دکتۆر کەمال میراودەلی : دڵەکەم ، نەمووت جارێکی تر، با باسی سیاسەت نەکەین ..!!
تۆ دەڵێی : ئاخر ئەم ولاتەیان دابەشکرد
وەک کێک ، وەک کەلاک ،
وەک کەلاوە
بستەخاکێکی پاک
بۆ ژووانی ئێمە نەماوە
ئاخ دڵەکەم نەمووت بەسە :
با باسی سیاسەت نەکەین
تازە ئەم دنیایە بە ئێمە ناگۆڕێ
لێگەڕێ ، لێگەڕی ، لێگەڕێ
رۆژگار بە ئارەزووی ئەوان بگەڕێ
با دز بێشەرمتر بێ
گەندەڵ گەندەتر بێ
با گەواد بازاڕەکەی گەرمتر بێ
لێگەڕێ
با دواچاڵەدڵی نەوتی ئەم ولاتە دەربێنن
با دوا چاوەگازی ئەم خاکە بسووتێنن
با قەتارەی تانکە نەوتیان
لەمسەر بۆ ئەوسەری سنوورودوورتر بێ
با ئەستۆی ملهوڕییان ئەستوورتر بێ
با دڵی خیانەتیان رەشترو دەستی تاوانیان سوورتر بێ
با ئەم پایتەختە پڕ کەن لە بێگانە
با ئەم شارە پڕکەن لە ئوتێل ومزگەوت و مۆڵ و گەوادخانە
با زمانمان زیندەبەچال کەن
با کەلتوورمان ئەنفال کەن
با مێژوومان پێماڵ کەن
با ماڵ و منداڵمان بێ ماڵ و حاڵ کەن
با فەرشی خۆفرۆشیی بۆ داگیرکەران راخەن
با سنوورەکان لە سەر خوشک و براکانمان داخەن
با بازاڕمان بێبەری کەن لە بەروبوومیی خۆماڵی
با نیشتیمانمان خاڵی کەن لە پیشەو سنعەتی خۆباڵیی
با خوێندنگاو زانکۆکان جەهالەتمان فێر کەن
با دەرزیەکانیان چاومان کوێر کەن
با دەرمانەکانیان دڵمان کلۆر کەن
با جاددەو سەیارەکانیان تەڵەی مەرگمان بۆ دانێن
گۆشت و ئێسقانمان تێکەڵی بەردوخۆڵ کەن
با خواردنە رزیوەکانیان
لە سەری زمانەوە تا بەری پێ
سەڕەتان بە قوڕگماندا چۆڕ کەن
با هەموو بستێکی ئەم شاخ و هەردانە
داگیرکەن و بیکەنە پرۆژەی گەشت و گەوادیی
با هەموو شتێ بۆ ئەتاتورکییەکان بێ
بۆ ئێمە داخ و بێدادیی
با بەردو دیوار دروست کەن و ئینسان بمرێنن
با کۆشک و تەلار دروست کەن و نیشتمان بڕووخێنن
ئاخ نیشتیمان: چ وشەیەکی غەریبە لەم نانیشتمانەدا ..!!
ئاخ ئینسان: چ و شەیەکی نامۆیە لە فەرهەنگی ئەم نائینسانانەدا ..!!
ئاخر ئێمە لە هەموو بیابان و هەرد و دۆڵێکی عێراقدا
١٨٢ هەزار سەرو
١٨٢ هەزار دڵ و
١٨٢ هەزار جەرگ و
١٨٢ هەزار جووت چاوو
١٨٢ هەزار جووت گوێ و
١٨٢ هەزار جووت دەست و
١٨٢ هەزار جووت قاچ و
سێ ملێۆن پەنجەو
وڵاتێک خەندەی وەریوو
دەریایەک فرمێسکمان چان
تا بببین بە ئینسانی خاوەن نیشتیمان .
