هەندرێن هەورامی : مەرگ لە پێناوی ژیان .
هەموو ڕۆژێ
لە پێناوی پاروە نانێ
بۆ
مانەوە لە ژیانێ
کە هیچی
لە مەرگ کەمتر نییە
ڕۆحم دەدەم
بە کۆڵم دا و
دەگرمە بەر
ملی هەوراز و
سختە ڕێ
لەم سەفەرە نادیار و
تاقەت پڕوکێنەی ژیان
کێو و چەم و دۆڵ و سنورەکان
یەک یەک دەبڕم
بۆ تێکردنی
سکی خۆم و خاوخێزان
ڕۆژانە
نەک هەر جارێ
بەڵکو هەزاران جار دەمرم
کەچی هێشتا
داگیرکەران
نەک چاویان
بە ژینی کولەمەرگیم
هەڵنایێ
هەر چۆن
لە ڕابردووی
نەچەندان دوور
بە داکوتاندنی مێخ و
ڕژاندنی رەنگی سور
دابەشیان کرد
جەستەی کوردستان و
ناویان لێنا مەرز و سنور
ئەوا ئێستاکەش
هەمدیسان
بە فیشکە و گوللەکانیان
سنور دەخەنە نێوانی
ڕۆح و جەستەی
منی کۆڵبەری کورد و
دەیکوژن ئەو هیوایەشم
وێرای هەموو زەحمەتیەکان
هێشتاش هەمە و
ماومە بۆ ژیان
پێشکەشە بە گیانی پاکی هەموو ئەو مرۆڤە ڕەنجدەرانەی کە لە سەر سنورە دەستکردەکانی کوردستان لە پێناوی پاروە نانێک و ژیانێکی ئابڕوومەندانە تێکۆشاون و بە دەستی دوژمنانی کورد شەهیدکراون .