دکتۆرکەمال میراودەلی : حیکایەتی ژیان و بوون وەک خەیام وێنای دەکات .
بەشی چوارەم .
لێکدانەوەی چوارینەی ٢١-٣٠
(٢١)
هاتمە گەردوون – بۆچی؟ نازانم
بۆ کوێ وەک رووبار، وا سەرگەردانم؟
وەک شەوەبایەک لە وێرانەدا
نازانم بۆ کوێ هەڵدەکات ژیانم
(٢٢)
چییە بێ پرسیار هاتووم بۆ ئێرە
چییە بێ ئیختیار من دەڕۆم بۆ وێ ؟
ئای چەند کاسە لەم ، مەیە حەرامە
خنکاندیان یادەوەرییەکەی ترێ !!
(٢٣)
لە سەر رووی زەوی ، تا زەحل و موشتەری
هاتم و لە سەر تەختێ رۆنیشتم
لە سەر رێ چەندین گرێم کردەوە
لە گرێی بوونی خۆم هەر تێنەگەیشتم
(٢٤)
دەرگایەک : کلیلم نەدۆزییەوە بۆی
پەردەیەک : روانین نەکرا لە دوو توێی
تەنێ کورتە ئاخاوتێکی من و تۆ ،
ئەوسا نە من منم و نە تۆ تۆی !!
(٢٥)
نە زەمین دایمێ وەڵام ، نە دەریای شیوەنگێڕ
نە ترسی بنەوشە ، نە تەنیایی خوداوەن
نە ئاسمانی پان کە هەموو ئایاتی ئاشکرای
لە ناو سووڕی شەوو رۆژدا شاراوەن !
(٢٦)
ئەوسا بۆ فەلەک خۆی هاوارم برد
پرسیـم : کام چراو قەدەر ڕێبەرە
بۆ ئەو منالەی تاریکە رێگای ؟
ئاسمان وتی: بە کوێریی ڕێ بگرە !
(٢٧)
تۆ لە ناو مندا لە ودیو پەردەوە حەشاری
دەستم بەرز کردەوە تا بتکەم دیاری
چرایەک لە تاریکستاندا بوو بینیم
لە دەرەوەم ‘ من لە ناو تۆدا ‘ کوێرەکاری
(٢٨)
لە لێوی ئەم گۆزە شکاوەی هەڵم گرت
بیستم سادە نهێنییەکی بوون و ژیان
لێو لە سەر لێوم چرپاندی : تا ماوی
مەیخۆر بە ، جارێکی ترنایەیتەوە ، ئامان؟
(٢٩)
گۆزە پێی وتم بە زمانێ رەوان :
” زەمانێک منیش خاوەنی ژین بووم
زۆرحەزم دەکرد لە ماچی لێوان “
سەرسام بووم چەندی داوەو چەندی ستان
(٣٠)
بەیانییەک لە ناو قەدی بازاڕا
بینیم گۆزەکەر قوڕی دەشێلا
بە زمانی وەریو بیستم نالاندی
” هێمن بە ئاخر رۆحمت نەهێڵا “
( ٢١ )
ئاه ، دڵەکەم ، دیارە ورد گوێم لێدەگری ، تۆش ئێستا پرسیاری قورسم لێدەکەی ؟
دەپرسی : ئەرێ ئێمە بۆ لێرەین ؟ ئەم هەموو ئازارو ژانە بۆ ؟ ئەم هەموو شەرو جەنگ و پێکهەڵپڕژانە بۆ ئەم کەمە ژیانە ، بۆ؟ ئەم هەموو خەمو ئازارو گریانە ، بۆ ئەم دنیا وێرانە ، بۆ ؟ دەزانی من عالمی دین و زانستم ، گەورەشارەزام لە ئەستێرەناسی و پسپۆری متماتیکم . فەلسەفەی یۆنان و ئیسلامم بەردەست کردووە . قورئانم بەرگاو بەرگ لە بەرەو چەندین جار خەتم و دیراسەم کردووە ؟ بەلام راستیی بۆ تۆ دەدرکێنم ؛ لە هیچ شتێک نەگەیشتووم بە یەقین ؟ وەلامیكی جددیی هیچ پرسیاریکی جددیم وەرنەگرتووە ، جا گوێم لێبگرە گەشتی گومانی خۆمت بۆ بگێڕمەوە . دڵنیابە هیچ شتێکم بە چاوی نوقاوو مێشکی داخراوەوە وەرنەگرتووە .
بۆ هاتووینە گەردوون و چۆن ؟ نازانم . .
بۆچی وەک جۆگەئاوێک لە کونجەزەوییەک هەلقولاوین و سەرگەردان رێگەدەگرین ؟ نازانم
بۆچی بۆ ماوەیەکی کەم تەمەنم لەم وێرانەی دنیادا وەک شنەبایەک هەلدەکاو وەک گەردەلوول لە منالییەوە بۆ پیریی ، لە نێوان خەوو هۆشیاریی و شایی وبۆشاییدا ، بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوەو بەسەر دەچێ : نازانم ؟
( ٢٢ )
من کە خۆم دیتەوە لەم دنیایەدا فڕێدرابووم ، کەس پرسی پێ نەکردبووم ؟
من کە دەبێ رۆژێ ، ساتێ ، بە هەر رووداو قەدەرێک بێت ، ئەم دنیایە چێ بێلـم ، بۆ خۆم هیچ خواست و ئیختیارێکم لەمەدا نییە . سات و شوێن و رەوشەکەی خۆم هەڵی نابژێرم .
بیر لە حیکایەتی مەی بکەوە؟
مەستیی مەی بۆ خنکاندنی بیرەوەری ترێ یە ، بیرەوەری هەموو ئەوانەی لە دامێنیدا رەنجیان داوە و مەست بوون و رۆێشتوون ، ئێمە بەردەوام بیرەوەرییەکانمان بە مەستییەکانی ژیان دەخنکێنین تا بتوانین کارەساتی سەرووی خواست و توانستی خۆمان ، لە بیر بەرینەوە .
( ٢٣ )
من وەک ئەستێرەناسێکی خولیای زانست و عەوداڵی سۆراغی نهێنییەکان ، لە دیاردەو پەیداکانی زەمین تا زوحلەو موشتەری سەر نجم داو لەو رێگایەی زانین و تۆژێنەوەدا زۆر گرێی سەختی دیاردەکانی سروشتیم کردەوە ، بەلام هەرگیز یەک تۆز زانیارییم لە سەر نهێنیی و مەبەستی بوونی خۆم بۆ زیاد نەبو و، هیچ لە شوناسی خۆم حاڵی نەبووم .
( ٢٤ )
ئەمە ئەو دەرگایە نهێنییەیە کە هیچ کلیلیكم بۆ نەدۆزیەوە ، ئەو پەردەی رازەیە لە نێوان زەمین و ئاسماندا کە نەمتوانی لە هیچ درزو کونێکەوە بۆی بڕوانم . ئەوەی هەیەو نییە ئەو ئاخاوتن و باسە کەم و کورتەیە کە من و تۆ ماوەیەک بۆ یەکتری دەکەین و خۆمانی پێوە دەخافڵێنین . لە نەکاوێک دەزانین شتێک نییە من و تۆ بووبین . ئەو هەموو زانا مەزنانەی بیرو مێشکی خۆیان ماندوو دەکەن ، ماوەیەک دنیا بە ئاخاوتن و تێڕوانینەکانی خۆیان مەشغوڵ دەکەن ، لە نەکاوێکدا تەواو دەبن و، لە بیر دەچنەوە، وەک نەبووبن ، بیرو زانستیشیان خەلکی دی وەک دەیانەوێ لێکی دەدەنەوەو بەکاری دێنن، یان تووڕی هەڵدەدەن . خوا دەازنێ دوای مەرگی منیش چی لە زانستەکەم دەکەن، چ گەمژەیەک گاڵتە بە شیعرەکانم دەکات .
