براکەی مەلا کرێکار : سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ ئامەد مانایەکی مێژویی و نەتەوەیی دەگەینێت .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لەسەرماڵپەڕی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ” Khalid Renjder خالید ڕەنجدەر ” کورتە نوسینێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی ( سەردانی بارزانی بۆ ئامەد ) . لە کورتە نوسینەدا ، بۆچونی خۆی بۆسەردانەی بارزانی بۆ ئاماد بە پۆزەتیڤ و نیشتمانی هەڵسەنگاندووە .. ئەمەی خوارەوە تەواوی بابەتەکەیە ….
سەردانی بارزانی بۆ ئامەد
خالد ڕەنجدەر
١٧/١١/٢٠١٣
ئێمە ئەگەر بێلایەنانە سەیری سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ شاری ئامەد، دەبینین کە ئەو سەردانە بۆ تورکیا و پێشوازی لێکردنی لە لایەن ڕەجەب تەیب ئۆردوغانی سەرۆک وەزیرانی تورکیاوە لە شاری ئامەد مانایەکی مێژویی و نەتەوەیی دەگەینێت. ئەگەر سەردانەکە بۆ ئەنقەرە بوایە دەبوە سەردانێکی پرۆتۆکۆلی سەرۆکایەتی و هێندە بەلای مەسەلە نەتەوایەتیەکەدا نەدەچو. بەڵام پێشوازی کردنی بارزانی لە ئامەدی شاری کوردان سیمایەکی نەتەوەیی بەو سەردانە دەبەخشێت .
ئەو سەردانە لەسەر ئاستی تورکیا سیاسەت و ستراتیژیەتی حیزبی داد و گەشەپیدانی تورکیا ڕەنگ پێدەداتەوە و، ئازایەتی ئۆردوغان نیشان دەدات لە درێژکردنی دەستی ئاشتی بۆ کوردان و، بیرکردنەوە لە چارەسەری ئاشتیانە بۆ دۆزی کورد لە تورکیا کە چەندین ساڵە پشتگوێ خراوە و، هەوڵ دراوە بە لێدانی سەربازی چارەسەر بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەبێ ڕێگای ئاشتی بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و، ئاشتی بە قازانجی هەردو گەلی تورک وکوردە .
ئەو سەردانە و بەو جۆرە پێشوازی لێکردنە و جەخت کردنەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ، مانای ئەوەیە کە بونی کەسێکی وەک بارزانی پێویستە و، وەک هێمایەکی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت و، نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێت لە پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و ولاتانی دەوروپشتدا ڕۆڵ ببینێت .
بارزانی پەیامی برایەتی و ئاشتی گەلی کوردی باشوری لە گەڵ خۆی بردە تورکیا و ، ڕایگەیاند کە هەڵوێستی هەولێر و ئامەد و قامیشلۆ و مەهاباد ئاشیانەیە و ، گەلی کورد دەستی ئاشتی بۆ گەلی عەرەب و تورک و فارس درێژ دەکات .
ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئەگەر بیەوێ بیر لە چارەسەری دۆزی کوردی ڕۆژهەڵات بکاتەوە باشترە هەمان هەنگاوی تورکیا بنێت و ، چاوی لە ڕۆڵی بازرانی و هەرێمی کوردستانی عێراق بێت .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە