Dana-Sofi

دکتۆر دانا سه‌عید سۆفی : ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی كافی نییه‌ بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌كێتی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

دیمانه ‌: ستیڤان شه‌مزینی

* یه‌كێتی ده‌یه‌وێ له‌ ده‌سه‌لاَت بمێنێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش مانای به‌رده‌وامییه‌ به‌ رێكه‌وتنی ستراتیژیی

* دوای تاڵه‌بانی یه‌كێتی خاوه‌نی تاكه‌ یه‌ك ناوه‌ندی بڕیار نییه‌ و بڕیار به‌ ئاسانی وه‌رناگیرێت

* به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی بۆته‌ هۆی قووڵكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی ده‌سته‌گه‌ریی

د. دانا سه‌عید سۆفی ، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی ” شه‌پۆل ” دا باس له‌ هۆكاره‌كانی پاشه‌كشه‌ی یه‌كێتی ده‌كات له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو كه‌ یه‌كێتی هێشتا كاریگه‌ریی ماوه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا و هیچ حكوومه‌تێك بێ یه‌كێتی ئیمكانی سه‌ركه‌وتنی نییه‌. له‌ به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له‌ هۆكاره‌كانی پاشه‌كشه‌ی ئیسلامییه‌كان و په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی و پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان ده‌كات بۆ قۆناغی ئاینده ‌.

ستیڤان: بۆچی یه‌كێتی تووشی پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌رچاو بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و بوو به‌ حزبی سێیه‌م ؟

د.دانا : كۆمه‌ڵێ هۆكار هه‌یه‌ له‌ پشتی دابه‌زینی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی و لاوازبوونی پێگه‌كه‌ی ، به‌لام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ دوو هۆكاری سه‌ره‌كیی بكه‌ین، جیابوونه‌وه‌ی گۆڕان و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی . حزبێك كه‌ دوو له‌ت بوو ، بێگومان پێگه‌كه‌ی لاواز ده‌بێ ، ئه‌م هۆكاره‌ بۆ هه‌مووان مه‌علومه ‌. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌بێ ئاماژه‌ به‌ لیستێكی دوور و درێژ بكه‌ین ، به‌لام ناوهێنانی چه‌ند دانه‌یه‌ك كافیه‌ . ته‌ركیزی سه‌رۆكی حزب و یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ به‌غدا و پشتگوێخستنی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی لای به‌شێك له‌ هاوولاَتیان دروستكرد كه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی یه‌كێتی هه‌رێم نییه ‌.

به‌رده‌وامیی رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی به‌شێوه‌ لاسه‌نگه‌كه‌ی به‌ قازانجی پارتی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی لای به‌شێك له‌ هاوولاتیان دروستكرد كه‌ یه‌كێتی خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كی به‌هێز نییه‌ و له‌ سێبه‌ری سیاسه‌ته‌كانی پارتی ده‌رده‌كه‌وێت . جیاوازییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی تا ده‌هات كاڵتر ده‌بوونه‌وه ‌، حزبێك ئه‌گه‌ر نه‌توانێ ناسنامه‌یه‌كی جیاوازی هه‌بێ ، بیانووی بوونی چییه‌ ؟. به‌ر له‌٣٠ حوزه‌یران هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی جیاوازی یه‌كێتی له‌ رێی بڕیاری به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ لیستی جیا و هه‌ڵوێستی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستوور به‌ر له‌ راپرسی . به‌لام هه‌ر زوو هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌ رێی لێدوانه‌كانیان له‌ خه‌ڵكیان گه‌یاند كه‌ ئه‌م ‌ناسنامه‌ جیاوازه‌ ته‌نیا تاكتیكێكه‌، له‌٣٠ حوزه‌یرانیش به‌ پشتیوانیكردنی دێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ بێ به‌رامبه‌ر ، وه‌ك سه‌فقه‌یه‌كی هه‌رزانفرۆش، ئیدی جیاوازییه‌ك نه‌ما ، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی بڕیارێك بوو دژ به‌ ئیراده‌ی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی .

‌‌راگه‌یاندنی یه‌كێتی نه‌یتوانی له‌ خه‌ڵك بگه‌یه‌نێ كه‌ بڕیاره‌كه‌ی یه‌كێتی هه‌رێمی له‌ قه‌یرانێكی سیاسیی ده‌رباز كردووه‌ و رێگای خۆشكردووه‌ بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن ، خه‌ڵكی ئه‌م بڕیاره‌یان به‌ رزگاركردنی پارتی له‌ ته‌نگژه‌یه‌ك لێكدایه‌وه‌ ، ته‌نگژه‌ی نه‌توانینی خۆكاندیدكردنه‌وی سێباره‌ی كاك مه‌سعود . سیاسه‌ته‌كانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ببووه‌ هۆی دروستكردنی بۆشاییه‌ك له‌ نێوان حزب و جه‌ماوه‌ر ، دیارده‌ی به‌ كۆمپانیاكردنی حزبیش ئه‌م بۆشاییه‌ی قووڵتر كردۆته‌وه‌ ، چوونكه‌ به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ماددیی خۆیان به‌كارده‌هێنن و گوێ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حزب و لایه‌نگرانی ناده‌ن . به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی سه‌ركرده‌كان ، بۆته‌ هۆی قووڵكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی ده‌سته‌گه‌ریی ، بۆیه‌ چه‌قی بڕیار زۆر ناڕوون بووه‌ له‌ ناو یه‌كێتی ، ئه‌مه‌ش دوای غیابی تاڵه‌بانی قووڵتر بۆته‌وه ‌. لیستی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی كۆتایی نایه‌ت . له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیشدا سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی وتاره‌كانیان زۆر له‌ ئاستێكی نزمدا بوو و لیسته‌كه‌شی نه‌وعی نه‌بوو .‌

ستیڤان : غیابی مام جه‌لال تا چه‌ند رۆڵی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ زه‌قی ده‌ركه‌وت ؟.

د . دانا : وه‌ك ئاماژه‌م پێدا غیابی تاڵه‌بانی دیارده‌ی ده‌سته‌گه‌ریی یان فره‌ ناوه‌ندیی له‌ ناو یه‌كێتی قووڵتر كردۆته‌وه‌ . دیاره‌ له‌ سه‌رده‌می تاڵه‌بانیش دیارده‌ی ده‌سته‌گه‌ریی بوونی هه‌بووه ‌، به‌لام ئه‌و وه‌ك چه‌قێكی كۆكه‌ره‌وه‌ ده‌یتوانی ئیداره‌ی ئه‌و جیاوازییانه‌ بدات . غیابی به‌ڕێز تاڵه‌بانی به‌ دوو قۆناغی جیاواز كاریگه‌رییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر یه‌كێتی وه‌ك حزب جێهێشتووه ‌، یه‌كه‌میان دوای بوونی تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆك كۆمار و هه‌ڵبژاردنی به‌غدا وه‌ك شوێنی كاركردنی سه‌ره‌كی ، دووه‌میان دوای تێكچوونی باری ته‌ندروستی به‌ڕێزیان .

له‌ سه‌رده‌می تاڵه‌بانیش ، راسته ‌، یه‌كێتی خاوه‌ن گووتارێكی یه‌كگرتووی ناوخۆیی نه‌بوو ، به‌لام هیچ نه‌بێ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمی گووتاره‌كه‌ی دیار و یه‌كگرتوو بوو . له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بێ مام بینیمان هه‌م به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن و له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا ئه‌و گووتاره‌ یه‌كگرتووه‌ی یه‌كێتیمان نه‌بینی . ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی دوای تاڵه‌بانی یه‌كێتی خاوه‌ن تاكه‌ یه‌ك ناوه‌ندی بڕیار نییه ‌، یان بڕیار به‌ ئاسانی وه‌رناگیرێت . حزبێك ئه‌گه‌ر سه‌رێكی دیاری نه‌بێ و خاوه‌ن گووتارێكی سیاسیی و چه‌قێكی بڕیاری یه‌كگرتوو نه‌بێ ، دووچاری قه‌یرانی متمانه‌ی هاوولاتیان ده‌بێ ، كاریگه‌ریی ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌شمان بینی له‌ هه‌ڵبژاردندا .‌

