بارزانی هێرشی توند دەکاتە سەر پەیەدەو بە لایەنگری ڕژێمی ئەسەد ناوزەندی دەکات .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبەیاننامەیەکیدا لەسەر سایتی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە ، مەسعود بارزانی هێرشی توند دەکاتە سەر پەیەدەو بە تاکڕەو و هۆکاری تێکدانی ماڵی کورد ناوزەندی دەکات و دەسنوسێت :   لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی هەرێم زۆر لێدوانی جیاجیا و ناڕاست دراوە و، هەندێ لایەنیش كەوتنە بازرگانیكردن بەم بابەتەوە و لە مەسەلەی داخستنی سنوور دەستیان پێكرد . ئەوە لە حاڵێكدا بوو كە سنوور هیچ كات بۆ هاوكاری و كاروباری مرۆڤی دانەخرابوو و داشناخرێت . ڕاستە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر سیاسەت و ڕەفتاری پەیەدە هەیە بەڵام پێمانخۆشە بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی كوردی ، چونكە تاكڕۆیی نە سوودی بۆ ئەوان هەیە نە بۆ گەلی كورد .

ئەمەی خوارەوە تەواوی بەیانەکەی بارزانی یە  .

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
 
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
 
دوای ڕووداوەكانی سووریا پێمان وابوو دەرفەتێكی زۆر باش بۆ گەلی كورد لە ڕۆژئاوا هاتووەتە ئارا بۆ ئەوەی پاش دەیان ساڵ نكۆلیكاری و بێبەشبوون لە مافی هاووڵاتیبوون كۆتایی بە نەهامەتییەكان بێت و مافی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستاندا مسۆگەر بكرێت. لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی هەرێم زۆر لێدوانی جیاجیا و ناڕاست دراوە و، هەندێ لایەنیش كەوتنە بازرگانیكردن بەم بابەتەوە و لە مەسەلەی داخستنی سنوور دەستیان پێكرد. ئەوە لە حاڵێكدا بوو كە سنوور هیچ كات بۆ هاوكاری و كاروباری مرۆڤی دانەخرابوو و داشناخرێت. ڕاستە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر سیاسەت و ڕەفتاری پەیەدە هەیە بەڵام پێمانخۆشە بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی كوردی، چونكە تاكڕۆیی نە سوودی بۆ ئەوان هەیە نە بۆ گەلی كورد. بۆ ئەوەی ڕاستییەكان دیار بن و جەماوەری كوردستان لێی ئاگادار بن بە پێویستمان زانی ڕاستییەكان بكەونە بەر دەستی خەڵكی كوردستان. مەبەستی منیش پەرۆشییە بۆ ئاییندەی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ دۆخەكەی ئێستای ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی لەمە خەراپتر نەبێت.
هەر لە سەرەتا زۆر هەوڵماندا گشت توانا سیاسی و دیپلۆماسییەكانی هەرێم بۆ یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا بەكار بهێنین و سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت كە بۆ گەلی كورد ڕەخساوە. لە 28ـی 11ـی 2011 بە شەخسی بەشداری یەكەمین كۆبوونەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا بووم و پێم گوتن ئێوە برای ئێمەن و ئامادەین هاوكاریتان بكەین بە مەرجێك ئێوە پێكەوە بن و هەر بڕیارێك بیدەن پشتگیریتان لێدەكەین چ بەرانبەر بە ڕژێم چ بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆن.
 
