هەندرێن هەورامی : بۆ کوێ ؟ .
ئەم گەشتە دورە بۆ دەکەی ؟
هەزاران مایل بۆ دەبڕی ؟
بۆ کوێ دەڕۆی و بۆ لای کێ ؟
لێرە و لەوێ
لە هەموو شوێنێ
ئەوی لێیە
هەموو بەیانیەک
لە گەڵ نەسیم و شەماڵ دێ
لەگەڵ نمەی باراندا
بەسەرماندا دادەبارێ
ئەو
دەنگ و ئاوازی
مەل و باڵندەکانە و
لە گەرویانەوە دەردەچێ و دێتە گوێ
خەندە و گریانی منداڵێکە
سۆز و خۆشەویستی دایک و
ڕەنج و کۆششی باوکێکە
ئەو
فڕینی هەنگ و پەروانەیە
بۆن و بەرامەی گوڵانی
نێو ئەو چەمەن زاریە
گەرمایی و تێشکی خۆرە
ڕوناکی مانگە و
جریوەی ئەسێرەیە لەو دوورە
شەپۆلی دەریا و
هاژە و خوڕەی چەم و ڕوبارە
لەنجە و سەمای
گژ و گیا و درەخت و دارە
دەبگەڕێوە
لێرە و لەوێ
لە هەموو شوێنێ
ئەوی لێیە
ئەو لە دڵ ، لە ناخ ،
لە هزر و بیر و دەرون دایە
دڵنیابە تا هەتایە
هاوڕێتە و لەگەڵت دایە
برۆکسل / بەلجیکا