخود باجهکه دهدهن ، بۆیه پێویسته عاقڵمهدارانی شیعه درک به مهترسییهکان بهکهن و ڕێ نهدهن مالیکی ئهو سهرکێشییه بکات ”.
٣. لهبهشێكی تری وتارهكهیدا هێما بۆ ئهوهشدهكات كه مالیکی ههروهکو سهرۆکی پیشووتر، پهنای بردووهته بهر ئهو خاوهن پێنووسه برسیانهی که چاویان له مهکروماته و ههرههموویانی خستووهته ناو سهربازگهیهکی فیکری بۆ ئهوهی به کاری نووسین کار لهسهر عهقڵی گشتی بکهن و هانیان بدهن بۆ شهڕ .
٤. بهڵام ، ئهو شهڕهی که مالیکی گهرهکیهتی و دهوروپشتهکهی و ههروهها شێخی ئهو عهشیرهتانهی که هاوسنوورن لهگهڵ ههرێمی کوردستان ، پشتیوانیی لێ دهکهن ، ئایا سهرکێشییهکی ئهوهنده بێنرخه ؟ [[ واتە وەرگیراوەکان تەواو ]]
شیکردنەوەیەکی فشۆلۆجییانەی ئەم قسانە
لە بەشی یەکەمدا وتم کە بۆ بەکارهێاننی فشۆلۆجی وەک میتۆدی لێکۆڵینەوە لە وتاری سیاسیی کوردیی پێوسیت بەوە دەکات لە روانگەی بوون یان نەبوونی [٥] ناوەرۆک و ستاندادەوە سەرنجی بدەین :
فەلسەفە ؛ ئایا کەمترین ئاستی لۆجیکی فەلسەفی و عەقکلانییەت و پرینسیپی ئایدایۆلۆجی دیار و چەسپاویان تێدایە ؟
١. ئایا هیچ ناوەرۆکی زانستی تێدایە ، واتە پشتی بە داتاو ستاتیستکس و لێکۆلینەوەو مەرجەعی زناستی و پسپۆری و … هتد . بەستووە یان نا ؟
٢ . دیمۆکراسی : ئایا ناوەرۆکی دیمۆکراسی تێدایە ، قسەکان نوێنەری رای خەلکێکی زۆرن لە رێگای راپرسی ، راویژکردنی دیمۆکراسی ، بریاری پەرلەمان ، میکانیزمی ئاسایی راوەرگرتن و بەشداری خەلک لە بریاری سیاسیدا .
٣. ئایا دەستووریی و یاسایین ، ناوەرۆک و پاڵپشتی دەستووریی و شەرعییەتی یاسایی و ستانداردی ریزگرتنی یاسایان تێدایە ؟
٤. ئایا ئەخلاقیین و بەرژەوەندی گشتیی و راستگۆیی و شەفافییەت و ئەمانەتیان رەچاو کردووە ؟
راستی گەر بە وردی شیکەینەوە پێویستیمان بە نووسینی کتێبیک دەبێ . دیارە نووسینی کتێبێکیش لە سەر فشە خۆی کارێکی عەقلانی نییە . هەر ئەم بابەتە خۆی ئەوەندە ئاشکرایە کە پێویستی بە شیکردنەوەو دەرخستنی فشۆلۆجی ناوکیی و ناکۆکییەکانی نەکات . بەلام بڵێین چی ئەمە ئەو فەلسەفەیە کە عەقڵی سەرۆکی هەرێم و ژیان و سیاسەت و چارەنووسی گەلێک لە هەرێمدا بەرێوە دەبات و ناکرێ فەرامۆشی بکەین . باشە لە رووی ئەو پێنج بنەمایەوە : فەلسەفە وەک ( لۆجیک ) ، زانست ، دیمۆکراسی ، یاسا ، ئەخلاق فشۆلۆجی ئەم نووسینە لە چ دایە .
1/ لە ئاستی لۆجیک دا
وەک فەلسەفەی لۆجیک یان لۆجیکی فەلسەفییدا بێبەرییە لە ئەلفوبێی عەقڵ . لە کاتیكی وا هەستیاردا راویژکاری سەرۆک راوێژێک پێشکەشی سەرۆکەکەی و تەنانەت گەلەکەی دەکات لە رێگای هۆیەکی کۆگەیاندنی گشتییەوە کە رۆژنامەی ‘ هەولێر ‘ ە لە پایتەختداو وەک زمانحالی پایتەخت خۆی دەنوێنێ . ناوکی راوێژەکەی ئەوەیە ، کە :
” دهبێ زۆر خێرا گورزی خۆمان بوهشێنین و چهندیشمان پێ بکرێ شهڕهکه بخهینه گۆڕهپانی مالیکییهوه “
ئەمە وەک ئەو ( با ) یەی ناو شیشڵدانەکە لە ناو بەتالاییەکدایە کە تەنانەت هەواشی وەک مانا تێدا نییە .
