دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : لە پێناوی تاکە کتێبێکدا .
بۆ سەپاندن و بەفەرمیکردنی یەک جۆر قوڕئان ، دەسەڵاتی سیاسی فەرمەنڕەوای مەدینە ” مەڕوان ” بۆ ئەوەی بەرەنگاریی مێژوویی لێکدانەوەی جیاواز بۆ قورئان نەکرێت ، دەستی دایە کۆکردنەوە و سووتاندنی هەموو جۆرە کۆکراوە جیاوازەکانی قوڕئان . لێ یەکێک لەو حەوت جۆرە کۆکراوە کۆنانە لەدەستی مەڕوان رزگاری بووە و ئێستا لە هێندێک شوێن لەناو ئیسلامانی ئافریکادا پێڕەو دەکرێ . کردارەکەی مەڕوان – کتێب سووتاندن ، یەکێکە لە ئەزموونی کۆنی ئاینەکان . هەر یەک لە سێ ئاینە ئاسمانییەکان دەڵێن” کتێبەکەمان تەنها کتێبی بایەخدار و پیرۆز و راستە ” و هەموو شتێکی تێدایە بۆ مرۆڤ کە پێوێستە بیزانێت” بە بڕوای وان کتێبەکانیان ، ئینساکلۆپیدیایەکە کە هەموو شتێکی تێدایە ، ئیدی پێوێست ناکات مرۆڤ بۆ زانیاری و فێربوون کتێبی دیکە بخونێتەوە . لە ناو کریستیانەکاندا ” پاوڵ ” ی تەڕسووس/ سانت پاوڵ ، فەرمانی دا هەموو پەرتووکە سامدارەکان بسووتێنن . فەرمانەکەشی بەر گوێی کەڕ نەکەووت . ….. پاوڵ ١٩:١٩.
کۆنستانتین و زۆربەی ئێمپڕاتۆرەکانی رۆم- ی دوای کۆنستانتین ، فیلۆسۆفانیان لە وڵات دەرکردووە و دادگاییان کردوون، بەتاوانی ئەوەی تاکپەرست نین- بەواتای ئەوەی مەسیحی نین ، بەندیان کردون و زۆریشیان کوشتوون . رقبوونەوە لە پەرتووکی نا مەسیحاێتی بووە هۆکاری بێهێزیی شارستانەتی و دواتریش لە سەتەی شازدەدا، درووستکردنی لیستی پەرتووکی یاساخکراو و دروستکردنی کەشێک بۆ رەتکردنەوەی هەر پەرتووکێک لەگەڵ بیر و بۆچوونی ، کاسۆلیک ، هاوەڵەکانی مەسیح و کڵێسای رۆم نەگونجاوبێت . ئارەزووی دەستشۆرین لە پەرتووکی دەرەوەی ئاینی مەسیحاێتی و بڕوا نەبوون بە بیر و بڕوای بێ باوک و کەسنەناس و فیلۆسۆفیای هەژار، خاوەنی بیروباوەڕی جیاواز و فیلۆسۆفانی خستە بەردەم هەڵبژاردنی بێدەنگی ، یان گەورەترین سزا . سەرجەم پەرتووکی فیلۆسۆفە گەورەکان لە ( مۆنتاگنێ هەتا سارتەر ، بە پاسکاڵ ، دیسکارتێ ، کانت ، سپینۆزا ، لووک ، هوم ، بێرکلی ، روسۆ و … زۆری تریش – بە ماتێریالیست و سۆشیالیست و فڕویدییەکانیشەوە ، لە لیستی پەرتووکە نەخوازراوەکاندا بوون . ئینجیل دەڵی هەموو زانیارییەکم تێدایە و هەرچی لەئینجیلیشدا نەبێت ، رەتی دەکاتەوە ، بەڵام ئەوە لە چەند سەتەی رابووردوودا کارەساتهێن بوو .
فەتوای بێ ئەژمار ، دژی نووسەرانی موسوڵمان درا، ئەگەر چی بەرگریشیان لە بێ بڕوایی ، زەندەقە نەکردووە و دژی فێرکردن و بۆچوونی قوڕئانیش نەبوون . لە ئیسلامدا هەتا ئێستاش ئەوەندە بەسسە بە ئازادی بیربکەیتەوە و بنووسیت بۆ ئەوەی هەورەبرووسکە بەسەرتدا دابارێ . تۆزێک جیاواز بیربکەیتەوە بەسە بۆ ، دادگاییکردن ، بەندکردن ، دەربەدەرکردن و بگرە تێڕۆڕکردنیشت. ئەمانە هەمووی بەسەر کەسانی وەک ، عەلی عەبدولڕەزاق ، محەممەد خەلەفوڵڵا ، تەها حوسێن ، ناسر حەمید ئەبوزەید ، محممەد ئیقبال ، فەزلور رەحمان و محەممەد محەممەد تەها و عەبدولخالق مەعڕووف- دا هاتوون .
مەلا و قەشە و رابای ئەو سێ ئاینە ، هەزار و یەک فێڵ لەژێر جبەکانیاندایە بۆ هەڵفریواندن و خۆڵکردنە چاوی گوێبیستەکانیانەوە . بەڵام پێمان بڵێن ئەو پیاوە ئاینیانە بەکوێ گەیشتوون ، چیان داهێناوە لە سێ هەزار ساڵی رابووردوودا جگە لە داڕشتنەوەی سەرگورشتە خورافییەکان بە زمانێکی نوێ ؟