ستیڤان : له‌ ئێستادا یه‌كێتی دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر سێ ئاڕاسته‌ یه‌كه‌میان هه‌وڵی پاراستنی رێككه‌وتنی ستراتیجی ده‌دات له‌گه‌ڵ پارتی و دووه‌میان هه‌وڵی خۆ نزیككردنه‌وه‌ ده‌دات له‌ گۆڕان و سێیه‌میان ده‌یه‌وێت دوور بێت له‌و دوو هێزه‌. به‌ رای ئێوه‌ باشترین باشترین بژارده‌ بۆ یه‌كێتی چییه‌ ؟.

د . دانا : هه‌ست ناكه‌م ئه‌م دابه‌شبوونه‌ ته‌واو فۆرموڵه‌ بووبێ . به‌لام بێگومان تێگه‌یشتنی جیاواز هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قۆناغی نوێی یه‌كێتی . یه‌كێتی ده‌یه‌وێ له‌ ده‌سه‌لات بمێنێته‌وه‌ ، مانه‌وه‌ش له‌ ده‌سه‌لات به‌ مانای به‌رده‌وامییه‌ به‌ رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی ، به‌لام له‌هه‌مان كاتدا تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ له‌ ناو یه‌كێتی كه‌ پێیوایه‌ ناكرێ گۆڕان یان ئۆپۆزیسیۆن نادیده‌ بگیرێت . باشترین بژارده‌ بۆ یه‌كێتی ، به‌ رای من ، دروستكردنی جۆرێك له‌ لێككه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان یان ئۆپۆزیسیۆن ، چوونكه‌ هاوپه‌یمانی نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی به‌و فۆرمه‌ واقیعییه‌ی ئێستای هۆكارێك بووه‌ بۆ هه‌ڵوه‌رینی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی . هه‌ماهه‌نگی و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن به‌ مانای پشگوێخستنی پارتی نایه‌ت ، به‌ڵكو واته‌ هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی هاوپه‌یمانی و هاوكاریی .

ستیڤان : به‌شێك له‌ كادره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی یه‌كێتی داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی ده‌كه‌ن . ئایا ئه‌م هه‌نگاوه‌ یه‌كێتی ده‌كاته‌وه‌ به‌ ره‌قه‌مێكی دیاری نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌ ؟.

د . دانا : نه‌خێر ، ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی كافی نییه‌ بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌كێتی ، به‌لام ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ بالاكانی یه‌كێتی ، ئه‌وانه‌ی به‌ فیعلی به‌رپرسیارن له‌ خراپ به‌ڕێوه‌بردنی حزب و گه‌یاندنی یه‌كێتی به‌م حاڵه‌ی ئێستای ، نیشاندانی ئیراده‌یه‌كی سه‌ره‌تاییه‌ بۆ هه‌وڵی به‌خۆداچوونه‌وه‌ . یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌كی هه‌بێ ، پێویستی به‌ پرۆگرامێكی چاكسازیی ده‌سبه‌جێیه‌ ، پێویستی به‌ گۆڕانكارییه‌ له‌ سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی ، له‌ پێش هه‌مووشیان مه‌كته‌بی سیاسیی و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی . به‌لام یه‌كێتی سه‌رباری شكسته‌كه‌ی ، هێشتا ره‌قه‌مێكی دیاری گۆڕه‌پانی سیاسییه‌ و ده‌توانێ یارییه‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات . من پێموانییه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێم تاكه‌ فاكته‌ر بێ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی ده‌سه‌لات و هاوكێشه‌ی سیاسیی‌ ، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌لاتێكی دیفاكتۆمان هه‌یه‌ وه‌ك ئاسه‌وارێكی شه‌ڕی ناوخۆ ، كه‌ یه‌كێتی و پارتی كردووه‌ به‌ دوو هێز كه‌ به‌ ئاسانی له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان ناكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ , سه‌رباری گۆڕانكارییه‌كان .

