shaxawan-Ibrahim-3

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا : ستۆپ .. په‌رله‌مانتاری گه‌نده‌ڵ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌ركه‌ باس له‌ په‌رله‌مانتارێكی كوردستان ده‌كرێت ، له‌ جه‌وهه‌ردا زۆر جیاوازی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێكی ئه‌وروپیدا هه‌یه ‌، ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا به‌رژه‌وه‌ندی هاونیشتمانی له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ ده‌بنێت و خه‌می سه‌ره‌كی ئه‌و وه‌ك تاك و په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی كاریگه‌ر بۆ خۆشبه‌ختكردن و دروستكردنی فه‌زایه‌كی ئازاد و دادپه‌روه‌ر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ بخوڵقێنێت بێ جیاوازی ئینتیمای حیزبی و بیروڕای سیاسی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا، ده‌گوزه‌رێت به‌ ناوی په‌رله‌مانتاری و په‌رله‌مانه‌وه ،‌ رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپایه‌، ئه‌وه‌ی لێره‌دا هه‌یه ،‌ ته‌نیا پڕكردنی گیرفانه‌و ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌می بۆ ناخورێت خۆشبه‌ختكردنی تاكی كوردستانیه‌و ئه‌وه‌ی‌ بیری لێ ناكرێته‌وه‌ دروستكردنی فه‌زایه‌كی ئازاد و دادپه‌روه‌رییه‌ بۆ تاكه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هاونیشتمانیبوون . به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و په‌رله‌مانه‌ی ئێمه‌دا ئیشكردن بۆ گیرفانی په‌رله‌مانتار جێگه‌ی ئیشكردن بۆ هاونیشتمانیانی گرتۆته‌وه‌ .

ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانانی كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت رێك بێ رێزیكردنه‌ به‌رانبه‌ر تاكی كوردستانی، ئاخر له‌ سایه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا مرۆڤ ناتوانێت تروسكایه‌ك له‌ فه‌زای دادپه‌روه‌ری به‌دی بكات و هه‌ست بكات كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌ك هه‌یه‌ ئازادی و دادپه‌روه‌ری بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات ، په‌رله‌مانتاری كوردستان كه‌ تێوه‌گلاون له‌ گه‌نده‌ڵی و خواردنی قوتی خه‌ڵك و بێ جیاوازی ئینتیمای حیزبیان خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ گیرفانی خۆیان و تێده‌كۆشن بۆ پێگه‌ی خانه‌واده‌كه‌یان و شۆڕش ده‌كه‌ن بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌ی تایبه‌تیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌داری كوردستاندا ، ئاخر له‌ پای چی په‌رله‌مانتاری گه‌نده‌ڵ دیسانه‌وه‌ 48 ملیۆن دیناری پێ بدرێته‌وه‌ و خه‌ڵكی هه‌ژاریش ساڵێكه‌ نه‌یتوانیوه‌ بیست ملیۆن پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ وه‌ربگرێت ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌بێت ساڵانه‌ بیداته‌وه ‌، یاخود 5 ملیۆن سولفه‌ی هاوسه‌رگیری وه‌ربگرێت كه‌چی نایاندرێت، ئه‌وه‌تا په‌رله‌مانه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی فشار بخاته‌ سه‌ر حكومه‌ت بۆ سه‌رف كردنی ئه‌و پێشینانه‌و باشتركردنی كه‌رتی ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌كانی تری په‌یوه‌ست به‌ ژیانی خه‌ڵكییه‌وه‌ دێت كار ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی پاره‌یه‌كی تری خه‌یاڵی سه‌رباری موچه‌ی زۆر و خواردنی پاره‌ی پاسه‌وان و نه‌سریه‌ی زۆر و سه‌رفكردنی پاره‌ی زۆر بۆ گه‌ڕان به‌ وڵاتاندا، دێت خه‌بات ده‌كات بۆ باشتركردنی ژیانی په‌رله‌مانتار و خانه‌واده‌كانیان و به‌مه‌ش جۆرێك له‌ توێژی بۆرژوازی مشه‌خۆر له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی دروست ده‌كات و فه‌زای گه‌نده‌ڵی به‌ یاسایی ده‌كات، له‌ پای چی په‌رله‌مانتار دوای كۆتایی هاتنی خوله‌كه‌ی پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی تر وه‌ربگرێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ده‌وامی كردووه‌ فه‌رمانبه‌ریش ده‌وامی كردووه‌و ئه‌ركه‌كانی خۆیشی زۆر باشتر به‌ جێ گه‌یاندووه‌، ئه‌ی بۆچی پاره‌ وه‌رناگرێت له‌ بری ئه‌و كارانه‌ی كردوویه‌تی، هه‌ڵبه‌ت وه‌رگرتنی پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی له‌و شێوه‌یه‌ له ‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاره‌وه‌ هیچ موناقه‌شه‌یه‌ك هه‌ڵناگرێت و رێك ده‌چێته‌ باری گه‌نده‌ڵیی و نادادپه‌روه‌رییه‌وه ‌، ئه‌گه‌رچی من ده‌زانم وه‌ری ده‌گرن و بیانووی شه‌رمنانه‌ی بۆ ده‌هێننه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ له‌ جه‌وهه‌ردا بۆ خزمه‌تكردن نه‌چوونه‌ته‌ په‌رله‌مان و بۆ ئه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو ئه‌و دامه‌زراوه‌ گه‌نده‌ڵه‌ تا‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا خۆیان و خانه‌واده‌كه‌یان پێ بگه‌یه‌نن ، راسته‌ پاره‌یه‌كی خه‌یاڵیان به‌ ئاشكرا و له‌ رێگه‌ی یاساوه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام هیچ گومانم له‌وه‌ نییه‌ زۆرترین پاره‌یان له‌ رێگه‌ی فرۆشتنی ده‌نگ و هه‌ڵوێسته‌كانیان و رێگه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ .

وه‌رگرتنی ئۆتۆمبێل و شوقه‌و پاره‌ی خه‌یاڵی به‌ ناوی موچه‌و نه‌سریه‌و خواردنی موچه‌ی پاسه‌وانه‌كانیان و سه‌فه‌ركردنیان بۆ وڵاتان كه‌ به‌رهه‌می نه‌بووه‌ و ئیش نه‌كردن بۆ باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك و فشار دروست نه‌كردن بۆ سه‌ر حكومه‌ت و چاوپۆشی كردن له‌ زۆر پرسدا ، ئه‌مانه‌ و زۆر شتی تریش پێمان ده‌ڵێن په‌رله‌مانتاران ته‌نیا خه‌می خۆیان بووه‌ و مشه‌خۆر ئاسا ژیاون و تێوه‌گلاون له‌ گه‌نده‌ڵی و خه‌باتیان كردووه‌ بۆ خۆیان و شۆڕشیان به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا كردووه‌ تا سه‌روه‌ت و سامانیان له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك یاسای نادادپه‌روه‌ره‌وه‌ بدزن و هاوكات ناوبانگ ده‌ركردن و بوون به‌ خاوه‌ن حه‌سانه‌ی په‌رله‌مانتاری تا به‌ ئاره‌زووی خۆیات ته‌راتێن بكه‌ن به‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا . بۆیه‌ ستۆپ كردن له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانی و ئینسانییه‌كان تا رێگری بكات له‌ بردن و به‌ فیرۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌رامه‌ت بۆ ئینسانی كوردستانی كه‌ چیتر رێگه‌ نه‌درێت به‌ ناوی یاساوه‌ ماف و ئازادی و سه‌روه‌ته‌كانی ببرێن !

هاوكات پێویسته‌ حیزبه‌كان رێگه‌ نه‌ده‌ن په‌رله‌مانتاره‌كانیان چیتر وه‌ك مشه‌خۆر ئاسا له‌سه‌ر گیانی هاونیشتمانیان بژیه‌ن ، چونكه‌ قه‌بوڵكردنی ئه‌و بارودۆخه‌ نا ته‌ندروسته‌ی په‌رله‌مانتاران دروستیان كردووه‌ زیانی سه‌ره‌كی به‌ حیزبه‌كان و متمانه‌یان ده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ و ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی تازه‌ی تر دروست ده‌كات تا رێگری بكات له‌ نادادپه‌روه‌رییه‌كان ، راپه‌ڕینه‌كانی بابه‌كی خوره‌می و راپه‌ڕینی زه‌نگ له‌ مێژووی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تدا له‌ سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كاندا دوو به‌ڵگه‌ی زیندوون كه‌ خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌دار داوای دادپه‌روه‌ریان كردو دژی پاره‌ خۆره‌كانی ناو ده‌رباری خه‌لافه‌ت راپه‌ڕین ، ئه‌وه‌بوو بابه‌كی خوره‌می پانزه‌ ساڵ چۆكی به‌ ده‌وڵه‌تی خه‌له‌فه‌تدا و دواتریش زه‌نگ نزیك به‌ بیست ساڵ بنكۆلی ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی خه‌لافه‌تی كردو ئیدی ئه‌مانه‌ش رێگه‌خۆشكه‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشی قه‌رمه‌تییه‌كان له‌ هه‌ناوی خه‌لافه‌ت دروست بێت و بۆ ماوه‌ی 150 ساڵ چۆك به‌ ده‌وڵه‌تی گه‌نده‌ڵ و چه‌وسێنه‌ری خه‌لافه‌تدا بدات!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت