Hellbjardn1

لوقمان غه‌فوور : لەهەولێر، بێ تەزویر ، هەڵبژاردن عەیبەیە !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە هەڵبژاردنی‌ سەندیكای پارێزەراندا رۆژی 31/10 لەهەولێری پایتەختی نائومێدیدا كاتێك دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نەقیبی ئەو سەندیكایە دەدرێت لەكۆی‌ دەنگدەرانی‌ هەولێر 1455 دەنگ ، كەچی لەناو سندوقی‌ دەنگدان 1470 كارتی‌ دەنگدانی‌ تێدایە ، واتە دەنگی دەنگدەر و كارتی دەنگدان یەكسان نین ، ئەمە ئەو رۆژەیە كە پێی دەوترێت پارێزەرانی كوردستان دەنگ كۆكەنەوە بۆ تەزویر .

ئێستا بەئاشكرا تەزویر بەرنامەرێژی بۆ دەكرێت ، ئەگەر لەرابردوودا بەگومانەوە لەو نوخبە تەزویرچییە بڕوانین كە لەناو پیاوانی حزبی ناوچە و لق و بارەگاكاندا خۆیان حەشارداوە بۆ تەزویر ئەوا ئەمڕۆ توێژێكی كۆمەڵایەتی پەنا بۆ تەزویر دەبەن ، كە مامەڵە لەگەڵ یاسادا دەكەن، كە ئەم توێژە لەهەولێر دوور نییە بەسەدان یاسای بەتەزویر ئاخێنراو بكات بەبەرگی توێژەكانی كۆمەڵگەدا .

ئیتر هیچ پاساوێك نەما بۆئەوەی تەزویر لەهەولێر ببێت بەبەرنامەی حزبێكی دیاریكراو كە ئەویش پارتییە ، ئێستا بەگومانم لەوەی نوخبەی رۆشنبیری ناو پارتی چۆن بێدەنگی هەڵدەبژێرن لەم كارەساتە ئەخلاقییە ، دوور نییە وەڵامی زۆر لەهاودۆستانیشم ئەوە بێت ئەگەر توێژێك كە سەوداو مامەڵەی لەگەڵ یاساو دادپەروەریدا هەبێت بتوانێت كارتی زیادە بخاتە ناو سندوقی دەنگدانەوە ئەوا رۆشنبیرێك یان قەڵەم بەدەستێكی پارتی چی پێدەكرێت .

ئەبێت ئەو پارێزەرە ترسنۆكە كێ بێت ؟ كە بیر لەوە بكاتەوە هاوڕێكەی بەتەزویر لەپایتەختدا بدات بەزەویدا كە هێشتا لەو شارەدا عەداڵەتی كۆمەڵاتی لەگاگۆلكێی منداڵێك تێپەڕی نەكردووە و پێویستی بەپیاوانی پارێزەرە دەستی بگرن و بیبەن دارە دارەی پێبكەن ، پێموایە ئەو پارێزەرە پێش ئەوەی خیانەت لەهاوڕێكەی بكات پێویستە بیر بكاتەوە ئەو ناوی پارێزەرە ، پارێزەر بەمانا ئەخلاقییەكەی ناوی بەخۆیەوەتی كە پارێزگاری لەزوڵملێكراو دەكات بەرامبەر بەزاڵم ، بەڵام ئەوەتا خۆی بووە بەزاڵم و هاوڕێكەی دەكات بەمەزڵوم.

زۆر كەسی حزبی بەساناو سادەیی پەنا بۆ دەستەواژەیەكی بێدەسەڵاتی تر دەبەن و دەڵێن 20 دەنگ چییە ؟، ئیدی بێ بیركردنەوە لەوەی كە كێشە لەدەنگ نییە ، كێشە لەوەیە كە ئەو مەخلوقە كێیە تەزویر دەكات ، ئەو توێژە بەرلەوەی تەزویر لەهاورێكەی بكات تەزویر لەپیشەكەی دەكات ، ئەگەر نا ئەحمەد بێت یان بەختیار بۆ من لەبازنەیەكی داخراودا ئەسوڕێتەوە ئەویش بەرژەوەندی حزبییە ، بەڵام سەودای ئەو كێشەیە ئەوەیە كە ئەوەی تەزویرچی دەردەچێت ئەو كەسەیە ئەبێت توێژەكانی تری كۆمەڵەكە پەنای بۆ بەرن لەكاتی تەزویرلێكردنیاندا بۆئەوەی مافەكەیان وەرگرێتەوە ، من ئەگەر سبەی لەدەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دەنگم تەزویر كرا ئەبێت پەنا بۆ ئەو پارێزەرە تەزویرچییە بەرم مافم وەرگرێتەوە لەدەست تەزویرچییەكان!

ئەمە دوومجارە لەدوو مانگادا لەهەڵبژاردنی پارێزەرانی هەولێردا تەزویر دەكرێت ، رۆژی 15-7 بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرە نەك تەزویر بەڵكو پارێزەرانی هەولێر خۆیان بوونە بەشێك لەپشێوی كۆمەڵایەتی بۆیە رۆژی 15/8 دووبارەكرایەوەو ئەمجارەش بۆ نەقیب و ئەنجومەنی سەندیكا تەزوییرچییەكان هاتنەوە ناو هۆڵەكەو وتیان سندوقی هەڵبژاردن لەهەولێر نابێت بێ كارتی تەزویر بێت .

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت