هەندرێن هەورامی : ماچ .
نە شکاندنی
پەیکەری عشق و ئەڤین
نە دادگا
نە بڕینەوەی سزای پارە
نەهەڕەشە
نە قسە و قسەڵۆکی ئەم و ئەو
سودیان هیچ نییە ئەم جارە
نەک ناترسین
بەڵکو ئاوێتەی یەک دەبین
بە هەستێکی
پڕ لە عشق و ئەڤینەوە
بەرە و ئامانج
یەک لە ئامێزی ئەوی دی
بە تاسەوە
دەکەین ماچ
گوند بەدەر و
شاربەدەر و
وڵات ، وڵات بەدەرمان بکەن
بمانکوژن
لەت لەتمان کەن
باکمان نییە
هەر سورین و
بوێرانە
هەر دەکەین ماچ
ڕوگەومان
ئەڤین و خۆشەویستییە
لە پێناوی ماچ و ئامانج
لەلامان قەد گرنگ نییە
چەندیان بوێ
پێیان دەدەین باج و خەراج
بەلام هەرگیز وازناهێنین
لێو لەسەر لێو
بە ئاشکرا و
ڕۆژی ڕوناک
دەست لەملان
هەر دەکەین ماچ
گەر بێت و
دونیا لۆمە کات
مەزڵومانە
مەسیح ئاسا
بماندەن لە خاچ
باش بزانن
پێداگریین
هەتا دەمرین
پاشگەز نابین
هەر دەکەین ماچ
بە ماچ
خۆشەویستی و ئەڤین
پیرۆز دەکەین
ڕق و کینە
لەناو دەدەین
لە هەر کوێ بین
ئەمجارەیان
لەبەر چاوی هەر هەمووان
تیکەڵ دەکەین
جووتە لێوان
لە بری سەرجەم عاشقان
بەبێ شەرم و
سەربەرزانە
دەکەینە سەرمان
تاجی ماچ
برۆکسل/ بەلجیکا