هەندێن هەورامی : ئەهریمەنەکانی تاران و قوم “
ئاخوندەکانی تاران و قوم
بە پەتی مەرگ نەبێ
سوکناییان هەرگیز نایێ
تینویەتیان
بە سێدارە نەبێ ،قەد قەد ناشکێ
ئەوان
هەموو ڕۆژێ
لاوێ
کچێ
منداڵێ
نەوجوانێ
شۆڕشگێرێ
شەنگە ژنێ
دەکەنە قوربانی
بۆ ئەوەی لای خودا
گوناح و تاوانە بێشومارەکانیان
بشۆنەوە و لەناوبچێ
دێوەزمەکانی
تاران و قوم
هەموو سبەینانێک
لەگەڵ هەڵهاتنیدا
تیشک و ڕووناکی هەتاو دەخنێكنن
لە پاش هەموو وەشتە بارانێک
سەری پەلکە ڕێڕینە دەپەڕێنن
پێکەنینی چەم و ڕوبارەکان
خەفە دەکەن
قوفڵ لەگەرووی ئاواز و گۆرانی دەدەن
شنەبا و شەماڵ
لە سیاچاڵەکانیاندا بەند دەکەن
کەلەبچە و زنجیر
لە دەست و پێی گژوگیا و درەخت دەکەن
تا نەتوانن سەما بکەن
ئەهریمەنەکانی تاران و قوم
هێندە دڕندەن
بە خوێن نەبێت قەد تێر نابن
فایرۆس و پەتان
بە تاریکی و پیسی نەبێت
هەرگیز ناژین و
تەشەنە ناکەن
بەڵام ئەم جاهل و گەمژانە
ئەوە نازانن
کە ڕوناکی و تیشکی هەتاو دەخنکێنن
خۆ دەستیان ناگاتە خۆر
کە سەری پەلەکە زێڕینە دەبەڕێنن
ئەی چی دەکەن
لە باران و سەفەری هەور
کە زنجیر و کەلەبچە
لە دەست و پێی گژوگیا و درەخت دەکەن
ئەی چی لە خودی سەما دەکەن
کە قوفڵ لەگەرووی ئاواز و گۆرانی دەدەن
ئەی چی لەبەستە و شعر دەکەن
کە پێکەنینی چەم و ڕوبارەکان
خەفە دەکەن
ئەی چی لە قاقای سەرچاوە و کانی دەکەن
کە شنەبا و شەماڵ
لە سیاچاڵەکانتاندا بەند دەکەن
ئەی نازانن
ڕۆژێ دەبنە گەردەلوول و ڕەشەبا
کۆشک و تەلار و دەسەڵاتی نەگریستان
بۆ هەتایە خاپور دەکا