بە ئینگلیزی شتێک کە زۆر لە رووی لۆجیکییەوە ئاشکرابێ پێی دەلێن : [ کۆمن سێنس ]، واتە کۆژیریی ، یا ژیری ئاسایی کە هەموو کەس منال ، نەخوێندەوار ، هەرکەس ببینێت و ببیسێت هەستی پێدەکات و دەیزانێ . بەلام فشۆلۆجی کوردیی تەنانەت ئەم ئاستە سەرەتاییە گاگۆلکەیی یەی دەرکپێکردن و زانینیشی نییە .
گەر لەم کاتە هەستیارەدا ستراتیجی یان تاکتیکی راوێژکاری سەرۆک ئەوە بێ ” کە [ زوو ] دەستی خۆت بوەشینێ ئەوا لە ئاستی کۆژییری یا ژیریی سەرەتایی ئەلفوبیی منداڵیدا دەبێ ئەم ستراتیجە یان تاکتیکە :
١ ئەوپەڕی شاراوە بێ و ناحەزەکەت ئەو [ زووە ] نەزانێ و کتوپڕ بێ بۆی .
٢. ستراتیجێکی ئاوا دەبێ سەرۆک لە گەڵ کوڕو برازاو جەنەرالە پسپۆڕو شارەزاکانی هەزار پیاوەکەی بە نهێنی باسی بکات نەک لە سەر پەڕەی رۆژنامە بفشێندرێ . بەلام ئایا مالکی بە زانینی ئەم فشەیە هیچ لە ستراتیج و بەرنامەی خۆی دەگۆڕێ ؟
2 / لە ئاستی زانستیدا
دەستوەشاندنی سەربازیی و شەڕ بردن بۆ ناو ماڵی دوژمنەکەت پرسێکی زانستییە پێوەندی بە توانای سەربازیی ، جوولانەوەی خێرا ، لۆجیستیک ، جۆری چەک ، تەکنۆلۆجی و هەبوونی سوپای پرۆفێشنالی خاوەن دیسیپلینی ئاسنین و حەرەکەو گواستنەوە و بەرنامەو سەرکردایەتی مەرکەزیی و نەخشەی سەربازیی وردو لەوەپێش برێاردراو و چاوەدێری رۆژانەو دەقیقە بە دەقیقەی جێبەجیکرنییەوە هەیە :
بەچی کورد دەستی خۆی زووتر دەوەشینێ ؟
تەیارەکانی ، تانکەکانی ، تۆپەکانی ، سارۆخەکانی ، کۆماندۆی تایبەتی ؟
ئەی شەر لەم جیهانە جەنجاڵەدا بەبێ بە بێ هاوپەیمان وپشتیوانیی دەکرێ ؟ کێ پشت و پەناو هاوپەیمانی کوردە ؟
ئایا هێزو توانستی بەرامبەرەکەت لە ئاستی ئەم پرسیارانەدا هەلسەنگاندووە ؟ ستراتیجی شەڕ زانستی هاوسەنگیی هێزی سەربازیی ، سیاسیی ، تەکنۆلۆجی ، دارایی ، بەشەریی ، لۆجیستیکی و توانستی بەردەوامیی و خۆراگرتنە .
سەددام لە شەری عێراق و ئێراندا [ ١٩٧٩- ١٩٨٨ ] هەشت ساڵ زیاتر خۆی گرت و بەشی داگیرکردنی کوێت و شەری تریشی پێما تا ئەمریکا بەزۆر و بە نرخێکی زۆری بەشەریی و ماددیی رووخاندی .
عێراقی ئەمڕۆ کە سەرانی خۆفرۆشی کورد دروستیان کردەوە ، جێگرەوەی هەمان دەوڵەت و سیستم و ئیمکانیاتە . تۆ چۆن گورزی خۆتی لێدەوەشێنێت و شەڕەکە دەبەیتە مەیدانی ئەوەوە ؟ تا چەند رۆژ ، حەفتە ، ساڵ خۆرادەگرن ؟ فەرموون عەبقەرییەکان و راوێژکاران و جەنەرالە کانی بنەماڵەکان وەلاممان بدەنەوە ؟
بەلام وەک وتمان لە ئاستی فشەش دا دەبێ نە [هەوای دەرەوە ] پڕ بکرێتەوە ، بەلام وا یار نەبوو کە هێزێکی هەواخن لە پاڵ فشەکەوە هەبێت .
3 / لە ئاستی دیمۆکراسیدا
شەڕ شەڕە : واتە خراپە ، تاوان ، مالوێرانی ، زنجیرەی بێبڕانەوەی کوشتار و خەستبوونەو بلاوبوونەوەو خراپتر و خراپتر بوونێتی تا ئاستی جێنۆساید . چۆن ئاوا بە ئاسانی دەسەلات و میدیای فشەبازو سێبەرو ئەهلیی و چەواشەکارەکانی ئاوا لەرزو تاو هیستریای جەنگێکی بۆش بلادەکەنەوە ؟
ئەوە تەجرەبەی پێشووی ئەنفالی خۆمان . ئەوەش رەوشی سوریا و غەززەیە لە بەرچاومان .
شەڕی سەرانی کورد هەمیشە شەڕی خۆترێن و ماڵوێرانی خەلک و خاک و قازانج و دەسەلاتی حیزبیی بنەمالەیی بەربەریی خۆیان بووە . ئایا دەبێ هەر سەرە گەندەڵەکان و بنەمالەو راوێژکارانی بریاری شەرکردن یان شەرنەکردن بدەن ، یان دەبێ دەزگای ستراتیجی نەتەوەیی و دەستەی پسپۆری سەربازیی نەخشەی ئەمە دابنێن و بە بریاری سیاسی دیمۆکراتی کە پەرلەمان بریاری بداو گەل قبولی بکا تەنانەت وەک بیرۆکەش بابەتی ئاوا بهاروژێندرێ ؟
لە هەموو ولاتێکدا ، کەسێ کەتنێک ، هەڵەیەکی کوشندە ، تەنانەت فرامۆشی و کەمتەرخەمییەک یان ڵینەوەشانەوەو کەمتواناییەک نیشان دا ، دەبێ لە پێشەوە ئەو کەسە یان لایەنە یان سەرۆکایەتی وحکومەتە باجەکەی بداو وازبێنێ و بکشێتەوەو موحاسەبە بکرێ ، ئەمجارە هەنگاوێکی تازە لە ژێر سەرکرادیەتی و دەستەیەکی نوێدا بنرێ ؟
چۆن ئەو تاوانکارانەی دە ساڵە حەقیقەتی سەربەخۆیی و بوونەدەوڵەتییان فرۆشت و لە بەغدا بوونە مورتەزەقەو کوردستانیان وەک کیانی نەتەوەیی بۆ رووخاندن و بەغدای عروبەیان دروست کردەوەو بە شانازییەوە دەلێن کە ئەوان یەکەم دوو فەوجی پێشمەرگە بوون بوونە ناوکی دروستکردنەوەی جەیشی عێراق و تا توانیان و سەریان گەیشتە سەر خۆڵی بەرپێی داگیرکەران خۆیان چەماندەوە ، ئێستا ئەوانە جارێکی تر ، بێن بە هەوانتە کورد بکەنەوە بە پرۆژەی کوشتارو ئەنفال بەبی ئەوەی خۆیان هیچ باچێ بدەن و بلیۆنەها پارەی دزراویان لە بانکەکانی تورکیا و رۆژاوادا زیانێکی پێ بگات و پڕیشکێکیان بەر بکەوێ ؟
4 / لە ئاستی یاساییدا :
ئێمە دەستوورمان نییە دیاری بکا کێ و چٶن شەر رادگەیندرێ و دەکرێ ، و تەنیا دەستووری عێراقە پێوەندی مەرکەزو هەرێم دیاری دەکات ، ئەم فشەسازییەی بردنی پێشمەرگەو هەڕەشەی جەنگی مەغلوبە شەرعییەتی دەستووری دیمۆکراتی ناوخۆێی و پشتگیری یاسای جیهانی نییەو بە لادان لە دەستووری عێراق هەرەشەی هەلوەشاندنەوەو خراپترکردنی رەوشی کوردستان دەکاتە شتیکی جددی
5 / لە ئاستی ئەخلاقیدا :
عەقل و ئەخلاق دابراونین لە یەک . مرۆڤی عاقڵ تووشی هەلە نابی یان خۆی لێدەپارێزێ و هەست بە بەرپرسیارییی ئەخلاقی خۆی دەکا . مرۆڤی عەقڵبۆش گوێ ناداتە ئەوەی کارەکانی چەند زیان بە خەلکی تر دەگەیەنێ . کارە ناعەقلانییەکانی دەسەلاتی کوردی یانی ژێرپێدانی ویژدان ورەوشت و هەستی بەرپرسیارێتیی بەرامبەر ئەو خەلک و هاونیشتمانییانەی گوایە ئەوان بەرپرسن لە ساغیی و سەلامەتی ژیان و ماف و ئازادی و کەرامەت و پاشەرۆژیان .