گەلی كورد لە ململانێی نێوان ڕژێم و ئۆپۆزیسیۆندا بێلایەن بوو و تەنیا دەبوایە هەوڵی وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی خۆی دابا. نە ڕژێم و نە ئۆپۆزیسیۆن وەڵامێكی ئیجابیان دەربارەی مافەكانی كورد نەبوو. بۆیە پێویست بوو هەموو لایەنە كوردییەكان یەكبگرن و ببنە خاوەنی گوتارێكی سیاسی یەكگرتوو. ئەوە بوو لە 11ـی 7ـی 2012 دەستەی باڵا بە پێی ڕێككەوتننامەی هەولێر دامەزرا بۆ ئەوەی گەلی كورد وتارێكی سیاسیی هاوبەشی هەبێت بۆ ئێستا و دواڕۆژی سووریا. جێگەی داخە لایەنی پەیەدە سەرباری سوودوەرگرتنی لە ڕێككەوتنی هەولێر ئامادە نەبوو پابەندی بێت و هەموو لایەنەكانی بەلاوە نا و هەوڵیدا بەزۆری چەك و بە ڕێككەوتنی نهێنی لەگەڵ ڕژێم خۆی بكاتە ئەمری واقعی سەربازی. باسی ئەوەش دەكەن كە شۆڕشیان لە ڕۆژئاوا بەرپا كردووە بەڵام كام شۆڕش و لە دژی كێ؟ ئەوان تەنیا ناوچەكانیان لە لایەن ڕژێمەوە ڕادەست كراوە.
لە ڕاستیدا ئەم كارەی پەیەدە ئەگەر دەستكەوتێكی نەتەوەیی لێ كەوتبایەوە چاوپۆشی لێ دەكرا بەڵام ئەوەی ڕوویداوە تەنیا بریتییە لە پاوانكردنی ڕۆژئاوا لە لایەن پەیەدە ئەوەیش بەسوودوەرگرتن لە ڕێككەوتنی هەولێر و یارمەتیی ڕژێم كە یاریكردنێكی مەترسیدارە بە چارەنووسی گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا. پەیەدە هەر بە پاوانكردن نەوەستا بەڵكو كەوتە كوشتن و گرتنی ئەندامانی حزبەكانی تر. 
 
من بەرانبەر بە ئاییندەی ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانم و ئەو ترسە لە ئارادایە كە ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەست كورد بچێت. چونكە ڕژێم هیچ دانی نەناوە بە مافی كورد لەبەرانبەر ئەو هاوكارییەی پەیەدە پێشكەشی ڕژێمی كردووە و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش، كورد بە بەشێك لە ڕژێم هەژمار دەكات و ئەوەشیان كێشەی جددی بۆ گەلەكەمان لە داهاتوودا دروست دەكات. هەر لەسەرەتای ڕووداوەكانی سووریا بڕیار ئەوە بوو كورد خۆی تووشی شەڕ نەكات و ئەگەر هێرش هاتە سەر كورد بەرگری لەخۆیان بكەن. بەڵام پەیەدە گەلەكەمانی تووشی شەڕێك كرد كە نە شەڕی كورد بوو و نە لە قازانجی كورد بوو. ئەو شەڕە بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیانهەزار هاووڵاتیی كوردی ڕۆژئاوا. ئەوان دژی كۆدەنگیی نەتەوەیی وەستانەوە و تەنانەت ئاڵای كوردستانیشیان لە ڕۆژئاوا قەدەغە كرد. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیەدە تاكلایەنانە ئیدارەی خۆی لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە و ئەوەش تاكڕۆیەكی ئاشكرا و پەراوێزخستن و بەلاوەنانی حزبە كوردییەكانی دیكەیە. ئێمە داكۆكی لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەكەینەوە و تەنیا پشتگیریی ئەم هەنگاوانە دەكەین كە هەموو لایەنەكان پێكەوە بڕیاریان لەسەردا بێت و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری تاكلایەندا ناكەین.
 
هیوادارم گۆڕانكارییەكان لە ئاییندەدا لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بن و ئامۆژگارییشم بۆ هەموو لایەنە كوردییەكان و پەیەدەش ئەوەیە كە لە بەرژەوەندیی گەلەكەمانە بەیەكەوە بن و بگەڕێنەوە بۆ بنەماكانی ڕێككەوتنی هەولێر. بە دڵنیاییەوە ئەمەیان باشترین ڕێگەیە و لەهەموو بارودۆخێكدا پێگەی كورد لە سووریا بەهێزتر دەكات و ئێمەش بەهەموو توانایەك پشتگیرییان دەكەین. هەموو لایەنەكان بۆ ئێمە وەك یەكن و خوشك و برای ئێمەن. دەمانەوێت بە مافی خۆیان بگەن و خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیان بن. ئەگەر پەیەدە تووشی لەخۆباییبوون بێت و بەردەوام بێت لە پشتكردن لە خوشك و براكانی ئەوە بە تەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدیات و مەترسییەكان ببێتەوە و چارەنووسی كوردیش دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی جددییەوە. ئەگەر هەموو لایەنەكان نەگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنامەی هەولێر ئەو كاتە دەستەی باڵایش هیچ مانایەكی نامێنێ و پەیەدە خۆی بەرپرسیار دەبێت لە لەدەستدانی دەرفەتی مێژوویی. 
 
مسعود بارزانی 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 11ـی 2013

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت