ستیڤان شەمزینی : دیسانەوە سروودی ئەی رەقیب .
چەند ساڵ پێش ئێستا ، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ سروودی ئەی رەقیب هەڵنەستایە سەرپێ ، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق بە شانازییەوە بۆ مارشی عێراق لەسەر پێیەکانی وەستا . ئەو رووداوە هێشتا لە ناو چینی یادەوەریی زۆربەماندا بە زیندوویی مابووەوە، کاتێک پەرلەمانتارانی کۆمەڵی ئیسلامی لە یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ، بە لاساییکردنەوەی ئەمیرەکەیان، بێڕێزیان بەرانبەر بە سرووی نەتەوەیی گەلی کورد کرد و ئامادە نەبوون کەمتر لە خولەکێک بۆ سروودێک بە پێوە بوەستن ، سەدان شەهید لە کاتی شەهیدبوونیاندا وەک دوا هوتافی نەتەوەیی بە رووی داگیرکەرانی کوردستان وتوویانەتەوە ، ئامادە نەبوون رێز لە سروودێک بگرن چەندین دەیەیە بۆتە مارشی شۆڕشگێڕیی و بەرخوادانی رۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە هەر چوار پارچەی کوردستانی داگیرکراو .
کاتی خۆی و لە ساڵی 2010 لە بەرانبەر ، هەڵوێستی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، لە وتارێکدا نووسیبووم ” جەنابی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ، بیری چووە ئەم سروودە شەرعیەتێکی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی و تەنانەت میللیشی هەیە ، هیچ حزب و لایەنێک، هیچ دەستە و گروپێکی سیاسیی ، بە بڕیار ئەو سروودەیان نەکردۆتە مارشی نەتەوەیی کورد ، بەڵکوو بە خۆڕسک و بەدەم هوتافکێشانی چەندان شەهید و لەمیانەی دەیان خۆپیشاندانی سەردەمی دەسەڵاتی داگیرکارییەوە شەرعییەتی وەرگرتووە . ئەی رەقیب پێویستی بە پاڵپشت و پەسندانی هیچ یاسا و رێکخراو و پەرلەمان و حکوومەتێک نییە ، بۆ ئەوەی بە فەرمی وەک مارشی نەتەوەیی بناسێنرێت ، چوونکە ئەو لە بۆتەی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا ئەم شەرعییەتەی وەرگرتووە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ئەدەبیاتی ئەو بزووتنەوەیە بە درێژایی تەمەنی خۆی “.
هەر لەو وتارەدا نوسیبووم ( ئەی رەقیب لەسەردەمێکدا نووسراوە ، کە بوونی کورد لە ژێر هەڕەشەی توانەوە و پارچە پارچەکردن و ژێردەستەییدا بوو، ئەو شیعرە بەرز و پڕ لە بەرگرییەی ” دڵدار ” بۆ ئەوێ رۆژێ و هەتا ئێستاش پەیامی کۆڵنەدان و خۆبەدەستەوەنەدان و بەرگریی نەتەوەی کورد بوو لە خاک و زمان و رەگەزی خۆی، تەنانەت ئەم سروودە وێردی سەر زمانی چەندان مەلا و پیاوی ئاینیی و فەقێ و شێخی ئەم کوردستانە بووە، ئەوانە نەک هەر کوفرێکیان لەم سروودەدا نەبینیوە، بەڵکو هاشاکردن و بە سووک سەرنجدانی ئەو سروودەیان بە کوفر زانیوە و لە کەسیان قبوڵ نەکردووە بە چاوێکی سووک و بێ رێزییەوە تەماشای بکات ).
ئێستاش دوای سێ ساڵ ، دیسانەوە ناچارم ئەم چەند پەرەگرافە ئاڕاستەی کۆمەڵی ئیسلامیی بکەمەوە ، چوونکە زۆر دەمێکە گەڕیان لەم سروودە ئاڵاندووە . من وامدەزانی ئەو فراکسیۆنە یەکەم ئیش و پڕۆژەیان بریتییە لە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیجی بۆ خێراکردن لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی ، لەو بڕوایەدا بووم بۆ دەرهێنانی بەڕەکە لە ژێر پێی لایەنەکانی دەسەڵات ، کۆمەڵی ئیسلامی جاڕی تەبایی و یەکڕیزیی کورد رادەگەیەنێت لە هەر چوار بەشی داگیرکراوی کوردستان، وا تێدەگەیشتم، کۆمەڵی ئیسلامی یەکەم لایەن دەبێ بۆ سەرنجڕاکێشانی کۆمەڵانی خەڵک، پڕۆژەیەکی قانوونی بۆ گەڕانەوەی دەستبەجێی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم پێشکەش دەکات، وەلێ ئەفسوس دەبینین بە هەمان شێوەی عەرەب و فارس و تورکە توندئاژۆ و شۆڤێنییەکان رقی خۆیان بەسەر سروودێکدا باراندووە کە کۆدەنگیی هەموو کوردێکی لەسەرە. تەنانەت کەم شت هەیە هێندەی ئەم سروودە کۆدەنگیی کوردستانیانی لەسەر بێت .
هەرچەند من بیر لە هەڵوێستی ئەو برایانە دەکەمەوە ، هیچ پاساوێکی قەناعەتپێکەر نابینمەوە بۆ ئەو هەڵوێست و رقبەرایەتییە لەگەڵ ئەی رەقیب، ئەگەر مەسەلەکەش وابەستەیە بە ئاین، هیچ کات هیچ کەسێک بەوە لە ئاین دەرناچێت، پەسنی نیشتمانەکەی بکات و بیهێنێتە ئاستی دین و ئیمان . دەبوو ئەم بەشە لە سروودەکە جێگەی رەخنەی ئاتەئیستەکان بووایە، چوونکە بۆ ئەوان دەستەواژەی “دین و ئیمان”، رەنگە بایەخی نەبێت، کەچی بە پێچەوانەوە دەبینین، لایەنێکی ئیسلامی کە بانگەشەی چاکسازیی و دیموکراسی و کرانەوەی کۆمەڵگە دەکات، لە بری هەر پڕۆژەیەک لەو بوارانەی بانگەشەی بۆ دەکات، تەنیا کێشەی خۆی لە سروودێکدا چڕ کردۆتەوە و بە هەڵوێستێکی لەو چەشنە لە سەرەتاوە یەکڕیزیی نێو هۆڵی پەرلەمانیان تێکدا و دڵساردییان لەنێوان لیستەکاندا دروستکرد.
لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەوەش بڵێم، بەداخەوە بۆ ئیسلامی سیاسیی بەتایبەت کۆمەڵی ئیسلامی، رۆژ و شەوانە دەیان سروودی ئیسلامیی عەرەبی و زنجیرەی ئێرانی و وەعزی بانگخوازە عەرەبە سەلەفی و وەهابییەکان لە رێی شاشەی تیڤییەکانیانەوە نیشانی بینەران دەدەن، کەچی وەختێک کار دەگاتە سەر سروودی نەتەوەیی گەلی خۆیان دەماری ملیان هەڵدەستێت و دەیدەنە بەر نەفرەت و لە خانەی کوفر و بێ باوەڕیدا پێناسەی دەکەن. ئەم سیاسەتە هەر ناوێکی هەبێت، جگە لە دوژمنایەتی لەگەڵ رای گشتیی گەلی کوردستان ناونیشانێکی تری نییە .