ستیڤان : له‌ ئێستادا گۆڕان ده‌یه‌وێت به‌شدار بێت له‌ ده‌سه‌لات ! ئایا پێتوایه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی دروسته ‌؟. ئایا ئه‌مه‌ ناكۆك نییه‌ به‌ دروشمه‌كانی پێشووی ئه‌و حزبه‌ كه‌ باسی گۆڕینی سیستمی سیاسیی ده‌كرد ؟.

د . دانا : بێگومان گۆڕان به‌ڵێن شكێنی ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ده‌نگده‌رانی ئه‌گه‌ر به‌بێ مه‌رج به‌شداریی حكوومه‌ت بكات ‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا دووچاری گرفتی متمانه‌ ده‌بێ ئه‌گه‌ر به‌شداریی حكوومه‌ت نه‌كات ، چوونكه‌ به‌ڵێنی به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی دابوو ده‌سه‌لات بگرێته‌ ده‌ست ئه‌مجاره ‌. من پێوایه‌ هه‌نگاوێكی دروسته‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌شداریی حكوومه‌تێكی بنكه‌ فراوان بكات ، به‌ مه‌رجی هاوبه‌شكاریی و به‌ مه‌رجی جێكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ به‌رنامه‌ی لیسته‌كه‌یان له‌ به‌رنامه‌ی حكوومه‌تدا . ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ دوای گۆڕانی نه‌خشه‌ی سیاسیی و هاوسه‌نگی هێز ، حكوومه‌تێكی بنكه‌ فراوان به‌ به‌رپرسیارێتی هه‌مووان باشترین بژارده‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی سیاسیی .

ستیڤان : یه‌كێتی باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی ته‌زویرێكی زۆری لێكراوه‌ له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ . تۆ چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئه‌م پرسه‌ ؟.

د . دانا : لێكدانه‌وه‌ و گوومانه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پاك نه‌بوونی هه‌ڵبژاردن راست ده‌رچوون ، هه‌موو لایه‌ك سه‌باره‌ت به‌ پرسی ساخته‌كاریی راست ده‌كه‌ن ، به‌و مانایه‌ی كه‌ ساخته‌كاریی له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌بووه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كانیش له‌و ساخته‌كارییه‌ به‌شدارن ، چوونكه‌ هه‌موویان ده‌یانزانی ده‌چنه‌ ناو هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نادروست به‌ڕێوه‌ ده‌چێ ، به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لمێنرا ناوی دووباره‌ و ناوی مردووان له‌ تۆماری ده‌نگده‌راندا به‌ رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر هه‌یه ‌، هه‌موومان ده‌مانزانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بێلایه‌ن نییه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای پشكی سیاسیی دامه‌زراوه‌ . سه‌یره‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بچنه‌ ناو هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ پێشوه‌خته‌ بزانن هه‌لی یه‌كسان بۆ هه‌موویان وه‌ك یه‌ك نییه‌ و زه‌مینه‌ی ساخته‌كاریی هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر باس له‌ سه‌رپێچییه‌كانی رۆژی ده‌نگدانیش بكه‌ین هه‌ر شه‌رعیه‌تێك بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نامێنێته‌وه ‌، چوونكه‌ كۆمیسیۆن زۆربه‌ی سكالا سووره‌كانی ره‌تكرده‌وه ‌.

ستیڤان : سه‌ركه‌وتووی پرۆسه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پارتی و گۆڕان بوو ، یه‌كێتی و یه‌كگرتوو پاشه‌كشه‌یان كرد . پێتوایه‌ بۆچی جگه‌ له‌ یه‌كێتی یه‌كگرتووش پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار ده‌نگ ؟.

د . دانا : ته‌سه‌ور ده‌كرا یه‌كگرتوو ده‌نگی زیاتر بێنێ له‌ دهۆك ، به‌لام هه‌موومان ده‌زانین فشاریان له‌سه‌ر بووه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ دوای سوتاندنی باره‌گاكانیان . فشار له‌سه‌ر لایه‌نگرانیان له‌وانه‌یه‌ فاكته‌رێك بووبێ، به‌لام فاكته‌رێكی گرنگتر قه‌یرانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌یه‌ . كێشه‌ی ناوخۆیی حزب بووه‌ هۆی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی هه‌ندێ كاراكته‌ری گرنگی ناو یه‌كگرتوو. تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ له‌ ناو خه‌ڵك و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌وا هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتوو له‌ ژێر جۆرێك له‌ هه‌یمه‌نه‌ی پارتیدان ، من ناڵێم ئه‌مه‌ راسته‌ ، به‌لام تێگه‌یشتنێكی وا كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی ده‌بێ له‌سه‌ر بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی یه‌كگرتوو ، هه‌مان حاڵه‌ت سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێتیش راسته‌ . پرسێكی تریش په‌یوه‌ندیی به‌ شكستی مۆدێلی ئیخوانه‌ له‌ ناوچه‌كه ‌.

ستیڤان : پێتوایه‌ یه‌كێتی بتوانێت ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن ؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن ئایا قه‌یرانی حوكمداریی له‌ هه‌رێم دروست نابێت به‌و پێیه‌ی ئاسان نییه‌ پارتی و گۆڕان بگه‌نه‌ ئه‌نجامی هاوبه‌ش ؟.

د . دانا : له‌ رووی تیۆرییه‌وه‌ ده‌كرێ كوتله‌یه‌كی په‌رله‌مانی دروست ببێ به‌ بێ یه‌كێتی نیشتیمانی و به‌م شێوه‌یه‌ یه‌كێتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت بێ ، به‌لام هه‌ر حكوومه‌تێك به‌ بێ یه‌كێتی له‌ سنووری سلێمانی و گه‌رمیان سه‌ركه‌وتوو نابێ ، هیچ حكوومه‌تێكیش بێ پارتی له‌ هه‌ولێر و دهۆك سه‌ركه‌وتوو نابێ ، چوونكه‌ سه‌رچاوه‌كانی دارایی و هێز و كارگێڕیی له‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌ستی یه‌كێتی و پارتییه ‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر حكوومه‌تێك ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌ به‌رده‌ست نه‌بێ له‌ ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو ، ناتوانێ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ بكات و به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ بكات كه‌ به‌ هاوولاتیانی داوه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا . واته‌ حكوومه‌تی بێ یه‌كێتی له‌ رووی تیۆرییه‌وه‌ ئیمكانه ‌، به‌لام له‌ واقیعدا رێی تێناچێ .

ستیڤان : چاودێرانی سیاسیی ده‌ڵێن چه‌ند ساڵی داهاتوو گۆڕه‌پانی سیاسیی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی گۆڕان و پارتی . یه‌كێتی و ئیسلامییه‌كان له‌ په‌ڕاوێزدا رۆڵ ده‌بینن . تۆ چۆن سه‌یری ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌كه‌یت ؟.

د . دانا : له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گۆڕانكاریی به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسیی و هاوسه‌نگی هێز هاتووه ‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا گۆڕانكارییه‌كان زیاتر بن ، به‌لام پێشبینیكردنی نه‌مانی ده‌وری یه‌كێتی ئاسان نییه ‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بڕیاری مانه‌وه‌ی خۆی بدات و به‌ خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی جیددی بكات له‌ ئۆرگان و سه‌ركرده‌كانی ، تا ده‌یه‌یه‌كی تریش ده‌توانێ پێگه‌ی خۆی بپارێزێ . ئاینده‌ی هه‌ر حزبێك له‌ گه‌مه‌ی سیاسیی و دیموكراتیدا به‌نده‌ به‌ كرده‌وه‌كانی و متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر ، كێ به‌رژه‌وه‌ندیی جه‌ماوه‌ر بكاته‌ سه‌رمه‌شقی سیاسه‌ته‌كانی ، ئاینده‌ی ده‌بێ . هه‌ر حزبێك سه‌ركرده‌كانی حزب بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كار بهێنن و جه‌ماوه‌ر پشتگوێ بخه‌ن ، ناتوانێ به‌رده‌وام بێ . ‌

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت