عەتا قەرەداخی : مرۆڤ لە سەرووی قەدەرو لە دەرەوەی واقیع لەشیعری ( ئۆباڵی خۆت ) ی هەردی دا .
( 1 )
( ئۆباڵی خۆت بە ئەستۆی خۆتە ) یەکێکە لە شیعرەکانی ئەحمەد هەردی کەلە شەش دێڕ پێکهاتووەو وەکو خۆی لە چاپی دووەمی دیوانەکەیدا دەڵێت : ئەو شیعرە تەواو نەکراوە. کاتی خۆیشى کاکەی فەلاح هەندێ قسەی لەبارەی ئەم شیعرەوە کردووە کە ئەو قسانە بوونەتە مایەی زویر بوونی هەردی و لە راستیشدا پێدەچێت کە کاکەی فەلاح تەنیا لە روانگەی سیاسیەوە سەیرى شیعرەکەی کردبێت و بۆچوونی خۆی لەسەر هەردی چۆن بووە هەوڵی داوە بەوچۆرە ئەم شیعرە لێکبداتەوە . ئەگەرچی هەردی خۆیشی لەو قسانەی کە لە پێشەکی چاپی دووەمدا لە بارەی ئەم شیعرەوە دەیکات جگە لە حیکایەتێکی سادە کە وەک خۆی دەڵێت بەسەرهاتێکی واقیعیە، شتێکى زیاتری نەگوتووە . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شیعرە کۆمەڵێ پرسیاری گرنگ بەرز دەکاتەوەو لە ئاستێکی تردا جیهانبینییەکی فیکری و فەلسەفی هەیەو پرسیار لە بارەی بوویەکەوە بەرز دەکاتەوە کە مرۆڤە. هەردی ئەم بوونەوەرە کە سەروەرو سەرداری گەردوونە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکى گەورەوە کە ئەویش تەنیا لە کامڵ بوون و پێگەیشتنی ئەم بوونەوەرە باڵایەدا درووست دەبێت ، بە جۆرێک کە ببێتە خاوەنی بوون و شووناس و بەو پێیەش بوویەکی خاوەن بڕیار بێت و لە بوونی خۆی لە گەردووندا تێبگات و جۆرێک لە هەست بە دڵنیایی کردنیشی هەبێت . لێرەدا دەقەی شیعرەکە دەنووسینەوە بۆ ئەوەی خوێنەر بە ئاسانی بگەڕێتەوە سەری لە کاتی خوێندنەوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا :
بە دەستی خۆت ، کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە
ئەگەر زەهریشی تێدا بوو ، گوناهی خۆتە ، بیزانە
هەڵە یاخود گوناهت کرد ، لە کاتێکا کە بێ هۆشی
سزاو تاڵاوی هەرچی بێ ، ئەبێ وەک بادە ، بینۆشی
ئەگەر پیاویت و ئەیزانی ، کەوا ئۆباڵی کردارت
لە ئەستۆی وردی خۆتایە ، ئیتر بێ سوودە هاوارت!
ئەگەر سەرنجی ناونیشانی ئەم شیعرە بدەین کە رستەیەکی خەبەرییە ، ئەوا راستەوخۆ تێدەگەین کە پێمان دەڵێت تۆ وەکو مرۆڤێک خۆت بەرپرسیاریت لە هەر کارو رەفتارو هەڵس و کەوتێک کە دەیکەیت . ئەم ناونیشانە زیاتر ئەو مانایە هەڵدەگرێت ، کاتێک مرۆڤ کارێکی هەڵە یان نادرووست یان ترسناک بکات ئەوا ئەنجامەکەی هەرچیەک بێت و هەرچۆن بێت تەنیا خۆی لێی بەرپرسیارە . ئەمەش لە ئاستێکی قوڵتردا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێنێت کە مرۆڤ بوونەوەرێکی خاوەن شوناس و ئامادەبوونەو خۆی خاوەنی بوونی خۆیەتی و تەنیا خۆی دەتوانێت بڕیار بۆ خۆی بدات . بە واتا لەم ناونیشانەدا شاعیر پێمان دەڵێت ئەو بۆچوونەی کە مرۆڤ لە هەموو دەسەڵاتێک رووت دەکاتەوەو دەیکاتە پێکهاتە یان بوویەکی قەدەری کە هەموو بڕیارێکی لە دەرەوەی خۆی و لە سەرەوە بۆ بدرێت لە جێگای خۆیدا نییە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە مرۆڤ لە هەموو کاتێکدا خاوەنی بوونی خۆیەتی و بەو پێیەش هەر بڕیارێک بدات ، هەر رێگایەک هەڵبژێرێت، هەر هەنگاوێک بنێت ، ئەوە بە ویستی خودی خۆیەتی و هیچ هیزێک نییە لە دەرەوەی خۆی ئەوەی بەسەردا بسەپێنێت .
هەردی بۆ بەرجەستە کردنی ئەم روانینەی کە لە ناونیشانی شیعرەکەدا ئاشکرای دەکات لە وێنەیەکی شیعری سادەدا ، بەڵام جوان و بارگاوی کراو بە شیعریەت ، فەزایەکی فراوان درووست دەکات بۆ ئەوەی تیایدا ئەو جیهانبینییە بخاتە روو کە وەکو ئاماژە لە ناونیشانەکەدا دەردەکەوێت . ئەویش ئەوەیە کاتێ مرۆڤ بە دەستی خۆی و بە ساویلکەیی هەر کارێک بکات ئەوە تەنیا خۆی بەرپرسیارە لە ئەنجامەکەی. ئەو نموونەیەک یان مۆدێلێک بۆ ئەم مەبەستە دەخاتە روو . کاتێ مرۆڤ بە ویست و ئارەزووی خۆی جام دەنێتە سەر لێویی ، بێگومان دەبێ بینۆشێت تەنانەت ئەگەر ژەهریشی تێدا بێت . لێرەدا هەردی مەبەستی ئەوەیە کاتێ مرۆڤ هەڵەیەک دەکات هیچ بیانوو پاساوێک بۆ ئەو هەڵەیە نییە ، بۆیە جێگای خۆیەتی ئەنجامەکەی چی بێت و چۆن بێت پێی رازی بێت . تەنانەت ئەو وێنەیەی کە ئەو هێناوێتی واتە ئەو جامەی بە ساویلکانەو بێ بیر لێکردنەوە دەینێیتە سەر لێوت ئەگەر ژەهریشى تێدا بێت دەبێ بینۆشیت و لێی پاشگەز نەبێتەوە. لێرەدا دوو بۆچوون ئاشکرا دەبێت. یەکەمیان ئەوەیە کە مرۆڤ خۆی بەرپرسیارە لە هەر کارێک کە دەیکات. دووەم ئەوەیە کاتێ مرۆڤ کارێک دەکات پێویستە لەسەری بەردەوام بێت و لێی پاشگەز نەبێتەوەو پاشەکشە نەکات. بە واتا دەیەوێت پێمان بڵێت ئەنجامی هەر کارێکی هەڵە، بێگومان ئازارو ژان و مەترسی پێوەیە. بەڵام مادەم مرۆڤ خۆی درووستکەری ئەو حاڵەتەیەو بەتەنیا خۆی بەرپرسی ئەو هەڵەو هەر هەڵەیەکی تریشە کە دەشێ وەکو بووەیەکی هوشیار بیکات. دەبێ ئەنجامەکەشی وەربگرێت تەنانەت ئەگەر بە مردن و لە ناوچوونی خۆیشی کۆتایی بێت. وەک گوتمان هەردی لێرەدا لە رووی بەئاگاییەوە بێت یان لە رووی بێئاگاییەوە ئەوە بەرجەستە دەکات کە مرۆڤ بوویەکی خاوەن بڕیارەو بە تەنیاش خۆی بەرپرسیاری هەموو هەنگاو و بڕیارێکی خۆیەتى .
جێگای خۆیەتی ئەو پرسیارە بەرز بکەینەوە ئایا لەسەر زەمینەی واقیع مرۆڤ تا چەند گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکی خۆی بێت ؟ ئایا دەتوانرێت مرۆڤ بەو شێوەیە لە واقیع داببڕرێت و بە تەنیاو وەکو پێکهاتەیەکی سەربەخۆ سەیری بکرێت بە جۆرێک کە نەکەوێتە ژێر کاریگەری واقیع و ئەو بارودۆخەوە کە تیایدا دەژی؟ بێگومان مرۆڤ لە مێژووی تۆمار کراوی بوونیەوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوەندە بە تووندی بە واقیع و بە هەموو پێکهاتەکانی نێو سرووشت و بە واقیعی کۆمەڵایەتیشەوە بەندو پەیوەستە کە زۆر جار ئەو واقیعە بە جۆرێک کاری لێدەکات رووبەری جوڵەو کارکردن و بڕیاردانی ئەو ئەوەندە تەسک دەکاتەوە کە خودی مرۆڤ نەک وەکو بوویەکی سەربەخۆو خاوەن بڕیار بەرجەستە نەبێت بەڵکو وەکو بوویەکی پەیوەست و مل کەچی ئەو واقیعە دەربکەوێت . بە واتایەکی تر هێشتا مرۆڤ نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە کۆنترۆڵی گەردوونی کردبێت و بەو پێیەش بەرپرسیار بێت لە هەموو جوڵەو گۆڕانکارییەک و هەموو دیاردە سرووشتییەکانی رکێف کردبێت و ئەم کاریگەری لەسەر ئەوان هەبێت و بیان جوڵێنێت لە بری ئەوەی کە گەردوون بە گشتی و واقیعی کۆمەڵایەتی بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەر ئەم هەبێت .
بێگومان لە کاتێکدا کە ئێمە وای دەبینین مرۆڤ لە واقیعدا هێندە سەربەست و ئازاد نییە کە تەنیا خۆی بەرپرسیار بێت لەوەی کە دەیکات، بەڵام مەبەستیشمان ئەوە نییە کە مرۆڤ وەکو تاک و وەکو کۆیش لە هەموو بەرپرسیارێتییەک رووت بکەینەوەو هەموو ئەوەی کە دەیکات یان بڕیاری دەدات چ پۆزەتیف بێت یان چ نێگەتیف بێت بیخەینە ئەستۆی واقیع. نەخێر مەبەستمان ئەوەیە کە مرۆڤ بەشێکە لەو واقیعەی کە تیایدا دەژی و زۆربەی کات ناتوانێت وەکو ئەوەی خۆی دەیەوێت یان دەخوازێت یان بیری لێدەکاتەوە رەفتارو هەڵس و کەوت بکات و بڕیار بدات، بۆیە ناکرێت بەو شێوە رەهایەی هەردی لە هەر هەڵەو گرفت و کیشەیەکدا کە روو بەرووی مرۆڤ دەبێتەوە یان مرۆڤ دووچاری دەبێت، خودى مرۆڤ لە دەوروبەر جیا بکرێتەوەو بە تەنیا حوکم بەسەر خۆیدا بدرێت .
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەردی مەرجی داناوە بۆ ئەو بەرپرسیارێتییە، ئەویش ئەوەیە کاتێ بە غەشیمانە واتە ساویلکانە کارێکت کرد دەبێ ئەنجامەکەی چی بوو وەری بگریت. بە مانایەکی تر ئەو پێمان دەڵێت ئەو کارەی مرۆڤ بێ بیر کردنەوەو لێکدانەوەو تێڕامان دەیکات ئەوە هەڵەی خۆیەتی بۆیە تەنیا خۆی بەرپرسیارە لە سەرئەنجامی ئەو کارە. دیسان ئەو پرسیارەش سەرهەڵدەدات ئایا مرۆڤ خۆی بەرپرسیارە لەوەی کە هوشیار بێت یان ساویلکە؟ یان کۆمەڵێ هۆکاری تر لەو بوارەدا دەور دەبینن و ئەم هیچ دەسەڵاتێکی نییە لەو بوارەدا. بۆ نموونە دەشێ خاسێتەکانی بۆماوەو واقیعی کۆمەڵایەتی پێکەوە لەو بوارەدا دەوری کاریگەر ببینن. کەواتە ئەگەر وابێت دەبێ مرۆڤ وەکو تاکە کەس بەرپرسیار نەبێت لە ئاستی هوشیاری و توانای تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی خۆی. هەرچەندە ئەم قسەیەش بەو مانایە نییە کە مرۆڤ لە هەموو هەوڵ و کۆششێکی تاکە کەسی رووت بکەینەوەو هەمیشە وەکو رەگەزێک لە نێو واقیعدا بیسپێرین بە واقیع و لە هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەک دەربازی بکەین. کەواتە دیسانەوە دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەینەوە کە مرۆڤ وەکو رەگەزێکی باڵای نێو واقیع ئەوەندە ئازاد نییە کە خۆی لە هەموو هەڵس و کەوت و جوڵەو بڕیارەکانی بەرپرسیار بێت. هەروەک ئەوەندەش بێ دەسەڵات و ناکارا نییە کە نەتوانێت هیچ دەورێکی هەبێت لە گۆڕینی ئەو واقیعەی کە تیایدا دەژی .
( 2 )
هەڵە یاخود گوناهت کرد ، لە کاتێکا کە بێ هۆشی
سزاو تاڵاوی هەرچی بێ ، ئەبێ وەک بادە ، بینۆشی
مرۆڤ ئەو ئەفرێندراوەیە هەمیشە لە رێگای هەڵە کردندایە چونکە لە بنەڕەتدا ئەم بەرهەمی هەڵەو گوناهێکە کە ئادەم و حەوا کردیان. ئەگەر بهاتبایە ئەو هەڵەیە رووینەدایە، ئەوا لە بەهەشت دەرنەدەکران و لە ئەنجامی ئەوەشدا مرۆڤایەتی درووست نەدەبوو. کەواتە دەشێ وای لێکبدەینەوە کە هەڵەو گوناه وەکو خاسێتی بۆماوە یان وەکو میرات لە گوناهی داپیرەو باپیرەی مرۆڤایەتییەوە گواستراونەتەوە بۆ نەوەکانیان و نەوە لە دوای نەوەش ئەو خاسێتە باردەوامە. کەواتە لێرەوە ئەگەر سەرنجی یەکەم سەرچاوەی هەڵەو گوناه بدەین ئەوا بوونی سەرچاوە بۆ هەڵەو گوناه کە وەکو بەشێک لە پێکهاتەی ئەنتۆلۆژی مرۆڤی لێهاتووەو لە ئادەم و حەواوە هەڵەو گوناه دەستی پێکردووە.ئەمەش ناڕاستەوخۆ باری سەرشانی تاکەکەس سووک دەکات کاتێ هەڵە، یان گوناهێک دەکات چونکە کاتێ دەگەڕێتەوە بۆ رابردووی خۆی بوونی ئەو لە ئەنجامی هەڵەو گوناهی یەکەم باپیرەو داپیرەیەوە درووست بووە واتە ئەم وەکو مرۆڤ بەرهەمی یەکەم هەڵەو گوناهە، ئیتر بۆچی دەبێ بە نەفرەت بکرێت ئەگەر هەڵە یان گوناهێک بکات. دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە مرۆڤ ئەو شەرعیەتەی پێبدرێت چۆن ئارەزوو بکات و چۆنی بوێت هەڵەو گوناه بکات و پێشمان وابێت لە هەموو ئەو هەڵەو گوناهانەی کە ئێستا مرۆڤ دەیکات خاوەنی یەکەم هەڵەو گوناه بەرپرسیارو گوناهبارن واتە ئادەم و حەوا.
هەردی پێی وایە کاتێ مرۆڤ لە بێهۆشیدا هەڵەیەک یان گوناه یان تاوانێک دەکات پێویستە سزاکەی وەربگرێت و هیچ دوو دڵ و نیگەرانیش نەبێت لەو سزایە چونکە خۆی هۆکاری وەرگرتنێتی. بە واتایەکی تر ئەم دەیەوێت بڵێت کاتێ مرۆڤ هەڵەیەک یان گوناهێک دەکات تەنانەت با لە بێ ئاگایشدا بێت، دەبێ سزاکەی وەربگرێت. ئەمەش ئەو مانایە هەڵدەگرێت کە شاعیر پێی وایە نابێت مرۆڤ بێهۆش، یان بێ ئاگا بێت، یان بە واتایەکی تر مرۆڤ لە کاتی بێهۆشیدا دەبێ خۆی لە کاری هەڵەو لە گوناه بپارێزێت بۆ ئەوەی رووبەرووی سزا نەبێتەوە. لێرەدا دەردەکەوێت کە هەردی بڕوای بەوە هەیە کە بۆ هەر تاوانێک دەبێ سزایەکی گونجاو هەبێت، بۆ هەر گوناهێک دەبێ لێپرسینەوەیەک هەبێت. هەر چۆن بۆ یەکەم هەڵەو یەکەم گوناهی باپیرەو داپیرەی مرۆڤایەتی لێپرسینەوەو سزا هەبوو کە ئەویش بریتی بوو لە دەرکردنی ئەو دووانە لە بەهەشت و لە ئەنجامی ئەوەشدا مرۆڤایەتی درووستبوو. کەواتە ئەگەر وای لێکبدەینەوە کە مرۆڤایەتی لە ئەنجامی سزادانی ئادەم و حەوادا لەسەر ئەو هەڵەیەی کە کردیان درووست بوو بێت کەواتە دەبێ بە گومانەوە سەیری هەموو مرۆڤایەتی بکەین کە بەرهەمی گوناه و هەڵەیە. دەشێ هەر ئەوەش وای کردبێت کە مرۆڤ سەرباری ئەوەی کە هەموو کوڕی باوک و دایکێکن کەچی هەمیشە لە شەڕی یەکتریدان. دیسان ئەو روانینەی هەردی کە هەموو گوناه و هەڵەیەک دەبێ سزای تایبەتی خۆیی هەبێت بۆچوونێکی داخراوو ناسەردەمیانەیە چونکە بۆچوونی درووست و سەردەمیانە ئەوەیە کە ئەوەی هەڵەیەک یان گوناهێک دەکات لە بری سزادان لێبووردنی بەرامبەر نیشان بدرێت، کە گومانی تێدا نییە پیادەکردنی چەمکی لێیووردەیی باشترین رێگایە بۆ کەم کردنەوەی گوناه و هەڵەو تاوان .
هەردی لەسەر ئاستی تاکە کەس باسی سزا دەکات بۆ هەر کارێکی نادرووست کە دەشێ ئەو سزایە سزایەکی رۆحی یان دەروونی بێت یان تەنانەت تێکشکاندنی جەستەیی و مەعنەویش بگرێتەوە. بەهەر حاڵ لەگەڵ ئامادەبوونی چەمکی لێبووردنیشدا بەڵام لە میانەی دەقەکەوە دەردەکەوێت کە هەردی پێی وایە ئەو کۆمەڵگایەی کە بۆ هەر گوناهێک، سزایەکی هەیە ئەوە کۆمەڵگایەکی درووستە، چونکە ئەگەر هەموو گوناهکاران بە پێی پێودانگێکی یەکسان بۆ هەمان جۆر تاوان سزای یەکسان وەربگرن، ئەوا جۆرێک لە بنەمای عەدالەت جێبەجێ دەکرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی کە بوونی سزا بۆ هەڵەو گوناه و تاوان سنوورێک دادەنێت بۆ تەسک کردنەوەی ئەو رووبەرەی کە تاوان هەڵەو گوناهی تیادا ئەنجام دەدرێت. ئەو سزایەی کە هەردی باسی دەکات وەک پێشتر باسمان کرد سزایەکی رۆحی ودەروونی و مەعنەوییە کە دیارە ئەوەش ئازارەکانی لە سزای جەستەیی سەختترە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پێی وایە دەبێ بە رازیبوونەوە ئەو سزایە وەربگرێت و، وەرگرتنی سزاکەش ئازارە رۆحی و دەروونیەکانی کەم دەکاتەوە. واتە ئەم وەکو شاعیرێک پێی وایە کە وەرگرتنی سزای لە پای کردنی هەڵەو تاوان و گوناه لە راستیدا یۆ ئەوەیە باری رۆحی و دەروونی کەسی کوناهکار یان تاوانکەر یان هەڵەکەر سووک بکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئازارەکانی سزادان دەبنە هۆی خاوێن بوونەوەی ناخ و رۆح و بەو پێیەش کەسی گوناهکارو تاوانبار و هەڵەکەر باری شانیان سووک دەبێت . واتە لە ئەنجامی وەرگرتنی سزادا جۆرێک لە خاوێن بوونەوە درووست دەبێت کە ئەویش رزگار کردنی کەسی گوناهکار یان هەڵەکەرو تاوانبارە لە ئازارە دەروونی و رۆحی و مەعنەوییەکانی کە بۆی درووست بووە .
ئەگەر پیاویت و ئەیزانی ، کەوا ئۆباڵی کردارت
لە ئەستۆی وردی خۆتایە ، ئیتر بێ سوودە هاوارت!
هەردی هەمان بۆچوونی پێشتری دووبارە دەکاتەوەو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە هەر کەسە بەرپرسیارە لە هەڵەی خۆیی و ئەم بۆچوونەش بە تەواوەتی لای ئەو جێگیرەو بە هیچ شێوەیەک لە دەرەوەی خودی مرۆڤ خۆی بەدوای هۆکارەکانی هەڵە کردنی مرۆڤدا ناگەڕێت و هەرگیز وەها سەیری مرۆڤ ناکات کە لە نێو واقیعێکدا دەژی دەشێ ئەو واقیعە کاری لێبکات و هەڵسوێست و روانین و بیرکردنەوەی بگۆڕێت. لە راستیدا دەشێ واقیع مرۆڤ بکاتە پاڵەوان یان بیکات بە ترسنۆکترین مرۆڤ. بەڵام لە روانینی هەردی دا کە لەم شیعرەیدا بەرجەستەی دەکات پێی وایە مرۆڤ بوویەکی ئەبستراکتەو هیچ کارلێکێکی لەگەڵ دەوروبەردا نییەو بگرە وەک فریشتەیەک سەیر دەکرێت کە لە راستیدا پەیوەندی بە واقیع و تەنانەت بە ململانێکانی ژیانیشەوە نییە. دەشێ ئەم بۆچوونەی هەردی لە سنووری تاکە کەسی زۆر تایبەتدا جێگای بۆ بکرێتەوە کە ئەویش نموونەی کەسێتیەکی گۆشەگیرو نا پەیوەست بە کۆمەڵ و بە خەڵکەوە بێت کە دەشێ بە زاراوەی کۆمەڵناسی پێی بڵێین کەسی ناکۆمەڵایەتی. دیارە ئەوەش لە دەرەوەی باری سرووشتی ژیانی مرۆڤە چونکە مرۆڤ بە سرووشتی ئەفریدەیەکی کۆمەڵایەتییە. بۆیە تەسەوری ئەوە ناکەین کە کەسێک لە نێو کۆمەڵدا بێت و ویست و ئارەزووی ژیانی هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش کار بکات و بجوڵێت ئەوا رووبەڕووی چەندین کێشەو ململانێ و سەرکەوتن و بەزین و هەڵە نەبێتەوە. کەسی درووست و هاوسەنگ لە کۆمەڵدا ئەو کەسە نییە کە هەڵە نەکات لە بەر ئەوەی کە هیچ ناکات، بەڵکو کەسی درووست ئەو کەسەیە کە کار دەکات و دەجوڵێت و بەو پێیەش دەشێ هەڵەو گوناهیش بکات، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەوڵبدات لە هەڵەو گوناهەکانی پەند وەربگرێت و جارێکی تر دووبارەیان نەکاتەوە .
( 3 )
ئەم شیعرەی هەردی پێدەچێت باسی شکست یان هەڵەو گوناهێکی خۆی بکات و ئێستا پێی وابێت بێ ئاگایی خۆی هۆکاری ئەو هەڵە یان گوناه یان شکستە بوو بێت کە دووچاری بووە بۆیە پێی وایە شایانی ئەوەیە کە سزای خۆی وەربگرێت، یان پێ دەچێت کە ئەم شیعرەى هەردی ئاراستە کرابێت بۆ کەسێکی دیار یان وەکو جۆرێک لە وریا کردنەوەی کەسێک بێت کە دووچاری هەڵە یان گوناه یان شکستێک بوو بێت و ئەمیش وەکو شاعیرێک پێی وابێت کە هۆی ئەو هەڵەو گوناه یان شکستە بریتی بێت لە ساویلکەیی و بێهۆشی و بێ ئاگایی . بۆیە دەبێت ئەو کەسە بێ هیچ دوو دڵیەک سەرئەنجامی نێگەتیفی ئەو هەڵەو گوناهەی خۆی قبوڵ بکات. بە واتایەکی دی هەردی دەیەوێت بڵێت مرۆڤ مادەم خۆی بەرپرسیارە لە هەڵەو گوناهەکانی دەبێ سزای ئەو هەڵەو گوناهانە وەربگرێت و بە هیچ شێوەیەکیش نارازی نەبێت و تەنانەت جێگای بەزەیی پێدا هاتنەوەش نییە .
هەردی روو دەکاتە ( خۆی ) ئەگەر مەبەستی لەو کەسەى کە هەڵە یان گوناه دەکات خۆی بێت یان روو دەکاتە کەسی بەرامیەر واتە ئەو کەسەی کە دەشێ شیعرەکە لەو بدوێت . دەڵێت لە کاتێکدا کە من یان تۆ بزانین کە خۆمان هۆکاری سەرەکی هەڵەو گوناه و شکستەکانمانین ئیتر حەق نییە هیچ هاوارو نارەزاییەک دەرببڕین سەبارەت بە ئەنجامەکانی. لە کۆتای شیعرەکەدا هەردی باسی ئەوە دەکات گریمان ئەو هەڵە یان گەناهە لە بێ ئاگاییەوە نەکرێت بەڵکو لەسەر بنەمای بە ئاگایی و بەرنامەو ئامادە باشی بکرێت و بە پێی بەرنامەو بڕیار بێت کەواتە دەبێ لە بەرامبەر ئەنجامەکەیدا هیچ نیگەرانی و دوو دڵیەک نەبێت و هەقیشە پێش وەختە ئەگەری ئەوە دابنرێت کە هەر کارێک مرۆڤ دەیەوێت بیکات مەرج نییە سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ، چونکە ئەگەر مرۆڤ لە پێش هەڵگرتنی هەر هەنگاوێکدا بە رێژەیەک ئەگەری شکست خواردنی لە بەردەم خۆیدا دانەنا ئەوا کە رووبەڕووی شکست بووەوە دووچاری خورپەو نائومێدی گەورە دەبێت . بێگومان مۆتیڤی بەرهەمهێنانی ئەم دەقە ئەگەر رووداوێکی واقیعی بێت پەیوەست بە بەرهەمهێنی دەقەکە یان بەرهەمی خەیاڵی مەودا فراوانی هەردی بێت ، یان گریمان هەردیش لە بێ ئاگای و بێ بیکردنەوە لە مەدلولە فیکری و فەلسەفیەکانی ئەم دەقە ، دەقەکەی بەرهەم هێنا بێت . ئەوا ئەوەی لە روانگەی لێکدانەوەی دەقەکەوە گرنگە ئەو جیهانبینییەیە کە دەقەکە بەرهەمی دەهێنێت ، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ بوویەکی خاوەن شوناسەو دەبێ هەموو کارەکانی بە درووستی بکات و هەنگاوی درووست بنێت . خۆ ئەگەر لە ئەنجامی ساویلکەیی و بێهۆشیدا دووچاری هەڵەو گوناه بوو ئەوە بێگومان خەتای خۆیەتی بۆیە دەبێ تەحەمولی هەموو ئەنجامەکانی بکات . بە واتایەکی تر مرۆڤ خۆی لە هەموو هەڵس و کەوت و بڕیارێکی خۆی بەرپرسیارەو بوویەکی قەدەری نییە بەڵکو بوویەکی خاوەن بڕیارو شوناسە .
ئەو جیهانبینییەی کە لەم شیعرەدا هەردی بەرجەستەی دەکات ئەوەیە کە بە روانینی ئەو مرۆڤ مل کەچی هیچ کام لەو بۆچوون و لێکدانەوانە نییە کە خودی ئەم ئەفریدەبووە بە لاوازو بێدەسەڵات دەردەخەن ، یان دەیکەنە کۆیلەی واقیع . بە واتا ئەو بۆچوونە ئایینیەی کە پێی وایە مرۆڤ هەموو شتێکی بۆ نووسراوەو چارەنووسی دیاری کراوەو ئەوەشی بۆی بڕیار دراوە دەبێ رووبەڕووی ببێتەوە ، بە لای هەردییەوە هەمووی شتی بێ بنەمان و هیچ مانایەکیان نییەو مرۆڤ خۆی بەرپرسیارە لە چارەنووسی خۆی کە ئەمەش رەتکردنەوەی روانینی ئایینی، یان ئایدیالیزمانەیە بۆ مرۆڤ .
لە لایەکی ترەوە ئەو بۆچوونە مارکسیەى کە مرۆڤ وەکو بەشێک لە واقیع سەیر دەکات و پێی وایە ناشێت هیچ هەڵسەنگاندنێک بۆ مرۆڤ بکرێت لە دەرەوەی ئەو واقیعەی کە تیایدا دەژی ، بە روانینی هەردی هیچ مانایەکی نییە ، واتە نە هێزی نادیاری خواوەندو نە قەدەرو نە هیچ پاڵنەرێکی شاراوەى تر.. هیچ پەیوەندییەکیان بەوەوە نییە کە مرۆڤ چی دەکات و چۆن رەفتار دەکات و چۆن بڕیار دەدات. هەروەک واقیعیش هیچ دەورو کاریگەرییەکی نییە لەسەر هەڵس و کەوت و رەفتارو بڕیارەکانی مرۆڤ . واتە هەردی دەیەوێت کەسێتییەک بەرجەستە بکات نە مل کەچی ئەو یاساو رێساو بۆچوونانە بێت کە لە ئایینەوە خواستراون ، نە مل کەچی یاساو رێساکانی ئەو واقیعە بێت کە تێزە ماتریالیزم و عەلمانییەکان بەگشتی و مارکسیزم بە تایبەتی دەیانکەنە پێوانە بۆ ئامادە بوونی مرۆڤ لە واقیعدا. کەواتە هەردی مۆدیلێکی تایبەت پێشکەش دەکات کە ئەویش مۆدیلی مرۆڤێکی پەرتکراوە لە دەسەڵاتی ئاسمان و لە دەسەڵاتی واقیعی کۆمەڵایەتی ، واتە مۆدێلێک کە خاوەنی شوناسێکی تایبەتیەو مل کەچی هیچ هێزێکی دەرەوەی خودی خۆی نییەو هیچ کەس بەرپرسیار نییە لە هیچ کارو بڕیارێکی ئەم ، بەڵکو خۆی خاوەنی راستەقینەی بڕیارى خۆیەتی و هەرخۆیشی بەرپرسیارە لە هەر رووداوو چارەنووسێکی ترسناک و دژوار کە دەشێ رووبەرووی بێتەوە .
سلێمانی زستانی 2007