هەندێ بێئەخلاقی دەسەلات لە ئەنجامی ناعەقلانییەت و تێنەگەیشتنی لۆجیکییەوە دێت ، بەلام زۆربەی بە ئانقەست و بە بریارو بە عیناد و سووربوون لە سەر کاری ئەهریمەنییانە بۆ خاتری قازانجی بەبەرییانەی بنەماڵەییانەی مافیایی یانەی خۆپەرستانە : وەک گٶڕینی کوردستان بە ئوتێلێکی سیاحی گەورە بۆ گەشتیارانی ىێگانە ، فرۆشتنی زەوی و ملک و مال و شوققە بە عەرەب وتورک کە بەیانی دەبنە تابووری پێنجەم و جاسووسی [ تەیارەی درۆن ] و تەقێنەرەوەی بۆمب لە بازارەکانی کوردستاندا ، وەک بەردەوامی هێنان و فرۆشتنی خواردن و دەرمان و کەرەسەی ئێکسپایەر و بلاوکردنەوەی تریاک و دەرمان و جگەرەوەو کحولییات، بلاوکردنەوەی فەسادو لەشفرۆشی ژن و پیاو ، مەساج و قومار ، فلیم و مۆسیقاو کەلتوری بێگانە ، ناونانی هەموو شتێک و چالاکیییەک بە ناوی ئینگلیزی و بێگانەو شیواندنی زمان و هونەرو مۆسیقای کوردیی و …هتد . کە ئەمانە لە کەلتووری کوردەواریدا نەبوون و دەسەلاتی مافیایی کوردیی بە بەرنامە لە ناو کۆمەلگای کوردییدا بلاوی دەکاتەوەو دەیکا بە نەریت و ئەمری واقیع . تاقە یەک فەلسەفە ، یەک ئەخلاق ، یەک ئایدیا تا ئێستا رێبەرو رێنوێنی سیاسەت و کارو چالاکی و پرۆژەکانی دەسەلاتی بەربەریی کردووە : دەولەمەندبوون بە هەموو نرخێ ، لە سەر حیسابێ هەموو بەهایەکی نەتەوەیی وئەخلاقی ، دەولەمەندبوون بە بێ کۆتایی ، بە بێ سنوور ، بە بێ چاودێری ، بە ىی لێپرسینەوە ، بە بی گوێدانە بنەماکانی دیمۆکراسی و یاسا وئەخلاق و داپەروەریی و بە ىی لێکدانەوەی دوارۆژ .
کارەساتەکە ئەوەیە ئەم کەلتووری خیانەت و درۆو سازشکارییە بۆ خاتری گەندەڵیی وپارەو سامان ، لەم ماوەی چوار پێنج سالەی دواییدا ، بەتاینەتی دوای ساختەچێتیی ئەوەی پێی دەوترێ ئۆپۆزیسۆن ، لە گەندەلیی و داگیرکاری و بەرژەوەندییە حەرامەکاندا ، ئێستا بۆتە دین و ئایین و نوێژو فەلسەفەی هەموو توێژە سیاسییەکان . بۆیەئەم بەزمەی ئەوان هەلێکی لە زێڕین زێڕتر بوو بۆ ئەوان کە دەمێکە هەموویان خوای خوای سەرهەلدانی درۆو فشەیەکی وەک دژایەتی [ ئەوی دی] و بەرهەلستی بەغداو داکۆکی لە ناوچە دابراوەکان دەکرد، تا ١٧ ی شوبات و چاکسازی و ٢٤ خاڵ و ١٧ خال و ٢٢ خاڵ و ئێمەو ئەوان و جیاکردنەوی حیزب و حکومەت و نەڕەی ‘ دویگۆڕن دەیگۆرێن ‘ و شەش پاکەتەکە لە بیربەرنەوەودووروویانە و ساختەچییانە ، بۆ خاتری پاراستنی کۆیلایەتی بودجەو دوکانە سیاسییەکەیان بە سیناریۆیەکی گالتەجاری بارزانی و فیتویەکی بێدەنگی تاڵەبانی لە سلێمانی کۆببنەوە . ببنە سەربازی ساختەی دەسەلاتی گەندەڵ لە ریزی پێشەوەی جەنگێکی وەهمییدا .
ئەنجام :
ئەمە نموونەیەکە لە سەدان راگەیاندن و وتاری نووسراوی لەم چەشنە : فشۆلۆجییەکەیان لەوەدایە کە ناوەرۆک و ستانداردی فەلسەفە ، زانست ، دیمۆکراسی و یاساو ئەخلاقییان بە ڕێکەوتیش تێدا نییەو بۆیە وەک بڵق ، وەک فشە ، پرۆسەیەکی فشۆلۆجین کە بە خۆیان دەستپێدەکەن و لە خۆیاندا دەتوێنەوە .
هیوادارم خوینەرانی زیرەک بتوانن ئەم میتۆدۆلۆجییە بۆ ناسینەوەی کارەساتی فشەسازیی وتاری سیاسیی کوردیی و خۆپاراستن لەو تەقلید وپراکتیسە بەکار بێنن .