( ٢٥ )
ئەمە بۆ وایە ؟ زەمین بە هەموو پانیی و قووڵیی دیاردەو رووداوەکانی خۆیەوە وەلامی نەدامێ . دەریا بە شەپۆلە شیوەنگێرەکانی نەمزانی بۆچی و بۆ کێ شێوەن دەکا ، نەمزانی گریانی شەنمی بەرەبەیانیانی بنەوشە لە ترسی چییە ، خودا بۆچی تەنیایە و چ دەکات ، ئەو ئاسمانە بەرینەو ئایاتی ئاشکرای خۆرو مانگ و ئەستێرەکانی کە بەڵگەی مەزنی بوونی کردگاری مەزنن ، لە ناو سووری شەوو رۆژدا چ نهێنییەکییان شاردوونەوە ، هیچیان سەرەداوێکیان لە نهێنی بوونی خۆم و سەرەتاو چارەنووسم نە دامێ .
(٢٦)
بێهومێد و بێدەسەڵات ، هاوارم بۆ فەلەک خۆی کرد . پرسیم ئەو منالەی مرۆڤ کە لە تاریکیدا هەنگاو دەنێ و هەمیشە هەڵە دەکاو هەڵدەنگوێ ، چ چرای زانست و وەلامی دڵنیا بۆ پرسەکانی هەیە ؟ ئاسمان پێێ وتم : ئەو پریسیارانەی تۆ دەیانپرسی لەمەڕ نهێنی بوونی مرۆڤ، لە کوێوە هاتووەو بۆ بۆتە خاوەنی ئەم حێکایەتەی بوون وژیان ، ئەمانە لە حوکمی عەقڵی تۆدا نین و هەر دەبێ بە تاریکی هەنگاو بنێی ؟
(٢٧)
خوداوەند، تۆ لەو دیوی پەردەی نهێنی بوونمەوە حەشاری ، من هەموو لەحزەو تاوێ هەستت پێ دەکەم، دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە تا خۆم لە تۆدا وتۆ لە ناو خودی خۆمدا ببینم . پەییم بە نهێنی ئەستێرەکان بردو چرایەکم لە تاریکستانی وجود دا بینی . بەلام من هەر لە دەرەوەم و بەشێک نیم لە زانستەکانت . [ من لە ناو تۆدا ] دەگاتە کوێرەرێگایەک و زانستکاری نامێنێ .
(٢٨)
بەلام عەقڵم کۆڵی نەدا و بە پرسیارەکانی هەراسانی کردم . ناچار گەرامەوە بۆ راستیی و دیاردە سەرنجدراوەکانی سروشت و جیهان و ژیان . دوێنی لەو دەشتە لەتکە گۆزەیەکم هەڵگرتەوە . لێوی لە سەر لێوم داناو نهێنییەکی سادەی بوون و ژیانی بە گوێدا چرپاندم و وتی : تا لە ژیندای مەی ژیان بنۆشەو تامی خۆشییەکانی بچێژە ! ئامان ، کە رۆیشتی جارێکی تر نایەیتەوە ئەم دنیایە .
(٢٩)
ئەوسا بە زمانیکی رەوان نهێنییەکی سەیری بۆ درکاندم . وتی : زەمانێک منیش مرۆڤیكی زیندە و گەنج و قیت و قنچ بووم وەک تۆ ، زۆر حەزم لە ماچی لێوان بوو .”
ئەوسا گۆزەکە بێدەنگ بوو ، لە دەستم بەربۆەو کەتەوە سەر خاک . منیش رامام و بیرم کردەوە داخۆ ئەم لەتە گۆزە چەند ماچی لێوی کردبێ ، چەندی بەخشیی بێ و چەندی ستاندبێ !
(٣٠)
بەیانییەکیش بە لای گۆزەکەرێکدا گوزەرم کرد . خەریک بوو قووڕی دەشێلا بۆ هەویری گۆزەکانی . گوێم لە نووزەی قووڕەکە بوو دەیناڵاند : هێمن پێم بێدا بنێ ، ئەوەندەت ئازار دام رۆحمت نەهێڵا . ئەرێ دەبێ ئەو قووڕەش رۆحی ئێمە بێت ؟