Abubakir-Caf-5

ئەبوبەکر جاف : شەڕی سەرمایەكان , شەڕ لە سەر سەرمایە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وردكردنەوەی بۆردیۆ بۆ كۆمەڵگەی ئێمە .

كڵۆڵی و دەستەپاچەیی ماركس ، وەستانی بوو تەنیا لە سەر یەك سەرمایە , سەرمایەی ئابوری , ئەو وای دەزانی خاوەندارێتی و بون بە خاوەنی ئابوری بەسە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم سەرمایەوە فۆرمێك لە هەیمەنە دروست ببیت و بەردەوامییش بە خۆی بدا . بۆردیۆ ” دێت و باس لە چەندین جۆری سەرمایە دەكات , سەرمایەی ئابوری , سەرمایەی ڕەمزی , سەرمایەی كولتوری ..

بۆ ئەوەی فۆرمەلەبون دەركەوتەی نوێی كۆمەڵگای كوردی ببینین و لە سەری بوەستین و شی بكەینەوە , ئەوا بۆردیۆ سەدان جار زیاتر لە ماركس هاوكارمان ئەبێت .

ئێمە لە سەروبەند و چركەساتی سۆسیۆلۆژیانەی جێگۆڕكێی سەرمایەكانداین , مادام لە سەروبەندی پێكهاتنی نەوەیەكدان زۆڵ و حەرامزادە بە سەرمایەی نەوەی پێشوو ,  سەرمایەی شۆڕگێری و خەبات و جەنگاوەری .. ئەم نەوەیە بە سروشتی خۆی و لە ناو دیسكورسی خۆیدا مەحكمەو ناچار بە دروستكردن , یا كۆكردنەوەو ڕێكخستنەوەو زەقكردنەوەی شێوازێكی نوێی سەرمایەی كولتوری و مەعنەوی , ئەم پرۆسەیەش هەم مەكینەكانی خودی ئەم نەوەیە بۆ خۆی و لە ڕێگەی خۆیەوە دروستی دەكات , هەم ئەویتریش( ئەو , ئەوانی – ئەم ) بەشدارن لە پێكهاتن و زیادبون و زەقكردنەوەی ئەم سەرمایەدا ) . نەوەیەك , كە لە شاخ نەبووە , ئاوارەیی ئۆردوگاكانی نەبینیوە . كەسێكی پلەیەكی شەهید نەبووە , ئەنفال نەبووە , پێشمەرگە نەبووە,  پەككەوتەی شۆڕش نییە …., ئەوا دەست دەبات بۆ سەرمایەی سیمبۆلی و ڕەمزی تر , فێربونی زمانە جیاوازەكان , بەكارهێنانی موفرەدەی نوێ , شێواوزی هەڵسوكەوت و تام و بۆ كردنی تازە , شێوازی خۆ گۆڕین و جل لە بەركردن , شێوازی قژ داهێنان , ئەو موفرەدانەی بەكاری دێنێت , ئەو ڕستانەی لە پاش و پێشێكی موفرەدەیی نوێدا گۆی دەكات , ئێستاكە لە كۆڕوكۆبونەوەكاندا , لە ناو هۆڵەكاندا , لە بۆنەكاندا ئەم نەوەیە لە ڕیزی یەكەم و دووەم دانانیشین , ئەمە خۆ جیاكردنەوەی نەوەیەكە , بە ئاگایی و نا ئاگایی , لە نەوەی پێشو , جۆری ئەو كتێبانەی دەیخوێننەوە , بونی كتێبخانە , دپلۆم , ئەو كافیتریاو ڕیستۆرانتانەی هەڵ دەبژێرن بۆ دانیشتن , فۆرمی نوێی عیشق و دڵداریكردن , دەستبردنێكی نوێ بۆ تەكنیك و تەكنۆلۆژیا …. سەدان شتی تر تەنیا دەلالەت لەخۆ جیاكردنەوەی نەوەیەك ئەكات .

بەڵام دۆخێكی تر , دۆخێك لە دروستبوندایە , دۆخێكی نیفاقی و دوو ڕویی و هەزاڕ ڕویی نەوەی كۆن و سەرمایەی كۆن , ئەم دۆخە , ئەم دەركەوتنە نەوەی كۆن هەڵگرێتی و شوناسی نەوەی كۆنە , كاتێك ئەندامێكی مەكتەب سیاسی هێزێك ,  سەركردایەتی و هێزێك , ئەو كادیراانەی هێزێك كە سەر بە نەوەی كۆنن , دێن و دەست دەبەن بۆ سەرمایەكانی نەوەی نوێ , لە دپلۆم و شەهادەكان , لە فێربونی زمان , مەكتەب سیاسییەك دێت و لە ڕیزی پێشەوە دانانیشێت , موداخەلەیك دەكات بە ڵام بە ڕستەو موفرەدەكانی نەوەی نوێ , ڕێك ئەبێت بە مونافیقێكی پلە ئیمتیاز , بۆ؟ : چونكە بێئاگایە لەچۆنێتی بەكارهێنانی سەرمایە نوییەكان , بەكارهێنانی ئەم سەرمایە تازانە تەنیا بۆ بەردەوامی ململانێ و خۆ ئیدامەدان و درێژكردنەوەیە , ئەو كاتە پڕ پڕی ئەكات لە پارادۆكس , بێئاگایی , جەهل بەرانبەر لۆژیكی ماناو دەلالەتی بەكارهێنانەكانی لەلایەن نەوەی نوێوە , نەوەی كۆن كتێبخانەیەك دروستدەكات و ناتوانێت بیشارێتەوەو نازانێت تەنیا بۆ خوێندنەوەیە , بەڵكە بۆ ئەوەیە میوانەكانی بیبینن , لە چاوپێكەوتنی تیڤییەكاندا زنجیرە چاپكراوەكانی ” نۆبڵیس ” لە پیشتییەوە دەركەون . بەڵام درەنگە ,  ئەگەر بە تەواوی سەر بە میراتی سەرمایە كۆنەكان نەبێت , ئەوان مونافیقێكە پێیەكی لە ناو سەرمایەی كۆن و پێیەكی لە ناو سەرمایەی تازەدا ( لە هەردوو جەژن ئەبێت , لە عیسا و موساش ) ناچارە پەنا بباتەوە بەر بەرهەمهێنانی ( توندوتیژییەك‌ ماتریالی و ڕەمزی : ئەم نەوە تازە مونتەمی نین , ئینتیمایان نییە , كوردبونیان بەلاوە گرنگ نییە .. ) بەڵام زۆر لەوە بێئاگاو نەزانترە بزانێت فۆرمی نوێ ئینتیماو كوردبون و پابەندبون و دەربەستی دەركەوتون .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت