عەتا قەرەداخی : شێرکۆ بێکەس , لە نێوان بێزاری لە قەرەباڵغی و بەرهێرش کەوتن لە تەنیایدا .
لەهەر چرکەساتێکدا سەیری هەر گەل و نەتەوەیەک بکرێت بە دوو ئاراستە سەیر دەکرێت کە یەکێکیان ئەوەیە لەو چرکەساتەدا ئەو پێکهاتەیە چۆن دەبینرێت ئەویتریان ئەوەیە لە رابردووەوە بۆ ئەو چرکەساتە چۆن دەبینرێت . هەروەک بینینی یەکەمیان ناتوانرێت لەرابردوو پەرت بکرێت چونکە ئامادەبوونی ئێستا پەیوەندییەکی پتەوی بەڕابردووەوە هەیە . هەر لەم رووانگەیەوەیە کە گەل و نەتەوەکانی جیهانی ئەوانەیان کە خاوەنی شارستانێتی و رابردووی خاوەن شووناسن شانازییەکی گەورە بەو رابردووەوە دەکەن و هەر ئەو رابردووەش دەکەنە پایەیەکی بەهێزی ئامادەبوونیان لە ئێستادا . تەنانەت هەندێ لە مێژوونووسان پێیان وایە ئەو گەل و نەتەوانەى کە نەیانتوانیووە لە رابردوودا هیچ بەرهەم بهێنن و ئامادەبوونی خۆیان بسەلمێنن ئەوا ناتوانن لە ئێستاشدا بە ئاسانی بوون و ئامادەبوونی هەمەلایەنەى خۆیان بسەلمێنن .
بەشێکی گرنگی مێژووی نەتەوەکان و ئامادەبوونیان پەیوەندی بە کەلتووری رابردوویانەوە هەیە بە هەموو رەگەزەکانییەوە . بەشێکیش لە کەلتوور بەرهەمی ئەو هونەری پەیکەرتاشی و گۆرانی و مۆسیقاو ئەفسانانەیە کە ماونەتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان گوزارشت لە بوونی شووناسێک بۆ ئەو پێکهاتەیە دەکەن . رەنگە کورد لەو رووەوە لەبەرئەوەى کە خاوەنی دەوڵەت و دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خۆی نەبووەو زیاتر وەکو پێکهاتەیەکی سەرەتایی و کۆچەری و ناجێگیر بووە ، کەمتر خەریکی ئەو جۆرە کارانە بووە بە تایبەتی پەیکەرسازی و داتاشین . تەنانەت لە مێژووى زانراوی کورددا قۆناغێکیش دیار نییە کە تیایدا کورد خەریکی ئەو هونەرە بووبێت ، یان کورد لە رووی ئایینیەوە بتی پەرستبێت وەکو عەرەب و بەشێکی دیاری نەتەوەو پێکهاتەکانی جیهان کە ئەوەش وای لێکردبێت پەیکەر بۆ خواکانی درووست بکات وەکو عەرەبەکان ، یان پەیکەر بۆ خواکانی دابتاشێت وەکو بابلییەکان کە لەسەر وەختی دەوڵەتۆچکەى شاردا لە میزۆپۆتامیا هەر یەکێک لەو دەوڵەتۆچکانە خودای تایبەتی خۆی هەبووەو ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو بووە . یان تەنانەت وەکو گریکیەکان کە بۆ هەر بوارێک خوای تایبەتی خۆیانیان هەبووەو ئەویش پەیکەریان بۆ درووستکردووە . بۆیە هونەری پەیکەرسازی و داتاشین لە مێژووى کورددا نوێیەو تەنانەت ئەو پەیکەرانەى لە هەندێ شوێنی کوردستاندا هەن لە جۆری نارامسین گومان لەوە دەکرێت کە بەرهەمی کورد خۆی بن . هۆکەشی ئەوەیە مەسەلەى یەکتاپەرستی لەلای کوردو گەلانی سەرزەمینی ئێران مێژوویەکی دوورو درێژی هەیەو ئەوەش ناکۆک و نەیاربووە لەگەڵ مەسەلەى بتەپەرستی و درووستکردن یان داتاشینی پەیکەر بۆ خوداوەندەکان ، یان بتەکان .
لە مێژووى دەرکەوتنی ئایینی زەردەشتیەوە وەکو ئایینی کوردو نەتەوەکانی تری ئێران کورد شوێنکەوتووی هێزی مەعنەوی بووە نەک شوێنکەوتووى بت و پەیکەر . لەگەڵ هاتنی ئایینی ئیسلامیشدا درووستکردنی پەیکەرو داتاشینی بەجۆرێک لە جۆرەکان نادرووست و نابەجێ بووە لەگەڵ کەلتووری ئیسلامیدا نەگونجاوبووە ، کە ئەوەش لە مێژووى نوێدا رۆڵی بینیووە لەوەیدا کە کورد نەک بە بایەخەوە سەیری بواری پەیکەرسازی نەکات بەڵکو ئیحای بتپەرستیشی پێببەخشێت و زۆرجار بە شێوەیەکی سووک سەیری پەیکەر بکات . بۆ نموونە کە لە پاش کۆچی منەوەرێکی وەکو پیرەمێرد لە سلێمانی پەیکەرێکی بۆ درووستکرا، بە گشتی خەڵکی بە پەیکەرەکەى پیرەمێردیان دەگووت مەیموونەکە لە کاتێکدا بەگشتی خەڵکی بەڕێزەوە سەیری خودی پیرەمێردیان کردووە .
بێگومان لەم قۆناغانەى دوایشدا بەهۆی ئەو رابوونە ئیسلامیەى کە کوردستان و ناوچەکە بەخۆیەوە بینیووە ، زیاتر ئەو بۆچوونە زیندوو بووەتەوە کە مەسەلەى پەیکەر گەڕانەوەیە بۆ بایەخدان یان پەرستنی بێگیانء ئەوەش لە ئاستێکی تردا ئاماژەی گەڕانەوەیە بۆ بتپەرستی . واتە لێرەدا لایەنێکی ئەو بۆچوونە دەردەکەوێت کە چۆن لە ئەفغانستان لایەنە ئیسلامییە تووندڕەوەکان بڕیاری تێکشکاندنی کۆی پەیکەرەکانیان دا ، هەروەک لە دوای روخاندنی رژێمەکەى موبارەکیش ئیسلامییەکانی میسر باسی روخاندنی پەیکەرەکان و تەنانەت رووخاندنی هەرمەکانیشیان دەکرد . کەواتە ئەو بۆچوونانەى لەو رووەوە لە کوردستاندا دەردەکەون دوو سەرچاوەیان هەیە یەکێکیان سەرچاوە کەلتوورییەکەیە کە باسمان کردو رەگءریشەیەکی کۆنی مێژوویی هەیە ، دووەمیشیان ئەو تێڕوانینەیە کە رەگوریشەیەکی سیاسی ئایینی هەیەو هەمان ئەو تێڕوانینەى ئیسلامییەکانی ئەفغانستان و میسرە . شکاندنی پەیکەری خۆشەویستی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت .
بەڵام ئایا شکاندنی کێلی گۆڕی شاعیری دیاری کورد شێرکۆ بێکەسیش هەر هەمان لێکدانەوەى بۆ دەکرێت ؟ ئایا تا ئیستا روویداوە کێلی گۆڕی شاعیر یان نووسەر یان کەسایەتیەکی دیاری کورد بشکێندرێت یان لە پاش مردن سووکایەتی پێبکرێت ؟ رەنگە ئەوەى تاکو ئێستا لەم بارەوە بیستوومانە ئەو رەفتارە ناجوامێرانە بووبێت کە یەکەمجار بە روفاتی بارزانی کرا . دوای ئەویش ئەو رەفتارە ناشایستەیە بێت کە بەرامبەر بە گۆڕو روفاتی شیخانی نەقشبەندی لە هەورامان کرا ، ئەم رەفتارەى ئەمجارەش هەمان رەفتاری ناشیرینە کە بەرامبەر بە کێلی شاعیرێک دەکرێت کە لە ئاستی خۆی زیاتر خزمەتی نەتەوەکەیی کردووە ؟ بەڵام ئایا بۆچی ئەوە روودەدات ؟ ئایا میللەتی ئێمە هیچ رێزێک بۆ ئەو کەسانە دانانێت کە بە پێی توانایان خزمەتیان کردووە ؟ ئایا جیاوازی فیکری و ئایدیۆلۆجی هۆکاری وەها کارێکن ؟ ئایا شێوەی رەفتاری ئەم شاعیرەش لەو رووەوە دەورێکی هەیە یان ئەوەتا ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەروون رەشن و رق و کینەى زۆریان بەرامبەر بەم شاعیرە هەیە ؟ بێگومان دەبێ ئەوە بڵێین کە خودی ئەم کارە بەهەر پاساو و بیانوویەک کرابێت و هەرکەس و ئاراستەو بیرو ئایدیۆلۆجیایەک لە پشتیەوە بێت ، کارێکی ناشارستانیانەیەو دەبێ سەرکۆنە بکرێت و لەهەمان کاتیشدا پێشینەیەکی خراپە بۆ سوکایەتی کردنی زیاتر بە کەسانێک لە مێژووى ئێمەدا کە هەریەکە بە جۆرێک و لە بوارێکدا خزمەتیان کردووەو مەرجیش نییە ئەو خزمەتە بەدڵی کۆی کۆمەڵگەو تاکەکانی بێت ، بەڵام کۆمەڵێک بنەما هەن کە بەزاندنیان نادرووستەو سەرئەنجام سوکایەتی کردنن بە ئادابی گشتی و بە هەستی گشتی و بەو بنەمایانەى کە کۆی کۆمەڵگە رێزیان لێدەگرێت . تاکو ئێستا لە کۆمەڵگەى ئێمەدا تەنانەت رێز لە گۆڕی ئەو گەسانەش گیراوە کە سەربە ئایینەکانی تری غەیری ئیسلام بوون ، یان ئەو کەسانەشی کە وەکو داگیرکەرو هێزی داگیرکەر هاتوونەتە کوردستان ئەگەر تەنانەت لە رووبەڕوو بوونەوەشدا کوژرابن هێشتا کورد بەڕێزەوە لاشەکانیانی بە پێی بنەمای ئیسلام و عورفی کۆمەڵایەتی بە خاک سپاردوون . کەواتە ئەم جۆرە دیاردانە لە کۆمەڵگەى کوردیدا نامۆن و بەرهەمی عەقڵ و کەلتووری کوردی نین چونکە لە کەلتووری کوردیدا سوکایەتی کردن و بێڕێزی کردن بە لاشەى دوژمنیشەوە قەدەغەو رێگاپێنەدراو بووە ، کەواتە دەبێ ئەوە کام عەقڵ و کام کەلتوور بێت کە بتوانێت سوکایەتی بە روفات یان گۆڕی کەسانێک بکات کە نەوەى راستەقینەی کورد خۆی بوون و لە ژیانیشیاندا رۆژێک پشتیان لە نەتەوەکەى خۆیان نەکردبێت .
بەهەرحاڵ شکاندنی کێلی گۆڕەکەى شێرکۆ بێکەس رەفتارێکی نامۆیە بە کۆمەڵگەى کوردی و بێگومان رەفتاری عەقڵێکە کە توانای قبوڵکردنی جیاوازی نییە و رەنگە وەکو کاردانەوەیەکیش بێت بۆ هەڵوێست و هەندێ دەربڕینی ئەم شاعیرە لە ژیاندا کە دەشێ بە هەندێ لەدەربڕینەکانی ئازاری هەستی هەندێ کەسی دابێت ، بەڵام هێشتا ئەوە ناکاتە ئەوەى کە رەوایەتی بدات بەوجۆرە کەسانە کە پاش مردن رەفتارێکی وەها ناشیرین بەرامبەر بە گۆڕەکەى بکەن . بێگومان دەبێ دان بەوەشدا بنێین کە ناشتنی تەرمێک هی هەرکەس بێت لە شوێنێکی گشتی وەکو پارکی ئازادیدا تا ئەندازەیەکی ئاشکرا رێگا خۆشکەرە بۆ روودانی کاری لەوجۆرە . چونکە ئەوە جیاکردنەوەى ئەم شاعیرەیە لە کۆی خەڵکی ئەمشارە کە بەگشتی لە گۆڕستانەکاندا نێژراون . گۆڕی شێخ مارفی نۆدێ و شێخ عومەری ئیبنولقەرەداخی و سالم و کوردی و بێکەس و زێوەرو گۆران و شیخ محەمەدی خاڵ و هەردی و کامەران و حەمەساڵح دیلان و ع ح ب و ، حەسیب قەرەداخی و محەمەد موکری و جیهاد دڵپاک و شەماڵ سائیب و چەندین نووسەرو ئەدیب و هونەرمەندو پیاوی تری ناسراوی سلێمانی لەگردی سەیوان و لەگردی جۆگەن و کەسیان لە مردووانی تری شارەکە جیانەکراونەتەوەو کەسیشیان لە گۆڕەوە نەهاتوونەتەوەو باسی ئەوە بکەن کە هەناسەیان تووندبووە . دەبێ خۆجیاکردنەوەى کاک شیرکۆ دوای مردنی لە خەڵک و لە هاوشانەکانی خۆی چ سوودێکی هەبووبێت بێجگە لەوەى کە رێگای خۆشکرد بۆ ئەوەى کەسانێکی دەروون نزم و رق لە دڵ ئەوەى کە نەیانتوانیووە لە ژیاندا بەرامبەری بیکەن ، ئێستا بەرامبەری بە مردووی دەیکەن و بەوەش دیسان جۆرێک لە پشێوی و ئاڵۆزی درووست یکەن کە لە هیچ روویەکەوە سوودی نییە . بۆیە من بڕوام وایە ئێستاش باشتر وایە روفاتی ئەم شاعیرە بگوازرێتەوە بۆ گری سەیوان هەرچۆن پێش تێکەڵاوبوونی بە پۆست و ئیدارە کەسێکی سادەو شاعیری ناو خەڵک بوو بۆ ئەوەى لە مردنیشدا لە ناو خەڵک و هاوشان و هاوشاری و هاوزمانەکانیدا بێت و لەگەڵ جەمعی یاران بگەڕێتەوە بۆ بارەگای یەزدان .
- Latest Posts by عەتا قەرەداخی
عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی چوارەم و کۆتایی.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی سێیەم.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی دووەم.
- All Posts