دڵەکەم، من هەر پێت دەلێم باسی سیاسەتم بۆ مەکە ، سەقەتە
تۆش دەلێی : ئاخر چ بکەم، ئەڤ ئەز دەیبێژم نە سیاسەتە
ئەوە فرمێسکە ، داخە ، حەسرەتە
هاوارە ، دادە ، سکالایە
کەس نایبیسێ ، لەم ولاتە بێ دادو دەستوور و یاسایە
منداڵەکانم بێ باوکن ، ىێ نازن ،
بێ جل و بەرگ و خواردنی سازن
منش وتم دەچم رۆژی چەند سەعات کاردەکەم ، بە پشتیوانی خودایە
شەهادەکەم هەلگرت و چووم بۆ کۆمپانیایە
چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم .
پێم وتن : ماڵ و منداڵم هەیە
تەنیا دەتوانم رۆژی چوار سەعات کار بکەم
خاوەن کۆمپانیاکە وتی : دوایی وەلامت دەدەمەوە
کە چوومە دەرەوە بینیم هەتیوێکیان بە دوامەوە
وتی دەتوانم قسەیەکت لەگەل بکەم
وتم: فەرموو
وتی : چوارسەعاتەکەش کار مەکە :
پێم ناخۆشە لە ناو خانووی کرێ دان و نەدارن
وەزعی مناڵەکانت خراپەو هەژارن
ئەوە کلیلی شوققەیەک بچۆ ناوی
ئەوە دەفتەرێک دۆلاریش پێشەکی بۆ شیرینی
مووچەیەکیشت بۆ دەبڕمەوە ، هی خانەنشینی
من حەفتەی تەنیا چوار سەعاتم دەوێ بۆ خۆم
لەو لەش و لارە جوانە
لەو لێوو کولمانە !!
بزانە، کار چەند ئاسانە !!
نەوێرام تۆپەلێک تف بگرمە دەموچاوی
نەوەکا تەڵەیەکم بۆ دروست کا بمخاتە ناوی
ئاخرلای ئێمە یاسا هی گەوادەو بۆ گەوادە
لە هیچ شوێنێ ناتوانێ سەر دەرخا
ئەوەی راستییە ،
ئەوەی هەقە ،
ئەوەی دادە
دە جاری تر:
لە ئیش گەڕام
هەمان مەرج ،
هەمان وەلام !!
ئاخریی بێ هیوا لە ژیان ، لە ویژدان، لە ئینسان
تەنەیەک نەوتم بە خۆمدا کردو
خۆم سووتان ..
دلەکەم دەزانم ئەمە جاری دەیەم هەزار جارت بوو
لەشت بکەیتە ئاگرستان
هەموو جارێک، میدیا نووسیان :
” [ژ . گ ] دوینی ئێوارە جەستەی خۆی کرد بە خەڵووز
کێشەکە کۆمەلایەتییە
گومان لە هیچ کەس نییە
پۆلیس لێی دەکۆلێتەوە .”
ئیدی تەواو ..
دە هەزارەمین چیرۆکی ژیانی تۆ بڕایەوە
دوو دێڕی لێ نەنووسرایەوە
یەک دێڕی لێ نەکۆڵرایەوە .
باوەرم پێ بکە دلەکەم
هەموو جارێ لە گەڵ گڕی جەستەی تۆدا
دڵی منیش گڕی گرت و توایەوە .
بەڵام باوەڕم پێ بکە دڵەکەم
ئەوەی ئێمە هەمانە ئەوان نییانە
لە لات یەقین بێ رۆحەکەم
ئەڤین گەوهەری ژیانە
ئەوان دڵیان نییە بۆیە دەبنە دەڵاڵ
عیشقیان نییە بۆیە دەبنە گەوادو گەماڵ
ویژدانیان نییە بۆیە دەبنە ئەژدیها
خۆشەویستی نازانن بۆیە دەبنە خیانەتکار
باکیان بە مردنی نەوەکان و ئازاری ئینسان نییە
بۆیە بۆ گەلی خۆیان دەبنە شێرپەنجەو ئازار
باسی سیاسەتم بۆ مەکە دڵەکەم
هەموو خانەنشینی خەسیون
هەموو درۆبازو ساختەسازو گەنیون
دە هەزار جاری تریش خۆ بسووتێنی
فێمینیستێک باست ناکا ،
سواڵکەرێک ئێسقانەکانت لە دەمی سەگەکان هەلناگرێتەوە
میدیایەک ناوی سێ-ییت نانووسێ ،
دە ساڵە
دە هەزار جار خوێنی خۆت کردە مەشخەڵی خۆت
کەسێک بە بۆنی قرچەقرچی لەشت
هەراسان نەبوو
مونافیقێکی دین
کەبابی جەستەتی لا حەرام نەبوو
قاحبەیەکی رۆشنبیریی
لە خواردنەوە بۆ لەزەتی جەستەت دەستبەردار نەبوو !
کەچی کاتێ
ئەم ولاتە شەرەفی تێدا نەما
تۆیان کردە شەرەفی خۆیان
بۆ ئەوەی کون بە کون بە دواتدا بگەڕین
بەردبارانت بکەن، رووخسارپۆشت بکەن ،
بێدەنگ ورەنگت کەن ،
لە ناو خۆتدا زیندانییت بکەن
بە گڕی خوینی تۆ لەرزوتای
رووتیی خۆیان گەرم بکەنەوە .
٢٢ سالە تاکە حیکایەت
سووتانی تۆو
شەوی سوورو
وڕێنەو وەڕینی سەرسەرییەکانە
سڕڕو تڕی ژوورە تاریکەکانە
دەستووریان کرد بە دەستەسڕی ئاودەستخانە
یاسایان کرد بە ریزە پێڵاوی مزگەوت و دیوەخانە
ویژدانیان کرد بە دەفتەرەدۆلار
وڵاتێکێش لە ناو برینی خۆیدا نەغرۆ بێ
مێژوویەک لە ناو چاڵاوی خۆیدا تڕۆ دەبێ
نەوەیەک لە ناو بێشوناسیی خۆیدا نامۆ دەبێ
ئازارێک لە قوولاییی ئیسقانی لۆلۆو گوتی ومیدیاوە هاوار ەدکا
مندالە زەرنەقوتەکان فڕێ دەدرێنە ناو تەنەکەی زبڵەوە
منداڵە بێکارەکان دەبنە نێچێری هەتیوبازەکان
خوشکەکان بە مەرجی گۆشت و چەقۆ دادەمەزرێن
دایکەکان و كچەخوێندکارەکان ناوێرن بە سەرجاددەدا بڕۆن
لەشکری شەللاتییەکان فیکەیان بۆ لێدەدەن
ئۆدیبەکان پەلاماریان دەدەن
دڵەکەم : ئەمە چ مەکان و زەمانێکە !
ئایا من خەون دەبینم یان مۆتەکە؟
ئایا ئەمە شاری بابانە یان قەندەهاری تاڵیبان
ئەیا ئەمە پایتەخی سۆرانە
یان مریدەکانی فەتحوللا گوڵ و تۆرانییەکان .
لەم ولاتەدا
ئێمە میوانیش نین غەریبین ، نەناسراوین
غەریبیش نین پەناهیندەیەکی نەخوازراوین
خەتای من بوو سەرەتا باسی سیاسەتم بۆ کردی
وتم : مارکسییەکان دەلێن
ئیمپریالیزم بەرزترین قۆناغی سەرمایەدارییە
تۆش سەرت باداو وتت :
وەڵلا لەم وڵاتەدا
گەوادیی
بەرزترین قۆناغی گەندەڵییە ..!!
تۆ دەلێی : ئەم ولاتەیان دابەشکرد
وەک کێک ، وەک کەلاک ،
وەک کەلاوە
بستەخاکێکی پاک
بۆ ژووانی ئێمە نەماوە
نا دڵەکەم ئێمە عاشقین
ئاسمان هەواری ئێمەیە
یەزدان دیداری ئێمەیە
جێژوانێکی پاک لە قەندیل و
بلێسەیەکی باباگوڕگوڕ لە دڵماندا
بەسمانە
کاتی ئێمەش دێت
ئەم خاکە ولاتی عاشقانە
بەس دڵم نەشکێنی
بەلینم پێ بدە ئەم جارە
گەوادەکان بسووتێنێت و
خۆت نەسووتێنی ..!!